سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەبەتەی چەمکەکان، ململانێی نێوان گرووپەکانی کوردستان: ڕاست و چەپ، دینی و نادینی

پەیکار عوسمان

 فەلسەفەی ڕەواقی بانگمان دەکات بۆ خۆشەویستیی خۆ. ئەمە ئایدۆلۆجیای خۆپەرستی نییە، چونکە ئەم خۆیە، ڕقی لە هیچ بەرامبەرێک نییە. “خۆ” شوناسێکی داخراو نییە کە بە توندی بەر ئەوانی تر بکەوێت، بەڵکو خاڵێکە بۆ کرانەوە بەڕووی ئەوانی تر و جیهاندا. ئا لێرەدایە کە خۆ شایەنی خۆشەویستییە. واتە ئیشمان بە خود نییە، بۆ ئەوەی کە جەوهەرێکی نەگۆڕ و داخراو بێت، بەڵکو بۆ ئەوەی کە خاڵی کرانەوە بێت بۆ تێگەیشتن و بۆ پەیوەندی و بۆ خۆداهێنان.

 پێشتر خود گومانی لە دەرەوەی خۆی دەکرد. فەلسەفەی نوێ، گومانەکان تاکو خودیش دەهێنێت. خودی ئینسانیشت بۆ دەکاتە دروستکراوێکی مێژوویی و گوتاریی، کە بەقەد سەقفی قۆناغەکە، دەتوانێت هەبێت و بیر بکاتەوە. بەڵام بۆ ژیانی ژێر سەقفەکە و بۆ تەسەووری سەقفی نوێش، شتێکمان نییە جگە لە پرسیار و ڕەخنە و بیرکردنەوە. نیتچە و مارکس و فرۆید و فۆکۆ خۆیان خودێکی بیرکەرەوە بوون، بۆیە توانییان خودە بیرکەرەوەکەی دیکارت بخەنە ژێر پرسیارەوە!

 واتە ئێمە پێویستمان بە کوردبوونە، بۆ ئەوە نا کە شوناسێکی داخراو بێت، کە هیچ گومانی لە خۆی نەبێت و هەر خەریکی شەڕ بێت لەگەڵ دەرەوەی خۆی. یان لە ناوەوە یەکڕەنگ بێت و جیاوازی سەرکوت بکات. بەڵکو پێویستمان بە کوردبوونێکە بەردەوام سەیری خۆی بکاتەوە، بۆ ئەوەی لە نامۆبوونەوە بگاتە خۆبوون.

 ئا لێرەدا ئەرکی ڕووناکبیرە، یەکێتیی کوردان بەرز ڕاگرێت، بەڵام بەرامبەر شەپۆڵەکانی حەماسەت و کاردانەوە، بەرگری لە چەمکی “برایەتی”یش بکات، بۆ ئەوەی نەتەوەسازی نەبێتە نەتەوەپەرستی. کە ئەمە بۆ ناوەوە دەبێتە ژەهر، بۆ دەرەوەش دەبێتە ژەهر و ژەهرێکی دووسەرەیە.

 برایەتی پێش ئەوەی کڵێشەیەکی ئیسلامی یان چەپی بێت، پرەنسیپێکی ئەخلاقی و عەقڵی و کوردییشە. خۆبوونێک لەسەر خۆشەویستیی خۆ دامەزرابێت، ناکەوێتە ڕقی کەس. بەپێچەوانەوە، خۆبوونێک لەسەر کاردانەوە و ڕقی ئەوانی تر دامەزرابێت، بە دیوی ناوەوەشدا هەڵدەگەڕێتەوە بۆ یەکڕەنگی و ڕقی ناوخۆ!

 ئەوە جوانە کە برایەتیی کوردی هەیە و کورد لە دەوری یەک کۆ بووەتەوە. بەڵام جوانترە، کە فیکر ئیزافەی بۆ بکات، چونکە لێکچووەکان، هەر بە جینات و هەر بە عاتیفە، دەچنەوە پاڵ یەک و ئەمە ئازاری فیکریی ناوێت. بۆ ئەمە هەر تەنیا هەستکردن بە مەترسی بەسە. فیکر دەبێت ئازار بکێشێت و لانی کەم دوو ئیزافە بۆ ئەم یەکێتییە عاتفییە بکات.

 یەکەم بە ڕووی ناوەوەدا، فرەڕەنگیمان بیر بخاتەوە و یەکێتیی بکاتە یەکێتیی جیاوازەکان. دووەمیش بە ڕووی دەرەوەدا، زمانەکەی بگەیەنێتە ئاستی زمانی ئازادی و حەق و عەدالەت، نەک زمانی ڕق و دژایەتیی برایەتی و پێکەوەژیان. ئەمە ئیزافەی هێواشی فیکرە بۆ شەپۆڵی خێرای عاتیفە. ئەگەر فیکر خۆی لەم ئیزافەیە بدزێتەوە و هەمان زمانی عاتیفەکە دووبارە بکاتەوە، ئەوە تەمبەڵیی فیکرییە.

