بۆچی قەسەدە تەواوکرا؟ ئایا ئەمریکا پشتی تێکردین یان ئێمە ڕوومان کردەوە پشتتێکراوەکان؟
ئەوەی ئەمریکا ٣٥ ساڵە بۆ باشووری کوردستانی دەکات لەوە زیاتر ناکرێت، ئەمەش وەک پڕۆژەی خێرخوازی و خێر نا، بەڵکوو ئەمە هەم نیشانەی وریابوونەوەی کورد (هەرێم) بووە و هەم نیشانەی تێگەیشتنی سیاسیی کورد و ئەمریکا بوو، کە فێربووین دەکرێت براوە-براوە هێز و توانا و هەڵوێست هاوبەرژەوەندیی بن لەگەڵ جەمسەرە براوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا دا. هەرێمی کوردستان لە سەرجەم ئەزموونەکانی بزووتنەوەیی ڕزگارییخوازیی کوردستان دا، تەمەندرێژترینە و ئەزموونێکی سەرکەوتووانەی لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا ڕاگرتووە. ئەمە سەرەڕای تێبینی و خوارو و خێچییەکان دەبێت زیاتر پەرەی پێ بدرێت.
بۆ کورد گرنگە ئەم ناونیشانە کلیلیە درک بکات: ستراتیجی سەرەکی ئێستای ئەمریکا سەرقاڵی گۆڕین یان لادانی لوتکەی هەرەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانـە، ئەمە بڕیاری ئێستا نییە هی بەرنامەی کەمپەینی هەڵبژاردنەکەیەتی و هەموو ڕۆژێک لە دوای دەرچوونەوەی کاری لەسەر دەکات. پێویستیی بە تەختکردن و سافکردنی گۆڕاوەکانی نێوچەکەیە، کێ یارە بەشدارە و کێش نەیارە و بەرپێ دەگرێ لەسەر ڕێ لادەدرێت یان سڕ دەکرێت.
ترەمپ بەر لە کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەی، دەیەوێت سەرێک لە تاران بداتەوە و پڕۆژە ناتەواوەکەی بخاتەوەگەڕ، وەک چۆن ساڵێک پێش هاتنی ڕوحەڵا خومەینی ببێتە ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیزەکراوی ئێران، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لە تەمەنی ٣٨دا چوو بوو بۆ تاران لە ١٩٧٨ ویستی بناغەی پڕۆژەیەکی بازرگانی دابنێت. بەڵام شۆڕش و کۆمارە نوێکە لێی تێکدا. ئێستا دەیەوێت بچێتەوە بۆ تەواوکاریی و کردنەوەی ئەو گرێ ٤٧ ساڵییەی.
بۆ ئەمەش هەموو بەربەستێک پێشێل دەکات، ئەمە وەک کەسێتی، وەک وڵاتەکەشی ئەوا ٤٧ ساڵە ئێران بەرامبەر ئەمریکا خۆی نمایش کردووە و پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەو خۆی لەقەڵەم دەدات. بۆیە وەک وڵاتیش ئیتر ئەمریکییەکان بە کۆماری و دیموکراتەوە باوەڕیان بە چارەکردنی ئەم گرێ نیو سەدەییە هەیە.
ڕوون دیارە هاوپەیمانێتییەکی ڕانەگەیەنراوی تازەی شام-ئەنکەرە-واشتنتۆن لە کابینەی ترەمپ شێوەی گرتووە و جێکەوتەی لە سووریا جێهێشتووە و ڕۆڵی زیاتریشی دەبێت. ئەندازیاری ئەم هاوپەیمانێتییە تۆم باراک-ـە کە باوەڕی بە گێڕانەوەی عوسمانیزمی کولتووری بۆ نێوچەکە و نینۆککردنی ئێران هەیە.
بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، سوننەی عێراق و سووریا (ئەحمەد شەرع) بەڵێنیانداوەتە تۆم باراک (نێردەی ئەمریکا) ببنە بەشێک لە قەڵغانی هێرشبەر و بەرەنگاربوونەوەی حەشدی شەعبیی عێراق و باڵەکانی سوپای قودس، وەک دیاریشە بوونەتە بەشێک لە پڕۆژەکانی ماگا لە ئەمریکا و ئێران و عێراق، واتە Make America Great Again، Make Iran Great Again، Make Iraq Great Again.
لەمەدا گەر قەسەدە و پەیەدە جێی خۆیان بکردایەتەوە ئەوا ڕەنگ بوو ڕۆژاڤا دۆخێکی تری هەبووایە جیا لەوەی ئێستا، بەڵام لەبەر دوو هۆکار قورس بوو و ئەمە ڕووی نەدا: یەکەم سەختە تورکیا بهێڵێت کورد لە هاوکێشەیەکی وادا جێ بگرێت، دووەم سەختترە قەندیلی ئایدۆلۆجی و ئامانجگەرای بیر چەپ بیری خۆی وەرچەرخێنێ و دەست لە نزیکایەتیی بلۆکی ئێرانی هەڵبگرێت و ڕێگە بدات پەیەدە و قەسەدە هەنگاوێکی وا هەڵبگرن. ئیتر ڕۆژاڤا دووجار بووە قوربانی.
لەبری هیلالی شیعی کەوانەی سوننی
بۆ زەمینەسازیی ماگای ئەمریکی لە عێراق و ئێران پێویستە سووریا، واتە ئەحمەد شەرع و هاوپەیمانەکانی، بە گوێڕایەڵی ئیسرائیل و تورکیا بن و لەبەرامبەردا خۆیان بمێننەوە. ماگای عێراق واتە بەعس و داعش و سوننەی پەراوێزی پرۆسەی سیاسیی عێراق (بە عەبای سوننیچێتییەوە) بۆ نێوەڕاست و نێوچەی جێناکۆک دێننەوە و حەشدی شەعبی بچووک و قەتیس یان دەیتوێننەوە و شیعەی عەرەبی (نەک وەلایی) جێی پڕۆ-ئێرانییەکان دەگرێتەوە. بەمەش «کەوانەی سوننی» جێی هیلالی شیعی دەگرێتەوە بۆ پشتیوانی «هاوپەیمانێتیی ڕانەگەیەنراوی ئەنکەرە-دیمەشق-واشنتۆن»، کەوانەک لە حەلەبـەوە تا ئەنبار دەچەمێتەوە. ئەڵبەت ئەمە باسی ئامانجەکەیە ئیتر جێگرتن و سەرگرتنی دەکەوێتە سەر کەتوار و گۆڕاوە سیاسییەکان و هاوبەشەکان و توانای نەیارەکان.
لەم ستراتیجە بنەڕەتییەی ئەمریکا دا (گۆڕینی سیستەمی سیاسیی تاران)، ڕۆژاڤا و بەتایبەت پەیوەندیی سیاسیی قەندیل و تاران و باری ئایدۆلۆجیی قەندیل کە ڕێگەی نەدا قەسەدە و پەیەدە بچنە ئەم هاوکێشەیەوە و تورکیاش بەهەلی زانی، بۆیە بە ئیرادە و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا، زوو بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا لە چێوەی ستراتیجی ئەمریکا بۆ ئێران نەبێتە سەرئێشە و بۆ ئایندەی تورکیا و شامـیش نەبنە مۆتەکە، ڕۆژاڤایان لە قاوغ دا. دوور نییە قەندیلـیش وا لێ بکەن (لە ڕێی پێواژووی ئۆ+جەل&ان) و ڕامتری بکەن یان ببێتە جەمسەری شەڕ و مۆڵگەی بەرەنگاری و پەنای ئێران.
چونکە باوەڕێک لای ئەمریکییەکان هێشتا بەکارە کە گوایە: «قەندیل لە بەرەی تیرۆرە و بەشێک بووە لە پڕۆژەی هیلالی شیعی و دوور نییە لە ئانی لێدانی ئێران دا قەندیل سەرئێشە دروست بکات!».
هەرێم لەمەدا هاوکاریان بێت بابەتێکە و بیری وردی دەوێت، بێلایەن بێت و هاوکاریان نەبێت هەر یەک شتە و دوور نییە (خوا نەکردە) وەک ڕۆژاڤا بچووک بکرێتەوە.
بەکورتی ئەمریکا گۆڕەپانەکەی وا یەک بەیەک لە لوبنان و یەمەن و شام تەخت کرد بۆ ئامانجە ئەسڵەکەی، لێدانی ئێران چ لە نێوخۆوە بێت یان گورزی دەرەکی. ماوەتەوە نێوەڕاست و باشووری عێراق بڕیار بدەن بۆ هاوکاریی لە گۆڕینی ئێران یان پرژی ماگا بەر ئەمانیش بکەوێت.
ئایا ئەمریکا خیانەتی کردووە؟
ئەم پرسیارە لەوە سەرچاوە دەگرێت گوایە نسکۆی ١٩٧٥ی باشوور بەهۆی پشتێکردنی ئەمریکا بوو، لە کاتێکدا ئەم پرسیارە خۆی هەڵەیە بۆیە وەڵامەکەشی هەرچی بێت هەر هەڵەیە.
دەبێت پرسیارەکە ئاوا بکەین ئایا شۆڕشی ئەیلول تا ١٩٧٥ ئەمریکا پشتیوانی بووە تا پشتی تێ بکات؟ ئایا ئەمریکا پشتیوانی ئێران بوو یان پشتیوانی شۆڕشی کوردان؟
گەر بەبەڵگەنامەکاندا بگەڕێن ئەو ڕاستییە سادە دەبینرێت کە ئەمریکا پشتیوانی محەمەد ڕەزا شا و ئێران بوو نەک مستەفا بارزانی و کوردستان. بەڵگەکان ڕوون پێمان دەڵێن کۆمەکی سیاسی و دارایی شۆڕش و لایەنگریی شۆڕشی کورد لەسەر داوای ڕەزا شای ئێران بووە و خودی پارەی ئەمریکاش کە دراوەتە کورد پارەی نەوتی ئێران بووە و ڕەزا شا دابینی کردووە، بۆ ئەوەی کورد بکاتە کارتێک بۆ فشار لەسەر عێراق و لە میدیای ئێرانـیشدا وا نیشانی کوردی بدات کە ئەمریکا پشتیوانی کوردە و ئەم بناغە پووچەی تێگەیشتنە وای کرد ڕای گشتیی کورد چەواشە تێ بگات و وابزانێت ئەمریکا پشتیوانییەتی. ئەمەش لە سەرەتای حەفتاکاندا لەلایەن جێگری سەرۆکی سی ئای ئەی (CIA)ەوە بە خودی وەفدی کوردی لە ئەمریکا گوترا، کە مەسعود بارزانی یەکێک بوو لە ئەندامانی.
ئێستا کەمێک وێنەکە ڕوونبوویەوە، با بپرسینەوە ئایا ئەزموونی ڕۆژاڤا و نسکۆی ١٩٧٥ لەیەک دەچن؟ بێگومان لە هەندێ ڕووەوە بەڵێ، لەوەدا هەردووکیان سەرەتا ئێران لە پشتیان بوو و ڕۆژاڤاش سەرەتاکەی بە ئەندازیاریی ئێرانی-ڕووسی سەرپەرشتیی پڕچەککردنی کرا و لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەدی سووریا هەماهەنگیان بۆ ڕێکخرا و بە ڕێککەوتنێک لە زۆر نێوچەدا حکومەتی ئەسەد کشایەوە بۆ پەیەدە.
گرنگتر بۆ هەرێم
وەک باسکرا ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ سەرقاڵی ئێرانن، لە سێ سیناریۆ زیاتریان پێ نییە بۆ تاران: گۆڕین، لاوازکردن و دووبارەکردنەوەی ئەزموونی عێراقی ١٩٩١ و دروستکردنی زۆنی ئارام بۆ ئۆپۆزسیۆن (ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لە بژاردەکانە)، یان کودەتایەک لە هەرەمی دەسەڵاتدا.
بۆ دەوڵەت و هێزە هەرێمی و ئایدۆلۆجی و مەزهەبی و ئایینی و نەتەوەییەکانی دەوروبەری ئێرانیش دوو بژاردە زێدەتر نییە: یان لەگەڵی دەبیت و هاوبەش دەبیت و پشک و جێپەنجەت دەبێت لە ئایندەی نێوچەکەدا یان لە قاڵبدراو و پەراوێزی، دوور نییە سفربوونەوەش!
دەمێنێتەوە هەرێم و تاقیکردنەوە نوێکەی بەردەمی!
گرنگە ڕای گشتی چەواشە نەکرێ بەوەی سادە بیرانە بگوترێت: ئەمریکا هیچ بۆ کورد ناکات و خیانەتی لێ دەکات لەکاتێکدا هیچ بنەمایەکی لۆجیکی نییە و قسە بێمانا و ڕیتۆریکی میدیای تورکی و ئێرانییە خراوەتە سەر دەمی کوردان کە ئەمریکا هەمیشە پشت لە کورد دەکات! شەقام بە عاتیفە و دروشمبازیی و قسەی ئاسان پڕ نەکرێت تا ئەوەش کە هەمانە لەدەست دەرنەچێت.
چونکە لە کەتواردا ئەمریکا هیچ نەماوە بۆ کوردستانی نەکات (ئەو کوردستانیانەی لە هاوکێشەی ئەمریکادا جێی خۆیان کردووەتەوە)، زیاتر لە ٣٥ ساڵە ئەمریکا نەبووایە حاڵی شارەکانی هەرێم بەدەست تورک و فارس و عەرەب وەک سنە و کرماشان و قامیشلی و دیاربەکر دەبوو، کە کوردبوون تێیدا بە مانا ڕاستینە ناسنامەیی و ئیرادییەکەی تیایاندا قەدەغەیە. هەر بەڕاست گەر ئەمریکا نەبێت ئێمە هەرێمان دەمێنێت و دەبێت؟
خاتەمی نەرمترینی ئێرانی بوو، لە ١٩٩٨ چووە شام و بە حافیز ئەسەدی گوت با هەرێم کۆتایی پێ بهێنین و نەبێتە هەوێن بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان.
سەرچاوەکان
Marc Thiessen(2026): Fox News, 17/1/2026: https://www.foxnews.com/video/6387885258112
Donald Trump(2026): Truth platform, 19/1/2026: https://truthsocial.com/@realDonaldTrump/115919294107001486
Zafar Bangash(1440): Islamic Iran: 40 Years of Valiant Resistance, 26/Jumada al ula/1440, crescent Site: https://crescent.icit-digital.org/articles/islamic-iran-40-years-of-valiant-resistance
Youssef Sergo(2026): X platform, 20/1/2026: https://x.com/y78_38/status/2013380815502131480?s=48&t=aSnT6GM2BFRQzj6h37CvzA
هەردی مەهدی میکە و ئەژی ئازاد (٢٠١٨): جوڵانەوەی سیاسی کوردستان لە ستراتیژی سیاسی و پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئێران دا ١٩٦٨-١٩٧٥، مجلة الدراسات السياسية والأمنية، بەرگی١، ژمارە١، حوزەیران، ٢٠١٨.



