موحسین ئۆسمان
لە ڕاستیدا، چەمکی “ئۆنتۆفانیا ــ Ontophanie” لە بواری فەلسەفەدا، بەم دواییانە داتاشراوە. ئەم چەمکە گوزارشت لە بارودۆخێکی ئاڵۆز، تێکەڵاو و چاوەڕوانییەکی بەردەوام دەکات، کە تێیدا مرۆڤ لە جیهانێکی ناجێگیردا و وەک بوونگەراییەکی مرۆیی، ڕووبەڕووی گێژەن و تۆفانێکی زانیاری دەبێتەوە. ئەمەش وەک دەرئەنجام، “بوون، پێناسە، ناسنامە، مانا، پاشەڕۆژ …” دەخاتە بەر بوومەلەرزەی بێ متمانەیی مرۆیی و ونبوونی ماناکان.
ئەگەر هۆکارێکی سەرەکیی یەکڕیزیی کوردان لەم خۆپیشاندان و ڕاپەڕینانەی گەلی کورددا، بە سایەی کەناڵەکانی تەکنەلۆژیا بێت، ئەوا یەکەم گەل کە سوودی لە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا وەرگرتبێت، نەتەوەی کورد بووە. دەکرێت بگوترێت ئەم کەناڵە تەکنۆلۆژییانە وەک فرەڕەهەندی کاریگەرییەکی گەورەیان بەتایبەت لەسەر نەوەی نوێ هەبووە. لەم بەرگرییەدا، نووسین بە تێکستی جەستە، دژی هۆشیاریی مردن بووە. لەبەر ئەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستان، گیانی مرۆڤی کورد ڕزگار کرا. هەر بۆیەش ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان، لە کردەوەی شۆڕشگێڕییەوە پەڕییەوە بۆ هۆشیاریی خۆڕاگری، چونکە شێوازی تێگەیشتنی کورد بۆ یەکگرتن گۆڕا. ئیتر ڕەگەکانی کێشانی شوێنی پارچەبوون بەرەو “هۆشیاری، ناسنامە و خۆناسین”، واتایەکی بە بەرگری و ڕاپەڕینی گەلی کورد بەخشی. لەم سەردەمەدا، تێکەڵبوونی “سیاسەت وەک زمان و زمان وەک سیاسەت”، وەڵامێکە بۆ لافاوی زانیاری و ئەو دیمەنانەی ڕۆژانە مرۆڤ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئەم بیروباوەڕەی بەرگریی ڕۆژئاوای کوردستان و هۆشیاربوونەوەی ڕاپەڕینی کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە دیاسپۆرا، بە شێوەی دیمەنی “وێنە، هێما و…” کاریگەرییان لەسەر تەواوی جیهان هەبوو. سەرەڕای ئەوەش، دیاردەی “گەرموگوڕی، خۆناسین، متمانەبەخۆبوون، گیانی شۆڕشگێڕی، تێپەڕبوون لە سنوورەکانی مردن، گریان بۆ بێبەختی و خۆشیی یەکڕیزی، هاوکاریی بەردەوام”، دیاردەیەکی کەم وێنەی خولقاند، کە ببێتە سیمبول و شێوەیەکی هەرە بەرچاو بۆ تەواوی خەڵکی جیهان.
ڕاستە جاران مرۆڤ لەسەر وێنە دەینووسی، بەڵام ئێستا مرۆڤ لە ناو وێنەدا دەنووسێت. ئیتر ئەم دیاردەی وێنەیەی ناو شاشە (دیجیتاڵ)، بووەتە دیاردەیەکی “دوورەهێڵی نوێ” لە دەرەوەی دوورەهێڵی باو. بەمەش، ئەمڕۆ بمانەوێت یان نا، مرۆڤ ڕووبەڕووی ئۆنتۆفانیای وێنە، شێوە و زانیاری دەبێتەوە. هەربۆیە هەروەک چۆن تێکستی ئەدەبی پێویستی بە وەرگرێکە تا بتوانێت مانای نوێ بەرهەم بهێنێت، بە هەمان شێوەش دەبێت ئەمڕۆ وێنە، کۆد و شێوەکانی تێکستە ڕۆژانەییەکان کە بە سایەی ئەم کەناڵانە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بکرێنەوە و بخوێنرێنەوە. واتە چۆن جاران خولیای هونەری لە ڕۆشنبیریی کلاسیکدا هەبوو، ئاواش دەبێت ئەمڕۆ خولیای شێوە و کۆدەکانی ناو تێکستەکانی ڕۆشنبیریی زانیاری هەبێت. بۆیە ئەمڕۆ دیدگا جیهانییەکان لە ڕێگەی ئەم وێنە و شێوە و کۆدانەوە دەکرێنەوە.
