سه‌باحی غالیب
له ١٩١٨ه‌وه تا ١٩٤٦ كه سووریا كرایه ده‌وڵه‌ت و بوو به ئه‌ندامی نه‌ته‌وه یەكگرتووه‌كان، ئه‌و وڵاته داگیركراوی فه‌ڕه‌نسا بوو. دوای دەرچوونی فەڕه‌نسییەکان، ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی ناسیۆنالیستی سه‌ربه‌خۆ له سووریا ڕاگه‌یاندرا، كورده‌كانی حه‌له‌ب و دیمه‌شق چالاكانه پشتیوانی‌یان له ده‌سه‌ڵاتی تازه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی عه‌ره‌بی كرد، به‌ڵام كورده‌كانی ناوچه دابه‌شكراوه‌كانی ڕۆژاڤای كوردستان له جزیره، عه‌فرین و كۆبانی، حه‌سه‌كه و قامیشلو به تاوی بانگه‌شه‌ی به‌درخانییه‌كان به‌رامبه‌ر به نه‌ته‌وه‌ییه عه‌ره‌بییه‌كانی دیمه‌شق ڕاوه‌ستانه‌وه، له ئه‌نجامدا حكومه‌تی دیمه‌شق توانی ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندی به‌هێز له سنووری جوگرافیای ئێستایدا بچه‌سپێنێ. به دوای ئه‌وه‌دا، كورده‌كان تووشی هێرشی نكوڵیكردن و سیاسه‌تی توانه‌وه بوونه‌وه. دواتر له ١٩٦٣وه، حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات كه‌وته ده‌ست حیزب و ڕێكخسته شۆڤێنییه‌كانی عه‌ره‌بی، حیزبی به‌عسی حۆرانی و عه‌فله‌قی بوو به به‌رپرسیاری بێ ڕكابه‌ری هه‌موو مێژووی كۆماری عه‌ره‌بی سووریا تا له 8ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٤، كه ئه‌و ڕژێمه ڕووخێنرا، له‌و نێوانه‌دا، فه‌رمانڕه‌وایانی سووریا به‌و په‌ڕی توانایانه‌وه، دروشمی “وه‌حده، حورییه، ئیشتراكییه”یان كرده ڕێبازی حكومه‌ت به‌ڕێوه‌بردن. به ناوی ده‌وڵه‌تی سووریای عه‌ره‌بی و پیاده‌كردنی دروشمی حیزبی به‌عس، بوونی كورد له سووریا كه‌وته به‌ر شاڵاوی پاكتاوی ڕەگەزیی، ڕۆژاڤای كوردستانیش له خاكی كورد بێبه‌ری كرا، دوا به دوای ئه‌وه پشتێنی عه‌ره‌بییان له ده‌وری ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان ئاڵاند و بێئه‌خلاقی سیاسی ئه‌وان گه‌یشته سنوورێك كه له ١٩٦٣دا، لیوایه‌كی سوپای سووریا به فه‌رمانده‌یی فه‌هد ئه‌لشاعیر بۆ پشتیوانی سوپای عێراق له دژی شۆڕشی كورد له باشوور هاتن به هانای به‌عسییه‌كانی كوده‌تای شوباتی ١٩٦٣ه‌وه. له‌شكری شۆڕشگێڕی كوردستان زه‌برێكی كوشنده‌ی وای لێدان، به‌سه‌رشۆڕی هه‌ڵاتنه‌وه بۆ سووریا.
