چوار به‌رهه‌مى جیهانى به نموونه
پوخته
له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌و تێكستانه كراوه، كه له بنجدا تایبه‌ت نیین به ئه‌ده‌بى منداڵان، به‌ڵام لێره و له‌وێ له كه‌ناڵه جۆراوجۆره‌كانى بیندراو و بیستراو و خوێندراو و ئه‌لیكترۆنییه‌وه پێشكه‌ش به منداڵ ده‌كرێن، بۆیه هه‌وڵ دراوه له ڕێگه‌ى باسكردنى چه‌ند نموونه‌یه‌ك له ده‌قه‌كانى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه و مه‌لاى مه‌شهوور و چیرۆكه‌كانى ئیزۆپ و كه‌لیله و دیمنه‌ى به‌یده‌بایه‌وه، پرسیار له شیان و گونجاوبوونى به‌شێكى ئه‌و ده‌قانه بكرێت كه پێویست ده‌كات به چ شێواز و مه‌رجێك بخرێنه خزمه‌ت ئه‌ده‌بى منداڵانه‌وه، به‌جۆرێك هه‌م منداڵان لێیان تێبگه‌ن و چێژى لێ ببینن، هه‌م كێشه و كاریگه‌ریی نه‌رێنى له‌سه‌ر كه‌سایه‌تى و لایه‌نى سایكۆلۆژییان دروست نه‌كات. ئەمە لە کاتێکدا، کە لە دونیای تازەدا، ڕوانگە و ئاراستەکان لە مەیدانی ئەدەبی منداڵاندا، بە بایەخی زۆرەوە، لەم پرۆسەیە دەڕوانن و گەلەک زێتر لە جاران، ڕەچاوی سروشت و سایکۆلۆژیای منداڵ دەکەن، بۆ ئەوەی هەرچی بۆ منداڵ دەنووسرێت و دەخرێتە بەر دەستی، لە خزمەتی خۆشگوزەرانیی منداڵدا بێت و دڵخۆشی بکات و هەروەها تەواوکەری کایەی پەروەردە و پێگەیاندن بێت.
وشه سه‌ره‌كییه‌كان
ئه‌ده‌بى منداڵان، ئیزۆپ، كه‌لیله و دیمنه، هه‌زار و یه‌ك شه‌وه، مه‌لاى مه‌شهوور.
گرنگیى توێژینه‌وه
گرنگیى ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له‌وه‌دایه كه له ئه‌وڕۆى گۆڕه‌پانى ئه‌ده‌بى و ڕۆشنبیریی كوردستاندا، نه‌تواندراوه وه‌كوو پێویست ده‌قه نووسراوه‌كان بۆ ئاسته جوداكانى ته‌مه‌نى منداڵ پیشان بدرێن، هه‌روه‌ها لێره و له‌وێ هه‌ندێك تێكستنووس له زمان و فۆرم و ناوه‌رۆكى تێكسته‌كانیاندا بێ ئه‌وه‌ى زۆر هه‌ستى پێ بكه‌ن له دونیاى منداڵ دوور ده‌كه‌ونه‌وه، له‌م سۆنگه‌وه ده‌كرێ ئه‌و توێژینه‌وه‌یه ببێته كڵاوڕۆژنه‌یه‌ك بۆ تیشك خستنه سه‌ر ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتن و تێكه‌ڵییه‌ى كه له‌نێوان ئه‌ده‌بى منداڵان و ئه‌ده‌بى گه‌وراندا هه‌بووه و ئه‌و سه‌رنج خستنه‌سه‌ره‌ش بۆ ئێستاى ئه‌ده‌بى منداڵان كه‌ڵكى لێ وه‌ربگێرێت.
هۆى هه‌ڵبژاردنى بابه‌تى توێژینه‌وه
هه‌ر چوار به‌رهه‌مى: ئیزۆپ، كه‌لیله و دیمنه، هه‌زار و یه‌ك شه‌وه و مه‌لاى مه‌شهوور، وه‌كوو كتێب كراونه‌ته كوردى، به‌شێك له ده‌قه‌كانى هه‌ر چوار به‌رهه‌مه‌كه‌ش له زۆرێك له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان بۆ منداڵان بڵاو كراونه‌ته‌وه و هه‌ندێكیشیان له فۆرمى شیعر، ئۆپه‌رێت و فیلمى كارتۆنی سوودیان لێ وه‌رگیراوه.
سنوورى توێژینه‌وه
تیشك خستنه سه‌ر چه‌ند ده‌قێك له به‌رهه‌مه‌كانى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه و هه‌قایه‌ته‌كانى مه‌لاى مه‌شهوور و چیرۆكه‌كانى ئیزۆپ و كه‌لیله و دیمنه‌ى به‌یده‌با، كه له هه‌ر چوار به‌رهه‌مدا به‌ڕێژه‌ى جیاواز سوود له تێكسته‌كانیان وه‌رگیراوه بۆ شیعر و ئۆپەرێت و چیرۆك و فیلمى كارتۆنیی منداڵان.
ناوه‌ڕۆكى توێژینه‌وه
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه، له دوو به‌شى سه‌ره‌كى پێكدێت، به‌شى یه‌كه‌م باس له‌وه ده‌كات كه له سه‌ره‌تاى په‌یدابوونییه‌وه، ئه‌ده‌بى منداڵان زۆر جیاواز نه‌بووه له ئه‌ده‌بى گه‌وران، به‌ڵكوو دواتر به تێپه‌ڕبوونى كات مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندى و چوارچێوه‌ى خۆى بۆ دیارى كراوه. به‌شى دووه‌م تیشك ده‌خاته سه‌ر چه‌ند به‌رهه‌مێكى كۆنى جیهانى، كه له بنجدا بۆ گه‌وران نووسراون، دواتر به‌شى منداڵانیشى لێ دراوه. له كۆتاییدا ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى له میانه‌ى توێژینه‌كه‌دا پێى گه‌یشتووین، له چه‌ند خاڵێكدا خراونه‌ته ڕوو. ئه‌وجا لیستى ناوى ئه‌و سه‌رچاوانه ڕیز كراون كه له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا سوودیان لێ وه‌رگیراوه. له كۆتاییدا پوخته‌ى توێژینه‌وه‌كه به هه‌ردوو زمانى عه‌ره‌بى و ئینگلیزى نووسراوه. هه‌روه‌ها له بابه‌تى به‌كارهێنان و ڕێكخستنى په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كاندا، په‌یڕه‌وى سیستمى هارڤارد كراوه.
شیكردنه‌وه‌ى چه‌مكه‌كان
ئه‌ده‌بى منداڵان: وێژه‌ى منداڵ، وێژه‌ى منداڵان، ئه‌ده‌بیاتى منداڵان، ئه‌ده‌بى زارۆ‌كان و وێژه‌ى زارۆكانیش به‌كاردێت، به‌ڵام له دیالێكتى کوردیی ناوەنددا زاراوه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵان زێده‌تر به‌كار هاتووه و چەندین پێناسەی بۆ کراوە، وەک:
“تێكڕاى ئه‌و به‌رهه‌م و بابه‌ت و تێكسته ئه‌ده‌بییانه ده‌گرێته‌وه، كه له‌گه‌ڵ منداڵ ده‌دوێن و بۆ منداڵ ده‌نووسرێن و گوزارشت له خه‌ون و خولیا و دونیاى منداڵ ده‌كه‌ن، جا ئه‌و به‌رهه‌م و بابه‌تانه چ شیعر بن یا په‌خشان به هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه، هه‌روه‌ها به زمانێك گوزارشتى لێ بكرێت له‌گه‌ڵ ڕوئیا و خه‌یاڵى منداڵدا گونجاو بێت و له ئاستى توانا و تێگه‌یشتنیدا بێت و سه‌ر به فه‌رهه‌نگى منداڵ بێت”. (قادر٢٠٢٣: ١٩).
ئیزۆپ: هه‌ندێك ده‌ڵێن ئیزۆپ یا ئیسۆپ (Aesop) له ساڵى ٦٢٠ پێش زایین له یۆنان دایك بووه و پیاوێكى دانا بووه، هه‌ندێكیش به كه‌سێكى خه‌یاڵى ده‌زانن.
