سه‌ردار قادر
ده‌ستپێك
ئه‌گه‌ر به‌گشتی سه‌رنجێك له جیهانه ڕه‌نگاڵه‌ییه جوان و سه‌رنجڕاكێشه‌كه‌ی ناو ئه‌ده‌بیاتی منداڵانی كورد بده‌ینه‌وه، ده‌بینین له‌ناو هه‌ست و نه‌ستی نووسه‌رانی به‌توانای گه‌وره‌ساڵاندا عه‌شقێكی ئه‌فسوونای به‌جۆرێك تێیاندا چه‌كه‌ره‌ی كردووه، كه به‌رده‌وام بیانباته‌وه بۆ تێڕوانینێكی دره‌وشاوه‌ی بێسنووری نێو ئه‌و جیهانه ڕازاوه‌ی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان و له‌و پێناوه‌شدا سه‌رسه‌ختانه هۆگر به‌گشت كایه جوانه‌كانی منداڵان بن.
ئه‌گه‌رچی جیاوازی نێوان ئه‌ده‌بی منداڵان و ئه‌ده‌بی گه‌وره‌ساڵان هێنده‌ی ئاسمان و ڕێسمانه، به‌ڵام جیهانی منداڵان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆی هه‌یه، كه به‌زۆری ئاوێته‌ی نێو جیهانێكی خه‌یاڵاوین، جیهانێك كه سه‌رتاپا پڕه له پاكی و بێگه‌ردیی هه‌زاران خه‌ونی ڕه‌نگاڵەیی و پڕ پڕه له هیوا و گه‌شبینی، دونیایه‌ك ڕاز و نیازی خاوێن و ئاسمانێك لێوان‌لێو له بزه و قاقا و پێكه‌نین و هـتد… هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا هه‌ندێ نووسه‌ری هه‌ستناسك هه‌ڵده‌كه‌ون، بڕیار ده‌ده‌ن له‌پاڵ شیعری گه‌وره‌ساڵاندا، بۆ ئه‌ده‌به جوان و ناسكه‌كه‌ی منداڵان به‌شه‌یدایی بنووسن.
له‌نێو ئه‌م ژانره‌دا هه‌ندێك نووسه‌ری سه‌ركه‌وتوو و مه‌زن به عه‌شقه‌وه دێن و به كردار واز له‌و ته‌مه‌نه پێگه‌شتووه‌ی خۆیان دێن و جارێكی تر ده‌چنه‌وه ئاستی ئه‌و هاوڕێ خنجیلانه‌یه‌ی ناو هه‌ناوی خۆیان و ئه‌وسا پێكه‌وه بڕیار ده‌ده‌ن به‌یه‌كه‌وه بدوێن و هه‌ڤپه‌یڤین بكه‌ن، به‌م هه‌ڵوێسته جوانه‌شه‌وه به‌رده‌وام ده‌قی به‌پێزیان بۆ ده‌نووسن، ده‌قێك كه له‌گه‌ڵ خه‌ون و خولیا و گشت خۆزگه‌كانیدا گونجاو بن، پاشان به سنگێكی فراوانه‌وه وه‌ڵامی سه‌رجه‌م پرسیاره په‌نگخواردووه‌كانی ناو هه‌ست و خه‌یاڵی خۆیان به‌گشت منداڵان و هاوڕێكان ده‌ده‌نه‌وه.
به‌ڕاستی ئه‌م ئه‌وینه هێنده سه‌رسوڕهێنه‌ره كاتێك ده‌بینن نووسه‌رێكی به‌ته‌مه‌ن بۆ گۆڕینی نه‌وای ڕۆحی خۆی ده‌چێته‌وه نێو ناوه‌ڕۆكی ژانرێكی ئه‌ده‌بی و به‌جارێ جیهانی ڕق و كینه و شه‌ڕ و شۆڕی گه‌وره‌كان به‌جێدێڵێت،ئیدی وا هه‌ست ده‌كات به خه‌یاڵ وه‌ك جاران هه‌ناسه‌كانی خۆی به سییه‌كانی منداڵی هه‌ڵده‌كێشێت، چونكه پێی وایه ئه‌م عه‌شقه به هه‌موو باڵه ڕه‌نگاڵەییە‌كانییه‌وه به هیچ سه‌روەت و سامانێكی دنیا ناچوێنرێت.
نووسه‌ری گه‌وره‌ساڵان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی منداڵاندا ئاوێته‌ن پێیان وایه ته‌نیا و ته‌نیا نرخی ژیانێكی ڕاسته‌قینه له‌وه‌دایه كه له‌گه‌ڵ تروسكه‌ی خه‌یاڵی منداڵدا له شه‌قه‌ی باڵ بده‌ن و ئاسمان به ئاسمان بفڕن، هه‌ر بۆیه به‌و عه‌شقه‌وه بارگه و بنه‌ی خۆیان ده‌پێچنه‌وه و ده‌كه‌ونه ڕێ به‌ره‌و لوتكه به‌رزه‌كه‌ی جیهانی منداڵان، ئه‌وسا هه‌رچی سۆزی دڵیان هه‌یه ته‌رخانی ده‌كه‌ن، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان دڵخۆش بن، به‌رده‌وام به‌په‌رۆشه‌وه شیعر له‌دوای شیعر بۆ مێژوویان تۆمار ده‌كه‌ن.
