سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دووبارە گوێگرتنەوە لە میوزیکی جیهان

مازن بن مەبروک

وەرگێڕان: ئامانج غازی

میوزیک زمانێکی جیهانییە، گوتاری ڕۆحیشە لە هەمانکاتدا. بێگومان ڕستەی لەم شێوەیەت زۆر بەرگوێ کەوتووە، کە زۆربەی جار لەلایەن ئەوانەوە گوێبیستی دەبیت، کە دەیانەوێت خولیای خۆیان، یان ڕەنگە سەلیقەی بەرز و ڕووناکبیرییە باڵاکەیان پێ پێشان بدەن. بەڵام ئاگاداربوون لە هەوڵەکانی میوزیکۆلۆجستەکان وناکۆکییە زۆرەکانیان لە قۆناغەکانی پەرەسەندنی ئەم زانستەدا (میوزیکۆلۆجیا) بەسە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ڕستانە بۆ گوێچکەکانمان ناخۆش بن و بریندارییان بکەن.

میوزیک تەنیا هەر میوزیک نەبووە، ئەمەش وای لە تیمۆسی ڕایس میوزیکۆلۆجستی ئەمریکی کرد، کە لە ٢٠١٤دا کتێبەکەی بە ناونیشانی (ئیتنۆمیوزیکۆلۆجیا: پێشەکییەکی زۆر کورت) بنووسێت، کە تێیدا پێناسەی ئەم زانستە دەکات وەک لێکۆڵینەوەی میوزیک لە ناو کولتووردا یان وەک خودی کولتوور (Rice, Timothy. 2014).

دەرکەوتنی ئیتنۆمیوزیکۆلۆجیا قەرزاری کۆمەڵێک کەڵەکەبوونی مەعریفی پێش خۆی بوو، کە هەوڵیان دەدا لە میوزیکی (ئەوانی تر) لە ناو سیستەمی شیکاریی ئەوروپی دا تێبگەن. ئەگەر بمانەوێت خاڵێک بۆ دەستپێکردن هەڵبژێرین، ئەوا هەوڵەکانی فەیلەسوف ومیوزیکۆلۆجستی ئەڵمانی (کارل شتامپف) و قوتابخانەی بەرلین شایەنی باسکردنن؛ چونکە ئەم هەوڵانە سوودیان لە پەرەسەندنی تەکنیکی و داهێنانی فۆنۆگراف وەرگرت بۆ کۆکردنەوەی کتێبخانەیەکی دەنگی، کە یارمەتیدەر بوو بۆ هاوێشتنی هەنگاوی زەبەلاح لە بواری میوزیکۆلۆجیای بەراوردکاریدا. بەڵام ئەگەر هەوڵ بدەین خۆمان بخەینە شوێنی کۆمەڵێک میوزیکۆلۆجستی ئەڵمانی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا و شێوازەکانی شیکردنەوە و نووسینەوەی نۆتە ئەو سەردەمە بهێنینەوە بەرچاومان، دەتوانین دیمەنێک لە میوزیکی ڕۆژئاوایی و بنەما تیۆری و جوانکارییەکانی وەک پێوەرێک بۆ تێگەیشتن لە میوزیکی گەلانی تری تێیدا وێنا بکەین، کە بەکار هاتووە. ئەمەش جۆرە قاڵبڕێژییەکی زۆرەملێی دروست کرد کە هاوشێوەی کارەکانی پرۆکرۆستێسی ڕێگر و چەتە لە ئەفسانە یۆنانییەکاندا: ئەو کاتەی تەختەخەوە ئاسنینەکەی هەڵدەگرت و هەوڵی دەدا باڵای قوربانییەکانی لەگەڵ قەبارەی تەختەخەوەکەدا بگونجێنێت، جا چ بە بڕینی پەلەکانیان یان بە درێژکردنەوەیان بێت.