واتە کاتێک هەستی گشتی تووڕەیە و لە تووڕەییدا برایەتی ڕەت دەکاتەوە و کوردبوون دەخاتە بەرامبەری برایەتی، ئا لێرەدا کاری ڕووناکبیر ئەوە نییە کە دوای شەپۆڵەکە بکەوێت و ئەمە دووبارە بکاتەوە. بەڵکو ئەوەیە کە ئەم زمانە سەرخات، بۆ ئاستی کۆکەرەوەی چەمکیی: واتە هەم کوردبوون و هەم برایەتیش.

ئێمە بە ئیسلامییەکان دەڵێین: کاکە بۆچی ئینسانی ئێمە لەت دەکەن و کوردبوون و موسوڵمانبوونی دەکەن بە گژ یەکدا؟ لەکاتێکدا ئەو دەتوانێت کورد و موسوڵمانیش بێت و ئەمە دەکرێت کۆ بکرێتەوە نەک لەت بکرێت. دەی بەهەمان شێوە، بۆچی سەربەخۆیی و برایەتی بخەینە بەرامبەری یەک؟ لەکاتێکدا کورد دەتوانێت تا ئەوپەڕی خۆبوون بڕوات و برایەتی و پێکەوەژیانیش بەشێک بن لە خۆبوونەکەی.

 بێگومان کاتێک کورد دەکەوێتە بەر مەترسی، برایەتیی کوردی ئێمە دەپارێزێت. بەڵام کاتێک ناوچەکان تێکەڵە و زیاد لە پێکهاتەیەکی تێدایە، ئەم کۆیە، بە گوتاری برایەتیی ئاسۆیی دەتوانن پێکەوە بژین، نەک بە گوتاری ڕق و هێز و شەڕی هەموو لەگەڵ هەموو. وە بە گوتاری برایەتی دەتوانیت داوای پشتیوانی لە سویدییەک و فینلەندییەک بکەیت، نەک بە گوتاری ڕەتکردنەوەی برایەتی.

ئا لێرەدا دژایەتیی چەمکی برایەتی، نەک خزمەتی ڕۆژاڤا ناکات، بەڵکو باشووریش دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە “پەکەکە” و “عەبدوڵا ئۆجەلان”یش لە برایەتی بکشێنەوە، ڕووناکبیری کورد نابێت لەوە بکشێتەوە، چونکە جگە لەوەی بەهایەکی گەردوونییە، لەسەر ئەرزیش واقعیەتی هەیە و ئیزافەیە بۆ کوردبوون، نەک کەماسی و لاوازی.

 سەردەمی تاکتێزی بەسەرچووە و ڕەخنە و فرەیی لە هەموو تێزەکان گەورەترە. بەڵام بەرامبەری تێزی برایەتی، دەبێت ڕەخنەیی بێت، نەک ڕەتکردنەوە و دووبارەکردنەوەی هەڵچوونە گشتییە عاتفییەکە. چونکە کاری فیکر، دواکەوتنی عاتیفەی گشتی نییە، بەڵکو بینینی ئەوەیە کە عاتیفە گشتییەکە نایبینێت.

نیشتمانسازی دەبێت چەتری کۆکەرەوەی جیاوازەکان بێت، نەک دیسان دوولەتمان بکاتەوە. نەتەوەیەک لە دەرکردنی چەپەکان و چەمکی برایەتییەوە دەست پێ بکات، کەی کۆکەرەوەیە؟ نیشتمانسازی ئەوەیە کە چەپ و ڕاست و دینی و نادینی هەمووی تێدایە، نەک ئەوەی نیوەی کورد، نیوەکەی تری بکاتە دەرەوەی نەتەوە، بە ناوی نەتەوەبوونەوە!

ئێمە دەبێت فێری فرەیی و کۆکردنەوە ببین. نەک لە بەرامبەر کێی دووانەییدا بچەقین و دوودوو حیزب و سەرکردە و چەمکەکان بخەینە بەرامبەری یەک. ئێمە ئەگەر نەتەوە دروست بکەین، نابێت هەر حیزب و خێڵ و ناوچەگەری تێپەڕێنین، بەرەو چیرۆکی گشتی و هاوبەش. بەڵکو دەبێت چیرۆکەکەش لە فرەمانایی و کۆکردنەوەی چەمکییەوە دەست پێ بکەین، نەک لە یەک چەمک و یەک ماناوە.

