مەریوان وریا قانع
لە سێ هەفتەی ڕابردوودا دنیای ئێمە شایەتی دروستبوونی حەماسەت و کردە و هەڵسوکەوتێکی سیاسیی تەواو تازە بوو، کە دەشێت خەسڵەتە سەرەکییەکان و تەحەداکانی لەم چەند خاڵەدا کورت بکەینەوە:
سەرەتا، بوونی شەقام و کۆڵانی شار و شارۆچکەکان، واتە بوونی «ڕووبەری گشتیی» لە هەرێمەکەدا، هاوکات لەناو کۆچبەرانی کوردی بڵاوبووەوە بە جیهاندا، بە دروستکەر و هەڵگری گوتارێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، کە لەناو زیاد لە کایەیەکی کۆمەڵگاکەدا تەواو لاواز و پەراوێزخرابوو، لەپێش هەموویشیانەوە لەناو کایەی سیاسیی و حیزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندا.
ئەوەی لە سێ هەفتەی ڕابردوودا بینیمان، لەپاڵ نمایشکردنی هەستی نیشتیمانیی و ڕۆحیەتی هاریکاریی و بەدەمەوەچوونی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ئینسانییدا، واتە لەپاڵ نیشتیمانسازیی و نەتەوەسازیدا، تەحەدایەکی گەورەش بوو بۆ ئەو شێواز و مۆدێلی حوکمڕانیی و بەڕێوەبردن و سیاسەتکردنەی لە دوای ڕاپەرینی ١٩٩١ ەوە سەروەر کراوە، کە مۆدێلێکی حوکمڕانیی و شێوازێکی سیاسەتکردنە، دژە بە نەتەوە و نیشتیمان و بەناوی بەشێکی زۆری ئەو یەکانەوە کە لە دەرەوەی نەتەوە و بەر لەدروستبوونی نەتەوەن.
ئەوەی بینیمان هەم نمایشی هاونیشتیمانبوونێکی نوێ و هەم تەحەدایەکی گەورەش بوو، بۆ ئەو فۆرمی ئینتیمایانەی مۆدێلی حوکمڕانییە سوڵتانییەکە و کایە سیاسییە پارچەپارچە و بێکۆگیرییەکەی، دروستی کردوە. کایەیەک لەسەر هەموو پێگەیەکی دەسەڵات ململانێیەکی هێندە سەخت دروست دەکات، کە تەنانەت دەگاتە ئاسی قفڵدانی هەرێمەکە و پەکخستنی پەیوەندیی نێوان شارەکانی و دابەشکردنیان.
ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر شەقامەکان ڕوویدا دەکرێت بە پڕۆسەی «دروستکردنی نەتەوە لە خوارەوە» ناوی بنێین، لەلای مرۆڤە سادەکانی کۆمەڵگاکە و لە دەرەوەی دیدگا و بینین و هەڵسوکەوتی نوخبە حوکمڕانەکەدا، لە دەرەوەی ئەو پارت و ڕێکخراو و دەزگایانەشدا کە دروست و سەروەریان کردووە و بەسەریکیشەوە ڕێگری گەورە و هەمەلایەنن، لە بەردەم دروستبوونی نەتەوە و نیشتیماندا وەک فۆرمی گەورەتر و کراوەتر و پێشکەوتوتر بۆ ئینتیما.
لەم پرۆسەی نەتەوەسازییە ژێرەکیەی ناو ڕووبەری گشتیی و ئەو زمانە کە قسەی پێ دەکرا، ڕۆڵی ژنان و کچان ڕۆڵێکی تەواو کاریگەر و سەرەکیی بوو، بەپێچەوانەی، ئەو ڕۆڵە دیکۆریی و نیمچە-دیکۆرییەی بۆ ژنان لەناو مۆدێلی حوکمڕانییە سوڵتانییکەدا دانراوە.