كه‌لیله و دیمنه: به‌رهه‌مێكه له‌لایه‌ن به‌یده‌باى فه‌یله‌سووفى هیندییه‌وه نووسراوه، له كۆمه‌ڵێك چیرۆكى په‌ندئامێز و مانادار پێكهاتووه و زۆربه‌ى كاراكته‌ره‌كانى باڵنده و گیاندارن.
هه‌زار و یه‌ك شه‌وه: له كۆمه‌ڵێك چیرۆكى به‌دواى یه‌كدا هاتوو پێكدێت، خاوه‌نه‌كه‌ى دیار نییه و زۆرێك پێیان وایه به عه‌ره‌بى و له سه‌رده‌مى عه‌بباسییه‌كانه‌وه نووسراوه.
مه‌لاى مه‌شهوور: كه‌سایه‌تیی و به‌سه‌رهاته‌كانى به گه‌لانى ناوچه‌كه ئاشنان. به جوحا، مه‌لاى مه‌زبووره، خواجه نه‌سره‌ددین و ئه‌فانتییش ناسراوه. له‌نێوان كورد و تورك و عه‌ره‌ب و ئازه‌رى و ویگۆر یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه، كه سه‌ر به كام نه‌ته‌وه‌یه.
١) سه‌ره‌تایه‌ك له‌باره‌ى ئه‌ده‌بى منداڵانه‌وه
تا ئێستا به وردى نه‌تواندراوه ده‌سنیشانى مێژوویه‌ك بكرێت بۆ ده‌ركه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانى یه‌كه‌م به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى منداڵان، چونكه له سه‌ره‌تادا ئه‌وه‌ى هه‌بووه هه‌ندێ سه‌ربورده‌ى میللى ناو خه‌ڵك بووه، كۆكراوه‌ته‌وه و نووسراوه‌ته‌وه، له كۆنیشدا ئه‌ده‌بى گه‌وران و منداڵان پێكه‌وه بووه و جودا نه‌كراوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت “تا ئه‌مڕۆش پێناسه‌یه‌كى چڕوپڕى وا ده‌ست ناكه‌وێت كه بتوانێ هه‌موو به‌شه‌كانى ئه‌ده‌بى منداڵان خڕ بكاته‌وه و تێكه‌ڵاو به هى گه‌ورانى نه‌كات”. (هه‌ورامى، ٢٠٠٥: ١٠٧).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر قۆناخى یه‌كه‌مى په‌یدابوون و گه‌شه‌سه‌ندنى ئه‌ده‌بى منداڵان وه‌ربگرین، ئه‌وا ده‌بێ باس له ئه‌زموونى وڵاتانى ئه‌وروپایی وه‌كوو فه‌ڕه‌نسا، ئینگلته‌را، دانیمارك، ئه‌ڵمانیا و ڕووسیا بكرێت و به‌دروستى قسه له به‌رهه‌م و نووسینى هه‌ر یه‌ك له نیگاركێش كۆمنیۆس (١٥٦٢-١٦٧٠) كه كتێبێكى وێنه‌دارى داناوه به زمانى لاتینى بۆ منداڵان به مه‌به‌ستى فێربونى خوێندن و نووسین (اللبدیى٢٠٠١: ١٤). دوای ئەوە هەقایەتەکانی جان دى لاڤۆنتین (١٦٢٣- ١٦٩٥) و كتێبى مامالویزا/ قازى داكمى شاعیرى فه‌ڕه‌نسایی چارلز پیرۆ (١٦٢٨-١٧٠٣) له فه‌ڕه‌نسا، ئەمە لە کاتێکدا كتێبى مامالویزا له كۆمه‌ڵه چیرۆكێك پێكهاتووه سەرەتا هەم بۆ گه‌وره و هەم بۆ منداڵان بووە، به‌ڵام دواتر بووه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ نووسینى دیكه و تێكستى دیكه‌ى ئه‌ده‌بى تایبه‌ت به منداڵان.
هه‌روه‌ها به‌رهه‌مێكى جۆناسان سویفت (١٦٦٧-١٧٤٥) به ناوى گه‌شته‌كانى جه‌لیفه‌ر له ئینگلته‌را كه سه‌ره‌تاى چه‌ند ڕێنماییه‌كى ئه‌خلاقى و ئایینى چوارچێوه‌به‌ند بووه، پاشان یاقوب جایكوب (١٧٨٥-١٨٦٣) و فیلهلم (١٧٨٦-١٨٥٩) ناسراو به برایانى گریم له ئه‌ڵمانیا، كه له ساڵى (١٨١٢)دا كتێبێكیان بۆ منداڵان نووسى، دواتر كتێبى دووه‌میشیان بڵاو كرده‌وه، چیرۆكه‌كانى نێو هه‌ردوو كتێبه‌كه‌ى برایانى گریم له كۆمه‌ڵێك چیرۆكى خه‌یاڵى و ئه‌فسانه‌یی پێكهاتبوو، كه له‌سه‌ر زارى خه‌ڵك كۆكرابوونه‌وه، پاشان له دانیماركیش نووسه‌رى به‌ناوبانگ هانز كرستیان ئه‌نده‌رسن (١٨٠٥-١٨٧٥) و دواتر هه‌ر یه‌ك له ئیڤان كریلۆڤ (١٧٦٩-١٨٤٤)، ئه‌لیكسانده‌ر پوشكین (١٧٩٩-١٨٣٧)، لیو تۆڵستۆى (١٨٢٨-١٩١٠)، ماكسیم گۆركى (١٨٦٨-١٩٣٦) و ئه‌نتۆن چیخۆف (١٨٦٠-١٩٠٤) له ڕووسیا و هتد… هه‌روه‌ها له وڵاتانى سویسرا و نه‌رویژ و چه‌ند وڵاتێكى دیكه‌ى ئه‌وروپایی ژماره‌یه‌ك نووسه‌ر ڕۆڵیان دی له ده‌ركه‌وتن و پێشخستنى ئه‌ده‌بى منداڵانى دونیادا.
به‌ڵام به‌شى زۆرى ئه‌و به‌رهه‌مانه یان سه‌ره‌تا بۆ گه‌وران نووسراون یان سه‌ر به هه‌ردوو دونیاى گه‌وره و منداڵان بوون، یان هیچ دیاریان نه‌كردووه بۆ كام قۆناخى ته‌مه‌نى منداڵ گونجاون. دواتر ئه‌و نووسه‌رانه و نووسه‌رانى دیكه‌ى دواى ئه‌وانیش زێتر ڕه‌چاوى ئه‌و مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یان كردووه، كه پێویسته له هه‌ر به‌رهه‌مێكى منداڵانه‌دا هه‌بێت. پاشتر ورده ورده ئه‌و ڕشته‌یه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵان پێش كه‌وت به‌جۆرێك هه‌ردوو سه‌ته‌ى ١٨ و ١٩ به چه‌رخى زێڕ‌ینى ئه‌ده‌بى منداڵان ناو بردراوه و قۆناخه جوداكانى ته‌مه‌نى منداڵ بۆ سه‌ر چه‌ند كۆمه‌ڵه‌یه‌ك دابه‌ش كراوه.
