هەورامان فەریق كەریم
لەم سەردەمەدا کە جەنگی ئابووری لە پشت زۆربەی ڕووداو و دیاردەکانە، کێشەی سەرەکیی کورد ئەوەیە کە لە دەرەوەی هەموو هاوکێشە بازرگانییەکاندایە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش بریتییە لە نەبوونی سنووری ئاوی و واقیعی کورد وەک کارەکتەری نادەوڵەتی.
پێشگریمانەی من بۆ جەنگەکانی ئەم ناوچەیە و بەتایبەت جەنگی دژ بە ئێران ئەوەیە كە پاڵنەری جەنگەكانی ئێستا، پڕۆژە ئابووری و بازرگانییەکانن، نەک شەڕ لە پێناوی ئازادی یان کوشتنی خۆنیشاندەرانی ئێران؛ تەنانەت وزەی ناوەكیش كاتێك نەبێتە بەربەست بۆ پڕۆژە بازرگانییە گەورەكان نابنە كێشە. ئابووری هەموو بوارەکانی تر دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. پەیوەندییە بازرگانییەکان و کردنەوەی ڕێڕەوە نوێیەکان پێویستیان بە سەقامگیری و ئاسایش هەیە. وەك چۆن، مانەوەی بەشار ئەسەد دەبووە ڕێگر لە هێرشەکانی دژی ئێران و دانانی ئەحمەد شەرع بە سەرۆكی سووریا، بەشێک بوو لە پلانی سەقامگیری و تەختكردنی ڕێگا بۆ پڕۆژەیەکی گەورەتر. کاتێک گەرووی هورموز لەژێر کۆنترۆڵی ئێران دا دەبێت، یان ئاسایشی دەریای نێوەڕاست لە ژێر كاریگەریی تورکیا دا بێت، لە ڕوانگەی ئیسرائیل و بەشدارانی هاوپەیمانییەتییەكەی دەتوانن بەربەست لەبەردەم کۆڕیدۆر و پڕۆژە بازرگانییەکاندا دروست بكەن. بەمپێیە با ببینین کام پڕۆژە لە پشت ئەم جەنگەی ئێران و ئەمریکاوەیە؟
سێ پڕۆژە هەن کە ئیسرائیل پێداگری لەسەر دەکات: هاوپەیمانیی شەش قۆڵی، IMEC و پڕۆژەی U212.
هاوپەیمانیی شەش قۆڵی: گرنگترین پڕۆژە پێك دەهێنێت كە بریتییە لە پێكهێنانی هاوپەیمانییەتییەكی شەش قۆڵی كە پێكدێت لە ئیسرائیل، ئەمریكا، هیندستان، یۆنان و قوبرس لە دەریای نێوەڕاست، هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی (بۆ نموونە: ئیمارات كە زۆرترین مووشەكی بەركەوتووە)، هەندێك ئەفریقایی و چەند وڵاتێكی ئاسیایی كە نەتەنیاهۆ نەیویست ئاماژە بە ناوەكانیان بكات. هاوپەیمانەتییەكە كاتێك زەق بوویەوە كە سێ ڕۆژ پێش دەستپێکی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل-ئەمریکا، نەتەنیاهۆ پێشوازی لە نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان کرد. پێش گەشتە دوو ڕۆژییەکەی مۆدی، نەتەنیاهۆ ئاماژەی بە خاڵێکی هەستیار کرد. هاوپەیمانیی شەش قۆڵی لە بەرامبەر دوو بەرەی ڕکابەردا ڕیز دەبێت: بەرەی شیعەی ڕادیکاڵ و بەرەی ئیسلامیی ڕادیکاڵی نوێ. خوێندنەوەكان پێمان دەڵێن كە بەرەی شیعەی ڕادیكاڵ لە لایەن ئێران و سوننەی ڕادیكاڵی نوێ لە لایەن توركیاوە نوێنەرایەتی دەكرێت.
مۆدی لە ٢٠١٧ـەوە دووەم جارە دێتە تەلئەبیب و لە کنێست وتار پێشکەش دەکات. لەو کاتەوە، نەتەنیاهۆ کاری کردووە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی تەواو و ستراتیجی. مۆدی لە كنێسێتی ئیسرائیل، پشتیوانییەكی تەواوی بۆ پڕۆژەكانی ئیسرائیل لە ڕێککەوتنی ئەبراهام و ئاشتی لە غەززە دەربڕی و سەركۆنەی هێرشی حەماسی كرد و وەك هۆكاری هەڵگیرساندنی جەنگەکەی لە قەڵەمدا. لە کەشێکی زۆر دۆستانەدا ڕێککەوتنیان لە بوارەکانی ئابووری، ئاسایش، کشتوکاڵ، تەندروستی و ئەی ئای (AI) واژۆکرد و پەیوەندییەکانیان تۆختر کردەوە. هەرچەندە نەتەنیاهۆ ئەم هاوپەیمانییەتییەی بە بەرەیەکی دیپلۆماسی ناوبرد نەک ئابووری، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێتە بناغە بۆ کۆمەڵێک پڕۆژە، لەوانە: کۆڕیدۆری ئابووری هیندستان-ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست-ئەوروپا (IMEC) کە بە هێڵی ئاسن و ڕێڕەوی دەریایی هیندستان بە ئەوروپا دەبەستێتەوە و بەناو هیندستان، عەرەبستانی سعودی، ئیمارات، ئەردەن و ئیسرائیل دا تێپەڕدەبێت.