باسكردن و سه‌رنجدان له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان له كوردستاندا مێژوویه‌كی هێنده دێرینی نییه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی كه هه‌یه و نییه به گوته‌ی ئه‌مین له سه‌رده‌می ئه‌مین عالی به‌درخان و مامۆستا زێوه‌رە‌وه ده‌ست پێده‌كات، واته له دووه‌مین ده‌یه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، به‌شێك لە شاعیرە ناسراوەکانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش وه‌ك خه‌مخۆرێك، له‌و بواره‌دا منداڵانی کوردیان به‌سه‌ركردووەته‌وه، توانیویانه بە شیعره ناسک و جوانه‌كانیان، دڵی گشت منداڵانی كوردستان خۆش بكه‌ن، ئه‌وانیش وه‌ك زێوه‌ر، فه‌ریدوون عه‌لی ئه‌مین، گۆران، فایەق بێ کەس، ع.ع.شه‌ونم، دایكی سۆلاڤ، كاكه‌ی فه‌لاح، عومه‌ر عەبدوڕەحیم و هتد…(محمد، 2022: 11)
خۆشبه‌ختانه له ده‌ستپێكی ئه‌م ڕێگایه‌شه‌وه توانیویه‌تی ورده ورده هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه بنێت، ئێستا به پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می ڕابردووه‌وه ئه‌ده‌بیاتی منداڵان له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه تا ئاستێکی باش له لایه‌ن شاعیران و ڕۆشنبیرانی كورده‌وه بایه‌خێكی ئه‌وتۆی پێدراوه، لێره و له‌وێش نووسه‌رانی ئه‌م بواره ئاوڕێكی هێجگار تایبه‌تیان له‌و ژانره هه‌ژاره داوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌ند له ئێستادا ئه‌ده‌بیاتی منداڵان نیمچه گۆڕانێكی به‌خۆیه‌وه دیوه، به‌ڵام ساڵ به ساڵ خه‌ریكی نه‌شونماكردنی زیاتره، به‌ڵام نابێ بیرمان بچێت ئه‌ده‌بی منداڵانیش كارێكی وه‌ها ئاسانیش نییه تاهه‌موو كه‌سێ خۆی له قه‌ره‌ی بدات و به ئاسانی ناوبانگی خۆی تیا به‌ده‌ست بێنێت، چونكه ئه‌م بواره پێویستی به شاره‌زایی و ئه‌زموونێكی زۆر به‌هێز هه‌یه تا بتواندرێت به ژیری و سه‌لیقه كاری تێدا بكرێت .
ئه‌گه‌ر چی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان زاده و هه‌ڵقوڵای بیر و ئه‌ندێشه‌ی گه‌ورەساڵانه، به‌ڵام ئه‌م ئه‌ده‌به هه‌ر گه‌وره‌ساڵانێكی بەئه‌زموون كاری تێدا كردبێت، ئه‌وا له ده‌قه‌كانیدا كارێكی وه‌های كردووه واتا و مانایه‌كی جیاوازتر ببه‌خشێ كه ڕێك بۆن و به‌رامه‌ی منداڵی لێ هه‌ستێ، نموونه وه‌ك ئه‌م شیعره جوانه‌ی مامۆستا گۆران كه بۆ منداڵانی نووسیوه له‌ژێر ناوی پشیله‌كه‌م-دا و ده‌ڵێت:
میاو، میاو، میاو، ورد ورد ڕاكه،
پشه خرپنه‌ی ده‌م و لووت پاكه
كلووه ئاوریشمی گیاندارم،
چاو پیرۆزه كلك كوڵه‌مارم
ڕاكه، ڕاكه، وه‌ره باوه‌شم،
لامل هه‌ڵسوو تێر له له‌شم
كلكی تیسكن لوول كه و ڕه‌پ كه،
نه‌رمه‌ی ده‌ستم گاڵته قه‌پ كه
نینۆكی تیژ ده‌رپه‌ڕێنه،
قه‌یناكه بڕنه بدڕێنه
ده‌ست و ده‌م و چاو و جلم،
پشه، هه‌ردوو ده‌ست بكه‌ره ملم
مووی سمێڵی شاش، لووتی سوور،
