بەهمەن تاهیر نەریمان
مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق مزگەوتێکی مێژوویی و بەناوودەنگە، ئیمامەکەی ناوی دکتۆر “یاسین عەلووش”ـە کە لە ١٦-١-٢٠٢٦ وتارێکی داوە و ناوەڕۆکی ئەم بابەتە شرۆڤەکارییە پێک دێنێت (وتارەکە هاوپێ کراوە).
ئەم وتاربێژە وتارەکەی (٢٣) خولەک بوو، دوای ئەوەی لە خوا پاڕایەوە، هەر لە خولەکی دووهەمەوە بەم شێوە دەستی پێ کرد: “شۆڕشە پیرۆزەکەمان بە بەرزی و نزمی، کەوتن و هەستانەوە، بەهێزی و بێهێزیدا ڕۆیشتووە”. ئینجا باسی ئەوە دەکات کە ڕژێمی “بەعسی بەشاری” بەهۆی هاریکاریی دەوڵەتانی دەرەوە دەستی کرد بە گرتنەوەی ئەو ناوچانەی کە موجاهیدەکان گرتبوویان، هەمووانی بۆ شاری “ئیدلیب” ڕاونا، بۆ ئەوەی لەوێ چواردەوریان بگرێت و لەناویان ببات. دواتر باسی موفتییەکەی “بەشار ئەسەد” دەکات کە بە موفتیی بەرمیل ناوی دەبات (د. حەسون) و دەڵێت، فەتوای سوتاندنی “ئیدلیب”ـی دا. ئینجا وتاربێژ دەڵێت: “ئەمانە شتێکیان ویست و خوا شتێکی تری ویست”، ئیتر لەوێوە باسی گەورەیی موجاهیدەکانیان دەکات لەو شارە خۆیان لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادە دەکرد بۆ ئەمڕۆژە و بەپێچەوانەوە، ئەمان “بەشار”ـیان لەناوبرد.
دواتر دەڵێت “ئیتر خوا ئەمری کرد لەوێوە بەم شوێنە بگەنە پایتەختی ئومەوەییەکان و موسڵمانان، خوا بەم موجاهیدانە و بە ١١ ڕۆژ وڵاتی ڕزگار کرد”. دواتر باسی گەورەیی سەرکەوتنەکە و ستەمکاریی ڕژێمی بەعسی دەکات، لەوە دەڵێت ئەگەر بە ژمارە و تانک و تۆپ بێت ئەمان ئەو سەرکەوتنەیان وەدەست نەدەهێنا، پرسەکە خوا لەپشتبوونەکە بووە.
مەلا یاسین عەلووش دەگات بەوەی “دوو گرووپ ئەم سەرکەوتنەیان بەدڵ نەبوو (دواییش دەیکات بە سیان!)، یەکێکیان دەستی لەگەڵ ڕژێمدا تێکەڵبوو”، کە مەبستی عەلەوییەکانە و بە “فلول” ناویان دەبات. دەڵێت: “ئەمانە خیانەتیان کرد و هەڵگەڕانەوە و ویستیان وڵات پارچەپارچە بکەن، بەڵام خوا سەرشۆڕی کردن و وانەیەکمان دادان لەبیریان نەچیتەوە” (مەبەستی قەتلوعامەکەی ساحیلە، کەنار دەریا).
وتاربێژەکەی مزگەوتی ئومەوی دەڵێت “قەومی دووهەم ئەوانەن کە شەڕیان لەگەڵ ڕژێم نەکرد، ئەوانە خۆیان ناوناوە قەسەد، سامانی زەویی ئێمەیان برد، کچ و کوڕیان کۆیلە کردین. بەدیدی ئەو سەرکردایەتیی ئێستای دیمەشق بەردەوام هەوڵیانداوە لەڕێی پەیمان و بەڵێننامەی فەرمییەوە لەگەڵیان بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەوان بەردەوام خیانەتیان دەکرد، “چونکە ئەوانە قەومێکن نە پەیمانیان لایە نە میساق.”