بۆ ناتوانی “برایەتی و سەربەخۆیی” هەردووکی بە خەبات بزانیت و خێرا یەکێکیان دەردەکەیت؟ پەنجا ساڵە، خەباتی “نەتەوەیی” ئێمە، ڕێک لەسەر شانی چەپەکانە. یەعنی چی چەپ کێشەیە بۆ پڕۆژەی نەتەوەیی کورد؟! بان-نەتەوەکانی ئێمە، کەی کێشە بوون بۆ نەتەوەسازیی/نیشتمانسازی ئێمە، تاکو شەڕ بە فیکری چەپ بفرۆشین لەپێناو نەتەوەدا؟ کێ حەدی هەیە بە شەهید ئارام و شەهیدانی کۆمەڵە و یەپەگە و یەپەژە بڵێت تۆ خەباتەکەت بۆ کورد و کوردستان نەبووە، بەڵکو بۆ سۆڤێت و کوبا بووە و خوێنت بەفیڕۆ ڕۆشتووە؟ کەس دەتوانێت بڵێت شەهیدێکی دیموکرات کوردترە لە شەهیدێکی کۆمەڵە؟

کێشەکە ئەوەیە، لەبری ڕەخنە و تێگەیشتن، شەڕی ئایدۆلۆجی دەکەین و قسە فڕێ دەدەین و وەکو تووتییش دەیڵێینەوە. یەکێک دەڵێت فیکری چەپ کێشەیە بۆ نەتەوەسازیی ئێمە و بەدوایدا ئەمە دەگوترێتەوە. بەڵام ئایا هەر بەڕاستی ئەمە وایە و لەسەر ئەرز وابووە؟ یان لەناو مێشک و لەناو شەڕی ئایدۆلۆجییدا حەز دەکەین وابێت؟

لە ڕاستییدا نەک هەر لە جیاوازیی فیکرییدا، بەڵکو تەنانەت لەکاتی شەڕی ناوخۆشدا، ئێمە هێزی کورد و هێزی دژە-کوردمان نەبووە، بەڵکو هەمووی هەر هێزی کورد بووە. کۆمەڵە و دیموکراتی ئێران، لەکاتی شەڕی یەکتریشدا، هەردووکیان هەر نوێنەری خەباتی ئێمە بوون، نەک ئەوەی یەکێکیان ئێمە بووبێت و یەکێکیان دژە ئێمە بووبێت.

لە باکوور و ڕۆژاڤاش، ئێمە شۆڕشمان هەیە و ئەگەریش ئاراستەی تر دروست ببێت، دەچێتە ناو فرەیی خەبات. نە یەکەمیان جاشە و نە دووەمیان جاشە. چەپ و ڕاست و برایەتی و سەربەخۆیی، بۆ ئێمە هەر کوردبوونە. بۆیە مێشکمان بکەینەوە و شتەکان کۆ کەینەوە، باشترە لەوەی پەرتیان بکەین و بیاندەین بە یەکدا. ئێمە ئەگەر هۆشیاریی نەتەوەییمان پێگەیشتبێت، یەکەم شت دەبێت لە کۆکردنەوەوە دەست پێ بکەین، نەک لە بەرامبەرکێ و پێکادانی دووانەکانەوە.

“مەعریفەی زاتیی بە تەنیا”، “مەعریفەی بابەتی بە تەنیا”، ئەمانە جیهانی دابڕاو و مرۆڤی نامۆ دروست دەکات، بۆیە هابرماس، مەعریفە دەهێنێتە ناو پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوام. کە لێرەدا عەقڵ لە شتێکی ئامرازییەوە، دەبێتە شتێکی ناوژیانی. خود و بابەتیش دوو جیهان دروست ناکەن، هەردووکیان لە جیهانێکی جووڵاودا کۆ دەبنەوە.

عارفەکان و وجودییەکانیش، ساتی کرانەوە و ئازادی و پەردەلاچوون، پێش دەخەن بەسەر هەر پێوەر و مەعریفە و پەردەیەکی ئامادەدا. لەبری ئەوەی حوکم و پێوەر بدەیت بەسەر شتەکاندا، لێگەڕێ با دیاردەکان وەکو خۆیان بن و ساتی بوون ڕوو بدات. دواتر عەقڵ دەکرێتەوە و پێوەرەکانیش ئەپدەیت دەبنەوە!

هۆشیاری ساتێکی دوودڵییە، لەنێوان کرانەوە و داپۆشراندا. “بوون” بەقەد ئەوەی کە نایەڵین بێت، دادەخرێت و بەقەد ئەوەی کە دەهێڵین بێت، دەکرێتەوە. جا ئەگەر هێزی دەرەکی نایەڵن، گرنگە خۆمان بهێڵین کوردبوون ڕوو بدات و ببێت، بۆ ئەوەی پێوەر و حوکمەکان و تێگەیشتنەکانیش نوێ ببنەوە.

بێگومان وێنەی یەکێتیی جوانە، بەڵام تووشی وەهممان نەکات، چونکە ناوەوەی پڕە لە جیاوازیی تاکی و چینایەتی و حیزبی و ئایدۆلۆجی و ناوچەیی و ڕەگەزیی و تەمەنیی. کۆمەڵگەش پڕە لە جووڵە و ململانێ و دوای نیشتنەوەی شەپۆڵەکە، جیاوازەکان دەچنەوە ناو ڕەنگی خۆیان و ناو ململانێکانی خۆیان. بەڵام گرنگە، خودی ململانێش ئەپدەیت بووبێتەوە و چیتر هەندێک هاوبەشی و هێڵی گشتی بفامین.