بگره بۆ ماچ ماچێنی دوور
كه مانوو بووی له ده‌ستبازی،
پشه، ڕاهاتووی كۆشی نازی
خۆت په‌پكه ده له‌سه‌ر ڕانم،
به‌پرخه پرخ پشه‌كه‌ی جوانم
لێك نێ چاوی مه‌یله‌و شینت،
ورده جووڵه‌ی خه‌وبینینت
ئه‌گه‌رچی ڕامده‌چڵەكێنی،
به‌ڵام نه‌خته نه‌خته دێنی
پرخه پرخی یەك ئاهه‌نگت،
شێوه‌ی كش و مات و مه‌نگت
بۆ چاوی منیش وه‌نه‌وزێك،
چاولێك ده‌نێم منیش تۆزێك! (گۆران، 1980: 430)
هه‌روه‌ها نینۆكی تیژ، دوو وشه‌ی ڕه‌ق و زه‌قن هیچ كاتێ بۆ نێو ئه‌ده‌بی منداڵان ناگونجێن، به‌ڵام كاتێ منداڵان پشیله‌یه‌ك ده‌سته‌مۆ ده‌كه‌ن، تێر به دڵی خۆیان یاری له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، به‌دڵنیایه‌وه بیر له چڕنووكی تیژیان ناكه‌نه‌وه، بۆیه گۆران به ڕاستگۆیانه وه‌سفی پشیله‌كه‌ی كردووە. به بۆچوونی من هێنده جوان وه‌سفی ئه‌و پشیله‌یه‌ی كردووە، منداڵان له هه‌ر كوێ پشیله‌یه‌ك ببینن، لێی ناترسن. به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ك ئاژه‌ڵێكی هاوڕێی خۆیان خۆشیان ده‌وێت. جگه‌له‌وه‌ش مامۆستا گۆران له‌م شیعره‌دا هه‌وڵێكی باشی داوه تا شته نادیار و نامۆكان، یاخود ئه‌و هۆكارانه‌ی بوونه‌ته سه‌رچاوەی ترس لای منداڵان زیاتر ئاشنایان بكات به ئه‌وان. كه‌واته ئاشتبوونه‌وه و هۆگربوونی منداڵان له گه‌ڵ ئاژه‌ڵان كارێكی پێوست و باشه بۆ منداڵان، هه‌روه‌ها له‌ڕوویه‌كی تریشەوه منداڵان هان ده‌دات بۆ ئاژه‌ڵدۆستی، به‌مه‌ش خۆشه‌ویستییه‌كی بێ سنوور ده‌خاته نێوانیانه‌وه، جگه له‌وه‌ش ده‌یان كات به هاورێی یه‌كتری. گۆران له‌م شیعره‌دا پێمان ده‌ڵێت تا مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵاندا ئاشت نه‌بێته‌وه، ئه‌وا ناتوانێ له‌گه‌ڵ مرۆڤایه‌تیدا هه‌ڵبكات.
ئه‌ده‌بیاتی منداڵ جیهانێكه کە جیهانی منداڵ وێڕای ڕەنگینی و جوانی و سادەیی، تێیدا جوڵە و كایه بزێوه‌كانی خۆی تیا ده‌دۆزێته‌وه، هه‌میشه به‌ده‌م خه‌یاڵی منداڵانه‌وه بزه و خه‌نده‌ی تیا ده‌چێژێت، بۆ نموونه شیعری منداڵ هه‌تا بڵێی ساده و سانایه، هەر بەو ساده و سانایه‌ی خۆشییه‌وه، خۆی دەداتە دەست خۆشترین كایه و چێژێكی بێ هاوتا، به‌رده‌وام لەگەڵ سەردەم و تەمەنی خۆیدا بەو شێوەیەش لە جیهانی وشە و جووڵە و ڕیتمەکانی شیعری منداڵانەدا چالاكانه دەركه‌وتووه، كه ده‌توانین بڵێین ژیان بە بەشێک لە جیهانی خۆی دە‌زانێ و سه‌ركێشانه وه‌ك هه‌ور تێدا باڵ دە‌گرێ. به بۆچوونی من كارێكی گرنگ و پێویسته شاعیرانی گه‌وره‌ساڵان و ڕۆشنبیرانی كورد لەسەر ئەو قۆناغە بوەستن و له‌پاڵ شیعری گه‌ورەساڵانیشدا كاریگەرییە نێگەتیڤیەكانی ئەو ئه‌ده‌بیاته ئاكارە ئەدەبییە ناوبەناو تاوتوێ بكەن و په‌ره‌ی پێ بده‌ن و بۆی بنووسن، چونكه ئه‌ده‌بیاتی منداڵان یەكێكە لەو ژانرانه‌ی كه پێویستە شاعیرانی كورد به شكۆوه ئاوڕی لێبده‌نه‌وە و لەسەری هه‌ڵوێسته بكه‌ن.