ئه‌و تێكه‌ڵبوون و به‌ریه‌ككه‌وتنه له‌نێوان ئه‌ده‌بى گه‌وران و منداڵان وه‌نه‌بێ ئێستاش سه‌تى سه‌ت ته‌واو یه‌كلا بووبێته‌وه، به‌ڵكوو له ئه‌وڕۆى گۆڕه‌پانى ئه‌ده‌بیشدا زۆر ده‌م ئه‌و مشتومڕه گه‌رمه، به‌وه‌ى ئاخۆ ئه‌و به‌رهه‌مه تایبه‌ت به منداڵان یاخود نا، ئه‌گه‌ر تایبه‌ته به منداڵان بۆ كام قۆناخى ته‌مه‌نى منداڵى گونجاوه، چونكه پسپۆڕانى بوارى منداڵناسى و سایكۆلۆژى دابه‌شى ده‌كه‌نه سه‌ر چه‌ند قۆناخێك، كه هه‌رچه‌نده هه‌موو شاره‌زا و پسپۆڕانى بوارى ده‌روونناسى و منداڵناسى سه‌تى سه‌ت هاوڕا و كۆك نیین، هه‌روه‌ها ئه‌و پۆلێنكردنه له ژینگه و ناوچه‌یه‌كى جوگرافیى دیاریكراو و كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكى دیكه تا ئاستێك ده‌گۆڕێ، هه‌روه‌ها ئاستى گه‌شه و پێگه‌یشتنى كچان و كوڕانیش هه‌ندێ ده‌م له یه‌كدى جوێیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌كى گشتى پۆلێنكردنه‌کە به‌م شێوه‌یه‌یه:
١- قۆناخى (٣ – ٥) ساڵان: واقیعبینى و خه‌یاڵى سنووردار، كه منداڵ له‌و قۆناخه‌دا زێتر په‌یوه‌سته به دایباب و ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى و چوار دیوارى ماڵ و ده‌وروبه‌رى نێزیكى خۆى.
٢- قۆناخى (٦ – ٨) ساڵان: قۆناخى خه‌یاڵى فراوان، له‌و قۆناخه‌دا منداڵ له ژینگه‌ى خێزان و ناو ماڵ ده‌رده‌چێ بۆ ژینگه‌یه‌كى فراوانترى نێو كۆمه‌ڵ، چشت و شێوه‌ى زێتر ده‌بینێت و به خه‌ڵكى دیكه ئاشنا ده‌بێت، كه له قۆناخى پێشتردا نه‌یدیون.
٣- قۆناخى (٩ – ١٢) ساڵان: قۆناخى ئازایه‌تى و پاڵه‌وانێتى، له‌و قۆناخه‌دا منداڵ زێتر له واقیعى نێو كۆمه‌ڵ نێزیك ده‌بێته‌وه و گیانى پرسیار و كاركردن و یارمه‌تیدانى له‌كن دروست ده‌بێ.
لێره‌دا گرنگه بگوترێت کە “له هه‌ندێ قۆناخ‌دا ئه‌ده‌بى كوڕان و كچان تا ئاستێك لێك جودا ده‌بنه‌وه. هه‌رچه‌نده به‌ره‌و گه‌وره‌بوونیش بچن جیاوازییه‌كه زیاتر به دیار ده‌كه‌وێ”. (فه‌رهادى٢٠٠٧: ١٠٧). جا ئه‌و جیاوازییه به‌شێكى له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه هه‌ر ڕه‌گه‌زێك جۆرێك له زمان و ڕووداو و مژار ده‌خوازێت، كوڕان له هه‌ندێ قۆناخ‌دا به‌تایبه‌تى له‌نێوان ٩-١٢ ساڵان ئاره‌زووى چیرۆكى پاڵه‌وانێتى و ئازایه‌تى و جه‌ربه‌زه‌یى و گیانفیداكردن و هتد…یان هه‌یه، كه‌چى كیژان له‌و قۆناخه‌دا زێتر حه‌ز به ماڵداریكردن و ڕازاندنه‌وه‌ى ماڵ و خۆئارایشدان و بابه‌ته هاوشێوه‌كانیان ده‌كه‌ن.
٤- قۆناخى (١٣ – ١٨) ساڵان: قۆناخى مێردمنداڵى، كه هه‌ندێ جار هه‌رزه‌كار، یا نه‌وجه‌وانیشى بۆ به‌كاردێ، منداڵ له‌و قۆناخه‌دا ئه‌ركى فراوانتر و كارى قورس‌تر ده‌بێ و گۆڕان له هه‌ڵسوكه‌وت و ده‌نگ و جه‌سته‌ى ڕووده‌دات. هه‌روه‌ها حه‌ز به‌و تێكستانه ده‌كات كه سه‌ركێشى و پاڵه‌وانێتى و چیرۆكى پۆلیسیین.
ئه‌و پۆلینكارییانه‌ش پێمان ده‌ڵێن كه هه‌ر قۆناخێكى ته‌مه‌ن جۆرێك و زمانێك و شێوازێكى تایبه‌تى له نووسینى ده‌وێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئاستى ڕۆشنبیریى كۆمه‌ڵگه له گۆڕ‌انى به‌رده‌وامدایه، بۆ نموونه منداڵێكى كوردى سه‌ت ساڵ پێش ئێستا كه له ژینگه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى پاشكه‌وتوو و له نێوه‌ندى خێزانێكى كشتیار و شوانكاره‌ییدا گه‌وره بووبێ، له‌گه‌ڵ منداڵێكى سه‌رده‌مى ئێستامان كه زۆرێك له هۆكاره‌كانى خۆڕۆشنبیركردنى بۆ فه‌راهه‌م كراوه، جیاوازییه‌كه‌یان گه‌لێك زۆره، به‌كورتى زۆر جار وا ده‌بێ شیعرێك یان چیرۆكێك بۆ منداڵێكى حه‌فت ساڵان ده‌خوێنیته‌وه، منداڵێكى چوارده ساڵان گاڵته‌ى پێ دێت، یان ڕۆمانێك بۆ منداڵێكى پازده ساڵان باس ده‌كه‌یت، منداڵێكى نۆ ساڵان ته‌قه‌ى سه‌رى دێت و هیچى لێ تێناگات.
٢) ئه‌و تێكستانه‌ى له بنجدا بۆ گه‌وران نووسراون
له دونیادا، ژماره‌یه‌ك تێكستى ئه‌ده‌بیی هه‌ن، كه له بنه‌ڕه‌تدا ئى گه‌ورانن، یان له سه‌ره‌تادا بۆ گه‌وران نووسراون، دواتر له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆ، په‌ڕیونه‌ته‌وه بۆ نێو بازنه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵان. وه‌ك له چیرۆكه‌كانى ئیزۆپ، هه‌قایه‌ته‌كانى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه، كه‌لیله و دیمنه‌ى به‌یده‌با و هه‌قایه‌ته‌كانى مه‌لاى مه‌شهووردا به‌ر چاو ده‌كه‌ون، ئێمه لێره‌دا نموونه‌ى چه‌ند تێكستێكى ئه‌و چوار به‌رهه‌مه ده‌خه‌ینه ڕوو.
٢ــ ١) ئیزۆپ
چیرۆكه‌كانى ئیزۆپ، كه به به‌رهه‌مى هه‌ره دێرێنى ئه‌وروپا هه‌ژمار ده‌كرێ و له‌سه‌ر زارى گیاندارانه‌وه ڕووداوه‌كان ده‌گێڕدرێنه‌وه، تایبه‌ت نه‌بوون به منداڵان، به زمانێكى ساده و كورت نووسراون و زۆربه‌ى كاراكته‌ره‌كانى نێو چیرۆكه‌كانیشى گیاندارن. هه‌رچى ڕووه‌ك و ده‌شت و چیا و سروشته زۆر به كه‌مى نه‌بێ له چیرۆكه‌كاندا ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه به‌ڵام به‌گشتى چیرۆكه‌كان به چیرۆكى میللى ناسراون.
٢ــ ١ــ١) چیرۆكی دوو ڕێوییه‌كه
نموونه‌یه‌ك له چیرۆكه‌كانى ئیزۆپ كه گفتوگۆى نێوان دوو ڕێوییه:
“ڕۆژێكیان ڕێوییه‌ك زۆر برسی بوو، له قڵیشی دارێكدا هه‌ندێك خواردنی دۆزییه‌وه، خۆی خزانده ناو قڵیشی داره‌كه و خواردنه‌كه‌ی ده‌رهێنا و خواردی. كاتێ ویستی بێته ده‌ره‌وه نه‌یتوانی، چونكه ئه‌ستوور بوبوو. زۆر هه‌وڵی دا و هاواری كرد.. بێ سوود بوو. ڕێوییه‌كی دیكه به‌و گوزه‌ره‌دا تێده‌په‌ڕی و پێی گوت: هاوڕێ.. ئه‌وه چیته؟ ئه‌ویش حیكایه‌ته‌كه‌ی بۆ گێڕایه‌وه. ڕێوییه‌كه پێی گوت: كه‌واته بمێنه‌وه هه‌تا برسیت ده‌بێت، ئه‌وجا وه‌ره ده‌ره‌وه”. (امام٢٠٠٣: ٢٥).
