سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئایا بێلایەنی بۆ کورد لەم دۆخە بژاردەیە؟ پێناچێت، بۆ؟

مەجید ساڵح

هەندێک پێیان وایە کە نزیکبوونەوەی کورد لە هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دووبارەکردنەوەی ئەزموونە تاقیکراوەکانی ڕابردووە و دەرەنجامەکەی تەنها “بەکارھێنان” دەبێت. بەڵام خوێندنەوەیەکی ورد بۆ جوگرافیای سیاسیی ئێران و داهاتووی ناوچەکە، پێمان دەڵێت کە دۆخی ڕۆژهەڵات تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکوو پێویستییەکی چارەنووسسازە بۆ ڕێگری لە کارەساتێکی گەورەتر.

جیاواز لە هەر کاتێکی تر، ئەمڕۆ باسی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی تەنها دروشم نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکە کە دەستی پێ کردووە و وڵاتان پێشبڕکێیانە بۆ بەشداری کردن و پشتیوانی کردن لە ئەمریکا. لە کاتی داڕمانی هەر سیستەمێکی تۆتالیتاریی، هەمیشە “بۆشاییەکی ئەمنی” دروست دەبێت. ئەگەر کورد لەو ساتەدا هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی و پشتگیرییەکی گەورەی وەک ئەمریکای لەپشت نەبێت، دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت بە ئاگر و ئاسن وڵاتەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.

یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنها ڕژێمی ئێستا نییە، بەڵکوو ئەو عەقڵیەتە فاشیست و ناوەندگەراییەیە کە لە ژێر ناوی “سەڵتەنەت” یان “یەکپارچەیی”دا خۆی حەشارداوە. ئەم ڕەوتانە بڕوایان بە هیچ مافێکی نەتەوەیی بۆ کورد نییە و وەک نەیارێکی پلە یەک سەیری کورد دەکەن.

بەبێ بوونی چەترێکی نێودەوڵەتی، کورد لە دوای ڕووخانی ڕژێم، ڕووبەڕووی “گورگانەخواردکردن” دەبێتەوە لەلایەن ئەم هێزە فاشیستانەوە کە دەیانەوێت جارێکی تر کوردستان بکەنەوە بە ژێردەستەی تاران.

پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا بە واتای “پشتیوانی بێبەرامبەر” نایەت، بەڵکوو بەواتای “بەرژەوەندیی هاوبەش” دێت. ئەمریکا بۆ ڕووخانی تاران و سەقامگیریی داهاتووی ناوچەکە پێویستی بە هێزێکی ڕێکخراو و خاوەن قەزیەی ڕەوا هەیە، کوردیش بۆ پاراستنی خۆی لە چنگی شۆفێنیزمی ئێرانی پێویستی بە دانپێدانان و چەکی ئەمریکا هەیە. ئەمە یارییەکی سیاسییە نەک تەنها دڵسۆزییەکی سادە.

ئەگەر لە ڕۆژاڤا هەڵەیەک کرابێت، ئەوە نییە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا هەبووە، بەڵکوو ئەوەیە کە نەیانتوانی ئەو پەیوەندییە بکەنە “دانپێدانانێکی سیاسیی فەرمی و دەستووری”. ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت لەو خاڵەوە دەست پێ بکات؛ واتە مەرجی پشتیوانی ئەمریکا تەنها بۆ ڕووخانی ڕژێم نەبێت، بەڵکوو بۆ چەسپاندنی مافەکان بێت لە ئێرانی داهاتوودا.

مانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاراستنی قەوارەکەی لە دوای کۆماری ئیسلامی، پێویستی بە هاوسەنگیی هێز هەیە. لە نێوان “فاشیزمی ناوەندگەرا” کە دەیەوێت کوردی تێیدا بتوێنێتەوە، هەروەها “هاوپەیمانی لەگەڵ ڕۆژئاوا” کە دەرفەتی مانەوەی پێ دەدات، بژاردەی دووەم نەک هەر ژیرانەیە، بەڵکو تاقە ڕێگەی ڕزگارییە، هەرکەسێک بەناوی ڕووناکبیرییەوە پێچەوانەی ئەم بۆچوونە فتوا بۆ چارەنووسی خوشک و برایانمان لە ڕۆژهەڵات دەربکات لە خەیاڵەکانی دۆنکیشوت دەچێ، دەیەوێت شەڕی درۆن و هاژەک بە شمشێر بکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO