کوردی فەیلی، ئەو ڕەگەزە ڕەسەنەی دابەشکراو بۆ دوو دیوی داگیرکراو، لەنێوان دوو دەوڵەتی نەفرەتیی، وەک رەشەبا لەنێوان دوو دەوڵەتدا کە هەردووکیان دەیانویست و دەیانەوێت ڕەگەکانیان هەڵتەکێنن. ئەوان میراتگری شکۆی مێژووی پڕ لە شانازی کوردن و بەردەوام پاسەوانی ئەو خاکە بوون، کە ئێستا بە تێڵای “تەعریب” سیمایان شێوێندراوە، بەجۆرێک یەک ئاوەدانی نەماوە تەعریب نەکرێت و ئەوان تیایدا نەبن بە غەریبە. مەرگەساتی کوردی فەیلی لەوەدا بوو کە لە نیشتمانە ڕەسەنەکەی خۆیان کران بە بێگانە و بە ناپاک و بێ ناسنامە. پارادۆکسێکی تاڵ، کە تێیدا خاوەنماڵ دەکرێتە میوانێکی ڕەزاقورسی نەخوازراو و تێهەڵدراو و مەترسی لەسەر دەوڵەت و سیستمی خۆسەپێنی عروبە، عروبەیەک کە لەچاو مێژووی کوردی فەیلی، نامۆی نمرەیەکن بەو خاک و مێژووە.
لە نێوان ساڵانی 1969 تا کۆتایی 1980، دەوڵەت، دەوڵەتی نەدیتەی عێراق، بە ڕێبەرێتی عروبە، تەنها جەستەی مرۆڤەکانی ڕاو نەدەنا، بەڵکو ویستی چەمکی “بوون” لە مێژووی فەیلییەکان بباتە ژێر پرسیارەوە. تۆمەتی ئێرانیبوون، تەنها پەردەیەک بوو بۆ داپۆشینی ڕقێکی ئەستوور، بەرامبەر بەو هێزە ماددی و کولوتوورییەی کە فەیلییەکان لە بەغدا و شارەکانی دیکەدا بونیادییان نابوو. کوردی فەیلی، بەقەد بێوەیبوونییان، ئازار دران و لانەواز کران، بەقەد بێوەیبوونییان لە ماڵ و خاک و ئازیزانییان دابرێندران و ساردکرانەوە.
ئازاری فەیلیبوون لەوەدایە، کە “کوردبوون”ییان بوو بە تاوان، دەوڵەمەندبوونییان کرا بە نەفرەت و شیعەبوونییان کرا بە بیانوویەک و پاساوێک بۆ دابڕاندنییان لە خاک و زێدی ڕەسەنی باوب و باپیرانییان. ئەوان قوربانی ئەو جوگرافییا سیاسییە بوون کە مێژوویەکی یەکپارچەی کردبوو بە دوو پارچەی دژبەیەک. کە بەعسییەکان لەو دیو سنووری ڕۆژئاواوە هاتن و دەستییان بە هەڵمەتی جینۆساید و تەققە و ڕاگواستن کرد، تەنها خەڵکەکەیان بەرەو سنوورەکان نەدەبرد، بەڵکو دەیانویست ناسنامەیەک بسڕنەوە، کە لە تاقیکردنەوەی نەتەوەییدا لە هەمووان زیاتر باجیییان دابوو. ئەوان ئەو ئاڵقە لاوازەی کوردبوون بوون کە لەماڵی خۆیان کرابوون بە بیانی، دوو لە هاواری برا کوردەکانییان بێ هاوار ویستییان دەنگ و سەدا سیمایان بسڕنەوە. کوردە فەیلییەکان وەک پردێک بوون لە نێوان دوو کیشوەر و دوو مەزهەبدا، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بکرێن بە خاڵی بەیەکگەیشتن، کران بە ئامانجی سڕینەوە و کەوتنە بەر نەفرەتی عروبە و دەوڵەتێکی بیژمۆت؛ چونکە ڕەسەنایەتی ئەوان، بەڵگەی زیندووی ساختەکاریی ئەو سنوورانە بوو، کە نیشتمانیانێکی کردبوو بە دوو پارچە و دواییش کرا بە چوار. ئەوەی لە بەغدا و ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکان “کە نازاندرێت بە چ پاشخانێکی پیلان یان گەمژانە کراون بە ناوچەی جێناکۆک”، بەسەر فەیلییەکاندا هات، تەنها کۆچێکی زۆرەملێ و کوشتنێکی کتوپڕ و لەناوبردنێکی بێدەنگ نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی شکستخواردووی مێژوو بوو بۆ گۆڕینی ڕاستییەکی ئەزەلی: کە فەیلییەکان پێش ئەوەی سنوورەکان دروست بن، ئەوان هەر لێرە بوون.