ماناى ناوه‌ڕۆكى ئه‌م چیرۆكه ئه‌وه پیشان ده‌دات كه زه‌مه‌ن هه‌ندێك كێشه چاره‌سه‌ر ده‌كات، پێده‌چێ چیرۆكه‌كه له بنجدا مه‌غزایه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسییشى هه‌بووبێت، هه‌روه‌ها كات و ڕووداو له چیرۆكدا كورته، ژماره‌ى كاراكته‌ره‌كانیش دووانن، ئه‌و گیانداره‌ى ناوى هاتووه، لاى منداڵ نامۆ نییه. بۆیه تێگه‌یشتنى بۆ منداڵ قورس نییه و چێژیشى لێ ده‌بینێت.
٢ــ ١ــ٢) چیرۆكى خوێنمژه‌كان
“ڕۆژێك ئیسۆبی حه‌كیم وتار بۆ جه‌ماوه‌ری شاری سامۆس ده‌دات، كه كۆبوونه‌ته‌وه بۆ كوشتنی پادشایه‌كی سته‌مكار. ئیسۆبی حه‌كیم ده‌ڵێت: جارێك ڕێوییه‌ك ویستی له ڕووبارێك بپه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام خلیسكا و كه‌وته ناو چاڵێكی قووڵه‌وه، زۆر هه‌وڵی دا بێته ده‌ره‌وه، وه‌لێ بێ سوود بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئازار و ناڕه‌حه‌تییه‌دا كۆمه‌ڵێك گه‌نه بۆی هاتن، له‌و كاته‌دا ژووژگێك هات و ئه‌و دۆخه‌ی ڕێویی دی، به‌زه‌یی پێیدا هاته‌وه و گوتی: پسمام یارمه‌تیت نه‌ده‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نانه‌ت لێ دوور بخه‌مه‌وه؟ ڕێوییه‌كه گوتی: نه‌خێر زۆر سوپاس. ژووژگه‌كه لێی پرسی: بۆچی؟ ڕێوییه‌كه گوتی: ئه‌وانه تێریان خواردووه، له‌وه زیاتریان ناوێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه بڕۆن، كۆمه‌ڵێكی دیكه‌ی برسی دێن هه‌موو خوێنه‌كم ده‌مژن و ده‌مكوژن! ئیسۆبی حه‌كیم گوتی: ئه‌وه هه‌ڵوێستی منه بۆ ئێوه. ئه‌و پیاوه له‌وه زیاتر ناتوانێت ئازاری ئێوه بدات، به‌ڵام گه‌ر بیكوژن، ئه‌وسا كه‌سێكی برسی و خراپتر دێت و زیاتر بێزار و نیگه‌رانتان ده‌كات”. (امام٢٠٠٣: ٣٢).
له ته‌واوى ئه‌م چیرۆكه‌دا، ده‌رده‌كه‌وێت كه له ناوونیشان و زمان و ڕووداو و كاراكته‌ره‌كانه‌وه، تا ئاستێك له فه‌رهه‌نگ و سروشت و سایكۆلۆژیاى منداڵه‌وه دووره، چونكه ئه‌وه‌ى باس كراوه پرسێكى سیاسییه و قسه‌كردنه له‌سه‌ر سته‌م و گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵات، بێ گومان ئه‌و بابه‌ته‌ش بۆ ئه‌وه گونجاو نییه منداڵى پێ سه‌رقاڵ بكرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر گفتوگۆى ڕێوى و ژووژگه‌كه به‌ته‌نیا وه‌ربگێرێت، به هه‌ندێ ئاسانكارییه‌وه، ده‌كرێ بۆ منداڵانى ته‌مه‌ن ١٢ــ ١٨ ساڵان نیشان بدرێت، به‌تایبه‌ت كه منداڵانى ئه‌و قۆناخه ئاره‌زووى سه‌ركێشى و پاڵه‌وانێتى و چیرۆكى پۆلیسی ده‌كه‌ن.
٢ــ ٢) كه‌لیله و دیمنه
كه‌لیله و دیمنه‌ى كه له‌لایه‌ن به‌یده‌باى فه‌یله‌سووفى هیندییه‌وه نووسراوه، له كۆمه‌ڵێك چیرۆكى خه‌یاڵى په‌ندئامێز و مانادار پێكهاتوون و زۆربه‌ى كاتیش له‌سه‌ر زمانى باڵنده و گیاندارانه‌وه ڕووداوى نێو چیرۆكه‌كانى كه‌لیله و دیمنه ده‌قه‌ومێن، هه‌ر چیرۆكێكیش كۆمه‌ڵێ ڕووداو و چیرۆكیى تر‌ى له‌نێودایه و له بنه‌ڕه‌تدا بۆ منداڵان نه‌نووسراون.
له كاتى خۆى ئه‌و فه‌یله‌سووفه ویستوویه‌تى له ڕێگه‌ى ئه‌و چیرۆكانه‌وه پاشاى سه‌رده‌مى خۆى كه ناوى ده‌بشه‌لیم بووه، بخاته سه‌ر ڕێگاى ڕاست، ئیدى واى لێ دێ ده‌بشه‌لیم ماوه‌یه‌ك به‌یده‌با زیندانى ده‌كات، دواتر ئازادى ده‌كات و خۆى داواى لێ ده‌كات كتێبێك دابنێت و پێى ده‌ڵێت: “من ده‌ترسم بمرم و كتێبێك نه‌بێ كه له دواى خۆم یادمى پێ بكرێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه حه‌زده‌كه‌م كه كتێبێكى نایابم بۆ دابنێیت و به هه‌موو زانینته‌وه كارى تیا بكه‌ى”. (به‌یده‌با٢٠١٤: ٢٠). له‌و كاتیش‌دا هیچ باسى منداڵ و په‌روه‌رده‌ى منداڵ له ئارادا نه‌بووه، هه‌روه‌ك ده‌بشه‌لیم له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كتێبه‌كه به به‌یده‌با ده‌ڵێت: “دیوى ده‌ره‌وه‌ى ڕامیارى و سوودى گه‌لى تیا بێ، ناوه‌وه‌ى ڕه‌وشت و ڕامیارى پاشا بێ به‌رامبه‌ر به گه‌ل”. (به‌یده‌با٢٠١٤: ٢٠). ئه‌وه‌ش هه‌یه كه به‌ر له‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى له دونیاى ئێمه‌دا سوودى لێ وه‌بگیرێ له ڕۆژئاوا بۆ به‌رهه‌مى منداڵانه سوودى لێ وه‌رگیراوه، بۆ نموونه ” لاڤۆنتین له كاره ئه‌ده‌بییه‌كانى بیرۆكه‌ى زۆرى له كه‌لیله دیمنه وه‌رگرتووه”. (زلط١٩٩٤: ٥٧).
به‌ڵام به پارچه پارچه و چیرۆك چیرۆك گێڕانه‌وه و باسكردنى بۆ منداڵان ده‌كرێ هه‌ندێكیان چێژ و كاریگه‌رى خۆى هه‌بێت، بۆیه زۆرێك له چیرۆكه‌كانى نێو كه‌لیله و دیمنه به شیعر و چیرۆك و سیناریۆ بۆ منداڵان داڕێژراونه‌ته‌وه و تێكستى ماقوڵیان لێ ده‌رچووه، به‌شێك له شاعیرانى كوردیش به‌تایبه‌ت له‌نێوان ساڵانى (١٩٢٠-١٩٧٥) هه‌ندێك له‌و چیرۆكانه‌یان وه‌ك چیرۆكه‌شیعر بۆ منداڵان داڕشتووه‌ته‌وه.