توێژەران بێرنارد لۆرتار جاکۆب و میریام ئۆڵسن لە وتارێکدا  کە لە گۆڤاری (L’Homme) بڵاو کراوەتەوە، هەردووکییان پێیان وایە کە ئەم قوتابخانەیە لە تێگەیشتن لە میوزیکی گەلانی تر، تەنیا گرنگیی بە لێکۆڵینەوە لە میوزیک لە ناو فۆرم و نۆتەکاندا دەدا وجۆرە بابەتیبوونێکی فۆرمالیستییان پەیڕەو دەکرد کە ڕێگر بوو لەوەی ئاستەکان و داتا دەرەکییەکانی دەرەوەی کۆنتێکستە چەمکییە میوزیکییەکانی شیکەرەوەکان ببینن. بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لەوەی دان بەوەدا بنێن کە ئەم هەوڵە سەرەڕای هەموو شتێک، هەوڵێکی ئیتنۆمیوزیکۆلۆجیی پێشوەختە بوو (Lortat-Jacob & Rovsing 2004)

کەواتە لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەویش، کەی پرۆسەی بەستنەوەی نێوان میوزیک و کولتوور دەرکەوت؟ ئالان مێریام لە ١٩٦٠ یەکێک بوو لە یەکەمین ئەو کەسانەی کە زاراوەی ئیتنۆمیوزیکۆلۆجیای وەک ناونیشانێک بۆ خوێندنی میوزیک لە ناو کولتووردا پێشنیاز کرد و لە هەمان چوارچێوەدا دانی بەوەدا نا کە ئەوەی لەو قۆناغەدا ڕێبەرایەتیی ئیتنۆمیوزیکۆلۆجیای دەکرد، ئەنترۆپۆلۆجیای کولتووری بوو (Merriam, 1960, pp. 107-14).

دەرکەوتنی ئیتنۆمیوزیکۆلۆجیا وەک زانست، ساتەوەختێکی جۆریی بوو کە تێیدا میوزیکۆلۆجیای بەراوردکاری بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ئەنترۆپۆلۆجی بۆ میوزیک لە پەیوەندیدا گۆڕا سەرەڕای ئەوەی کە، ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا بابەتێکی کولتوورییە. ئەمەش وای کرد کە ئەم بابەتەی میوزیکۆلۆجستی لە خۆشگوزەرانیی بابەتیبوونی فۆرمالیستی دەربهێنێ وبەرەو پرسیارە گەوهەرییەکانی ببا کە تەنیا پەیوەندییان بە بۆتە و فۆرمەوە نییە.

بۆیە یەکێک لەم پرسیارانە ئەوە بوو: ئایا ئیتنۆمیوزیکۆلۆجست دەتوانێت لە میوزیکی گەلێکی تر تێبگات بەبێ تێگەیشتن لەو کۆمەڵە سیستەمە کولتووری وکۆمەڵایەتییانەی کە دەوری سەرەتا و گەشەکردنیان داوە؟ ئایا پێشوەختەکانی توێژەری ڕۆژئاوایی دەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە پەیوەندییان بە پێکهاتەی ناوەوەی تێکستێکی میوزیکیی نائەوروپییەوە هەیە؟

بێگومان وەڵامەکە نەرێنی بوو. یەکێک لە دیارترین بەڵگەکان بۆ ئەمەش، دەرکەوتنی ئامراز و مێتۆدی نوێی شیکاری بوو، جا سەرچاوەکەی هەرچییەک بێت، کە مامەڵەی لەگەڵ تێکستی میوزیکیدا دەکرد لەسەر بنەمای پێوەرگەلێکی گشتگیرتر لەو ئامرازە شیکارییانەی کە پشت بە لۆجیکی میوزیکی ڕۆژئاوایی دەبەستن. ڕەنگە هەر ئەم ئامانجەش بووبێت کە بووە هۆکاری دەرکەوتنی “سیمیۆلۆجیای میوزیک” و مێتۆدەکانی تر.

