ئێستا دۆخی سووریا و پێگەی کورد لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و پڕ لە پارادۆکس دایە. لە لایەکەوە، میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە کە دەوڵەت باخچەلی لە ئەنقەرە بە زمانی هەڕەشەی “سڕینەوە” وێنای سووریایەکی “بێ کورد” دەکات و پڕۆسەی “پاکتاوی تیرۆر” وەک ئامانجی حەتمی تورکیا دەناسێنێت. لە لایەکی تریشەوە، ڕاستییە مەیدانییەکان و جووڵە دیپلۆماسییەکانی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد وێنەیەکی جیاواز نیشان دەدەن و ئاماژە بەلێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا دەدەن. ئەمریکی و ئەوروپاییەکانیش جۆرێک لە پشتیوانی و دڵنیایی دەدەن بە ڕۆژاڤا.
دەوڵەت باخچەلی، وەک نوێنەری باڵی توندڕەوی دەسەڵاتی تورکیا، دەیەوێت سووریا ببێتە “حەوشەی پشتەوەی تورکیا” و کورد تەنها وەک هاوڵاتییەکی بێماف لە سیستەمێکی مەرکەزیدا بمێنێتەوە. ئەم زمانە هەڕەشەئامێزە، وەک چاودێران ئاماژەی بۆ دەکەن، پێشئەوەی نیشانەی بەهێزی تورکیا بێت، گوزارشتە لە ترسی تورکیا لە قەوارەیەک کە بۆ ١٠ ساڵ وەک “کلیلی ئاسایشی ناوچەکە” خۆی سەلماندووە و ئەوەی دانی پێدانانێ تورکیا و وڵاتانی کەنداون.
ئەو ناکۆکییە گەورەیەی لەم هاوکێشەیەدا دەبینرێت، لە لێدوانە نوێکانی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بەدی دەکرێت. لە کاتێکدا باخچەلی هەڕەشەی شەڕ دەکات، عەبدی پەردە لەسەر نهێنییەک لادەبات و دەڵێت: “کەناڵی پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا هەیە و ئاماژەی پشتگیریمان بۆ دەنێرن.” ئەم وەرچەرخانە نیشانەی ئەوەیە کە لە پشت پەردەی هەواڵگرییەوە، زمانی بەرژەوەندی خەریکە بەسەر زمانی جەنگدا سەردەکەوێت و تورکیاش تێگەیشتووە کە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە بەبێ کورد مەحاڵە.
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، پێگەی کورد لە مەیدانی شەڕەوە گۆڕاوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و بڕیار. بەشداریی شاندی باڵای ڕۆژاڤا بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە کۆنگرەی ئاسایشی میونێخ و گوێنەدان بە ناڕەزایەتی تورکیا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، دانپێدانانێکی فەرمییە بەڕەوایەتی سیاسیی ئەم قەوارەیە. هاوکات، سەردانی شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆبانێ، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە “ئیدارەی خۆسەر” وەک دیفاکتۆیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە ناتوانرێت نادیدە بگرێت.
ماوەتەوە بڵێین، ئەمڕۆ بێت یان سبەی، دەبێت تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەو ڕاستییە تێ بگەن و ئیدی بزانن؛ کە کورد لە سووریا دا تەنها لایەنێکی کێشەکە نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگی چارەسەرە هەر هەوڵێک بۆ سڕینەوەی کورد، سووریا دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی ناسەقامگیری و دروستبوونی بۆشاییەک کە تێیدا داعش گەشە دەکاتەوە.
مێژوو ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە کورد فاکتەرێکی جێگیرە نەک گۆڕاو و داهاتووی سووریا تەنها بە ڕەزامەندی و بەشداریی ئەو سەردەگرێت. هەروەک چۆن بەبێ بەشداری کورد و ئازایەتی شەڕڤان و سیاسییەکانی داعش نەدەشکا. چاودێران پێیان وایه، مەزڵوم عەبدی کارەکتەرێکی ئاشتیخوازه لەم بارەیەوە لێدوان و پەیامەکانی ڕوونن، ئەوەی دەبیندرێت کە هێزەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان تەنها لە مەیدانی جەنگدا ئازا نین، بەڵکو لەسەر مێزی گفتوگۆ و سیاسەتیشدا لێزانن و دەزانن چۆن یاریی بکەن و چۆن داشهكان بجووڵێنن. ئەگەریش کەناڵى پەیوەندییەکانیان بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا دا بگەنە ئەنجام، ناوچەکە بەرەو ئارامی و سەقامگیرییەکی باش هەنگاو دەنێت کە تێیدا دیالۆگ جێگەی جەنگ بگرێتەوە. چونکە جەنگ و خوێنڕشتن لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە. ئەگەر دەوڵەتی سووریا و تورکیا باکیان بە ڕشتنی خوێنی کورد نییە واتای ئەوەیە باکیان بەڕشتنی خوێن و مەرگی سەرباز و لەشکرەکەی خۆشیان نییە.