دواتر دێتە سەر دروزەکان، سەرکردەکەیان “هەجەری” بە خائین ناو دەبات و زانیاریی لەگەڵ دوژمن دەگۆڕییەوە (مەبەستی ئیسرائیلـە، بێئەوەی ناوی بهێنێت) تا دیمەشقی تۆپباران کرد. دەڵێت: “ئەمانەش بێهیوا بوون و ئیشەڵا خەسرۆمەندیش دەبن.”
دێتەوە سەر هەسەدە و دەڵێت “کاتێک باسی قەسەد دەکەم، باسی کوردان ناکەم، ئەوان لە دین و وڵاتدا برامانن…، قەسەد نوێنەریان نییە. ئینجا دێتەوە سەر “هجری” و دەڵێت نوێنەری چیانشینەکان نییە و فلولیش نوێنەری ساحیل (کەناردەریا) نین”. پێی وایە “سووریا دابەشکردن قبوڵ ناکات” بە فەرموودە پێیان دەڵێت، ئەوانە غەدرکەرن. ئیتر بە دەنگی بەرز خەریکی کارکردنە لەسەر سۆز و حەماسەتی خەڵکی دژی عەلەوەییەکان بەناوی فلولەوە گەرم دەکات و تەڵقینیان دەدات.
هاوکێشەیەک دروست دەکات کە ئەوان هەقن، دواتر دەڵێت “پەیامی دوایینم دەنێرم بۆ سوپای سەربەرزی سووریا، بۆ سوپای “عەرەبیی” سووریا، بۆ پیاوانی ئاسایش و پۆلیس، پێیان دەڵێم: بە دەستی ئاسنین لە هەموو خائین و بەکرێگیراوێ بدەن، کوژراوتان لە سەوزەڵانیی باخەکانی بەهەشتدا لەخۆشیدان، کوژراوەکانیان وەک سەگی بۆگەن لە دۆزەخدایە.” ئامۆژگارییشیان دەکات دەست بۆ مەدەنی نەبەن، دار مەبڕنەوە، مەڕ و مریشکی خەڵکی مەدزن. دواتر بە شیعر باسی ئەوە دەکات شکۆ بەس بە شمشێر دەست دەکەوێت. ئینجا داوا لە خوا دەکات “خوا وڵات لە بەکرێگیروان و دابەشکاران و جوداخوازان پاک بکەرەوە، خوایە کوڕەکانی سوپای عەرەبیی بپارێزە.” لەدوای هەڕەشەکانی دەڵێت “ئێمە بانگەشەی شەڕ ناکەین، بانگەشەی ئاشتی دەکەین.” لە کۆتاییدا باسی گەڕانەوەی هەسەدە دەکات بۆ ڕوشدیان، بۆ عەقڵیان.
کۆی وتارەکە ٢٣ خولەکە، هەمووی باسی ئەم پرسانە بوو، تا دوا دوعای بەردەوام لە نەیارەکانیان کرد و داوای لە خوا کرد لە هەر چوار لاوە سەرۆک بپارێزێت. لە دوا ڕستەشدا، بێناوهێنانی ئیسرائیل، دووعای بۆ غەززەییەکانیش کرد.
کۆی قسەکانی لەم خاڵانەدا چڕدەکەمەوە:
یەکەم، هەرکەس، لە “کورد، عەلەوی، دروز” لەگەڵ ئەوان نەبێت بەکرێگیراو و سەرلێشێواو و جوداخواز و دابەشکەرە.
دووەم، ئەوان بەهۆی یارمەتیی ڕوونی خوا سەرکەوتوون، موجاهیدەکانیان ئەم سەرکەوتنەیان بەدەستهێناوە. بەڵام “بەشار” بە هاریکاریی دەوڵەتانی دەرەوە مابوویەوە.
سێیەم، لەو ڕۆژەوەی شەڕ دژی ڕژێمەکەی “بەشار ئەسەد” دەستی پێ کردووە، وتاربێژەکە وا دەری دەخات ئەوەی ئەو پێی دەڵێت شۆڕش هی ئەمان بووە و ئەوانی تر خاوەنی نین.
چوارەم، سوپای سووریا بە سوپای “عەرەبیی ئیسلامیی” ناودەبات، نەک تەنها هی سووریاییەکان.
پێنجەم، تەکنیکێک کە بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتەکەی “جۆلانی”یەوە بەکاردەهێنرێت ئەوەیە کە دەڵێن هەسەدە گوزارشت لە کوردی سووریا ناکات، “مەلاکەی مزگەوتی ئەمەوی”یش هەر وا دەڵێت، ڕاگەیاندنی عەرەبیش کار لەسەر ئەو فەسڵکردنەی کورد و هێزی هەسەدە دەکەن.
شەشەم، لە پاڕانەوەکەی کۆتاییدا کە بۆ غەززە دەلاڵێتەوە، جورئەت ناکات باسی ئیسرائیل بکات.
ئەوەی لەناو ئەم وتارەدا دەشاردرێتەوە و وا دەکات کۆی دەقەکە تەکنیکی بەرهەمهێنانی دەقی ئایدیۆلۆجی بێت چونکە:
یەکەم، سەرکەوتنی ئەوان بەسەر بەشاردا هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتی دروستی کرد، نەک بەجەرگیی ئەمان، کەچی هی خۆیان عەونی ئیلاهیی بوو. مانەوە و چوونی “بەشار”یش هەر ئەو هاوکێشە سیاسییە ڕۆڵی هەبوو.
دووەم، تۆمەتبارکردنی ئەوەی لە تۆ جیاوازە بە “بەکرێگیراو، جوداخواز، دابەشکەر” هەمان ئەدەبیاتی “بەعسیزم”ـە کە بۆ نەیارەکانی بەردەوام بەکاری دەهێنا، ئیتر بەعسیزمی ئێراقی بێت یان هی سووریایی، ئەمە بۆ “ناسریزمی میسر”یش هەر تەواوبوو.
سێیەم، خۆکردن بە خاوەنی ئەوەی پێی دەڵێت شۆڕش و بێبەرییکردنی ئەوانی تر لەو پرسە، ئیتر بریتییە لە بێبەشکردنی هەموو ئەوانی تر لە دەسەڵات و حوکم.
چوارەم، کاتێک دەڵێت “سوپای سووریای عەرەبی” ناتوانێت بڵێت “سوپای سووریا”، ئیتر ڕوونە کە “گوتاری ئایینیی سوننەی عەرەبیی بەتەواوی ناوپۆش و کرۆکەکەی گوتاری ناسیۆنالیزمی پان-عەرەبیزمە، بەڵام بە ئایین دەرپۆشکراوە، مۆرانەی عروبەی شۆڤینی لە ئیسلامیزمی سوننەی عەرەبیی داوە. ئەم گوتارە بەئاسانی نەتەوەکانی تر درک بەوە دەکەن کە چۆن پەراوێز دەخرێن، بەتایبەت کورد.
پێنجەم، ئاساییە بۆ خەڵکی غەززە بپاڕێیتەوە، بەڵام بێناوهێنانی ئیسرائیل، ناوهێنانی ئیسرائیل قەدەغەیە و هیچ ڕژێمێکی عەرەبی و ئیسلامی ئەمەی بۆ ئەو وڵاتە نەکردووە، کە دەوڵەتی نوێی موجاهیدەکان دەیکەن.
ئەم وتارە دەنووسم “پێنچەشەمەی”ە، بزانین مامۆستا بەڕێزەکانی ئێمە لە مزگەوتەکانەوە، لە وتاری هەینیدا چۆن وەڵامی ئەم وتارە و بەیاننامەکەی ئەوقافی ڕژێمەکەی ئێستای دیمەشق دەدەنەوە. بەیاننامەیەک هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا بە “فەتح” ناودەبات، فەتحیش بۆ سەر گەلانی کافر دەکرێت، نەک موسڵمان. بشزانین چۆن دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان بە مافی سروشتی و ئایینی کوردانی دەزانن، وەک چۆن ئەوانیش دەمێکە درووستیان کردووە.