ئیتنۆمیوزیکۆلۆجیاش، هاوشێوەی شیکاریی میوزیکی، وەڵامەکەی بۆ هەمان پرسیار نەرێنی بوو. هەر بۆیەش، بەبێ نکوڵیکردن سوور بوو لەسەر ڕوونکردنەوەی جیاوازیی نێوان خۆی و میوزیکۆلۆجیای بەراوردکاری لە پەیوەندییەکەی کە لە لە سەرەتا لەگەڵیدا هەیبوو. بەم شێوەیە ڕێڕەوێکی ئیپیستمۆلۆجیی (زانینناسی) دیکەی گرتە بەر و لەو نەریتە ئەوروپییە لایدا کە کولتووری (ئەوانی تر) وەک بابەتێکی دەرەکی و دوورەدەست بۆ لێکۆڵینەوە دادەنێت.

با ئەم بیرۆکەی کۆتایییە وەربگرین و کەوانەیەکی بچووک بکەینەوە: ئەنیباڵ کیخانۆلە لە وتارەکەیدا بە ناونیشانی “کۆلۆنیالیزم و مۆدێرنەتە/عەقڵانییەت” کە لە ١٩٩١دا بڵاوکراوەتەوە پرسیاری بەرهەمهێنانی مەعریفە و حوکمڕانییەکەی لە نەریتی ئەوروپیدا تاوتوێ دەکات (Quijano, 2007, pp 168-178).

وادیارە دەتوانرێت پەیوەندیی نێوان تاکگەرایی- دووانەیی و ململانێیە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە ئەوروپییەکان بسەلمێنرێت لەو کاتەی کە پارادایمی عەقڵانییەتی ئەوروپی چەسپابوو. بەڵام لەناو ئەم تاکگەرایی/دووانەییەدا ڕەگەزێکی تر هەیە کە لێکدانەوەکەی لە سنووری کۆنتێکستی ناوخۆیی ئەوروپا تێدەپەڕێت: لێرەدا چەمکی “ئەوانی تر” بە تەواوی ونە، یان ئەگەر هەبێت و بدۆزرێتەوە، بە شێوەیەکی بابەتگەراییانە ئامادەیە . (Objectified)

دیدگای کیخانۆ لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەرهەمهێنانی مەعریفی ئەوروپی وەک ئەنجامی مۆدێرنەتەی ئەوروپی دەبینێت، هەمان ئەو مۆدێرنەتەیەی کە واڵتەر مینیۆلۆ پێی وایە کۆلۆنیالیزم تاریکترین لایەنییەتی (بڕوانە Mignolo, 2011). هەروەها، ئەو پێی وابوو کە توێژەری ئەوروپی، وەک بەرهەمهێنەری مەعریفە، توانای ئەوەی نییە تێڕوانینی خۆی جیا بکاتەوە، چونکە بڕوای بە گشتگیربوونی کولتوورەکەی خۆی هەیە وەک تاقەپێوەر بۆ بەراوردکردن لەگەڵ “ئەوی تر”ێکی دواکەوتوو یان سەرەتایی یان ناشارستان. ئەمەش کێشەیەکی ئیپیستمۆلۆجیی (مەعریفەناسی) گەورە دەوروژێنێت کە کاریگەریی لەسەر پەرەسەندنی زانستەکان لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە.

لەسەر زاری نوێنەرەکانی خۆی قوتابخانەی دژە-کۆلۆنیالیزم و بەبێ سڵەمینەوە و دەستپارێزی ئەم بابەتەی خوارەوەیان وروژاند و خستە ڕوو. دەبێت دووبارە بونیادنانەوەیەکی ئیپیستمۆلۆجی بۆ ئەو عەقڵە بکرێت کە زانست بەرهەم دەهێنێت. پێویستە توانای خوڵقاندن، ڕەخنەگرتن، گۆڕین و ئاڵوگۆڕکردنی کولتوور ڕزگار بکەین؛ دەبێت باسی تەداخولی کولتووری بکەین نەک فرەکولتووری کە حکومەتە نیولیبرالەکان لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ تێکەڵکردنی کولتوورە جیاوازەکان لە ناو کۆنتێکستێکی سەرمایەداریدا پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن. چونکە ئەمەی دووەمیان تەنیا یەکێکە لە نیشانە کۆلۆنیالییەکانی باوەڕبوون بە باڵادەستیی کولتووری (بڕوانە Mignolo & Walsh, 2018. p. 57).

ئەم تێڕوانینە، سەرەڕای ئەو ڕوونییە سیاسییەی کە هەیەتی، لە قووڵاییدا تێڕوانینێکی ئەپيستیمۆلۆجییە؛ باس لە بنەماکانی شێوازی دروستبوونی زانست لە سەدەکانی ڕابردوودا دەکات و لە پەرستگای پیرۆزی “بابەتیبوونی زانستی” دەری دەهێنێت، کە پرسیار لەسەر بنەماکانی دروست بکات و گومان بخاتە سەر دەرەنجامەکانی.

بەڵام پەیوەندیی ئەم ئەپيستیمۆلۆجیا دیکۆلۆنیالییە وەک ئەوەی داکۆکیکارانی دەیخەنە ڕوو، بە زانستی ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیاوە چییە، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پەیوەندییانەیە. با بە کورتی ئاماژە بە دوو نموونەی ئەو بابەتە بدەین و بەراوردیان بکەین. نموونەی یەکەم پەرتووکەکەی “ڕۆز براندڵ”ـە (Brandel, 1961) بە ناونیشانی “میوزیک لە ناوەڕاستی ئەفریقا: توێژینەوەیەکی ئیتنۆمۆزیکۆلۆجی” کە لە ١٩٦١دا بڵاو کراوەتەوە. نموونەی دووەمیش وتارێکی گۆڤاری (ئیتنۆمۆزیکۆلۆجییە) بە ناونیشانی “سیاسەت، ناسنامە ونۆستالجیا لە مۆسیقای نێجێریا دا، لە نووسینی بۆدی ئۆمۆجۆلا کە لە ٢٠٠٩دا بڵاو کراوەتەوە (Omojola, 2009).

لە نموونەی یەکەمدا، نووسەر توانیویەتی توێژینەوەیەکی ورد لەسەر میوزیکی ئەفریقای خوارووی بیابان ئەنجام بدات، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی کە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، کۆنگۆ، چاد و گابۆن دەگرێتەوە. ئەمەش لە ڕێگەی کێشانی نەخشەیەکی ئیتنۆگرافی بۆ ئەو هۆز و گەلانەی لەوێ نیشتەجێن. لە بەشی یەکەمدا، ئاماژەی بە زانیاریی تایبەت بە کولتوور و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی دانیشتووانەکە کردووە. کەواتە لە سەرەتاوە دیار بوو کە میوزیکەکە لە دیدگایەکی “ئەنترۆپۆلۆجیای کولتووری”یەوە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت. نووسەر هەر لە سەرەتاوە ڕوونی کردووەتەوە کە کارەکەی ناچێتە چوارچێوەی “میوزیکی بەراوردکاری بەڵکو لە چوارچێوەی “ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیا” دایە. پەرتووکەکە شیکردنەوەی ئاواز و ڕیتمەکان لەسەر بنەمای نەخشەی دابەشبوونی هۆزەکان لەخۆ دەگرێت، واتە هەر گرووپێکی بە جیا شیکردۆتەوە. هەروەها لە بەشی دووەمدا، نۆتەی نموونە میوزیکییەکانی تێدایە کە لە ڕێگەی سیستەمی نووسینی میوزیکی ڕۆژئاواییەوە (واتە پێنج هێڵەکە) تۆمار کراون. جگە لەوەش شیکردنەوە بۆ ئامێرە میوزیکییەکان و سیستەمی کۆکردنیان کراوە لە ڕێگەی پێوانەکردنی لەرەلەرەکان بە یەکەی سێنت.