له به‌هاری ١٩٩١دا، ئه‌گه‌رچی كۆڕه‌وه‌كه كاره‌ساتێكی مرۆیی یه‌كجار گه‌وره‌ی به‌سه‌ر كورد دا هێنا، به دیوێكی دیكه‌دا، به پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی ناوچه‌یه‌كی ئارام به‌پێی بڕیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ باشووری كوردستان دامه‌زرا. له دواییدا به هیممه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی دامه‌زرانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی كوردستانی لێكه‌وته‌وه. ئه‌وه قۆناغێكی گه‌وره بوو كه به‌شێكی باشوور به ڕه‌سمی بكه‌وێته ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی كورده‌وه. له ڕۆژاڤای كورستانیش (٢٠١١ تا ئێستا) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه گه‌لێك كه‌لێنی سیاسی و چه‌كداری له خه‌باتی ئه‌و به‌شه‌دا ده‌بینرێن، به‌ڵام ئازادكردنی به‌شێك له خه‌ڵك و خاك له حكومه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی عه‌ره‌بی سووریا، بووه مایه‌ی بوژانه‌وه‌یه‌كی فراوان له هه‌ستی كوردبوون و په‌یدابوونی گیانی خۆبوون و هه‌ژانی ناخی ده‌روونی له ڕۆژاڤای كوردستان وروژاند. هاوكات، هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری باشوور و ڕۆژاڤا به تایبه‌تی، بووه خا‌ڵێكی به‌رجه‌سته‌ی كاریگه‌ر له ناساندنی زیاتری دۆزی كورد چ له ته‌واوی كوردستان و چ له‌سه‌ر ئاستی جیهان.
ڕۆژاڤا بووه زه‌ریایه‌ك بۆ هاندان و به گه‌وره ڕاگرتنی دۆزی كورد، له‌و بواره‌دا، لایه‌نی پرشنگدار ده‌بینرێن، له‌وانه: كاركردنی فره‌لایه‌نه‌ی به‌رپرسیاران و كاربه‌ده‌ستانی كورد له‌سه‌ر ئاستی باڵا، به تایبه‌تی مه‌سعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی له پشتیوانی په‌یداكردنی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕۆژاڤا بینی، له‌و لایه‌نانه‌وه هه‌وڵی ئه‌و جێگای سه‌رنج و نرخاندنه. هاوكات، نێچیر‌وان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كاندا بووه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژاڤا تا بكرێ به كه‌مترین قوربانی له‌و كاره‌ساته ده‌ربچن و به‌رهه‌مێكی سه‌ربه‌رزانه‌ی تێكۆشانیشیان بێته دی. بەهەمان شێوە، مه‌زڵوم عه‌بدی، سه‌رۆكی هه‌سه‌ده له ڕۆژاڤا، توانی ده‌ورێكی به‌رچاوی سه‌ركردیه‌كی مه‌یدانی و سیاسی به‌ڕێوه‌به‌رێ. ئه‌وانه هه‌موو پێكه‌وه له خه‌می پاراستنی كوردی ئه‌و پارچه‌ی كوردستان دا بوون، كه ئه‌وه خۆی له خۆیدا هه‌نگاوێكی كاریگه‌ری پێشكه‌وتنی بیری سیاسه‌تی كورد و چوونه پێشه‌وه‌یه له كایه‌ی دۆزی كورد دا، دیاره ڕۆژاڤا به‌رده‌وام هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسیارانی به پشتیوان و یاریده‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان زانیوه، هه‌رێمیش به نهێنی و به ئاشكرا له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌نده‌ی له توانادا هه‌یه به گیانی به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه بۆیانی ئه‌نجام داوه. لایه‌ن و حیزبه‌كانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش به توانایی خۆیان له‌و مه‌یدانه‌دا به به‌رپرسیارییه‌تی به‌رزه‌وه هاتنه پێشه‌وه، ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه بزانن كه دۆزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كوردستان پێویستی به تێگه‌یشتن و هه‌وڵی هه‌موو لایه‌كه، به‌شی گشت لایه‌كی پێوه‌یه.
تێكۆشان و خۆڕاگری ڕۆژاڤا، مژده‌ی تێگه‌یشتنێكی عه‌قڵانی به سیاسه‌تمه‌دارانی كورد گه‌یاند، هه‌موو بۆچوونه‌كانی به‌و ئاراسته‌یه‌دا برد كه هێزی یه‌كگرتوویی كورد و هێزی چه‌كیش به به‌رزی ڕابگرن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه شه‌ڕه‌وانانی ڕۆژاڤا قوربانییه‌كی زۆریان دا، به‌ڵام تا ئه‌ندازه‌یه‌ك بووه بنبه‌ستێكی گه‌وره بۆ تێکشكانی ئیراده‌ی شه‌ڕه‌نگێز و ڕه‌گه‌زپه‌رستی سووریا و توركیا و داگیركه‌ره‌كانی دیكه‌ی كوردستان. ئه‌مه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه هه‌ر سیاسه‌تێك په‌یڕه‌و بكرێ، پێویسته هێزی چه‌كداری له‌به‌رچاو بگیرێ.