مەسەلە ئەوە نییە گۆڕانێکی ڕیشەیی ڕوو بدات و هۆشیارییەکی سیحری، هۆشیارییەکانی تر بدات بە زەویدا. بەڵکو گرنگ ئەوەیە، ڕێژەیەک لە کرانەوە ڕوو بدات و هەموو ئاستەکانی تاکڕەهەندی پاشەکشێ پێ بکات و بگەینە ئاستی فرەڕەهەندی و کۆکردنەوەی زیاد لە ڕەهەندێک لەناو سەبەتەی هۆشیارییماندا.

گرنگە هەموومان لە ئاستێکەوە، بچینە ئاستێکی کراوەتر، نەک ئەوەی لایەک بیباتەوە و لایەک بیدۆڕێنێت. دوولایەنی بوونی نییە. کۆمەڵگە و نەتەوە و نیشتمان، هەموو ڕەنگ و بیرەکانە و ماڵێکە بۆ هەموومان. ئەو ماڵە نابێت دەرکراوی هەبێت، بەڵام ناشبێت ڤاکسین و مەناعەی فاشیزم و تاکڕەهەندیی نەبێت. فاشیزم ئیگۆیستانە دیاری ناکرێت. بەردێک نییە، کە من بیگرمە تۆ. بەڵکو ژەهرێکە کە دەبێت من و تۆ و ئەو، هەموومان خۆمانی لێ بپارێزین، بۆ ئەوەی بتوانین ماڵی هاوبەشی جیاوازەکان دروست بکەین.

ڤاکسینی هەموو جۆرەکانی فاشیزم ڕەخنەیە، بۆ ئێستاشمان، ڕەخنەکە هەر ئەوەیە، کە شەپۆڵی عاتیفە، ئەگەرچی جوانیش بێت، بەڵام هەموو قسەکان نەکات و هێشتا عەقڵ قسەیەکی تری مابێت. بەمەش یەکێتییەکە هەڵناوەشێتەوە، بەڵکو بەمە، یەکێتیی دەبێتە وزەی ژیان و وەرناگەڕێت بۆ بکوژی جیاوازی.

بۆ ئێمە، گوتاری نەتەوە گرنگە و گوتاری ڕەتکردنەوەی نەتەوە، پووچە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە هۆشیاریی سیاسیمان فرەیی بێت. “هەم نەتەوە و هەم برایەتی و پێکەوەژیان، هەم ئیمان و سیکۆلار، هەم ئازادیی نەتەوە و ئازادیی تاک و ئازادیی ژن، هەم سەربەخۆیی و هەمیش فرەیی ئاسۆیی”، بە هەموویەوە گوتارەکە دەبێتە ژەمێکی تێر و وزەی باشمان دەداتێ. یەک خۆراک ناتوانێت وزەی پێویستمان بداتێ، دەبێت سیستەمی خۆراکی فیکریمان فرەیی بێت.

چەنێک گرنگە، ژیان لە سۆزدا و لە واقعدا دروست بکرێت، ئەوەندەش گرنگە ژیان لە چەمکدا دروست بکرێت. هەر ئەسڵەن هەمووی پێکەوە دەبێتە ژیان. ئێمە شوکر دەوڵەتی هاوسۆزییمان هەیە. دەوڵەتی واقعییش مافە و دەکرێت لە داهاتوودا هەمان بێت و کفر نییە. بەڵام گرنگە دەوڵەتی چەمکییشمان هەبێت.

 “دەوڵەتی چەمکیی” دەبێت سەبەتەیەکی فرەیی و کۆکەرەوە بێت و زیاد لە چەمکێکی تێدابێت، نەک لەسەر یەک چەمک وەستابێت. واتە لۆجیکی تەسکی “یان ئەمە یان ئەوە” نەبێت. بەڵکو بۆ ئەمە و ئەوە و زیاتریش کراوە بێت. ئەگەر گوتاری کوردبوونی ئێمە، جێگای “سەربەخۆیی و برایەتی” هەردووکیانی تێدا نەبێتەوە و قەرار بێت یەکێکیان بکەینە دەرەوە، ئەوە یەعنی فەشەلی ڕووناکبیری. یەعنی فیکر نەیتوانیوە ئیزافەیەک بکات بۆ کاردانەوە کۆییەکە و بۆ دابەشبوونە ئایدۆلۆجییەکە.

هەست خەڵەتێنەرە و ئێمە کە لەسەر شتەکان ڕادێین، ئیتر وا دەزانین هەروا بوون. بەڵام فەلسەفەکانی مارکس و نیتچە و فۆکۆ و جینالۆجیا و ئارکیۆلۆجیا، لەگەڵیدا زانستیش، فێرمان دەکەن، شتەکان مێژووی هەیە. بەو جۆرە هەستی و ئەفسانەییە نییە، کە وا دەزانین هەر هەبووە و هەر وا بووە. مەسەلەن دەوڵەت بەم فۆڕمەی ئێستای، مێژووی هەیە و هەمووی چەند سەد ساڵێکە هەیە.

ئێمەش لەناو ئەم چەند سەد ساڵەداین و مافی ئەوەمان هەیە، ئەوەی کە ئەم مێژووە داویەتی بە خەڵکانی تر، بە ئێمەشی بدات. بەڵام کفریش نییە، مرۆڤ بیر لە فۆڕمی تری دەوڵەت و فۆڕمی تری ڕێکخستنی ژیان بکاتەوە. هەر فۆڕمێک مێژووی هەیە و دنیاش دنیای گۆڕانی فۆڕمەکانە، نەک ئەوەی فۆڕمێک ئەزەلی و تاکە چارەنووس بێت. یەعنی بیرکردنەوە لە نادەوڵەت کفر نییە و ئەویش ئاساییە.

هەستی هاوبەش و چیرۆکی گشتی گرنگە. هۆشیاریی ڕەخنەییش، گرنگە بۆ ئەوەی چاودێر بێت بەسەر هەردوو: هۆشیاریی سادەی عاتفی، هۆشیاریی داخراوی ئایدۆلۆجیی، کە هەردووکیان تاکڕەهەندن و یەک مانا دەفامن و دوالیزمانە چەمکەکان دەکێشن بە یەکدا. بەڵام تێگەیشتنی زیاتر، فێرمان دەکات، چەمکەکان قابیلی کۆکردنەوەن. “پێکادانی چەمکیی” تاکە پەیوەندی نییە. ئێمە دەتوانین، پەیوەندیی تری چەمکەکان بدۆزینەوە.

ئا ئەمە بۆ ئەخلاقیش هەر وایە. وەک چۆن بە سەبەتەی کۆکردنەوەی چەمکیی دەبینە نەتەوە، نەک بە یەک چەمک؛ بە هەمان شێوە، بە سەبەتەی کۆکردنەوەی پارادایمەکان، لە ئەخلاق تێ دەگەین، نەک بە یەک پارادایم. نەک بە دوالیزمی پێکادانی پارادایمەکان.

کەشفبوونی فەزیحەیەک ناکاتە ئەوەی کە غەرب یان سیکۆلاریزم یان تیۆری پەرەسەندن دۆڕاو و خوا و شەرق و ئایین بردییەوە. ئەسڵەن لە ئەخلاقدا، دوانێتی شارستانی و جوگرافی و ئایینی و نائایینی و ئێرە و ئەوێ هەر لە ئارادا نییە و هەتا ئەمانە تێنەپەڕێنین لە ئەخلاق تێ ناگەین و پێ ناگەین.

ڕاستی ئەوەیە، هەرچی نائەخلاقییەتی نادینییە لە ئایینیشدا هەیە. هەر ئەسڵەن ئایین و مێژووەکەی و فیقهەکەی، پڕە لە پاساوی تاوانەکانی منداڵبازی و شەهوەتبازی و کوشتن و تاڵانکاری. ئەسڵەن ناو کۆشکی خەلیفەکان، شتێک بووە لە بابەتی ئەو دوورگەیە و خراپتریش. ڕاستی ئەوەیە کە ئەخلاق، لە سەروو ئێمە و ئەوانەوەیە و بە لۆژیکی ئێمە و ئەوان تەفسیر ناکرێت.

ڕاستی ئەوەیە، یەک زەوی و یەک مرۆڤایەتییمان هەیە. مرۆڤ هەر بە جینات کۆمەڵایەتییە و وا پەرەی سەندووە. کۆمەڵایەتییبوونیش ئەخلاق دەهێنێت و ئیتر بە ئەزموونی هەزاران ساڵەی مرۆڤایەتی و بە هەموو ئایینەکان و ئەفسانەکان و فەلسەفەکان و یاساکان و نەریتەکان… ئێمە خەریکی داهێنان و گەشەپێدانی ئەخلاقین و هێشتاش هەر بەردەوامین.

ئەوەی کە ئەخلاق دابەش دەکات بۆ ئەخلاقی دینی و نادینی، سەرەتایەکی هەڵەیە بۆ تێگەیشتن لە ئەخلاق. ڕاستی ئەوەیە کە ئەخلاق مرۆییە نەک دینی و نادینی و شەرق و غەربی. تێکڕای ئەزموونی مرۆڤایەتی و “لە ناویشیدا ئەزموونی ئایینی” هەر هەمووی پاڵپشتی ئەخلاقە. واتە شتەکە فرەپارادایمە نەک تەنیا یەک پارادایم. لێرەشەوە ئیتر پێکدادانی دووانیی، ڕاستینەی ئەخلاق نییە، بەڵکو حەز و دەمارگیریی من و تۆیە کە دوو پارادایم دەکێشین بە یەکدا و یەکێکیان سەر دەخەین.