٢ــ ٢ــ١) چیرۆكى دوو چه‌قه‌ڵه‌كه
له سه‌ره‌تاى زنجیره چیرۆكه‌كانى كه‌لیله و دیمنه‌ى به‌یده‌بادا هاتووه:
“دوو چه‌قه‌ڵ هه‌بوون كه ناویان كه‌لیله و دیمنه بوو، خاوه‌نى زانین و هونه‌ر بوون. دیمنه به كه‌لیله‌ى براى گوت: بۆچى ئه‌م شێره له‌جێى خۆى ناجوڵێ؟! كه‌لیله گوتى كارت به‌و قسه‌یه چییه؟ ئێمه له ده‌رگاى پادشاداین هه‌رچى ئه‌و پێى خۆشه وا ده‌كه‌ین، هه‌رچى ئه‌ویش حه‌زى لێناكا لێى دوور ده‌كه‌وینه‌وه، ئێمه له‌و پایه‌به‌رزانه نین كه قسه له كاروبارى پادشا ده‌كه‌ن. واز بێنه. بشزانه ئه‌وه‌ى كه خۆى له كاروبارى كه‌سانى ترا هه‌ڵبقورتێنێ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ردا دێت كه به‌سه‌ر مه‌یموونه‌كه‌دا هات، به‌ده‌ست دارتاشه‌كه‌وه. دیمنه گوتى: ئه‌وه چۆن بووه؟ كه‌لیله گوتى….”. (به‌یده‌باى٢٠١٤، ٥٦).
ئیدى به‌م شێوه‌یه ده‌چێته ناو ڕووداوێكى تر، پاشان ڕووداوى دیكه‌ى لێ ده‌بێته‌وه. وه‌ك لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌ره‌تاى زنجیره چیرۆكه‌كه، بابه‌تێكى وه‌هاى تێدا نییه كه بگوترێت بۆ منداڵ ده‌ستت نادات، ئه‌گه‌رچى به‌ر له‌وه‌ى ئه‌م چیرۆكه كۆتایی پێ بێت ده‌چێته ناو بابه‌تى چیرۆكێكى دیكه، كه ئه‌مه ئه‌گه‌ر بۆ منداڵانى سه‌رووى هەشت ساڵان گونجاویش بێت، بۆ منداڵانى ته‌مه‌ن ٣ــ ٥ ساڵان قورسه تێگه‌یشتنى، چونكه له‌و قۆناخه‌دا خه‌یاڵى سنوورداره.
٢ــ ٢ــ٢) چیرۆكى گوڵه‌ئه‌ستێره و مه‌یموونه‌كان
هه‌روه‌ها له یه‌كێك له چیرۆكه‌كانى دیكه‌دا هاتووه:
“كۆمه‌ڵێك مه‌یموون له شه‌وێكى ساردى زستاندا، چاویان به گوڵه‌ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌كه‌وێت كه به هه‌وادا ده‌فڕێ، گرتیان و دارێكى زۆریان كۆكرده‌وه و گوڵه‌ئه‌ستێره‌یان خسته سه‌ر و ده‌ستیان كرد به فووكردن. له نزیكیانه‌وه باڵنده‌یه‌ك هه‌بوو، پێى گوتن، ئه‌وه‌ى گرتووتانه ئاگر نییه، به‌ڵام گوێیان به قسه‌كه‌ى نه‌دا، ویستى بچێت تێ‌یان بگه‌یه‌نێت، پیاوێك له‌وێوه ده‌ڕۆیشت به باڵنده‌كه‌ى گوت كه‌سێك ڕاست مه‌كه‌وه كه ڕاست ناكرێته‌وه، ئه‌و به‌رده ڕه‌قه‌ى كه هه‌رگیز ناشكێ شمشێرى له‌سه‌ر تاقى ناكرێته‌وه، ئه‌و داره‌شى كه ناچه‌مێ گۆچان و كه‌وانى لێ دروست ناكرێ، به‌ڵام باڵنده‌كه گوێى نه‌دایێ، چوو بۆ لاى مه‌یموونه‌كان تا تێ‌یان بگه‌یه‌نێ، كه ئه‌وه‌ى گرتوویانه ئاگر نییه، به‌ڵكوو گوڵه‌ئه‌ستێره‌یه. یه‌كێك له مه‌یموونه‌كان باڵنده‌كه‌ى گرت و داى به زه‌ویدا و كوشتى”. (به‌یده‌با ٢٠١٤: ٨٧).
ئه‌م چیرۆكه، سه‌رنجى منداڵ ڕاده‌كێشێت، زانیاریی ئه‌وه‌شى پێده‌دا، كه ته‌یرۆكه‌یه‌كى وه‌ك گوڵه‌ئه‌ستێره له شه‌واندا وه‌ك ئاگر ده‌دره‌وشێته‌وه، لایه‌نێكى كۆمیدییشى تێدا هه‌یه كه مه‌یموونه‌كان ئه‌و ته‌یرۆكه‌یه به ئاگر تێده‌گه‌ن، درێژه‌ى ڕووداوه‌كان و گفتوگۆى باڵنده‌كه و قسه‌ى پیاوه‌كه بۆ باڵنده‌كه، هیچ دیمه‌نێكى نه‌شیاو و ناپه‌روه‌رده‌یی تێدا نییه، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ى كه ده‌ڵى: یه‌كێك له مه‌یموونه‌كان گرتى و داى به زه‌ویدا و كوشتى، بۆیه به لابردنى ئه‌و ڕسته‌یه، ده‌شێ ببێته به‌رهه‌مێكى منداڵانه.
٢ــ ٢ــ٣) چیرۆكى پزیشك و كچى پاشا
له یه‌كێك له چیرۆكه‌كانى نێو كلیله و دمنه‌دا هاتووه:
“له شارێك پزیشكێكى شاره‌زا هه‌بووه، كه زۆر كه‌م نه‌خۆش له ده‌ستى ده‌رده‌چوو، له‌پاشا پیر بوو و چاوى كز بوو، پاشاى ئه‌و شاره كچێكى هه‌بوو، كه ژنى برازایه‌كى خۆى بوو، كچه‌كه سكى هاته ئازار، پزیشكه‌كه‌یان بۆ هێنا، ئه‌ویش ده‌رد و ده‌رمانى زانى، به‌ڵام گوتى: داخه‌كه‌م ئه‌گه‌ر چاوم بیدیتایه، ده‌رمانم بۆ ده‌گرته‌وه، له‌مه‌دا باوه‌ڕم به كه‌س نییه بتوانێ ئه‌و كاره بكات، له‌و شاره‌دا كابرایه‌كى گه‌وج هه‌بوو كه ئه‌وه‌ى بیست، هات بۆ لاى پاشا و گوتى من له چاره‌سه‌ر و گرتنه‌وه‌ى ده‌رماندا زۆر شاره‌زام، پاشا فه‌رمانى دا كه ده‌رمانێك بۆ كچه‌كه‌ى بگرێته‌وه، گه‌وجه‌كه‌ش هه‌ندێك ژه‌هرى كرده ناو ده‌رمانه‌كه‌وه، بۆیه كه كچه‌كه خواردى، گیانى له ده‌ست دا، پاشاش كابراى گه‌وجى گرت و له‌و ده‌رمانه‌ى دا پێى، بۆیه ده‌ستبه‌جێ ئه‌ویش مرد”. (به‌یده‌با ٢٠١٤: ٩٩).
پێچه‌وانه‌ى چیرۆكى یه‌كه‌م و چیرۆكى گوڵه‌ئه‌ستێره و مه‌یموونه‌كان، ئه‌م چیرۆكه له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی له زمان و بیرۆكه و خه‌یاڵ و ئه‌نجامى كۆتایى… هیچ نێزیكییه‌كى له‌گه‌ڵ دونیاى منداڵ نییه و بۆ هیچ ئاستێكى ته‌مه‌نى منداڵ گونجاو نییه، چونكه ئه‌و توخمانه‌ى تێدایه: پزیشێكى شاره‌زا به‌ڵام كه‌م نه‌خۆش له ده‌ستى ده‌رده‌چوو، كابرایه‌كى گه‌وج، به درۆ خۆ كردنه شاره‌زاى ده‌رمان گرتنه‌وه، ژه‌هر كردنه ناو ده‌رمان، مردنى كچى پاشا، سزادانى كابراى گه‌وج و مردنى.
٢ــ ٣) چیرۆكه‌كانى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه
چیرۆكه‌كانى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه كه تا ئه‌وڕۆ مشتومڕى له‌سه‌ره ئاخۆ نووسه‌ره‌كه‌ى كێیه و به‌رهه‌مه‌كه له بنجدا ئى فارسانه یان له‌نێو عه‌ره‌باندا نووسراوه، ته‌نانه‌ت به‌شێك له لێكۆڵه‌ران ئه‌وه ده‌خه‌نه ڕوو كه له‌لایه‌ن كه‌سێكى جووه‌وه نووسراوه. هه‌ر چۆنێك بێ ڕووداوه‌كانى نێو زنجیره چیرۆكى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه، له بنه‌ڕه‌تدا هیچ په‌یوه‌ندیی به منداڵ و دونیاى منداڵه‌وه نییه، به‌ڵكوو شه‌هریار له‌گه‌ڵ شازه‌مانى براى دواى ئه‌وه‌ى له دوو كاتى جودادا ناپاكییان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ له‌لایه‌ن ژنه‌كانییه‌وه، بۆیه شه‌هریار هاوژینه‌كه‌ى خۆى ده‌كوژێت، پاش ئه‌وه چه‌ند ژنى دیکە دێنێ، هه‌ر هه‌موویان ته‌نیا یه‌ك شه‌وى لا ده‌مێننه‌وه و بۆ به‌یانى ده‌یانكوژێت. ئه‌م پرۆسه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت تا شه‌هره‌زاد ده‌خوازێت، ئه‌وه ده‌بێ شه‌هره‌زاد، هه‌ر شه‌وه‌ى چیرۆكێكى بۆ ده‌گێڕێته‌وه، له كۆتایی هه‌ر چیرۆكێكیشدا مه‌راقى زانینى ڕووداوى چیرۆكێكى دیكه‌ى ده‌خاته دڵیه‌وه و ده‌ڵێ با بۆ سبه‌ینێ بێت، به‌م جۆره له‌م چیرۆك بۆ ئه‌و چیرۆك، بیرۆكه‌ى كوشتنى ژن له سه‌رى شه‌هریار نامێنێت.
٢ــ ٣ــ ١) چیرۆكى ئیسحاقى موسڵى
له‌م چیرۆكه‌دا ئیسحاقى موسڵى حیكایه‌تخوانه، لە چیڕۆکەکەدا هاتووە:
“شه‌وێكیان له‌لایه‌ن مه‌ئموونه‌وه به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌ڕامه‌وه، به كۆڵانێكدا ڕۆیشتم سه‌به‌ته‌یه‌كم بینى له باڵه‌خانه‌یه‌كه‌وه شۆڕ كرابووه‌وه خوارێ، هه‌ر چوار لاى به گوریس به‌سترابۆوه، ده‌ستێكم لێیدا و له‌ناوى دانیشتم. له‌پڕ هه‌ڵیانكێشام، پێده‌چوو چاوه‌ڕوانى كه‌سێكیان كردبێ من به‌و كه‌سه تێگه‌یشتبن، ئیدى چوار كه‌نیزه‌ك به‌خێرهاتنیان كردم، تا گه‌یاندمیانه دیوه‌خانێكى به فه‌رش ڕاخراو. دواتر په‌رده‌یه‌ك لادرا و كیژێكى زۆر جوان كه‌وته قسه‌كردن له‌گه‌ڵم، منیش به‌سه‌رهاتى خۆم گێڕاوه كه هه‌ر له‌خۆوه له‌نێو سه‌به‌ته‌كه دانیشتم… كیژه‌ش گوتى: گوێ مه‌ده‌رێ. ئیدى خواردن و خواردنه‌وه‌م له‌گه‌ڵ كیژه‌كه خوارد و ئه‌و شیعرى خوێنده‌وه و منیش هه‌ندێ له په‌ندى پێشینانم گێڕایه‌وه…”. (داراغا٢٠٠٧: ١٣٤).
پاشان چیرۆكه‌كه درێژه‌ى هه‌یه و چه‌ند جارێك ئیسحاق موسڵى ده‌چێته‌وه لاى كه‌نیزه‌كه‌كان و پاشتر به سه‌ره‌تاى چیرۆكێكى دیكه كۆتایی به‌م چیرۆكه دێت. ئه‌م چیرۆكه، له‌و دیمه‌نه‌دا بۆ منداڵ شیاوه كه كه‌سێك بێ مه‌به‌ست ده‌چێته ناو سه‌به‌ته‌یه‌كه‌وه و دواتر هه‌ڵده‌كێشرێت و ده‌چێته دونیایه‌كى دیكه‌ى تووشى جۆرێك له سه‌رسوڕمان ده‌بێت. هه‌رچى قسه و ڕووداوه‌كانى دیكه‌ى نێو چیرۆكه‌كه‌یه، بۆ منداڵ نه‌گونجاوه.
٢ــ ٣ــ ٢) وه‌زیر و مه‌كرى ژنان
ناوەرۆکی ئه‌م چیرۆكه باس له یه‌كێك له پاشا‌كان ده‌كات، كه به فێڵ یه‌كێك له وه‌زیره‌كانى ده‌نێرێته شارێكى دیكه، دواتر ده‌چێته ماڵى وه‌زیره‌كه بۆ مه‌به‌ستى داوێنپیسى له‌گه‌ڵ ژنى وه‌زیره‌كه، دواى ئه‌وه ژنى وه‌زیره‌كه كتێبێك ده‌خاته به‌ر ده‌ستى پاشا، خۆیشى به ئاماده‌كردنى چه‌ندین جۆر خواردن بۆ پاشا خه‌ریك ده‌كات، ئیدى تا خواردنه‌كان ئاماده ده‌بێت، پاشا به‌شێكى ئه‌و كتێبه ده‌خوێنێته‌وه و ناوه‌ڕۆكى كتێبه‌كه‌ش باس له خراپیی داوێنپیسى ده‌كات، دواتر پاشا په‌شیمان ده‌بێته‌و، به‌ڵام ئه‌نگوستیله‌كه‌ى له ماڵى وه‌زیر جێده‌مێنێ، كه وه‌زیر دێته‌وه ده‌زانێ ئه‌نگوستیله‌ى پاشایه، بۆیه له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ى په‌یوه‌ندیی ده‌پچڕێنێ و هتد… (داراغا٢٠٠٧: ١٣٤).
ته‌واوى ئه‌م چیرۆكه‌ش له ناوونیشانه‌وه بیگره تا ڕوودا و زمان و ئه‌و هێما و لوغزه‌ى له‌نێوان كاراكته‌ره‌كانه‌وه به‌كار هاتووه، ته‌واو دووره له دونیاى منداڵ، هیچ توخمێكى تێدا نییه كه بیبه‌ستێته‌وه به دونیاى منداڵه‌وه. به هه‌مان شێوه زۆرێك له چیرۆكه‌كانى دیكه‌ى نێو هه‌زار و یه‌ك شه‌وه، به‌سه‌رهاتى منداڵانه نیین.
له چیرۆكه‌كانى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌دا، ڕاسته هه‌ر چیرۆكێك ڕووداوێكى سه‌ربه‌خۆیه، به‌ڵام له كۆتایی هه‌ر چیرۆكێكدا، پرسیارێك دێته پێشێ، كه وه‌رامدانه‌وه‌ى ده‌كه‌وێته چیرۆكى دواى خۆى، ئیدى به‌م شێوه‌یه هه‌ر چیرۆكێك مه‌راقێك لاى خوێنه‌ر دروست ده‌كات، تا به‌دواى سۆراخى ئه‌و پرسیاره‌دا بچێت كه له كۆتایی ئه‌م چیرۆكه‌وه دروست ده‌بێت. پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كانى هه‌زار و یه‌ك شه‌وه، جگه له مرۆڤ كۆمه‌ڵێك كاراكته‌رى دیكه له باڵنده و گیاندار و په‌رى و شه‌یتانى تێدا هه‌یه، به‌شێك له چیرۆكه‌كان پێكه‌نیناوین و به‌شێكیشیان زۆر سه‌رنجڕاكێش و پڕ كاریگه‌رین. لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ده‌كرێت به‌شێك له چیرۆكه‌كانى هه‌زار و یه‌ك شێوه بۆ منداڵ بخرێنه ڕوو، به مه‌رجێك:
٢ــ ٤) هه‌قایه‌ته‌كانى مه‌لاى مه‌شهوور
هه‌قایه‌ته‌كانى مه‌لاى مه‌شهوور كه له‌كن عاره‌بان به جوحا یان جوحاى ڕۆمى، لاى تورك و ئازه‌ربایجان و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ى زمانه‌كه‌یان له كۆمه‌ڵه‌ى زمانه توركییه‌كاندایه به مه‌لا نه‌سره‌دین یان خواجه نه‌سره‌دین یان نه‌سره‌دین ئه‌فه‌ندى و له‌كن فارسانیش به مه‌لاى مه‌زبووره ناسراوه، له كورده‌واریشدا به مه‌لاى مه‌شهوور و مه‌لاى مه‌زبووره‌ش به‌ناوبانگه، به‌هۆى ساده‌یی و كورتى به‌سه‌رهاته‌كان و زۆر جاریش ڕووداوى كۆمیدى و ته‌نزئامێز، واى كردووه له‌كن منداڵانیش جێگه‌ى بایه‌خ و سه‌رنج بێ.
٢ــ ٤ــ١) چیرۆكى دزینى میوه
له یه‌كێك له هه‌قایه‌ته‌كانى مه‌لاى مه‌شهووردا هاتووه:
“ڕۆژێل مه‌لاى مه‌شهوور دەیەوێت بچێتە ناو باخچەیەکەوە، پلیکانێک دێنێ و بەسەر دیوارەکە دەکەوێ… پەیژەکە هەڵیدەكێشێ و شۆڕی دەکاتەوە خوارەوە. لەناکاو خاوەن باخچەکە لێی پەیدا دەبێ، پێی دەڵێ: مەلا ئەوە لێرە چ دەکەی؟
ــ بەخوا دەمەوێ ئەو پلیکانە بفرۆشم!
کابرا دەزانێ بۆ دزی هایووە و بەتوڕەیی پێی دەڵێ:
ــ باشە پێم ناڵێی کەی پلیکان لێرە فرۆشراوە؟
ــ قوربان مەیکە بە هەرا، پلیکان بازاڕ تایبەتی نیە، لە هەموو شوێنێک لە هەموو شوێنێک دەفرۆشرێ”. (چینی،٢٠١٤: ٨)
وه‌ك له‌م هه‌قایه‌ته‌ى سه‌ره‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ زمان و ڕووداوى نێو چیرۆكه‌كه، له‌ڕووى په‌روه‌رده‌ییه‌وه كه میوه دزین، درۆكردن، فێڵ و جوێندانى تێدایه شیاو نییه، هه‌روه‌ها وشه‌كانى شێتى به‌دخوو، گه‌وج… بۆ هیچ كام له ئاسته‌كانى ته‌مه‌نى منداڵ به‌كارهێنانیان دروست نییه.
٢ــ ٤ــ٢) چیرۆكى حوشتر باڵى هه‌بووایه
لە چیڕۆکێکی دیکەی نێو هەقایەتەکانی مەلای مەشهووردا هاتووە:
“ده‌سته مرۆڤێك له‌به‌ر مه‌لا ده‌پاڕێنه‌وه كه له‌سه‌ر مینبه‌رى مزگه‌وتێ ئامۆژگارییه‌كیان بكات. ئه‌ویش چووه سه‌رێ و ڕووى تێكردن و گوتى: خه‌ڵكینه سوپاس و ستایشى خوا بكه‌ن، گوتیان بۆچى؟ گوتى چونكه باڵى نه‌داوه به حوشتر، گه‌ر باڵى ببوایه به‌سه‌ربانه‌كانتانه‌وه ده‌نیشته‌وه و هه‌مووى به‌سه‌رتاندا ده‌ڕوخان و ماڵ وێرانى ده‌كردن. (ڕه‌سوڵ١٩٧٠: ١٢١).
له‌م نموونه‌یه‌ى سه‌ره‌وه، توخمى ناپه‌روه‌رده‌یی وه‌هاى تێدا نییه زیان به منداڵ بگه‌یه‌نێت، ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ بیستنیشى، منداڵ بزه بكه‌وێته سه‌ر لێوى، كه یه‌كێك له ڕه‌گه‌زه گرنگه‌كانى ئه‌ده‌بى منداڵان، چێژ و ته‌شویق و خستنه پێكه‌نینه. هه‌ر له‌م سۆنگه‌وه‌ش به‌شێك له هه‌قایه‌ته‌كانى وه‌كوو خۆى یا به هه‌ندێ ورده ده‌ستكارییه‌وه كراونه‌ته سیناریۆ و چیرۆكى وێنه‌دار و له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانى منداڵان بڵاو بوونه‌ته‌وه.
ئه‌نجام
١ــ هه‌ندێك له تێكسته‌كانى دونیا له به‌رهه‌كانى ئیزۆپ، كه‌لیله و دیمنه، هه‌زار و یه‌ك شه‌وه و مه‌لاى مه‌شهوور، به‌هۆى هه‌بوونى ڕووداوى سه‌یر و سه‌مه‌ره و پێكه‌نیناوى و سه‌رنجڕاكێش تێیاندا، هه‌روه‌ها دژ نه‌وه‌ستانه‌وه‌ى به بنه‌ما په‌روه‌رده‌ییه‌كان و هه‌بوونى گیاندار و باڵنده وه‌كوو كاراكته‌ر و پاڵه‌وانى ده‌ق، بۆ منداڵان شیاون، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌پێى فۆرم و ناوه‌ڕۆكى هه‌ر چیرۆكێك پێشكه‌ش به یه‌كێك له قۆناخه‌كانى ته‌مه‌نى منداڵان بكرێت، نه‌ك هه‌موو قۆناخەکان.
٢ــ به‌شێكى ئه‌و به‌رهه‌مانه، له ڕووداو و شێوازى گێڕانه‌وه‌دا جۆرێك له سەرنجڕاکێشان و ته‌شویقیان تێدا هه‌یه، هه‌روه‌ها هه‌ندێك هێما و خوازه‌یان تێدا به‌كار هاتووه، تێگه‌یشتنى بۆ منداڵ ئاڵۆز نییه، كه ئه‌مه له ئه‌ده‌بى منداڵاندا ڕه‌گه‌زێكى گرنگه و پێویسته هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێویستیان به له‌سه‌روه‌ستان و پێداچوونه‌وه و ده‌ستكاریكردن و كورتكردنه‌وه هه‌یه، چ له ڕووى زمان و فۆرمه‌وه بێت یان له‌ڕووى ناوه‌ڕۆكه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى بتواندرێت به‌جۆرێك بخرێته به‌رده‌مى منداڵ، كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤى له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و كه‌سایه‌تى و سایكۆلۆژیاى دروست نه‌كات.
٣ــ به‌شێكى تێكسته‌كانى نێو ئه‌و چوار به‌رهه‌مه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى پڕن له ڕووداوه‌كانى كوشتن و فێڵبازى و دزى و باسى سه‌رجێیی و سیاسه‌ت و ڕه‌وشى حوكمڕانان و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیان و هتد… هه‌روه‌ها پڕن له وشه و زاراوه‌ى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رهه‌نگى منداڵ، بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ هیچێك له قۆناخه‌كانى ته‌مه‌نى منداڵ گونجاو نیین.
٤ــ پێشتر ئەدەبی منداڵان و ئەدەبی گەوران تەواو تێکەڵی یەک بوون و لە یەکدی جودا نەکرابوونەوە، بەتایبەت لە ئەدەبی فۆلکلۆری و دەقەکانی زارگۆتنی گەلان. دواتر بەرەبەرە لە سەتەکانی هەژدە و نۆزدە بەدواوە، ئەو مەرج و ڕێسا و چوارچێوانە ەیاری کران کە پێویستە لە ئەدەبی منداڵاندا هەبێت.
٥ــ ڕاستە لە سەردەمی ئێستادا نەک هەر کۆڕا لەسەر کۆمەڵێک مەرج و بنەما و ڕێسا هەیە بۆ هەر دەقێک کە بۆ منداڵان دەنووسرێت، بگرە قۆناخەکانی تەمەنی منداڵیش جوێ کراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەش هێشتا جۆرێک لە تێکەڵی لەنێوان ئەدەبی گەوران و ئەدەبی منداڵاندا هەیە و سەتی سەت جودا نەکراونەتەوە.
لیستى سه‌رچاوه‌كان
یه‌كه‌م: سەرچاوە بە زمانی کوردی
١- ئه‌حمه‌د، ناهیده، (٢٠٠٥)، سه‌ره‌تایه‌ك ده‌رباره‌ى سەر‌هه‌ڵدانى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد، هه‌ولێر، ده‌زگاى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى موكریانى، چاپی یەکەم.
٢- به‌یده‌با، فه‌یله‌سوفى هندى، (٢٠١٤)، كه‌لیله‌و دیمنه، و. لە عه‌ره‌بییه‌وه: عومه‌ر تۆفیق، سلێمانى، له بڵاوكراوه‌كانى خانه‌ى چاپ و په‌خشى ڕێنما، چاپی یەکەم.
٣- جمال، سۆزان، (٢٠٠٦)، سایكۆلۆژیى منداڵ، به‌ڕێوه‌به‌رێتیى گشتى چاپ و بڵاوكردنه‌وه، ناو و شوێنى چاپكردنى له‌سه‌ر نییه.
٤- داراغا، جه‌وهه‌ر مه‌حمود ــ وه‌رگێڕان ــ (٢٠١٥)، هه‌زار و یه‌ك شه‌وه، به‌رگى ١-٢، تاران، ناوه‌ندى ئه‌ندێشه بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه، چاپی چوارەم.
٥- داراغا، جه‌وهه‌ر مه‌حمود ــ وه‌رگێڕان ــ (٢٠١٥)، هه‌زار و یه‌ك شه‌وه، به‌رگى ٣-٤، تاران، ناوه‌ندى ئه‌ندێشه بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه، چاپی چوارەم.
٦- دزه‌یى، ئاوازى ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ده‌مینى، كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردن و له‌سه‌رنوسین، (١٩٨٤)، فۆلكلۆرى كوردى له ناوچه‌ى دزه‌ییاتى، بەغدا، چاپخانه‌ى الادیب البغدادیه، چاپی یەکەم.
٧- ڕه‌سوڵ، دوكتۆر عیززه‌دین مسته‌فا، (١٩٧٠)، ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى كوردى، بەغدا، چاپخانه‌ى دار الجاحظ، چاپی یەکەم.
٨- چینی، موحسین ــ وەرگێڕان ــ (٢٠١٤)، نوکتەکانی مه‌لاى مه‌شهوور، هەولێر، چاپخانەی شەهاب، چاپی یازدەم.
٩- فه‌رهادى، حه‌مه ساڵح، (٢٠٠٦)، ٣٠ بابه‌تى په‌روه‌رده‌یی، هه‌ولێر، چاپخانه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده، چاپی یەکەم.
١٠ـ قادر، زیاد ڕه‌شاد، (٢٠٢٣)، شیعرى منداڵان له مێژووى ئه‌ده‌بى كوردیدا، هەولێر، دەزگای چاپ و پەخشی نارین، چاپی یەکەم.
١١- كه‌ریم، هێرۆ كه‌مال، (٢٠٠٦)، سایكۆلۆژیاى منداڵ و په‌روه‌رده‌كردنى خونچه‌كانى، شوێنى چاپكردن نەنووسراوه، چاپی یەکەم.
١٢- هه‌ورامى، حه‌مه‌كه‌ریم، (٢٠٠٥)، ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد – لێكۆڵینه‌وه.. مێژووى سه‌رهه‌ڵدان، به‌رگى یه‌كه‌م، هه‌ولێر، له چاپكراوه‌كانى كۆڕى زانیارى كورد، چاپی یەکەم.
١٣- هه‌ورامى، حه‌مه‌كه‌ریم، (٢٠٠٧)، ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد – دواى ڕاپه‌ڕین – لێكۆڵینه‌وه.. نرخاندن، میكانیزمه‌كان، به‌رگى دووه‌م، هه‌ولێر، له بڵاوكراوه‌كانى كۆڕى زانیارى كورد، چاپی یەکەم.
١٤- یونسێف، (٢٠٠٠)، مافه‌كانى منداڵ، چاپخانه‌ى په‌روه‌رده، هه‌ولێر.
دووەم: به زمانى عه‌ره‌بى
١٥- امام، عبدالفتاح، (٢٠٠٣)، حكایات ایسوب، القاهرة، دار المدى للثقافة والنشر، طبعة خاصة.
١٦- اللبدیى، الدكتور نزار وصفى، (٢٠٠١)، أدب الطفولة واقع و تطلعات ــ دراسة نظریة تطبیقیة، الامارات، دار الكتاب الجامعي، طبعة الاولی.
١٧- الشاش، هدایة‌الله احمد، (٢٠٠٧)، التربیة العملیة للطفل، القاهرة، دار السلام للطباعة والنشر والتوزیع والترجمة، طبعة الثانیة.
١٨- الطالب، د. عمر محمد، (١٩٨٩)، ادب الاطفال فی العراق، بغداد، دارالثقافة الاطفال، طبعة الاولی.
١٩- ایكن، جون، (١٩٨٨)، كیف تكتب للاطفال، ترجمة: كاظم سعدالدین، بغداد، الناشر دارالثقافة الاطفال، طبعة الاولی.
٢٠- زلط، الدكتور احمد، (١٩٩٤)، أدب الطفولة ــ اصوله مفاهیمه رواده، القاهرة، الشركة العربیة للنشر والتوزیع، طبعة الثانیة.
الملخص
المزج والتصادم بین ادب الكبار وادب الاطفال
فی هذا البحث جری الحدیث عن تلك النصوص التی فی اساسها لاتتعلق بٲدب الاطفال، ولكن من هنا وهناك وفي مختلف القنوات السمعیة والمرئیة و البصرية والالكترونیة، یتم عرضها للاطفال، لذالك حاولو من خلال ذكر بعض الامثلة فی نصوص الف لیلة ولیلة، وحكایات جحا اي خواجة نصرالدين، وقصص الایسوب، وكلیلة ودمنة لبیدباي، طرح السٶال عن مدی ملائمة بعض هذه النصوص، وبٲي اسلوب وشرط ینبغي وضعها في ادب الاطفال، بحیث یفهمها الطفل وستمتع بها، دون ان یترك اي مشاكل ٲو آثار سلبیة علی الجوانب الشخصیة والنفسیة لدی الاطفال. هذا في وقت أنە في العالم الحديث، الرؤى والتوجهات في مجال أدب الأطفال ينظرون إلى هذه العملية بأهمية كبيرة من أي وقت مضى و يراعون في هذا طبيعة الطفل ونفسيته. ويراد بذلك أن كل ما يكتب للأطفال ويقدم يكون مصدرا للرفاهية والسعادة له‌م، كذلك يكون مكملا للعملية التربوية ونشأتهم.
الکلمات المفتاحیة: أدب الأطفال، ایسوب، کلیلة ودمنة، ألف لیلة ولیلة، جحا.
ABSTRACT
The Blending and Interaction of Adult and Children’s Literature
In this research, some texts will be discussed that do not necessarily belong to children’s literature, but are occasionally presented to children in various audio, visual, written, and digital platforms. Examples include One Thousand and One Nights, the stories of Nasreddin, the stories of Aesop, and Kalila and Dimna. Moreover, questions have been raised regarding the suitability of some of these texts and how they should be presented in children’s literature to ensure that children can comprehend and enjoy them while minimizing any potential negative effects on their personal and psychological development. In today’s world, perspectives and directions in children’s literature are being shaped with great care, with increasing attention to child psychology and nature. There is a growing emphasis on ensuring that literature not only entertains but also contributes to children’s well-being and development. The goal is to create works that bring joy to children while also fulfilling their educational and developmental needs.
Keywords: Children’s Literature, Aesop, Kalila and Dimna, One Thousand and One Nights, Juha.