پڕۆژەی I2U2، کە هاوکاری ئاسایشی چوارقۆڵییە لە نێوان ئەمریکا وهیندستان و ئیسرائیل و ئیمارات، كە پڕۆژەی گواستنەوەی ئەمریکایە، بە مەبەستی بەستنەوەی هیندستان بە ئەوروپا لە ڕێگەی دەریا و هێڵی ئاسنەوە. بەڵام هەموو ئەم پڕۆژانە پێویستی بە سەقامگیری و دۆخی ئارام هەیە. بۆیە نەتەنیاهۆ و مۆدی جەختیان کردەوە کە ئەم پرۆژەیە تەنیا ئەو کاتە سەردەکەوێت کە بەناو وڵاتانێکدا تێپەڕێت کە سەقامگیری و ئاسایشی تێدا بەرقەرار بێت. لەم ڕووەوە، ئەوان پێیان وایە كە هیچ وڵاتێک وەک ئیسرائیل و هیندستان لەپێشتر نین.
لە هەمانكاتدا پڕۆژەكە بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە و پەیوەستە بە لەناوبردنی هەر هێزێک کە ببێتە کۆسپ لەبەردەم ئەم پڕۆژەیە. ئەو دوو وڵاتەی کە پاڵێوراون بۆ دروستکردنی کۆسپ، ئێران و تورکیان. هاوپەیمانەتییەكە بەرەیەک پێكدەهێنێت دژ بە بەرەی شیعەی ڕادیکاڵ و بەرەی سوننەی ڕادیکاڵی نوێ.
لێرەوە دەكرێت بگەین بەو شرۆڤەیەی كە تا ئەو کاتەی مەیدانی ئازادی تاران (شیعە) و مەیدانی تەقسیم لە ئەستەنبوڵ (ئیسلامیی نوێ) بەردەوام بن و بەپێوە بن، پڕۆژەکە ناگاتە مەبەست. لەم ڕێگەدا، وڵاتانی وەک عەرەبستانی سعودی و قەتەرـیش دەبێت لە ئاماژەكان تێبگەن.
هەر لە سەردانە دوو-ڕۆژییەكەی مۆدی دا نەتەنیاهۆ ئاماژەی بە چەند خاڵێك كرد كە دەتوانێت لە تێگەیشتنی هاوكێشەكە زیاتر نزیكمان بكاتەوە.
یەكەم، نەتەنیاهۆ باسی لە یادەوەریی ٢٠١٧ کرد کە لەگەڵ مۆدی بە پێخاوسی بەسەر دەریای نێوەڕاست دا پیاسەیان کردووە و لەوكاتە بە دواوە هاوڕێیەتییان ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر بووەتەوە.
دووەم، لەم چوارچێوەیەدا، پلانی دروستکردنی فڕۆکەخانەیەکی هەیە لەسەر دەریا کە دیارە مەبەست لێی دەریای نێوەڕاستە. كاتێك كە قوبرس و یۆنان بەشێك بن لە هاوپەیمانییەتەكە، كەواتە دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ توركیا.
سێیەم، پشتبەستن بە نوێترین ئامرازەكانی سەردەم، بەتایبەت ئەی ئای AI و كۆانتۆم لە هەموو بوارەكاندا و بەتایبەت تەكنۆلۆجیای سەربازیی كە لەم جەنگەدا دەركەوت، چەندە ئیسرائیل و ئەمریكا پشتیان پێی بەستووە.
لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، ئەم دۆخە نوێیە، دەستپێكی گۆڕانكارییەكی قووڵە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هاوکێشە سیاسییەكانی ناوچەکەدا. لەم گۆڕانەدا، کورد دەبێت ڕۆڵی خۆی دیاری بکات، چونكە نە لە هاوپەیمانییەتییەكەدا ناوی لەناو ناواندا هەیە، نەك دوو هێزەكەی بەرامبەر هاوپەیمانەتییەكە حسێبی بۆ دەكەن و تەنانەت بە بەربەستی سەقامگیری نێوخۆیی خۆشیانی دەزانن. ڕەنگە تاكە ڕێگە ئەوە بێت كە خۆی نیشانی هەردوولا بدات بەوەی كە دەتوانێت لە هەردووكیانی تێك بدات.