لەپاڵ ژنان و کچاندا ڕۆڵی بەشێکی بەرچاوی نوخبە ئەدەبیی و هونەریی و ڕووناکبیرییەکەش ڕۆڵێکی دیار و بەرجەستەکراو بوو. ڕووداوەکان بەشێکی بەرچاوی ئەم نوخبانەی چالاککردەوە. هەندێکیانی هێنایە قسە و هەندێکی تریانی بردە سەرشەقامەکان و ژیانی گشتییەوە.
هاوکات ئەوەی ڕوویدا شەپازلەیەکی گەورەش بوو لە سەرجەمی فۆرمە داخراوەکانی دینداریی و لەو بکەرە دینییانەش کە کاری سەرەکییان دروستکردنی دابەشبوونی دینییە لە کۆمەڵگاکەدا. ئیمانداران زیاد لە بکەرێکی دینیان ناردەوە ماڵەوە. ئەو بکەرانەی خەریکی پیادەکردنی دابەشکردنێکی ترسناکی کۆمەڵگاکەن لەسەر بنەمای مەزهەب و مەزهبەگرایی. هەروەها شەپازلەیەکی گەورەش بوو لە ڕوخساری ئەو بکەرە دینیانەیش کە ژنان و کچانیان بە ئەهلی ناوماڵ دەزانی و خوازیاری ڕێگرتنبوون لە بەشداری چالاکانەی ژنانن لە ژیانی گشتییدا، بە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی و سەربازییەوە. ئەم بەشدارییەشیان وەک دەرچوون لە دین و گوێنەگرتن لە خودا، نیشان دەدا.
ئەو جۆش و خرۆش و ئامادەگییە نیشتیمانییە بەرفراوانەی سەر شەقامەکان، هاوکات قەیرانێکی گەورەیشی بۆ ئەو بەشانە لە ئیسلامی سیاسیی دروست کرد، ئیسلامی سیاسیی چ وەک ئایدیۆلۆژیا و چ وەک بزووتنەوەی سیاسیی، کە دینداریی مەزهەبیی دەخەنە پێش ئینتیمانی نەتەوەیی و نیشتیمانیییەوە، تا ئەو شوێنەی بەرگریی لە جیهادیستە تاوانبارەکان بکەن، بەرامبەر بە هاونیشتیمانیان و هاووڵاتیانی خۆیان.
حەماسەتی نەوە نوێیەکان بەشداری بەرفروانیان جوڵێنەرێکی گەورە و سەرکیی ئەو دۆخە تازەیە بوو کە هاتە کایەوە. نەوەیەک کە لە خەیاڵی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی باڵادەستی ناو بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەکەدا، پشتی لە نەتەوە و نیشتیمان کردبوو. ئامادەبوو لە دەریای ئیجە دا بخنکێت بەڵام لە نیشتیمانەکەیدا بەردێ لەسەر بەردێک دانەنێت. ئەوەی بینیمان و تێبینیمان کرد ڕێک پێچەوانەی ئەو دیدگا باڵادەستەبوو بۆ تێگەیشتن و خواست و توانای نەوە نوێیەکان.
بە کورتییەکەی، ئەو جووڵەیەی بینیمان جووڵەیەکی پێنج جەمسەرەیە. یەکەمیان جەمسەری بە سێنتراڵکردنی نەتەوە و نیشتیمان. دووهەمیان جوڵەی چالاکبوونی نەوە نوێیەکان بەگشتیی و ژنان و کچان بەتایبەتی. سێیەمیان تەحەداکردنی شێوازی سیاسەتکردن و مۆدێلی حوکمڕانیی باڵادەستە لە هەرێم دا، کە لۆجیکی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و نیشتیمان دەی جووڵێنێت و کاری پێ دەکات. چوارەمیان: سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی دین و دینداریی و بەرگریکردن لەو فۆرمانەی دینداریی کە بەشێکن لە پڕۆسەی نەتەوە و نیشتیمانسازیی و مرۆڤ، بە ژن و پیاوەوە، دەکەن بە بوونەوەرێکی ئازاد. پێنجەم: چالاککردنەوەیەکی هەمەلایەنی کۆچبەران و بەشەکی بەرچاو لە نووسەران و هونەرمەندان و ڕووناکبیران و هێنانیان بۆ ناو ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکە.