من و تۆ لەم دیوی شاخەکە دەژین. ژیانەکەمان پێکەوە، ئەخلاق و ڕێکخستن دەخوازێت. ئەمە بدەینە پاڵ بوونەوەرێکی پشتی شاخەکە و نەشیدەینێ، هیچ لەوە ناگۆڕێت، کە پێکەوەژیانی من و تۆ، ئەخلاق و ڕێکخستن و هاوکاری دەخوازێت و ئەمە نەبێت ژیان دەفەوتێت. بۆیە ئەخلاق پێش ئەوەی ئایینی و نائایینی بێت، ژیانییە. ئەوەشی کە گەرەنتی ئەوەیە یەکتر نەبڕینەوە، دوور نییە و هیچ هێزێکی دەرەوەی زەوی نییە، زۆر نزیکە و خودی پێکەوەژیانی ئێمەیە.

کۆمەڵی ئەودیوی شاخەکە و کۆمەڵی ئەمدیوی شاخەکە، لە ئەخلاقدا وەکو یەکن. هەردووکیان هەر لەم دیو دەژین و پێویستیان بە پێکەوەژیانە و هەر لەم دیویشەوە، ئارگۆمێنتسازی بۆ دەکەن. لەبنەڕەتدا ئارگۆمێنتی ئەمدیوخوازەکان ماقوڵتریشە، چونکە شتەکەی دوور نەخستووەتەوە بۆ شوێنێک کە دەستی ڕەخنەی نەگاتێ، بەڵکو هەر لێرەیە و بەردەوام چەکوشی ڕەخنەی لەسەرە و بەوەش ئەخلاق گەشەی زیاتر دەکات.

بینای ئەخلاق، چ مەسیح و کانت دروستی بکات، چ مارکس و نیتچە هەڵیوەشێنێتەوە، هەمووی هەر ئەخلاقە و دەیەوێت مرۆڤ و ژیان بباتە قۆناغێکی جوانتر و باشتر. ئەوەشی کە ناتوانێت ئەم وێنەیەی ئەخلاق کۆ بکاتەوە و لەتی دەکات بۆ دووالیزم، مانای ئەوە نییە کە ئیتر دنیا وایە و لایەکی ئەخلاقییە و لایەکی نائەخلاقی؛ بەڵکو مانای ئەوەیە مێشکی ئەو دووانییە و شتەکەی بۆ کۆ ناکرێتەوە.

کاتێک ئەخلاق دەکەیتە بەڵگە بۆ سەلماندنی دێوەکەی پشتی شاخەکە، مانای ئەوە نییە کە ئارگۆمێنتەکەت پتەوە و دێوەکەت سەلماندووە. مانای ئەوەش نییە ئەخلاقەکەت ئەخلاقترە. ئەسڵەن ئەمە چەندێک بەڵگەی خوای ئایینەکەی تۆیە، ئەوەندەش بەڵگەی ئانۆناکی و بوونەوەری خورافییە و ئیتر دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت دێو دروست کەیت.

ڕاستی ئەوەیە بەرامبەرکێی ئەمدیوی شاخەکە و ئەودیوی شاخەکە، یان بەرامبەرکێی ئایین و پەرەسەندن، بوونی نییە. یان لە ئاستێکی منداڵانەدا بوونی هەیە و مرۆڤایەتی هێشتا منداڵە بە فەیلەسوف و زاناکانیشیەوە. ئەگەر تۆزێک گەورە ببین، ئیتر هەمووی هەر یەک ماڵە. ئەوەی کە خوا و ئێمە بردمانەوە و پەرەسەندن و ئەوان دۆڕاندیان، ئەمە عەقڵی منداڵە، کە دەبێت زوو زوو بە خۆی بڵێت، پاسکیلەکەی من جوانترە لەوەی ئەو و بەوە دڵی خۆش دەبێت.

خوای گەورانە، ئەوەیە کە ئێمە و ئەوانی تێدا نامێنێت و دەچێتە سەرەوەی ئەم لۆجیکە منداڵانەیە. ئەخلاق ئەوەیە کە لە فرەیی پارادایم و کۆکردنەوەی چەمکەکاندا دەر دەکەوێت و دوانێتی تێدا نامێنێت. دەشگاتە یەکێتیی و بۆ هەمووان وەکو یەکە، نەک ئەوەی شەڕەپارادایم بێت و ئایین لە زانست بیباتەوە. کە هەر ئەمە، دەمانباتەوە ناو پێکادانی دووانی و ڕەفزکردنی ئەویتر: کە نائەخلاقییە.

سەفەری تێگەییشتن کۆتایی نایەت و دوای عەقڵی فەلسەفی، عەقڵی عیرفانیش گرنگە، بۆ فامینی فرەیی و کۆکردنەوەی چەمکیی و گەیشتن بە یەکێتیی. چونکە تەنانەت فەلسەفە و زانستیش، فیکرێک دەخاتە بەرامبەری فیکرێکی تر، ئیتر بە کۆڵێک عەقڵ و مەعریفەتەوە، دێینەوە بازنە بچووکەکەی دووانێتی و دەبێت چەپڵە بۆ پاسکیلەکەی خۆمان لێ دەین و گاڵتە بە پاسکیلەکەی ئەو بکەین.