به دڵنیایه‌وه ده‌توانین به‌ڕاشكاوانه بیسه‌لمێنن كه زۆرینه‌ی گه‌وره‌ساڵان له ته‌واوی گه‌ردووندا شیعری منداڵان به هاوته‌مه‌نی خۆیان ده‌زانن و له‌م پێناوه‌شدا لێره و له‌وێ گرنگیان به شیعری منداڵان داوه و خۆشیان ویستووه، ته‌نانه‌ت كه‌سانێك هه‌ن هه‌ر كه چاویان به شیعرێكی جوان كه‌وتبێ، ڕاسته‌وخۆ له‌به‌ریان كردووە، بۆ نموونه ئه‌م شیعره جوانه‌ی مامۆستا فایه‌ق بێکەس كه بۆ دایك-ی نووسیوه لەسه‌ر زمانی ورد و درشتمان ده‌رخ بووه. مامۆستا بێکەس ده‌ڵێت:
منداڵێکی ساوا بووم
که‌ی وه‌ک ئێستاکه وابووم
دایکم به‌خێوی کردم
ئه‌و نه‌بووایه ئه‌مردم
به لایلایه و گۆرانی
ڕایژه‌ندووم تا به‌یانی
به شیری مه‌مکه‌کانی
منی به به‌رهه‌م هانی
ڕه‌نجی له‌گه‌ڵ کێشاوم
له باوه‌شیا دایناوم
به‌رگ و جلی بۆ شتووم
خزمه‌تی زۆری کردووم
چاکه‌ی وا له‌به‌ر چاوم
هه‌تا له دنیا ماوم
ئه‌بێ دڵی نه‌شکێنم
ئاره‌زووی به‌جێ بێنم! (بێكه‌س، 1935: 234)
ئه‌گه‌ر چی ئه‌م شیعره‌ی مامۆستا فایه‌ق بێكه‌س چڕوپڕه، پڕه له وێنه و مۆسیقا، به‌ڵام سه‌رتاپا سۆز و جوانی و خۆشەویستی لێ دەڕژێ، ده‌توانین بڵێن بۆ هه‌تاهه‌تایه ئه‌م شیعره وه‌ك ده‌قێكی نه‌مر و زیندوو ده‌مێنێته‌وه له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی منداڵاندا، جگه له‌وه‌ش تا بڵێی شیعرێكی کراوەیه، ته‌ژییه بە خۆشه‌ویستی و ناوەڕۆکێکی فراوان و ژندۆستی له‌خۆگرتوه، بەهەمان شێوە له‌م شیعره‌دا میهره‌بانیش، جگە لە جوانی و خۆشەویستی هەڵگری هیچ هێما و پێناسه‌یه‌كی تر نییە، لێره‌دا شاعیر به‌جۆرێك پرشنگی خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی و ڕه‌نج و شه‌ونخوونیی دایكی وێنا كردووە كه لێوانلێوه له وه‌فا و دڵپاكی، بۆیه له كانگای دڵییه‌وه سۆزی خۆی به‌و جۆره بۆ دایك ده‌ربڕیوه، تا هیچ نه‌بێ له ڕێگای وشه‌كانییه‌وه، بتوانێ پاداشتی یه‌ك به‌یه‌كی چاكه‌كانی دایك بداته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه دایك وه‌ك ڕۆحێكی خۆبه‌خشی نێو ئه‌م گه‌ردوونه ده‌بینێت، بۆیە ده‌ڵێت:
به لایلایه و گۆرانی
ڕایژه‌ندووم تا به‌یانی
به شیری مه‌مکه‌کانی
منی به به‌رهه‌م هانی
نووسه‌ر توانیویه‌تی دایك به کەسێكی ئه‌فسانه و فریادڕه‌س ببینێت، تا بیسه‌لمێنێ كه به بێ ماندووبون به‌شه‌و ڕۆژ ڕۆڵی گێڕاوه له ئاست ژیانی تاك به‌تاكی هه‌موو مرۆڤێكدا.
بێكه‌س له‌م شیعره‌دا پێمان ده‌ڵێت ئه‌وه ته‌نیا دایكه بە خۆیی و دڵه گه‌وره‌كه‌یه‌وه، بەخۆیی و تریفه‌ی چاوه گه‌شه‌كانییه‌وه، به‌خۆیی و لایلایه پڕ سۆزەكانییه‌وه، دەتوانێ لە گەڵ وشەی خۆشه‌ویستی و میهرەبانیدا هاوتەریب بێتەوە، هه‌ر بۆیه چەمکی میهرەبانی جگە لە دایک، هیچ كه‌سێ ناتوانێ بیكا به ناسنامه بۆ خۆی. دایک له سروشته‌وه جگە لە زمانی گوڵ هیچ زمانێکی تر نازانێت، ته‌نانه‌ت توڕه‌بوون و گۆرانی و زه‌رده‌خه‌نه و خه‌مه‌كانیشی هەر بەو زمانه دەردەبڕیت. دایک ئەو دەقە شیعرییەیە، کە عه‌شق لەناویدا وه‌ك چه‌كه‌ره‌ی گوڵه‌گه‌نم له‌ژێر باراندا به موژده‌وه ده‌بیندرێ. دایك شه‌كره‌بارانێكی گه‌ردوونییه بۆ سه‌ر خاكێكی تینوو، سه‌رزه‌مینێكی ئارامه بۆ حه‌وانه‌وەی مرۆڤایه‌تی.
بۆیه جارێكی تر شاعیر ده‌ڵێت:
ڕه‌نجی له‌گه‌ڵ کێشاوم
له باوه‌شیا دایناوم
به‌رگ و جلی بۆ شتووم
خزمه‌تی زۆری کردووم
ئه‌گه‌رچی ئه‌ده‌بیاتی گه‌ورەساڵان لەچاو ئەدەبیاتی منداڵاندا به فراوانی هه‌موو گه‌ردوونی داگیر كردووە، به: شیعر، چیرۆك، نۆڤلێت و ڕۆمان و هتد… هه‌ر یه‌كه‌ش له‌و ده‌ق و نووسینانه‌ش پڕ بوون له مانا و فیکری نوێ، ڕاسته‌وخۆش كاریگه‌ری و نه‌خشی ئه‌رێنی یاخود نه‌رێنییان جێهێشتووه له‌سه‌ر خوێنه‌رانی هۆشیار، وه‌ك ئه‌م ڕۆمانه جوانانه‌ی ناو مێژوو. ڕۆمانی مەدام بوڤاری، كه له نووسینی گۆستاڤ فلۆبێر (Gustave Flaubert)، شاكاری بێنەوایان له نووسینی ڤیکتۆر هوگۆ (Victoe Hugo)، کتێبی کەروێشکەکان له نووسینی جان ئەپدایک (John Updike)، هه‌روه‌ها ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی له نووسینی گابرێل گارسیا مارکیز (Gabrel Garcia Marquez)، ڕۆمانی تاوان و سزای نووسه‌ری به‌ناوبانگی ڕووس فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکی (Fyodor Dostoevsky)، هه‌روه‌ها كتێبی سوور و ڕەش له نووسینی ستاندال (Standal)، هەزار و یەک شەوە، پاشان ڕۆمانی منداڵانی نیوەشەو له نووسینی سەلمان ڕوشدی (Salman Rushdie)، ڕۆمانی پیره‌مێرد و زه‌ریا له نووسینی هه‌منگوای (Hamnguay)، ڕۆمانی به‌فر له نووسینی ئورهان پامۆك (Orhan Yamuk)،كتێبی لەژێر تۆڕدا له نووسینی ئیریس مۆ‌ردۆخ (Iris Murdoch) و كتێبی یوگنی ئانگینی له نووسینی نووسه‌ری ڕووس ئەلکساندەر پوشکین (Alexander Pushkin) و هتد…
ده‌توانین هێشتا بڵێن ئه‌ده‌بیاتی منداڵان له‌زۆر ڕووەوه ئاسەوارەكانیان بەسەر دەق و نووسین و كایە جیاجیاكانی دنیای ڕۆشنبیریی ورد و درشتی ئێمه‌ی خوێنه‌ردا ماوه. بە واتایەکی تر ئەدەبی منداڵان زیاتر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه لای گه‌وره ساڵان، به تایبه‌ت لای ئه‌و خوێنه‌ره باش و زیره‌كانه‌ی كه سه‌رسه‌ختانه خۆشیان ده‌وێت و هۆگریان بوون و چێژی لێ ده‌بینن.
بێگومان منداڵ و مێردمنداڵ چه‌ند تامه‌زرۆی شیعر و چیرۆك و ڕۆمان و ئۆپه‌ریتی نێو جیهانه جوانه‌كه‌ی خۆیان بن، هه‌زار هێنده‌ش گه‌وره‌كان باوه‌شیان بۆ ده‌گرنە‌وه و تاسه‌ر ئێسك حه‌زیان لێیه ئه‌و ده‌قه جوانانه بخوێننه‌وه، كه بۆ منداڵان نووسراون.
به تایبه‌ت ئه‌و گه‌وره ساڵانه‌ی كه هه‌وای شیعره‌كانی مامۆستا زێوه‌ر و گۆرانی شاعیر و كاكه‌ی فه‌لاحیان هه‌ڵمژیبێت، باش ده‌زانن كه هه‌وای دونیا جوانه‌كه‌ی منداڵان چه‌ند ناسك و منداڵانه‌یه، كه‌وه‌ك شنه‌بایه‌كی نه‌رم و نیان و فێنك ئاسوده‌یی ده‌به‌خشن به دڵی گه‌وره‌كان، چونكه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ بۆ جارێكی تر له‌ناو منداڵی‌دا له‌دایك ببنه‌وه، پێیان وایه منداڵبوونه‌وه سیمبوڵی خاڵیبوونه‌وه‌یه له هه‌موو ئازار و ئه‌ندێشه‌یه‌كی گران و ڕۆژگاره سه‌خته‌كانی ژیان.
شیعری منداڵان بۆیه لای گه‌وره‌كان په‌سه‌نده، چونكه ده‌زانن دونیایه‌كی جوان و بێگه‌رده، به‌هیچ جۆرێك زمانی نامۆ نابیستێ و نایناسێ، جگه له‌وه‌ش خۆی دوور ده‌گرێت له هه‌موو ئایداكان، وێڕای ئه‌وه‌ش ناهێڵێت له‌ناو وشه و بیری گه‌وره ساڵاندا ئاوێته بێت، هه‌روه‌ها دەلاقەیەکی جوان و لەبارە و لێوان‌لێو له ڕیتم و جوڵه‌ی منداڵانه،چونكه له‌و جیهانه جوان و بێگه‌رده‌وه، منداڵان بانگهێشت ده‌كات به‌ره‌و گه‌شتی خەیاڵی و خۆشی و شادی منداڵانه. شیعری منداڵان گه‌ردوونێكی پان و به‌رینه، کە منداڵ خۆی به جموجۆڵ و ویستە دەروونییەکانی خۆی شادییه‌كانی تێدا ده‌چێژێت، چونكه ئه‌و ده‌ق و تێكسته مه‌زنانه‌ی كه بۆ منداڵان نووسراون هه‌میشه وه‌ك بیره‌وه‌رییه‌كی جوان له یادگه‌یان ماوه‌ته‌وه به‌رده‌وام له‌هه‌موو شوێنێكدا وه‌ك ده‌قێكی نه‌مر و زیندوو باسی لێوه ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌ند له ئێستادا ئەستەمە کە ئێمه بتوانین بە شێوەیەکی ڕه‌سه‌نایه‌تی و زانستی، كات و مێـژوو و شوێن و ئافراندنی چیرۆکە ئەفسانەییەکان به‌ته‌واوەتی دیاری بکەین. بە تایبەت ئەو چیرۆكانه‌ی کە بە سه‌رزارەکی گـێڕاویانه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌ك بەڵگە ده‌ق و نووسراوەکانی به‌ر له ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن، پێمان ده‌ڵێن مێـژووی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا. ئەم چیرۆکانەش بە سه‌ر زارەکی و بە شێوازێكی درامی، سینه به سینه گوتراوه‌ته‌وه، پاشان نـەوە لە دوای نـەوە گێڕاویانه‌ته‌وه و گواستوویانه‌ته‌وه، تا بە ئه‌مڕۆ گەیشتوون، لەگەڵ ئه‌مه‌شدا بەشێکی زۆر لە چیرۆكه ئەفـسانەییەکان لەناو فۆلکلۆری گەلان و وڵاتانـدا له زۆر ڕووه‌وه له یه‌ك ده‌چن، گەرچی كه‌مێك جیاوازی لە کات و شوێن و كاره‌كته‌ره‌كاندا هـەیه، بۆ نموونە:
چیرۆکی ئەفسانەیی (کۆڵوانه‌سوور) لە ئێستا وەکو یەکـێک لە چـیرۆکەکانی نووسەری فەرەنسی چـارلـز پیـرۆ (١٦٢٨ــــــ١٧٠٣) دەخوێنـدرێتەوە، بەڵام لە ڕاستـیدا، مێـژووی ئەم چـیرۆکە بۆ زیـاتر لە هـەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتـەوە.
(ئـیزۆپ )كه بە باوک و پێشەنگی چـیرۆکی ئەفـسانەیی داندراوه، به‌بۆچوونی من کورتە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی (ئیزۆپ)ی یۆنانی کە بۆ نزیکەی ٢٦٠٠ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێته‌وه، تا ئەمڕۆش هه‌ره بابەتی چیرۆكن لەنێو كتێبی خوێندنەوەی کوردی و هەموو زمانەکانی تری جیهاندا، لەناو قوتابخانەكانی بنەڕەتیدا ده‌خوێنرێن، لەگەڵ چیرۆکە شیعـرەکانی (جـان دی لاڤۆنتین) كه زۆر جوانتر و مەبەستدارتر و گونجاوترن بۆ منداڵان لە هەموو سەردەمەکاندا. پێده‌چێت شیعرەکەی (دایک)ی فایه‌ق بێکەسیش لە ئەحمەد شەوقییەوە وەریگرتبێ، بەڵام جوانییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه به چێژێکی کوردانه هۆنیویەتییەوە، دوور نییە کە ئەحمەد شەوقـییش لە شاعـیرێکی تـرەوە وەری گرتبێت. بۆ نمـوونە شـیعـری (ڕێوی و کەڵەشێر) لە هـۆنینه‌وه‌ی پیرەمێردی نەمره، كه لە (دیوانی شوقیات للاطفال)دا هەیە، ئەحمەد شەوقیش نایشارێتەوە، کە لە لافۆنتینەوە وەری گرتووە، بە دووری نازانم کە لاڤۆنتین لە ئیزۆپەوەی وەرگرتبێت، ئیزۆپیش لە دەمی خەڵکییەوە وەری گـرتبێت. هەروەك دەقەکانی: قەلەباچکە و باخەوان، کۆبوونه‌وه‌ی مشکان، دوو مراویی و كیسه‌ڵێك، تەنانەت (شێری ساخـتە)ی کاکەی فەللاحیش، یەکێکە لە چـیرۆکەکانی ئيزۆپ.
لاڤۆنتین، كه بە داهێنەری چیرۆكه شیعری ئەفسانەیی دادەنردێت. به ئاشكرا نایشارێتەوە و دان بەوەدا دەنێت، کە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی ئیزۆپی یۆنانی و بەیدبای هیندی و ڤیده‌ری لاتینی و چەنـد چیرۆكنوسێكی تر، کاری تێكردوون و سوودی زۆری لێیان وه‌رگرتوه. گەلێک لە چیرۆکەکانی لەگەڵ چیرۆکەکانی ئيـزۆپدا تێکەڵ بوونە، یان هەنـدێک لە چیرۆکەکـانی لاڤـۆنتینیش دراونـەتە پاڵ ئیـزۆپ و بە نووسینی ئـەوەی دەزانـن. لە ڕاستیدا، تـا ئەمـڕۆش له بواری نووسینی چیرۆكه شیعری ئه‌فسانه‌یی بۆ منداڵان، هـیچ شاعیر و چیرۆكنووسێك له جیهاندا، نه‌گه‌یشتووەته ئاستی لاڤـۆنتـین. ئه‌وه‌ی كه جیاوازیشی به چیـرۆکە ئەفسانه‌ییه‌كانی لاڤـۆنتین به‌خشیوه، ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه چیرۆكه‌كانی زۆر بە شێوازێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری نووسراون، چونكه هێنده ناسك و شیرین و جوان دایڕشتوون، كه شه‌قڵی جیاوازی تایبه‌تمه‌ندییان پێوه دیاره، چیرۆكه‌كانی له‌به‌ر كورتی و ئاسانی و سوودی ئه‌ده‌بی و په‌روه‌رده‌ییان وه‌رگێراون بۆ سه‌ر هه‌موو زمانه‌كانی جیهان و خراونه‌ته نێو پڕۆگرامه‌كان و كتێبه‌كان بۆ منداڵان، تا چێژیان لێ وه‌رگرن، چونكه زۆر به ئاسانی له مه‌به‌سته‌كانیان تێده‌گه‌ن. كۆمه‌ڵه چیرۆکەکانی نێو کتێبه ئه‌فسانه‌ییه‌كه‌ی (کەلیلە و دیمنە)ش كه ناونیشانه‌كه‌ی ئاماژه‌یه بۆ دوو چه‌قه‌ڵی برا، ئه‌فسوونی ئه‌م كتێبه جوانه‌ش له‌مه‌دایه كه به‌زمانی ئاژه‌ڵان نووسراوه، شایانی باسه به‌شێكی زۆر له منداڵان و گه‌وره‌ساڵانیش له جیهاندا چێژیان لەو چیرۆكانه بینووه، كه یه‌كێكه له جوانترین شاکار و ده‌قه نه‌مر و زیندووه جیهانییه‌كان له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا.
كام گه‌وره ساڵ هه‌یه سه‌رسام نه‌بووبێ به ده‌قه جوانه‌كانی چیرۆک‌نووسی بەتوانا و بەناوبانگ چارلـز پیـرۆ (Charles Perrow) کە له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی شانزه‌دا، واته لە ساڵی 1697دا، یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی، لەژێر ناوی چیرۆكه‌كانی (دایکە قازەکەم)، چاپی كردوون و بڵاوی کردونه‌ته‌وه . (شوان، 2015)
یه‌كێك له‌و چیرۆکە جوان و سه‌رنجڕاكێشه‌ی ناو ئه‌و چیرۆكانه‌ش (ساندرێلا) یه، كه تا ئێستاش له‌سه‌ر زاری به‌شێكی زۆر له خه‌ڵكی جیهاندایه، كه ده‌توانین بڵێین گەورەکانیش هه‌زار هێنده‌ی منداڵان چێژ و خۆشییەکی زۆریان لە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکه نایابانه‌ی چارلز وەرگرتووه، جگه له‌وه‌ش كاتێك كرا به فیلم، هێنده‌ی تر بوو به جێگه سه‌رنجی گشت منداڵان و گه‌وره‌ساڵان، چونكه زۆر بە زمانێکی شیرین و پاراو نوسراوه، جگه له‌وه‌ش زۆر بە شێوازێکی هونەری و ئەدەبێكی ناسک و ساده و ئاسان بۆ منداڵان به‌رهه‌میان هێناوه.
یه‌كێكى تر له‌و چیرۆكه سەرنجڕاكێش و واتادارانه‌ی منداڵان (نێلز)ە، كه لایه‌ن نووسه‌ری به‌توانا سەلما لاگرلۆف (Salma lagrloff)وە نوسراوه، كه بۆ هه‌تاهه‌تایه ئه‌م شاكاره لە جیهانی ئەدەبیدا دەدرەوشێتەوە .
گه‌لێ ده‌ق و چیرۆك و ڕۆمانی تریش هه‌ن، كه گه‌وره ساڵان به‌ره‌دوام له خه‌یاڵه‌كانیاندا گه‌شت ده‌كات، نموونه وه‌ك : ڕۆمانه بەناوبانگه‌كه‌ی (ئیم‌یل)ی جان جاك ڕۆسۆ، چیرۆكی تۆم وجێری، ماسی ڕه‌شه‌كه و ئه‌فسانه‌ی خۆشه‌ویستی صەمەدی بەهرەنگی.
لەپای هەموو ئه‌مانه‌شدا كەسانێك هەبوون كە بە ویژدانێكی ئاسوودەوە، لەناو ئه‌ده‌بیاتی منداڵاندا ئه‌سپی خۆیانیان تاو داوە و خۆیان كردووە به زمانحاڵی ئه‌و جیهانه جوانه‌ی منداڵان و دڵسۆزانه كاریان تێدا كردووه، بۆ نموونه (ئه‌مین محه‌مه‌د) یه‌كێكه له‌و نووسه‌ره ده‌گمه‌نانه‌ی نێو ئه‌ده‌بیاتی منداڵان، كه له‌گه‌ڵ هه‌موو كایه خه‌یاڵیی و جوانییه‌كانی منداڵاندا مامه‌ڵه ده‌كات و سه‌روكارێكی باشی له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه؛ ئه‌مه‌ش له هه‌موو شیعر و چیرۆك و ڕۆمانه‌كانیدا به باشی ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه .
شایانی باسه (ئه‌مین محه‌مه‌د) له‌سه‌رده‌می خۆیدا توانیویه‌تی شیعری جوان و نایاب بخولقێنێ و کەلتووری منداڵانی پێ بڕازێنێتەوە و ببێت به خاوه‌ن ئێنسکلۆپیدیای ئه‌ده‌بی و خه‌یاڵی و زانستی بێت، هه‌روه‌ها خاوه‌ن فۆڕم و ستایلی خۆشی بێت، هه‌میشه دڵسۆزانه كاری بۆ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان كردووە، له‌م بواره‌شدا كاریگه‌رییه‌كی باشیشی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی منداڵان جێهێشتووه ته‌نانه‌ت هێنده ئاوێته‌ی شیعری منداڵانه بووه، له پارچه نووسینێكدا كه بیری (مێوژه‌كه‌ی مام زۆراب) ده‌كات و به زمانێكی منداڵانه ده‌ڵێت:
ئای لەو ساتانە چەند خۆش و چێژ بەخش بوون لەگەڵ دارا، دوو داری دوور دوورمان دەبینی و بە قاقا و پێکەنینەوە ئاماژەمان بۆ دەکردن، لەگەڵ زارا و زەینەب تەماشای دادەمان دەکرد، ئەو کاتەی دۆکەی ڕژابوو، من هەرگیز ئەو ساتە خۆشانەم بیر ناچن دەچوومە سەر دارسێوەکە و یەک یەک سێوەکانم دەژماردن، ئەوە یەک سێ‌و، ئەوە دوو سێ‌و، پاشان لەگەڵ هاوڕێکانم یاریی مزراحێنمان دەکرد.
هەرگیز ئازاری باڵندەمان نەدەدا و نان و ئاومان بۆ ڕۆ دەکردن، لەگەڵ مام ورچ بووبووین بە هاوڕێ و هەموو دەورەمان دابوو، زۆر سەرنجڕاکێش بوو ئەو دەمەی لەسەر یەک قاچ ڕادەوەستا و زریزەكه‌ی لە ملدا بوو، لەناکاو مام زۆراب دەردەکەوت سینییەک مێوژی لەسەر سەری ڕاگرتبوو، ئێمەش هەموو هاوارمان دەکرد : مام زۆراب . . مام زۆراب، مەڕۆ مەڕۆ مێوژمان دەوێ، یەکی یەک عانەی لێ وەردەگرتین و مشتێ مێوژە ڕەشەکەی پێ دەداین، ئەوەندە خۆش و بەتام بوو، تا ئێستاش چێژه‌كه‌ی لە ژێر ددانمدایە.
هه‌روه‌ها صادق هیدایەتیش ده‌ڵێت:
خۆزگە دەمتوانی وەک ئەو کاتەی کە منداڵ و نەزان بووم بە باشی بخەوم، هێمن و لەسەرخۆ!
منیش گه‌لێ جار به جلی گه‌وره ساڵانه‌وه، به خه‌یاڵ ده‌ڕۆمه‌وه بۆ منداڵی، كاتێ پایز دێت پۆل پۆل قاز و قورینگه‌كان له ئاسمانی به‌رزدا ده‌بینم كۆچ ده‌كه‌ن به‌ره‌و گه‌رمیان، له دووره‌وه ده‌ستیان بۆ هه‌ڵده‌بڕم، پێیان ده‌ڵێم: هۆ قاز و قورینگه‌كان، ئه‌گه‌ر گه‌یشتن سڵاوی منیش له‌گه‌ڵ خۆتاندا بگەیەنن بە شه‌پۆله زیوینه‌كانی دەریاچەی سیروان، به کانیاوی تەزیوی، بە بێچووه ئاسك و کارمامزە سركه‌كانی چیای به‌مۆ و به‌رانان، بەو پێدەشتە سەوزانەی کە تازه چه‌كه‌ره‌یان كردووە، به‌و ڕیشۆڵانه‌ی كه به ئازادی ده‌فڕن به ئاسماندا و به‌و منداڵه باڵداردۆستانه‌ی ئێوه‌یان به گیان و دڵ خۆشده‌وێ!
سه‌رچاوه‌كان
- دیداری ئه‌ده‌بی منداڵان، لاپه‌ڕه (11) ساڵی (2022)، چاپی یه‌كه‌م.
- پشیله‌كه‌م، لاپه‌ڕه (430)، دیوانی گۆران، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری عێراق، ساڵی 1980، به‌غدا.
- فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، شیعری دایك، چاپی یەکەم، 1935، لاپەڕە ٢٣٤
- چـاوپـێخـشانـێک بە مێـژووی ئـەدەبی منـداڵان . ڕەزا شـوان . کەرکـووک، 2015.