پێویسته ئه‌م كاته و ئه‌م كوڵانی هه‌ست و سۆزه‌ی هاویه‌كییه‌ی كورد كه له كوردستان و له ده‌ره‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه، كه له مێژووی تازه‌ی كورددا بێوێنه‌یه، بكرێته ڕێكخراوه‌یی و بزووتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی گشتگیر، لێره‌دا بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ و تێڕامانێكی فره لایه‌نه و هه‌ڵوێسته‌یه‌كی سیاسی بنه‌ڕه‌تی هه‌ڵده‌گرێ، خۆشبه‌ختانه، زۆرینه‌ی ڕۆشنبیران به جیاوازی ڕێبازی سیاسییانه‌وه، مه‌ردانه به نووسین و هاوبه‌شی له چالاكی سیاسی و خۆپیشاندان له مه‌یدانه‌كاندا بوون، نووسینی هه‌موویان له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌وه هه‌ڵقوڵا بوون. دیاره هه‌ر ئه‌وه به‌س نییه، به‌ڵكوو پێویسته ده‌سته‌بژێری كورد و خه‌ڵكانی دڵسۆز به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌تر له ئه‌ستۆ بگرن، به‌وه‌ی كه پێكه‌وه سه‌ر بكه‌ن به‌ناو یه‌كدا و به بیرێكی كوردستانیانە و سیاسیی یه‌كگرتووانه‌وه، كۆببنه‌وه و نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی ستراتیجی سه‌رتاسه‌ری كه هه‌موو لایه‌نه‌كانی دۆزی كورد له ئامێز بگرێ، بكێشن، بۆ ئه‌وه‌ی دۆزی كورد به شێوه‌یه‌كی زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی بخرێته چوارچێوه‌یه‌كه‌وه، تا ئێمه‌ش وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ببینه خاوه‌نی دۆزی خۆمان و به‌ره‌و هێنانه‌دی ئاواتی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كوردستان هه‌نگاو بنێین. ئه‌وه له لایه‌ك، له لایه‌كی دیكه‌وه، حیزبه‌كانی كوردستان له هه‌موو پارچه‌كاندا، ئه‌گه‌ر به مێژووی خه‌بات و كاری سیاسی خۆیاندا بچنه‌وه، به ئاسانی بۆیان ده‌رده‌كه‌وێ كه به‌رنامه و دروشم و عه‌قڵیه‌تی ڕابووردوویان له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌دا یه‌كنایه‌نه‌وه و پێویستییان به چاكسازی ڕیشه‌یی به‌رنامه و كاری حیزبایه‌تی خۆیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر كارێكی وا ئه‌نجام نه‌ده‌ن ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه كورد زیاتر پێبه‌ندی دواكه‌وتن و چوونه ده‌ره‌وه‌ی مێژووی خۆمان و مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌بینه‌وه.
هه‌ر له ئه‌نجامی بزووتنه‌وه‌كه‌ی ڕۆژاڤاوه، له هه‌موو كاتێك زیاتر و كاریگه‌رتر، میدیای كوردی به تایبه‌ت ته‌له‌فزۆنه‌كانی كوردستان به ته‌واوه‌تی خۆیان بۆ پشتیوانی خوشك و براكانمان له ڕۆژاڤا ته‌رخان كرد، به زمانی كوردی بۆ ناوه و به زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كاری شاره‌زایانه و جوامێرانه‌ی كوردانه‌یان به‌جێهێنا، هه‌موویان به گشتی و تۆڕی میدیای ڕووداو، ئاڤا یه‌كجار له‌به‌رچاو بوون، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، به‌و په‌ڕی تكاوه داوا له چالاكانی ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێ كه له سه‌ر ڕێبازی یه‌كڕیزی و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كار بكه‌ن و واز له تیر و توانج و قسه‌ی ڕه‌ق به‌رامبه‌ر یه‌كدی بێنن و ببنه ئامرازێكی خزمه‌تگوزاری له پێناوی گرنگی و ناسكی ئه‌م قۆناغه و دواڕۆژدا، یه‌كڕیزی كورد پێویستی به كار له‌سه‌ر كردن و به‌رده‌وامی هه‌موو لایه‌كمانه.