لەسەر ئاستی یەک کەس، زانست هیچت پێ ناڵێت و ناتوانێت وەڵامی ئەخلاق بداتەوە. بەڵام لە ئاستی کۆمەڵ و کۆمەڵایەتییبوون، زانست و جینات و کولتوور و ئایین و فەلسەفە و عەقڵ و حیکمەت و ئەزموونی ڕۆژانە هەر هەمووی پاڵپشتی ئەخلاقە و لێرەدا جیایی و بەرامبەرکێ بوونی نییە.

شەڕی ئایین و زانست هەر لەوێدا هەڵە نییە کە پێشێلی فرەڕەهەندیی ئێستا دەکات و تاکڕەهەندانە وەڵام دەداتەوە؛ بەڵکو حیساب بۆ داهاتوو هەر ناکات و یەقینگەرانە وەڵامی کۆتاییت دەداتێ. ئەمە لەکاتێکدا، جگە لەوەی لە ئێستادا شتەکان بە فرەیی مەعریفە دەخوێنرێنەوە نەک بە یەک مەعریفە، داهاتووش کراوەیە و دنیایەک مەعریفەی تر دەهێنێت. کەواتە هەڵەیە لە ئێستاوە وەڵامی کۆتایی بە داهاتووش بدەینەوە و ئەو شەڕە باتڵە.

ئێمە بە ئایین و زانست و فەلسەفە و هەموو پارادایم و مەعریفەکان، تەنیا بەردێک دەخەینە سەر دیواری مەعریفە، نەک ئەوەی هەموو ماڵەکە دروست بکەین. واتە لە باڵاترین تێگەیشتنیشدا، تەنیا کرانەوەیەک ڕوو دەدات، نەک ئەوەی کۆتایی بە کرانەوە بهێنین. ئەرکی مەعریفەش هەر ئەوەیە ئەو کرانەوە بچووکە ڕوو بدات و لەوێوە بچینە ناو دەریا گەورەکەی کرانەوە. مەعریفە کرانەوەی ناکۆتایە، نەک وەڵامێکی کۆتایی.

هەڵەیەکی لۆجیکی هەیە، ئەوەی کە بەڵگەکاری بۆ شتێک دەکەیت کە پێشتر بڕیارت داوە ڕاستە، نەک ئەوەی بۆ ڕاستی بگەڕێیت. ئەگەر بۆ ڕاستی بگەڕێین، ڕاستی ئەوەیە کە ئەخلاق لێرەیە و ئیش دەکات. دینی و نادینی و شەرق و غەرب و خێڵ و گوند و شار، هەموومان ئیشی پێ دەکەین و ژیان بەوە دەڕوات.

ئەمە خۆی ئامانجە لێرە. ئەگەر بیکەینە ئامراز، بۆ سەلماندنی دێوێکی ئەوێ، لادان و نائەخلاقی لەمەوە دەست پێ دەکات. چونکە لەم دوورکەوتنەوەیەدا “فرەیی پارادایم” لەدەست دەدەین و ئیتر پارادایمێک دەخەینە بەرامبەری یەکێکی تر. ڕاستی ئەوەیە، کە هەموو پارادایمەکان، پاڵپشتی ئەخلاق دەکەن و گەشەی پێ دەدەن، نەک ئەوەی ئەخلاق هی حەزارەتێک بێت دژی ئەوی تر، یان هی ئایین بێت دژی زانست، یان هی کانت بێت و هی نیتچە نەبێت.

لە پرسی ئەخلاقدا، ئەگەر مرۆڤ نەگاتە فرەیی پارادایم و سەبەتەی کۆکردنەوەی چەمک، ڕێک دەکەوێتەوە ناو نائەخلاقییەتی دووانیی و دابەشکردنەوەی دنیا بۆ ڕەش و سپی و پێکدادانی ئێمە و ئەوان، کە ئەمە دایکی هەموو نائەخلاقییەکانە. “هۆشیاریی لەسەر یەک چەمک دامەزرێت و هۆشیاریی لەسەر فرەچەمکی دامەزرێت” ئەمە جیاوازیی نێوان مرۆڤی گرگن و مرۆڤی باڵایە، داهاتووش بۆ مرۆڤی باڵایە.

گرگنی و باڵاییش دینی و نادینی و چەپ و ڕاست و شەرق و غەربی تێدا نییە، بەڵکو تاکڕەهەندی و فرەڕەهەندی تێدایە. ئەوەی کە بە یەک چەمک شەڕی دووانیی دروست دەکات، ئەمە هەمان سیستەمی گەمژەیە، هەر لە سەرەتای شارستانییەتەوە تاکو قامی قیامەت. ئەو هۆشیارییەشی کە سەبەتەی کۆکردنەوەی ڕەهەندەکان و چەمکەکان و مەعریفەکانە، ئەوە باڵاییە. ئیتر تۆ بە ئیمانەوە و بە کافری و بە ڕاستی و بە چەپیی، دەتوانیت ئەمیان بیت و ئەویشیان بیت.

