هەر لە ئێستاوە، هاوشێوەی سەردەمی کۆرۆنا، هەندێک لە ئیسلامییەکان پەلە دەکەن لەوەی عەلمانییەکانی پێ تۆمەتبار بکەن؛ هەر دوێنی کەسایەتییەک کە پێشتر زۆریش ڕێزم گرتبوو بێ ئەوەی گوێ بەوە بدات لە کۆمێنتێکدا بۆی نوسیووم، “ئەوە بەرئەنجامی ژن، ژیان، ئازدای” و هاوڕەگەزخوازییەکەی ئێوەیە. بێئەوەی بزانێت دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بەهێزترین ڕێکخراوە کە تیایدا ڕەفتاری قێزەونی منداڵبازیی و ئەتککردنی ژنانی دیل و زەواجی نیکاح دیاردەیە نەک حالەت. بێئەوەی لەوەش سڵ بکەنەوە کە ڕەنگە سبەی ئەم بەدڕەفتارییە موفتی، عەللامە و سەرۆکە “قورئان بەدەستەکانی” ئەوانیش بگرێتەوە. هەروەک چۆن لە سەرەتای “ڤایرۆسی کۆرۆنا”شدا کەوتەنە داوەوە و هێندە سەبریان نەگرت بزانن مەسەلەکە چییە هاواریان کردوو گوتیان: “ئەمە نەعلەت و بەڵایەکە خوا بۆ کافر و بێدینەکان”ی ناردووە، بەڵام کاتێک ڤایرۆسەکە موسڵمان و کریستیان و عەلمانیی پێکەوە کێشایە کونجی ماڵەوە، ئینجا بێدەنگییان هەڵبژارد. بەڵام پەندیان لێ وەرنەگرت.
بێگومان لە ڕۆژانی داهاتوودا بەڵگەی زیاتر ڕوون دەبنەوە و پەردە لەسەر بەدڕەوشتی و تاوانی زیاتر هەڵدەدرێتەوە. هەر زوو لە میدیاکاندا باس لە تێوەگلانی ناوی کەسایەتی خاوەن پێگە دەکرێت، تەنانەت هەواڵەکان باس لە تێوەگلانی شێخەکانی کەنداو و ئەردۆگان لە دوورگەی “ئیپستین” دەکەن. سعودیە سێ پارچە لە پەردەی کەعبە (کیسوە)ی وەک دیاری بۆ “جێفری ئێپستین”ی کافر ناردووە و “ئەردۆگان”یش بایی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار کچی منداڵ و هەرزەکاری بە ئێپستین فرۆشتووە، کە فڕاندوونی. دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ئەو کچانە کورد بوون و پێشتر بێسەروشوێن ببوون؛ لە کاتێکدا تورکیا پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد، کە پە&کە٪کە فڕاندوونی. ئەم ئابڕووچوونە کەس نابوێرێت؛ ئایین و ئایدۆلۆجیاش فریای کەس ناکەوێت، کەسانی نزم لە پشت هیچ پەردەیەکدا ناپارێزرێن.
لەم دۆخەدا، نە ئایین تاوانبارە و نە عەلمانییەت؛ ئەوەی تاوانبارە ئەو کەسایەتییانەن کە سیستمێکیان بۆ داڕزاندنی بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان و سوککردنی مرۆڤ دامەزراندووە. بۆ ئەو مەبەستەش هەموو شتێک بەکاردەهێنن ئایین و زانست و تەکنەلۆجیا. بەڵام ئایا مرۆڤ دوای ئەم فەزاحەتە ڕادەچڵەکێ بۆئەوەی پارێزگاریی لە بەهای مرۆڤ بکاتە کولتووریی باو؟ دەی خۆ هەموو دەزانن کە هەر کەسێک لەلای خۆیەوە دەتوانێ کارێک بکات بۆئەوەی مرۆڤایەتی ئابڕومەند بێت. دەتوانێت دەست بە بەهاکانی خۆیەوە بگرێت و تێبگات کە جڵەوی دنیا بەدەست بەدڕەفتارترین کەسانێکەوەیە، کە جگە لە تەماحکاری و چاوچنۆکی، هیچ ئەخلاقیاتێک نافەمن. ئەی بۆنایانکات، وەڵامەکەی هەویرێکی ئاوکێشە.
سەرەڕای ئەمە، ئەو ڕاستییەش بەکەس ناشاردرێتەوە ئەگەر سەروەری یاسا و عەلمانییەت نەبوایە ئەوا ئابڕووچوونەکەی ئیپستین هیچ کات لە دەوڵەتێکی عەرەبی یاخود ئیسلامی وەک ئێران و تورکیا پەردەی لەسەر لانەدەبرا. ئەوەی کە پەردەی لەسەر تاوانەکە لاداو گوێی بە سەرۆک و پێگەی سیاسی و دەوڵەتداری نەدا هەر سیستمی عەلمانی بوو، کە بەدڕەفتاریی و تاوانکاریی سەرمایەداران و ملیاردێرە سیاسییەکان نەشاردەوە جا بە هەر مەبەستێک بێت.
بۆیە نابێت گوێ لەوانە بگیرێت کە ئەم ئابڕووچوونە، دەخەنە ملی عەلمانییەت لەکاتێکدا خۆیان بەرگری لە تاوانکارییەکانی داعش و بەرەی نوسرە دەکەن و داوای گەڕاندنەوەی دەوڵەتدارییەک دەکەن کە گەورە تیرۆرستان تیایدا حاکم و بکوژ بن. بۆیە ئیسلامییەکان لە هەمووان باشتر دەزانن، کە ئەم ئابڕووچوونە هەرگیز لەسایەی دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتیدا بەتایبەتیش عەرەبی و کوردی و تورکی و فارسی دا ئاشکرا نەدەکرا.
جێگەی تێڕامانە بەگشتی لەم دۆسیە ئابڕووبەر و تاوانکارییەدا بە زۆری دۆسێکە لە “سێکس و بازرگانیی سێکسیدا” کورت دەکرێتەوە. دەنا ڕوونە ئەوەی چاوی لە نادادی، برسیکردن و کۆمەڵکوژی دەپۆشێت، چ باکی بە بازرگانیی سێکسی نییە؟ زۆرم لەو مرۆڤانە بینیوە مەمکەمژەی منداڵێک لە گۆڕی بەکۆمەڵدا ڕاینەچڵەکاندوون بەڵام کاتێک دێتە سەر فرۆشتنی ژنانی کورد بە وڵاتە عەرەبییەکان دەماری ملیان دەردەپەڕێنن و هاوار دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەکیان بۆ دووبارەنەبوونەوەی هەبێت. ئەوانەی پێیان وایە ئەمە تەنیا کردەوەی عەلمانییەکانە، بە سەهوودا چوون. چونکە پێش فەزاحەتەکەی ئیپستین، چەندین فایلی بەدڕەوشتیی هەندێک لە “ئەمیر و ئەمیرەکانی کەنداو” بڵاو بووەوە؛ هەروەها بینیمان “ئەمیرەکانی داعش” چ فەزاحەتێکیان لە “جیهادی نیکاح” و فرۆشتنی ژنی دیلدا ئەنجام دا. تەنانەت بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکان و یادەوەریی کچە ئێزدییەکان، نادیە موراد بە نموونە، نەیتوانی کاردانەوەیەک لە دنیای ئیسلامیدا دروست بکات، جگە لە مینگەمینگی ئەوەی بڵێن: ئەوانە ئیسلام نین.
مرۆڤی ئەم سەردەمە هەموو ڕاستییەکان دەزانێت، بەڵام خۆی لە گێلی دەدات. زەق بەبەرچاوانەوەیە کە لەئ ازادی هەڵدێ و خۆی ڕادەستی هێزە تاریک و سەرکوتگەرەکان دەکات، خەڵک ئەمڕۆ هەرچەندە وا خۆیان نیشان بدەن کە بێئاگان و ئەم زانیارییانە “شۆک”ی کردوون، ناتوانن ئەو درۆیە بشارنەوە؛ چونکە ئەم تاوانانە لە وڵاتەکانی خۆشیاندا بە ڕێژەی جیاواز ڕوودەدەن و خۆیانی لێ کڕ و بێدەنگ دەکەن. میدیای کوردی پڕە لەو ڕاپۆرتانە و بینەریش بێ دەسەڵات و پاسیف بەدیاریانەوە دانیشتوو.
ئەم “نمایشی شۆکبوونە” بۆ دوو مەبەستە: یەکەم، نکوڵیکردن لە دیوە تاریک و دڕندەکەی ناخی مرۆڤ کاتێک پارە و دەسەڵاتی دەکەوێتە دەست. دووەم، خۆلادان لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەو جیهانەی تێیدا دەژین.
دانپێدانان بەوەی ئەم جیهانە “دۆزەخە”، ئازاربەخشە، بۆیە خەڵک “شۆکبوون” هەڵدەبژێرن چونکە ئەوەیان بەلاوە ئاسانترە لە ڕاچڵەکین و “شۆڕشکردن” بۆ گۆڕینی دۆخەکە. مرۆڤی ئەم چەرخە بادەسەڵاتداریش نەبێت خۆشی بووەتە برغوویەک بە ماشینێ سیستمەکەوە کە باشیش دەزانێت خۆشی تیایدا سیلاک دەبێ و لە کار دەکەوێ و ڕۆژێک دێت توڕ دەدرێت.
ئەوانەی هەتا ئێستا ناویان هاتووە، خاوەن پێگەی بڵندی نێودەوڵەتین؛ لەنێویاندا کەسانی عەلمانی، ئیمانداری کریستیانی و ئیسلام هەن. لێرەدا ئەرکی ئێمە پاراستنی کەرامەتی ئەو مرۆڤانەیە کە “خاوەن کەرامەتن”، نەک پاراستنی تاوانباران لەژێر چەتری ئایین، ئایدۆلۆجیا یان عەلمانییەتدا.