خه‌باتی هه‌موو به‌شه‌كان به تایبه‌ت تاقیكردنه‌وه‌كانی باشوور و ڕۆژاڤا بوونه وانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مێژوویی كه ئه‌وه‌ی فێركردین كه هیچ له ڕژێمه داگیركه‌ره‌كانی عه‌ره‌ب، تورك و فارس باوه‌ڕیان به برایه‌تی موسڵمانانی كورد نییه، ته‌نیا و ته‌نیا ئه‌و جۆره برایه‌تییه بۆ چه‌وساندنه‌وه و قه‌بوڵنه‌كردنی كوردبوونه به‌لای ئه‌وانه‌وه. مێژووی كورد پڕه له نیشاندانی حه‌قیقه‌ت كه موسڵمانانی عه‌ره‌ب، تورك و فارس هه‌رگیز له‌گه‌ڵ كورد ڕاستگۆ نه‌بوون، بۆیه كورد به هه‌موو ئایین و مه‌زهه‌بێك، ڕێبازی دیكه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئایینی و دنیایی، پێویسته پێكه‌وه له‌سه‌ر دۆزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كۆك و ته‌با و یه‌كڕیز بن، هه‌ر كاتێك كه هه‌ڵبكه‌وێ له بێ توانایی و لاوازی ئه‌واندا، به توندی ده‌ستیان لێبوه‌شێنن نه‌ك یارمه‌تی بدرێن، ده‌شبێ مه‌لا و زانایانی موسڵمان و خه‌ڵكی هه‌ر ئایینێك له‌ناو كوردستاندا هه‌وڵبده‌ن كه ئه‌وه له مه‌لا و زانایانی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كان و خه‌ڵكه‌كانیان تێبگه‌یه‌نن كه بوونی ئه‌وان به نیازی داگیركه‌ر له‌سه‌ر خاكی كوردستان، نه دینیان قه‌بوڵه، نه خوداپه‌رستییان وه‌رده‌گیرێ و نه ته‌ڵاق و موعامه‌لاتیان حه‌ڵاڵه. ده‌بێ ئه‌ویان پێبسه‌لمێنرێ كه كورد و كوردستان دوو نیشانه‌ی ئیراده و گه‌وره‌یی خودان له‌سه‌ر زه‌وی، نكوڵیكردن له‌وانه، ده‌بێته بێئیمانی و گومڕایی، هه‌ر له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه پشتیوانی كورد و كوردستان بۆ هه‌موو موسڵمانانی جیهان فه‌رزیه‌تێكی ئایینی و ئه‌خلاقی پێویسته.
خۆشبه‌ختانه، موسڵمانانی كورد به گشتی و مه‌لا و ڕێبه‌رانی موسڵمانانی ئێمه به تایبه‌تی، ئێستا چاكتر له هاوپیشه‌كانی پێشووی كورد و زۆر چاكتر له ئایینه‌كه‌مان تێگه‌یشتوون. له هه‌مان كاتدا، به‌باشی له نییه‌ت و ته‌فسیری هه‌ڵه‌ی به‌ناو مه‌لای موسڵمانانی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته داگیركه‌ره‌كان تێگه‌یشتوون، كه هه‌رگیز دروست نییه و كاری نه‌كرده‌یه كه ئیسلام بۆ برایه‌تی ساخته‌ی نه‌ته‌وه داگیركه‌ره‌كانی كوردستان به‌كاربێ، ناڕه‌وایه كه به ناوی ئیسلامه‌وه ئێمه‌ی موسڵمانی كورد داگیر و په‌رتپه‌رت بكرێین و ئه‌وان فه‌رمانڕه‌وایه‌تیمان بكه‌ن.
مێژووی كۆن و مێژووی سه‌رده‌م ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كۆسپ و ناحه‌ز له‌به‌رده‌م دۆزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشمانی ئێمه‌دا ئه‌وه‌یه كه كورد داگیركراوی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌یه كه به ناهه‌ق و بۆ فریودان ناوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌یان له خۆیان ناوه، ڕزگاری ئێمه له‌و بیره شۆڤێنییه‌ی موسڵمانانی عه‌ره‌ب، تورك و فارس، مژده‌ی سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به ئامانجی له‌مێژینه و ئێستا و دواڕۆژی كورده. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، هه‌ر ئایین و ئیمان و باوه‌ڕ و ڕێبازێكی ئایینی و فه‌لسه‌فی له هه‌ست و ویژدان و نكوڵیكردن له حه‌قیقه‌تی بوونی كورد ڕووتی كردینه‌وه، ئه‌وه نه دینه‌كه، نه باوه‌ڕه‌كه، نه فه‌لسه‌فه‌كه بایه‌خییان نامێنێ، ئه‌مه ده‌بێ بكرێته سه‌رمه‌شقی خه‌باتی كورد له به‌رده‌م هه‌موو ئه‌وانه‌دا كه به ناوی ئایین و ڕێبازی جۆراو جۆره‌وه ده‌یانه‌وێ كورد فریو بده‌ن و له كوردبوون دوورمان بخه‌نه‌وه. بۆیه به باوه‌ڕی ئێمه ساردكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ست و سۆز و ناخی كورده‌ی كه له‌و په‌ڕی به‌رزیدایه، له پاڵ ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و خاپووركردنی هه‌زاران گوندی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، ده‌توانرێ بكرێنه ئه‌و ده‌ستمایه‌ی كه سه‌ردارانی دڵسۆزی كورد، بتوانن مامه‌ڵه‌ی ڕزگاری و ئازادی بۆ ته‌واوی پارچه‌كانی كوردستان پێ بكه‌ن.
له گه‌لێك قۆناغی مێژووی كورد و له گه‌لێك ڕووداوی گه‌وره‌دا، ئافره‌تی كورد ئاماده‌یی هه‌بووه و نه‌به‌ردانه شان به شانی پیاوانی كورد له خه‌بات و به‌رخوداندا بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا كیژی كورد ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، یه‌كجار نیشانه‌یه‌كی به‌رچاوڕوونی و مژده‌ی ئازادییه، ئازایه‌تی ئافره‌تانی كورد له مه‌یدانی نه‌به‌ردیدا، چاونه‌ترسانه دژی دوژمنی تۆقێنه‌ر ده‌جه‌نگن و به ده‌نگی به‌رز هاوار ده‌كه‌ن: ئێمه كوردین، ئێمه ڕاناكه‌ین، ئێمه مافی ئازادیمان هه‌یه، حكومه‌تی سووریای شه‌ڕفرۆش و تۆقێنه‌ر، ده‌یانه‌وێ ئێمه له‌ناوبه‌رن، هێمای سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به سه‌رفرازی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه زوو یا دره‌نگ ده‌گه‌ین به ئاوات.
ئه‌و گوڕ و تینه‌ی له‌ناوه‌وه‌ی كوردستان و جیهاندا خرۆشاون، بۆته دروستبوونی پشتیوانی و هاوكاری خه‌ڵك و ڕێكخستن و سیاسه‌تمه‌دارانی جیهان، نابێ و دروست نییه سارد ببنه‌وه، پشتیوانییه نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان هی ئه‌وه‌یه داوای مافی چارنووسی خۆمان بكه‌ین، ئه‌مڕۆ هه‌ر ڕۆژاڤا مه‌سه‌له نییه، ئه‌مڕۆ هه‌موو كورد و هه‌موو كوردستان یه‌ك دۆزه، ڕۆژاڤا، به‌ره‌كه‌تێكه به‌سه‌ر هه‌موو كورد و كوردستان دا دای كردووه.
خا‌ڵێكی به‌رچاو له چوونه پێشه‌وه‌ی دۆزی كورد ئه‌وه‌یه كه كورد بتوانێ به‌سه‌ر ژماره‌ی دانیشتواندا زاڵ بێ. ڕاسته له هه‌ر هاوكێشه‌یه‌كدا بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی گرنگی به سه‌رژمێر ده‌درێ، به‌ڵام هێنانه دی ئامانج و بوونه ده‌وڵه‌ت په‌یوه‌ندی به سه‌رژمێره‌وه نییه، وه‌ختێك ئه‌و هه‌موو ده‌وڵه‌تانه‌ی كه له كه‌نداو و له ئه‌وروپا هه‌ن، به سه‌رژمێر كورد له هه‌موویان زۆرتره كه‌چی بێ ده‌وڵه‌ته. وه‌ختێك له ١٩١٢دا، ئه‌لبانیا له ده‌وڵه‌تی عوسمانی جیابۆوه، سه‌رژمێریان كه‌مێك له ٣٪ ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی بوو. ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه كورد له ڕۆژاڤا نه‌توانێ هه‌موو ئامانجه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان به‌ده‌ستبێنن، به‌ڵام پێویسته بچووكی ناوچه‌ی جوگرافیا و كه‌می سه‌رژمێر بۆ مافه‌كان بكه‌نه له‌مپه‌ر، دیاره ئه‌مه پێویسته له عه‌قڵی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ئێمه‌دا بچه‌سپێ. هه‌ر له‌م بۆچوونه‌وە، هه‌رگیز ناكرێ كه‌ركووك و به‌شه داگیركراوه‌كانی باشوور به سه‌رژمێر یه‌كلایی بكرێنه‌وه.
تێگه‌یشتن له سیاسه‌ت، به كرده‌وه سه‌لماندویه‌تی كه سیاسه‌ت بێبه‌رییه له ئه‌خلاق، ڕه‌نگه به ده‌گمه‌ن ڕۆژێك له ڕۆژان پێشه‌وایه‌ك هه‌ڵكه‌وتبێ كه په‌یڕه‌وی له ئه‌خلاق كردبێ، به‌ڵام سیاسه‌ت و ئه‌خلاق پێكه‌وه كۆنابنه‌وه، ئه‌وه ئه‌گه‌ر نكوڵی لێ بكرێ، هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه. خوێندنه‌وه‌ی مێژووی كورد، هه‌موو شایه‌دی بێئه‌خلاقی له سیاسه‌تی داگیركه‌رانی كوردستان حاشا هه‌ڵنه‌گره، یه‌كێك له‌و باجه قورسانه‌ی كورد داوێتی ئه‌وه بووه كه ئاگاداری به‌رنامه‌ی بێئه‌خلاقی و بێبه‌ڵێنی و نه‌بوونی هیچ به‌هایه‌كی ئینسانی لای دوژمنان نه‌بووین، ئه‌خلاق له بوونی سیاسه‌تی ناوخۆدایه نه‌ك مامه‌ڵه‌ی ئه‌خلاقی له‌گه‌ڵ بێ ئه‌خلاقاندا.
له دۆزی نه‌ته‌وه و سیاسه‌تكردن بۆ سه‌ربه‌خۆیی، كات ئامرازێكی یه‌كجار یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه، ئه‌و كاته‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی لای تورك و عه‌ره‌ب له كاتی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و دوای جه‌نگه‌كه بۆ سه‌ربه‌خۆیی كاریان ده‌كرد، كورد سه‌ركردایه‌تی و به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ڕێكخستن و بزووتنه‌وه‌ی له‌و جۆره‌ی نه‌بوو، نه‌بوونی ئه‌وه، بووه زه‌فه‌ربردن و دابه‌شكردنی كوردستان له نێوان هێزداره‌كانی تورك و عه‌ره‌بدا. له هه‌موو لایه‌كی كوردستان دا، پێویسته لایه‌نه‌كان به ئاگادارییه‌وه ته‌ماشای گرنگی كات و سه‌رده‌مه‌كه بكه‌ن.


