هیوا ساعدی
لە ماوەی ئەم شەڕە بەسەر ئەم جەنگەدا تێپەڕ دەبێت و تارانی داگیرکەر ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدایە کە ڕەهەندەکانی تەنیا لە سنوورەکانیدا ناوەستنەوە، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر نەخشەی نەتەوەسازیی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەبێت.
لە ئێستادا دوو سیناریۆی سەرەکی لە ئارادان؛ یەکەمیان هێرشی زەمینییە بۆ سەر سێ دوورگە ستراتیجییەکەی کەنداوی عەرەبی. لەم بژاردەیەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پشتئەستووربوون بە ڕەزامەندیی نێودەوڵەتی بۆ گێڕانەوەی سەروەریی ئیمارات، دەست دەبەن بۆ کارێکی سەربازی کە وەک داگیرکاریی خاکی ئێران هەژمار ناکرێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی تاران بۆ ڕێگریکردن لە هەرەسی یەکجارەکی، ئاستی توندوتیژییەکان بگەیەنێتە لوتکە و قاچی ڕووسیا و کۆریای باکوور ڕابکێشێتە ناو جەنگەکە. بۆ نەتەوەی کورد، ئەم شڵەژانە سەربازییەی ناوەندی تاران دەرفەتێکی زێڕینە بۆ تێپەڕاندنی سنوورە دەستکردەکان و داڕشتنی پڕۆژەیەکی نەتەوەسازیی هاوبەش کە تێیدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بزوێنەری شۆڕش و باشووری کوردستانیش وەک قەڵا و پشتیوانی ستراتیجی یەکدەگرنەوە.
سیناریۆی دووەم کە من بە “بەلیبیاییکردنی ئێران” ناوی دەبەم، تەسلیمبوونی تاران و قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکایە. ئەم ڕێگەیە ڕێک ئەو هەڵدێرەیە کە پێشتر معەمەر قەزافی تێیکەوت. لێرەدا پرسی “بەرپرسیارێتی پاراستن” و سەپاندنی ناوچەی دژە-فڕین دەبێتە واقیع، ئەمەش زەوینە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆش دەکات تا لە چوارچێوەی پرۆسەی نەتەوەسازیدا، قەوارەیەکی سیاسی و ئیداریی سەربەخۆ یان فیدراڵی دابمەزرێنێت. لەم سیناریۆیەدا پەیوەندیی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور لە ئاستی نەتەوەییدا دەگاتە قۆناغی یەکبوونی ئۆرگانی، چونکە ئازادیی ڕۆژهەڵات تەنیا ڕزگاریی پارچەیەک نییە، بەڵکو تەواوکردنی ئەو نیوە پچڕاوەیەی جەستەی نەتەوەیە کە گەرەنتییەکی بەهێزە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوور و کۆتاییهێنان بەو هەڕەشە بەردەوامەی کە دەیان ساڵە لە تارانەوە ئاراستەی هەولێر دەکرێت.
ئێران چ جەنگ هەڵبژێرێت یان دانوستاندن، ئەنجامەکەی داڕمانی ئەو عەقڵیەتە داگیرکەرەیە کە ڕێگر بووە لەبەردەم گەشەی نەتەوەیی کورد. لێرەوە ئەرکی هێزە سیاسییەکان و نوخبەی ڕووناکبیری ڕۆژهەڵات و باشوورە کە لەبری کارکردن لەناو بازنە بچووکەکاندا، بەرەو پڕۆژەیەکی نەتەوەیی فراوان هەنگاو بنێن. لاوازبوونی ناوەند لە تاران، مانای بەهێزبوونی جەمسەری نەتەوەییە لە کوردستان. ئەمە تەنیا گۆڕینی هاوکێشەی هێز نییە، بەڵکو ساتەوەختی مێژووییە بۆ بەیەکگەیشتنی ئیرادەی دوو پارچەی گرنگی کوردستان کە دەتوانن پێکەوە نەخشەی نوێی ناوچەکە بکێشن. تاران ئێستا لەسەر لێواری مێژووە و هەر بڕیارێک بدات، دەرەنجامەکەی کشانەوەیە لەو پێگەیەی کە بە زەبری هێز بەسەر نەتەوەکانی تردا سەپاندوویەتی، ئەمەش دەرفەتی یەکەمە بۆ کورد تا پڕۆسەی نەتەوەسازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو لوتکە بەرێت و باشوور بکاتە دەروازەی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە.