ئەگەر تەواوی ئۆنتۆفانۆلۆژیا دەرئەنجامی دیاردەی تەکنیک بێت، ئەوا هەموو ئۆنتۆفانۆلۆژیا خۆشی شتێکی دەستکردە. واتە دەکرێت بە جۆرێکی تر بڵێین: هەروەک چۆن ژیریی دەستکرد هەیە، ئاوهاش ئۆنتۆفانۆلۆژیای دەستکرد هەیە. بۆیە دەبێت ئیتر ئۆنتۆلۆژیای ژمارەیی (دیجیتاڵی) بخەینە خزمەت ئامرازەکانی پێشکەشکردنی گوتارە هزری و فەلسەفییەکان، بەتایبەتی لە بواری لێکدانەوە و کردنەوەی جیهانی وێنەکاندا. لە ڕاستیدا، ئەمڕۆ تەواوی خەڵک کەوتوونەتە نێوان دوالیزمی کاریگەریی ئۆنتۆفانۆلۆژیای ژمارەیی، چونکە خەڵک جارێک بیر لە لایەنە ئەرێنییەکە و جارێکیش بیر لە لایەنە نەرێنییەکە دەکەنەوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەرئەنجامی دوودڵی و ئاڵۆزیی دوو ئاست و قۆناغی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە. بەم شێوەیە، مرۆڤایەتی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ڕۆشنبیریی نوێی فەلسەفەی ئۆنتۆفانۆلۆژیای ژمارەیی. ئیتر چۆن مرۆڤی پێشوو پەرستنی ئاگری دەکرد، ئاواش نزیکە مرۆڤ پەرستنی شاشە (دیجیتاڵ) بکات، چونکە ئەمڕۆ جیهانێک خوڵقێنراوە کە مرۆڤ دەتوانێت ناوی بنێت “خەونی ڕۆژانەی” جاران.
چۆن جاران مرۆڤ لەگەڵ باڵندە، ئاژەڵ و توخمە سروشتییەکاندا دەژیا، ئاواش ئەمڕۆ مرۆڤ لەگەڵ توخمەکانی تەکنەلۆژیا دەژی. لەبەر ئەوە، چەندە مرۆڤ لە ناو ئەم جۆرە ئامراز و کەناڵانەدایە، ئەوەندەش ئەم ئامراز و کەناڵانە لە ناو مەیان. لێرەدا مرۆڤ زیاتر لەگەڵ ئامرازە تەکنیکییەکانە وەک لەوەی لەگەڵ مرۆڤەکاندا بێت. بۆیە ئەمڕۆ ئامرازەکان زیاتر دەبنە هاوڕێی مرۆڤ وەک لە مرۆڤەکان خۆیان، چونکە ئێمە لە ڕێگەی ئامرازەکانەوە بیر دەکەینەوە. بۆ نموونە، ئەمڕۆ شاشەکانی تەلەفزیۆن و تەلەفۆن بوونەتە هۆڵەکانی نمایش (Show Rooms) بۆ سینەما، شانۆ، سیمینار و گفتوگۆکان.
ڕاستە کاریگەریی ئەم کەناڵە تەکنیکییانە ئەوەندە گەورەیە، کە کەس ناتوانێت بێ سوود لێیان تێپەڕێت. ئیتر بوونی مرۆڤ بەم جۆرە کەناڵانەوە گرێ دراوە. بۆیە ئەم شۆڕشە ژمارەییە (دیجیتاڵییە)، تەنها شۆڕشێکی تەکنەلۆژیی ئامرازەکان نییە، بەڵکو پێش هەموو شتێک شۆڕشێکی فێنۆمێنۆلۆژیای خودی بوونەوەری مرۆڤە. ئیتر پەیوەندی و دەرگاکانی ژیان بە هێڵە “هزری، فەلسەفی، بازرگانی و…”ەکاندا لەبەردەم مرۆڤ دەکرێنەوە. چۆن شۆڕشی ژمارەیی شۆڕشێکی فێنۆمێنۆلۆژییە، ئاواش بە سایەی ئەم شۆڕشە، ئێمە زیاتر لە مانای فێنۆمێنۆلۆژیای توخمەکانی تەکنەلۆژیا تێگەیشتووین.
مرۆڤ دەتوانێت سەیری پەرەسەندنی تەکنیک بکات وەک هۆشیاری و هەستکردن بە مانای بوونی مرۆڤ، بەڵام لێرەدا پرسیارێک خۆی دەسەپێنێت: ئایا ئێمە چۆن دەتوانین هاوسەنگی لە نێوان “ژیریی دەستکرد” و “ژیریی بوون”دا بکەین؟ ڕاستە دەبێت دووبارە پێناسە و ئامانجەکان لە مرۆڤەوە بۆ ڕۆبۆتەکان بگۆڕدرێن، چونکە پەیوەندییەکانی جیهانی ناو شاشە، شوێنی جیهانی واقیعیی گرتووەتەوە. ئەمەش وەک دەرئەنجام، دەرخستنی مانای تەکنیک لەسەر پرسەکانی بوون نیشان دەدات. بۆیە ئەگەر دوێنێ بیرمەند و فەیلەسوفەکان لەسەر بوونگەرایی و پووچگەرایییان نووسیبێت، ئەوا دەبێت ئەمڕۆ لەسەر بوونگەرایی و جیهانی “ژیان لە ناو شاشەکاندا” بنووسن.
بە گشتی، فەلسەفەی ئۆنتۆفانیزم وەک دیاردەناسی، بە مانای تێپەڕبوونە لە تێگەیشتنی تەکنیکی بەرەو دیاردەیەکی مەعریفی. ئەم نووسینە خۆی لە خۆیدا هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەیەکی فەلسەفی، کە لە فێنۆمێنۆلۆژیادا ئاسۆیەک بۆ تێگەیشتن لە دەرکەوتنی.