بەڵام ئەوەی لە سەرەتاوە بەرەوڕوومان دەبێتەوە، ئەو مشتومڕەیە کە نووسەر لەگەڵ خۆیدا دەیکات بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو زاراوە و وشانەی بەکاریان دەهێنێت. ئەو ناچار بووە پاساو بۆ بەکارهێنانی هەندێک “جووتە-دژ” بهێنێتەوە لە وەسفکردنەکانیدا، وەک بەکارهێنانی وشەی «سەرەتایی وەک دژە وشەی “شارستانی”، وشەی “سادە”ش وەک بەرامبەر بۆ “ئاڵۆز” یان “لێکدراو”.

هەروەها لە کاتی گەڕان بەدوای تایبەتمەندییە ئاوازی و ڕیتمییەکانی میوزیکەکەدا، لەو ئامرازانە دەرنەچووە کە لە “میوزیکی بەراوردکاری”دا بەکاردێن. ئەمەش کارێکی پاساوپێدراو و تێگەیشتووە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم پەڕتووکە پێش ئەوەی توێژەران میتۆدی نوێی شیکردنەوە لەو سەردەمەدا پەرە پێ بدەن، بڵاوکراوەتەوە (Brandel, 1961, p. 8).

ئەم کارە سەرەڕای ئەو هەوڵ و وردەکارییەی تێیدایە، هەڵگری ئەو کێشە ئەپیستیمۆلۆجییەیە، کە کیخانۆ خستوویەتیە ڕوو. نووسەر خەریکی خوێندنەوەی میوزیکی گەلێکی ترە، کە لێرەدا ئەو گەلە دەبێتە “ئەوی تر” لە بەرامبەر “من”ی ئەوروپا-چەقدا. ئەمەش بە ڕوونی لە ئامرازەکانی شیکردنەوە و لەو زاراوانەی بەکارهاتوون دیارە، سەرەڕای ئەو پاساوانەی لەو بارەیەوە هێنراونەتەوە.

با ئێستا بچینە سەر “بۆدی ئۆمۆجۆلا” و وتارەکەی لەسەر میوزیکی نێجێری، سیاسەت و نۆستالجیا لە توێژینەوەکەیدا بۆ کارەکانی “ویکتۆر و و میوزیکی هایلایڤ لە ڕۆژئاوای ئەفریقا. ئۆلایا، نووسەری وتارەکە، هەر لە سەرەتاوە مەبەستی خۆی لە زاراوەی “نۆستالجیا” ڕوون کردووەتەوە و جیاوازیی نێوان واتاکانی ئەم زاراوەیەی لە کولتووری ئەوروپاییدا، کە بەستراوەتەوە بە چوارچێوەی مۆدێرنەتە و وەرچەرخانە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوروپا و نۆستالجیای ئەفریقی نیشان داوە، کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ کولتووری باپیران و بۆ قۆناغی پێش ئەو نامۆبوونەی کە داگیرکاریی (کۆلۆنیالیزم) ئەوروپی بە پلەی یەکەم دروستی کردووە.

لە کاتی شیکردنەوەی میوزیک و هەندێک لە گۆرانییەکانی ویکتۆر ئۆلایا و تایبەتمەندییە شێوازییەکانی، توێژەر پێی وایە ئەوەی میوزیکی هایلایفی نێجێری بێوێنە دەکات، پەیوەندییە ئاوازی و ڕیتمییەکەیەتی بە کایەی کولتووری نێجێری بە گشتی و بەو زمانانەی لەوێ بەکاردێن بە تایبەتی. چونکە خانە ڕیتمییەکانی ئەو میوزیکە بەستراوە بە ڕیتمی خودی ئەو زمانەی بەکاردێت. وتارەکە بەرهەمە هونەرییەکەی لەو وەرچەرخانە سیاسییە گەورانە دانەبڕیوە کە نێجێری لە سەردەمی ڕزگاریی نیشتمانی و دوای ئەویشدا بەخۆییەوە بینیوە. هەروەها دیاردەی گەڕانەوە و حەسرەت (نۆستالجیا) بۆ مۆسیقای هایلایفی لە سەرەتای هەزارەی دووەمدا بەستووەتەوە بە ڕووداوی دووبارە بونیادنانەوەی سیاسی کە نێجێری دوای دیکتاتۆرییەتی سەربازی بەخۆییەوە بینی.

نووسەر لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ویکتۆر ئۆلایا و میوزیکەکەی لە ناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییە سیمبولییانەدا بوون و دەرەنجامێکی کولتووریی قۆناغی داگیرکاری و پاش-داگیرکاری بوون.

جیاوازیی نێوان ئەم دوو توێژینەوەیە بە دیاریکراوی لە “ئامانجی توێژینەوەکە”دا دەردەکەوێت. لە کاتێکدا ئامانجی پەرتووکەکەی ڕۆز براندڵ کێشانی نەخشەیەک بوو بۆ نموونە میوزیکییە جیاوازەکان لە مەیدانی توێژینەوەکەدا، ئامانجی ئۆمۆجۆلا تێگەیشتن بوو لە میوزیکی نێجێری لە ناوەوەی ئەو داینامیکییەتە کولتوورییە داگیرکاری و پاش-داگیرکارییەی کە حوکمی ئەو فەزایەی دەکرد.

لە کاتێکدا یەکەمیان هەوڵی دەدا وێنەیەکی ورد لە میوزیکەکە بە “گوێچکەیەکی ئەوروپی” بۆ خوێنەرێکی ڕۆژئاوایی بگوازێتەوە، دووەمیان خوێنەری خستە ناو هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتە و یاسا ناوخۆییەکانی میوزیکەکە و شێوازی کارکردن و هەروەها پاڵنەرەکانی گەشەکردنی.

ئەگەر مێژووی دەرچوونی ئەم دوو بەرهەمە لەبەرچاو بگرین، دەتوانین بڵێین توێژینەوەی ئیتنۆمۆزیکۆلۆجی لە ماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا ئامانجی نوێ و میتۆدی نوێی شیکردنەوەی میوزیکی بۆ خۆی داناوە، هەروەها لە پرۆسەی «دووبارە بونیادنانەوەی ئەپيستیمۆلۆجی» دایە لە هەوڵەکانیدا بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە میوزیک لە ناوەوەی کولتوور یان وەک خودی کولتوور. هەموو ئەمانەی پێشوو ئەو مافەمان پێ دەدەن کە ئەم پرسیارەی خوارەوە بوروژێنین: ئایا دەتوانین ئەمڕۆ باس لە بوونی ئیتنۆمۆزیکۆلۆجیایەکی دیکۆلۆنیالی بکەین؟

سەرچاوەکان

  1. Brandel, rose. The Music of Central Africa: An Ethnomusicological Study. The Hague, Netherland .MARTINUS NIJHOFF 1961.
  2. Brandel, Rose. The Music of Central Africa: An Ethnomusicological Study. The Hague, Netherlands: Martinus Nijhoff, 1961.
  3. Lortat-Jacob, Bernard & Rovsing Olsen, Miriam. Musique, anthropologie: la conjonction nécessaire. L’HOMME, « Musique et anthropologie»171-172 / 2004, pp. 7 à 26.
  4. Merriam, Alan Parkhurst. Ethnomusicology: Discussion and Definition of the Field. Ethnomusicology, Vol. 4, No. 3 (Sep., 1960), pp. 107-114
  5. Mignolo, Walter.D. The Darker Side of Western Modernity Global Futures, Decolonial Options. Durham & London. Duke University Press. 2011.
  6. Mignolo.Walter D & Walsh Catherine E. On Decoloniality: Concepts, Analytics, Praxis.Durham & London. Duke University Press. 2018. p57.
  7. Omojola, Bode. Politics, Identity, and Nostalgia in Nigerian Music: A Study of Victor Olaiya’s Highlife. Ethnomusicology, Vol. 53, No. 2 (SPRING/SUMMER 2009), pp. 249-276.
  8. Quijano, Aníbal. Coloniality And Modernity/Rationality. Cultural Studies, 21:2-3/ 2007, 168-178.
  9. Rice, Timothy. Ethnomusicology: A very short introduction. New York. Oxford university press. 20144.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO