لە زانستی جینۆسایدناسیدا، «هۆشیاری» نیوەی ڕێگای پاراستنە. ئامانجی ئەم وتارە ترساندنی تاک و کۆمەڵگەی کوردستانی نییە، بەڵکو سەرنج خستنە سەر ئەو «ئاماژانە»یە کە نیازی جینۆساید دەسەلمێنن.
لەکاتێکدا کە جیهان و ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاریی توند دەچن، بێدەنگی و خۆشخەیاڵی بەوانی دی دەشێت هۆکاری تراجیدیای گەورە بن. لێرەدا من نیشانەکان دەخوێنمەوە، تاوەکو وریایی بخەینە شوێنی بێباکی و خەمساردی. ئەوەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە، ڕشتنی تۆوی نائومێدی و ڕەشبینی نییە، بەڵکو خوێندنەوەیەکە بۆ ئەو گوتارە فاشیزم و شۆڤێنییەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا دژی کورد بەفراوانی لەئارادایە. ئاگادارکردنەوە لە ئاماژەکانی جینۆساید، بە بەرپرسیارییەتییەکی ئەخلاقی دەزانم هەتا جارێکی تر کورد بە کتوپڕ و بێبەرگری نەکەوێتەوە بەر چەقۆی جەلاد و بەبێ دەنگی و بەبێ بەرگری نەخرێتە ناو چاڵەکانی مەرگەوە. پێموایە ناسینەوەی زمانی جەلاد بۆ جینۆساید، باشترین چەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی مەترسیدار. هەتا کەمترین قوربانی بدرێ.
بەوپێیەی کە ماوەیەکی زۆرە لە دۆسێی جینۆسایدی کورد دەکۆڵمەوە، دەتوانم ئەو مافە بە خۆم بدەم کە نیشانەکانی «نیازی جینۆساید» بەباشی بناسمەوە. لێدوانە ڕاشکاوەکەی ئەم دواییەی خالید مشعەل کە گوتی: «کورد دوژمنن وەک ئیسرائیل»، ئاماژەیەکی مەترسیدارە. ئەو بە زمانێکی ڕوون گوتی: کورد موسڵمان نین، جوون و هاوسەنگەری ئیسرائیلـن؛ تەنانەت ئەو کوردانەشی لێ دەرنەکرد کە لە دەمی خۆیان دەگرتەوە و هاوکارییان بۆ غەززە دەنارد، یان ئەو گەنجە کوردانەی ئیخوان موسلیمین کە ئامادەیی خۆیان بۆ جیهاد لە غەززە دەربڕیبوو. نادیدەگرتنی ئەم قسانە و بەرپەرچدانەوەی بە چەند وتارو پۆستێکی فەیسبووک بە زمانی کوردی وەک ئەوەیە لە تونێڵێکی تاریکدا جنێو بە تاریکی بدەی، ئەوەی ئەم عەرەبە جیهادییە شۆڤێنییە دەیڵێت، تەنها کەفوکوڵی هەڵچوونێکی کاتیی و قسەی تاقە کەسێک نییە، بەڵکو بڕوایەکی قووڵی هەر شۆڤێنییەکی تورک و عەرەب و عەجەمە، دەکرێت زەمینەخۆشکەری جینۆسایدێک بن وەک چۆن فەیسەڵ قاسم بۆ پەلاماردانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کردی، وەک چۆن سەدام حوسێن لە پێش ئەنفال کردی و بەگوندنشینەکانی دەگوت “کافر و مەجوس و خیانەتکاری ئێرانی”.
بەپێی تێگەیشتنی خۆم و خوێندنەوەی ئاماژەکان، کورد لەبەردەم پڕۆژەیەکی نوێی جینۆساید لەلایەن فاشیزمی عەرەبی و تورکییـەوە دەبینم؛ سەرەداوەکانی ئەمەش لە شەڕی «شێخ مەقسوود» و «ئەشرەفییە»وە دەرکەوتوون. یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکانی نیازی جینۆساید ئەوەیە کە گرووپێکی دەستنیشان کراو “دەبێزرێندرێت”، “ڕەش دەکرێت”، “تەکفیر دەکرێت” و “لەمرۆڤبوون دەخرێت”. ئامانج لەم کارەش ئەوەیە کە لەکاتی پەلامارداندا، جەلادەکە بەبێ دوودڵی دەستی بچێتە کوشتنیان و ڕەحم بە هیچ کەسێکی ئەو گرووپە نەکات.
پێش ئەم لێدوانانەش، ئەبوو عەمشەی سەرپەرشتیاری مورتەزەقەکانی سەر بە تورکیا، لە نامەیەکی دەنگیدا دەردەکەوێت و دەڵێت: “فەرمانێک لە ژەنەڕاڵ عەمشاوە هاتووە؛ منداڵێک، ژنێک، هەرچییەک بن، پیرە پیاو، پیرەژن، گەنج، کچ، منداڵ، گرنگ نییە تەمەنیان مانگێک بێت یان شەش مانگ، یان یەک ڕۆژ، ئەوەی گرنگە کوردن، بیانکوژن و سەریان ببڕن. کە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە گرتتان، وێنە مەگرە و بە بێدەنگی بیانکوژە.” (نامە دەنگیەکە بەردەستە). لە نوێترین لێدوانیدا هاکان فیدان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن تورک دەڵێت: “دوای لەناوبردنی پ-ەك=ەك^ە لە سووریا دەستمان بەتاڵ دەبێت بۆ عێراق، پێویستە حكومەتی عێراق سوود لە ئەزموونی سووریا وەربگرێت و تەواوی خاكی خۆی كۆنتڕۆڵ بكات”. ئەمەش بە واتای لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دێت.
ئەگەرچی پێم وانییە کورد جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ڕابردوو؛ یاخود پاروویەک بێت بە ئاسانی قوت بدرێت بەڵام نابێت هیچ هەڕەشەیەک نادیدە بگیرێت، هەروەک بینیمان ملنەدانی مەزڵوم عەبدی و بەرەنگاریی شەڕڤان و هاتنە دەنگی کورد ڕیسی تورک و عەرەب و تۆم باراکی کردەوە بەخوری.
ئێستا کورد نەک هەر بەدەنگ هاتووە، بەڵکو بیریش دەکاتەوە. وەک پێشتر لە وتارێکدا نووسیومە: «نەوەیەک بەڕێوەیە کە حیزبی ئێستای کوردی تێدەپەڕێنێت»، هەروەک توێژەرو بیرکەرەوەکانی تورکیش لەمێژە وتوویانە: «نەوەیەکی کوردپەروەر بەڕێوەیە کە ئۆجەلان و دەم پارتی تێدەپەڕێنێت». بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد ئەم هەڕەشانە نادیدە بگرێت، چونکە مێژووی کورد پڕە لە ئەزموونی جینۆساید، لە دەرسیم و ئەنفالـەوە تا دەگاتە شەنگال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە.
بەداخەوە، هێشتا جۆرێک لە خۆشخەیاڵی بەرانبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەناو ئێمەدا ماوە، بەڵام ئەوە جۆرێکە لە خۆکوژی؛ ڕێک وەک ئەوەی لە کاتی ئەنفال دا خەڵک بە بێدەنگی چوونە بەردەم چەقۆی جەلاد. نابێت کورد ئەمە دووبارە بکاتەوە. ئەگەر دە هەزار کەس لە بەرەنگاریدا بکوژرێن، زۆر باشترە لەوەی سەد هەزار کەس کۆمەڵکوژ بکرێن و بە بێدەنگی بخرێنە ژێر خۆڵ. ئەگەر هەزار ژن لە کاتی پاراستنی خاکدا بکوژرێن، باشترە لەوەی هەزاران ژن دیل بکرێن و بکرێنە کەنیزەک و بازاڕی کۆیلەفرۆشییان بۆ بکرێتەوە. ئەم قسانە بێ بنەما نین، ئەوە قسەی موفتییەکانە کە پێشتر ژنانی کوردیان بۆ موجاهیدەکانیان حەڵاڵ کردووە.
ئامانجەکانی فەیسەڵ قاسم لە بەرنامەی “اتجاە المعاکس”دا بەڕوونی دیارە، کە بانگەشەی جینۆسایدی کورد دەکات، بەتایبەتیش لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایینی ئیسلام لە دژی کورد و هاندانی تیرۆرستان بۆ کوشتنی کورد بە بیانوی ئەوەی کورد خەڵکی سووریا نین و لایەنگری ئیسرائیلـن یاخود وێنا کردنی ڕۆژئاوای کوردستان بە ئیسرائیل. ناوبردنی کورد بەبێ دین و کۆمۆنیست و زایونیست، سووکایەتی کردن بە ژنانی شەڕڤان و تۆمەتبەخشینەوە بەوەی کوردەکان سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی عەرەب دەکەن و مزگەوتەکان دەڕوخێنن، هەموو ئەو قسانە دەچنە خانەی هاندانی جەلادان بۆ کوشتنی کوردان.
لە ڕووی سیاسی و نێودەوڵەتییەوە، گەلەکۆمەکێی وڵاتانی وەک تورکیا، قەتەر، سعوودیە و سووریا، بە پشتیوانیی ئاشکرا یان ناڕاستەوخۆی ئەمریکا، بۆ شکاندنی ڕۆژاڤای کوردستان، نابێت پشتگوێ بخرێت. دیداری «ڕەغد»ی کچی سەدام حوسێن و «ئەحمەد شەرع»، لەگەڵ پشتیوانییەکانی سعوودیە و قەتەر بۆ پڕۆژەی تورکیا و دیمەشق بە مەبەستی لەناوبردنی کورد، لە پاڵ لێدوانەکانی ئەم دواییەی خالید مشعەل و تۆمەتبارکردنی کورد بە هاوپەیمانی ئیسرائیل، ئاماژەگەلێکی زۆر ڕوونی نیازی جینۆسایدکردنی کوردن؛ نەک تەنها لە ڕۆژاڤا و باشوور، بەڵکو لە باکووریش.
یەکێک لەمەترسییەکانی بەردەم کورد لە ئێستادا پاسیفبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ژێوان بوونەوەی ئەمریکاو ئەوروپایە لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە مافی ئەوەمان دەداتێ بڵێین: کە جیهانی ئەمڕۆ بەتەواوی گۆڕاوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانییەکان، بەهایەکی ئەوتۆیان نەماوە بەڵکو زیاتر لەوەی پارێزەری نەتەوە و گرووپە هەڕەشە لێکراوەکان بن، دەوڵەتەکان دەپارێزن. مێژوو چەندین جار ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە «یاسا نێودەوڵەتییەکان» بەفریای کورد نەکەوتوون و نەیانتوانیوە لە جینۆساید بیپارێزن بەڵکو هەر مەرەکەبی سەر کاغەز بوون و نەبوونە فریادڕەس و هیچ بایەخێکیان بۆ فریادکەوتنی ئەو گرووپانە نەبووە کە جینۆساید کراون.
بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژی ١٠ی شوبات کۆنگریسی ئەمریکی لە گفتوگۆکانیاندا جینۆسایدی کوردیان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام ئەگەر نەبێتە یاسا گرەنتی سەلامەتی کورد ناکات، کەواتە نابێت کورد دەستەوسان دانیشێ و چاوەڕوانی کۆمەڵکوژی و مەرگێکی بێدەنگ بێت. بەپێچەوانەوە گرنگترین هەڵوێست ئەوەیە کە نەهێڵین نیازی فاشیزم بێتە دی و تاوانی جینۆساید ڕووبدات، چونکە کە ڕوویدا دەبێتە چێرۆک. کوردیش چیرۆکی تراجیدی زۆرە و هیچ سوودیشی لێی نەبینیوە.


