مەسەلەی پەیوەندی نێوان کورد و ئەمریکا هەر لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، مشتومڕی زۆری لە نێوەندە فیکری و سیاسییە کوردییەکاندا دروست کردووە. جگە لە هەڵوێستی چەپی کوردیی، کە بەگشتیی و بۆ ماوەیەکی زۆر ئایدۆلۆجی و جەوهەرگەرا بووە، بە هەوراز و نشێو و قۆناغی جۆراوجۆردا تێپەریوە. من لێرەدا باسی ئەمە ناکەم و خوا حەزکات لە وتارێکی تردا دێمەوە سەری، بەڵکو دەمەوێت سەرنج بۆ لای گرنگیی لێدوانەکانی سیناتۆری ئەمریکی، لێنزی گراهام، ڕابکێشم، دەربارەی پڕۆژەیاسایەك دەربارەی پارێزگاریکردن لە کورد، کە بەگووتەی خۆی بەنیازە لە داهاتوودا پێشکەش بە کۆنگرێسی بکات.
گراهام پاساوی ئەم هەڵوێست و دەستپێشخەرییەی بەوە دەداتەوە کە کورد لە شەڕی دژ بە داعش و کۆتایهێنان بە خەلافەتەکەی هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەمریکا بوون، واتە ڕۆڵیان لاوەکی و تەواوکەر نەبووە، بەڵکو بنچینەیی و دەستنیشانکەر بووە. ئەوەش وا دەکات دەست لێبەردانیان، کار لە ناوبانگ و بەرژەوەندییە نیشتیمانییە ئەمنییەکانی ئەمریکا بکات.
لەم پێناس و وەسفەش، ئەوەی لە ڕۆژاڤای کوردستان و سووریا ڕوویداوە پەلەی تێدا کراوە و بەرژەوەندییە قووڵ و دوور مەوداکانی ئەمریکای تێدا ڕەچاو نەکراوە. ناشبێت ببێتە ڕێباز و پێشینەیەکی پەیڕەوکراو لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدا دەژیت.
بۆیە ناوبراو دەخوازێت ئەو هەڵەی لە لایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و “کۆشکی سپی”یەوە کراوە، کۆنگرێس بە هەردوو حیزبەکەوە لەئاستێکیشدا بێت ڕاستی بکەنەوە و بیکەنە دەرفەت بۆ دەرکردنی یاسایەك بۆ ئەوەی مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ کورد لە چوار چێوەی سات و سەودای کاتیی کۆشکی سپی دەربکەن و چوارچێوەیەکی یاسایی پابەندکەری بۆ ئیدارە جیاوازەکان پێ ببەخشن.
لەم چوارچێوەشدا ناوبراو بەنیازە پڕۆژەیاسایەك بخاتە بەردەم کۆنگرێس، کە تێیدا سزای توند بەسەر هەر گرووپ و حکومەتێکدا بسەپێنێت، کە لە کردەوەی دوژمنکارانە دژ بە کورد تێوەگلا بێت.
ئەگەر ئەم پرۆژەیاسایە سەر بگرێت، بۆ کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە ڕووداوێکی مێژوویی ، چونکە لە ئاستێکیشدا بێت، هاوشێوەی یاسا پەیوەندیدارەکان بە پرسی بە دژایەتیکردنی سامی پەیوەندیدار بە جووەکان دەبێت.
بۆ یەکەم جاریش کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، لە دەرەوەی دەوڵەتەکان و سەروەریانەوە وەك نەتەوە و هێزێکی هەڕەشەلێکراوی متمانەپێکراو مەترەح دەبێت و دانی پێدا دەنرێت. بە واتایەك لە واتاکان پارێزگاریشی لێ دەکرێت، بەتایبەتیش ئەگەر تەنها قەتیس نەبێت بە سووریا و کوردی ئەو بەشە و بۆ کۆی کورد بێت لەسەر ئاستی پارچەکانی کوردستان و دنیادا.
یاسایەکی لەم جۆرە بە بڕگە و ماددەی بەهێز و جێبەجێکەرەوە دەربچێت، لە ئاستێکیشدا بێت شوێنی بێ دەوڵەتیی بۆ کورد پڕ دەکاتەوە، چونکە جۆرێك لە پارێزبەندیی پێدەبەخشێت، زەمینەش ساز دەکات بۆ ئەوەی لەداهاتوودا، کێشەی کورد و مەسەلەی کوردستان بەنێودەوڵەتیی ببن ودانیان پێدا بنرێت. لە هەردەرفەتێکی هەڵکەوتووشدا، لە سەر ئاستی پارچەیەك یاخود گەورەتردا دەوڵەتی کوردستان ببێتە ئەگەرێک مێژوویی بەردەممان.
بۆیە گرنگە کورد بێ دواکەوتن بێتە سەر خەت، لۆبی خۆی و دۆستەکانی بخاتە گەر بۆ پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەرییەکەی گراهام و خاوەنەکەی و کاریگەربوون لە داڕشتنی ماددەکانی. گرنگە دام و دەزگا و پارت و هێزە کوردستانییەکان بە دەرکردنی بەیاننامە، پشتیوانی لە پڕۆژەکە بکەن. چەندین یاداشت بەهەزاران ئیمزاوە ئاراستەی سێناتۆری ناوبراو و کۆنگرێس بکرێت. هەڵبەت ئەم بەشەیان بۆ هەموو ئەو کەسانەش ڕاستە کە پشتی کورد دەگرن و باسی دەوڵەتی کوردستانیان وروژاندووە.
لە گۆڕەپانی خۆپیشندانەکانیشەوە دەنگدانەوەی هەبێت، تێکەڵ بە دروشم و داوا و بەیاننامەی خۆپیشاندەران ببێت.
بۆ ئەوەی پشتیوان بین لە ڕێی ئەمریکای دووەمەوە هەڵەی ئەمریکای یەکەم ڕاستبکرێتەوە و تێبگەین لەوەی لانی کەم لە هەندێ کات و دەرفەتدا زیاد لە ئەمریکایەکمان هەیە.
بەوەش جارێکیتر ئەمریکا لە سەرچاوەی حەسرەت و هەست بە بێکەسی هەندێکمانەوە بکەینەوە بە دەرفەت؟