ئەخلاق نزیکە و ماڵی هاوبەشی هەموومانە. بەهەشتەکەی ئێرەیە و خۆپارێزییە لە دۆزەخەکەی ئێرە. هەمووشمان دروستی دەکەین و بەردەوامیش گەشەی پێ دەدەین. ئەخلاق زیندووە و لە هیچ فۆرمێکدا نەوەستاوە و لە ژیان بەجێ نەماوە. بیوەستێنین بەجێ دەمێنێت و ئیتر ئەو ئەخلاقە دەبێتە نائەخلاقیی. لە ئاییندا بوەستێت و بەجێ بمانێت، ئیتر هەر بە ئایین دنیایەک نائەخلاقی دەکەین. لە زانست و نەتەوە و لیبرالیزم و سۆسیالیزم و هەر شتێکدا بەجێ بمانێت و بوەستێت، هەر بەو ئەخلاقە، دەست دەکەین بە نائەخلاقی.

ئەخلاق سێبەرە و لەگەڵ خۆمان بۆ هەموو شوێنێکی دەبەین. بەڵام سێبەر بە خۆر دروست بووە و ئیتر بەپێی گۆشەی خۆرەکە، سێبەرەکە دەکەوێتە لایەکمانەوە. باشترین ئەخلاق، ئەوەیە کە خۆری ڕەخنەی بەسەرەوە بێت بۆ ئەوەی بکەوێتە بەرچاومان و نەکەوێتە ناوچەی کوێر و نادیارەوە. ئا بەمەش دەتوانین بەردەوام ئەپدەیتی بکەینەوە و نەیەڵین لە ژیان بەجێ بمانێت و ئەخلاق ببێتە نائەخلاقی.

بە ئەزموونی هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتی، منداڵبازیی نائەخلاقییە. ئەمە شەرق و غەرب و ئایین و نادین نییە. ئەخلاق ئاوێنەیە خۆمانی تێدا ببینین، نەک ئەوەی شەڕی لەگەڵ ئەوێک پێ بکەین. کاتێک کە دەبینیت منداڵبازیی ئەوێ چەند ناشیرینە، دەبێت ناو شارستانییەتەکەی خۆت پاک بکەیتەوە لە منداڵبازی، نەک ئەوەی شارستانییەتی ئەو بڕووخێنیت.

شتەکە لەوێش و لێرەش هەر لادانە. نەک ئەوەی لەوێ، ژیان مەلها بێت و لێرە ژیان پاک بێت. ڕاستی ئەوەیە، تاوان لە هەموو جێگایەک، هەر تاوانە و هەر پێچەوانەی عەقڵ و شعوری گشتیی مرۆڤایەتییە، نەک ئەوەی لێرە و لەوێ جیا بێت و ئەمەش فەزڵ بدات بە تۆیەک بەسەر ئەوێکدا.

بۆ ئەوەی منداڵبازی نەمێنێت، دەبێت کولتوور و ئایین و دەق و ئەدەب و زمانی لێ پاک بکەینەوە. چیتر گۆرانی بە کچی چواردە ساڵدا هەڵنەدرێت و حەدیسی مارەکردنی کچی نۆ ساڵ ئاسایی نەبێت. ئەمانە بابەتی شەڕە ئایین و شەڕە شارستانیەت و ئێمە و ئەوان نین. ئەمانە بابەتی هەموو مرۆڤایەتی و ئێمەیەکی بێ ئەوانە، کە هەر کەس لای خۆیەوە، زمان و کولتوور و پەروەردەی خۆی پاک بکاتەوە و بەوە بگەینە ژیانێکی ئەخلاقییتر.

دەسەڵاتی زۆر و سامانی زۆر، خۆی لە خۆیدا نائەخلاقییە و هی زۆرینەیە، کە بە ناڕەوا چووەتە لای کەمینەیەک. بە ئایینیش دەسەڵات و سامان قۆرخ کەیت، هەر هەمان نائەخلاقییە، بۆیە هیچ دەوڵەتێکی دینی نابینیت کە جوان بێت. گرنگە دەزگا و یاسا و ڕەخنە و ڕووناکبیری و کۆمەڵگە کارا بن و نەیەڵن سامان و دەسەڵات بکەونە دەست گرووپی سەرووی یاسا و سەرووی ڕەخنە.

ماڵی بوونمان فرەییە و ئەخلاقیش ماڵێکی بوونمانە. بەرامبەر هەڵئاوسانی دەسەڵات و سامان، ڕەخنەی زیاتر و فیکری زیاتر و هاوکاری و پێکەوەبوونی زیاتر، بەرەو ئەخلاقییبوونی زیاترمان دەبات. نەک وەستان لە چەقبەستیی ئایدۆلۆجی و شەڕی ئێمە و ئەواندا، کە نە فیکری تێدا سەوز دەبێت، نە ڕەخنە و نە تێگەیشتن و نە هاوکاری.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO