سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دەردی خۆ بەکەمزانی ئەوەی لێکەوتۆتەوە

دەسکۆ خەسرۆ

لەبەر ئەوەی کورد لە جیهانی ئیسلامی-عەرەبی ناخوێندرێتەوە، چەندین ساڵە گوتاری ئیسلامی-عەرەبی تێگەیشتنێکیان دروست کردووە کە کورد نەوەی جنۆکەن و کافرن، بۆیە زانایانی ئیسلامی کورد هەموو هەوڵێکیان ئەوە بووە ئەوە بۆ جیهانی ئیسلامی-عەرەبی بسەلمێنن کە ئەوان جنۆکە نین.

کورد هەمیشە لە پەراوێزی کۆڕ و کۆڕبەندە ئیسلامییەکانە، تا ئێستا چوار دێڕ نییە لە مێژووی ئیسلامی-عەرەبی باسی ڕۆڵ و پێگەی کوردی کردبێت لەناو مێژووی ئیسلام.

بەڵێ کورد ناخوێندرێتەوە وە پێویستە لەو ڕاستییە بگەیت، بەڵگەی لاواز بۆ خەڵەتاندنی خۆت هیچ سوودێکی نییە، وەک ئەوەی زۆرێک لەو زانا و مامۆستا ئایینییە کوردانە بۆ پاساوهێنانەوە نموونەیەک یان چەند نموونەیەکی کەم دەهێننەوە کە گوایە نووسەرێکی عەرەب یان هاوڕێیەکی لە فلانە وڵاتی عەرەبی بە کورد سەرسام بووە. گشتاندنی ئەم نموونە کەمە بۆ زۆرینە هەرگیز ڕەوا نییە، وەک چۆن گشتاندنی ئەوەش ڕەوا نییە کە بڵێم هەموو عەرەب کوردی پێ ناموسڵمانە، بەڵام دەتوانم بڵێم زۆرینەیان وان. بۆیە لەم لۆجیکەوە دەکرێ بڵێین زۆرینەکە خاڵی بەهێزترە وەک لەو نموونە کەمەی تۆ لە هەڵوێستی کەسێکت بینیوە.

ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت بەشێک لە عەرەب، کورد بە نەوەی جنۆکە دادەنێن، خۆ ئەگەر زانایەکی عەرەبیش هەبێت لەم سەردەمی تەکنەلۆجیایە کەمێک عەقڵی فراوانتر بێت کورد بە جنۆکە دانەنێ، بەڵکو کورد بە پاڵپشت و هاوکاری ئیسرائیل دادەنێ. ئیسرائیل بەم هەموو هێز و دەسەڵات و پشتیوانییە نێودەوڵەتییە چ مەنتیقێکە چاوی لە پاڵپشتی کوردی نەگبەت و داماو بێت. بەڵام گوتاری عەرەبی ئەو داماویەشت پێ ڕەوا نابینێ چەندین ساڵە بە قووڵی لە هەموو جیهانی عەرەبی ئەو تێگەیشتنەی بڵاو کردۆتەوە کە کورد هاوخەباتی ئیسرائیلە. لە بنی دنیا هەزاران کیلۆمەتر دوور لە کوردستان سۆماڵیەک وەک لۆمەکردن پێی گوتم کورد پاڵپشتی ئیسرائیلە، جا گوتم ئێوە بیست و دوو دەوڵەتی عەرەبی چاوتان لە کوردە شەڕی ئیسرائیلتان بۆ بکات، دەی کورد جارێک قودسی ئازاد کردووە فەرموو ئێوەش جارێک بیکەن.

ئەم تێگەیشتنە لە دیدی مامۆستا و بانگخوازانی کورد گوتارێکی شەرمهێنە، بۆیە پێیان وایە ئەوان شەرمەزارن بەرانبەر جیهانی ئیسلامی-عەرەبی کە کورد هاوسۆزی ئیسرائیلە، بۆیە هەموو هەوڵیان ئەوەیە بۆ ئەوانی بسەلمێنن کە ئەوان دژی ئیسرائیلن بەڵام سەرەڕای ئەمە هەر نابینرێن چونکە ئەوان لە ئەساسەوە کوردیان خستۆتە دەرەوەی ئەو بازنە، هەموو جیهانی عەرەبی ئەوەندەی کورد دوعای بۆ غەززە نەکردووە کەچی هەر حیسابی بۆ نەکرا، لە سەر جادە کەمپەین کراو پارە کۆکراوە کەچی هەر تەنها ئەوەبوو لە سوچێکی وێنەیەک ئاڵای کوردستان بەدەست منداڵێکەوە بوو!

ئیسلامییەکان ئەم تێگەیشتنەیان لەسەر ئەوە بونیاد ناوە کەوا هەسەدە مولحید و دژەدینە و “شەرع”یش خەلیفەیە، بۆیە وای دادەنێن ئەم شەڕەی هەیە شەڕی کافر و ئیسلامە. باشە لە کوێ دەزانی شەرع خەلیفەیە و کوردیش مولحید، تا ئێستا هیچ لێدوان و دەستورێکی فەرمی هەیە بڵێت هەسەدە بێباوەڕە؟ یان تەنها کەوتویەتە ژێر کاریگەریی پۆستی فەیسبووک کە شەڕڤان بە دژەدین دادەنێن! ئەم تێگەیشتنە لە چ مەنتقێکی لاوازەوە سەری هەڵداوە؟ با وای دابنێین ئەو گریمانەیەی تۆ ڕاستە، بەڵام لە کوێی دین هاتووە کەسێک بێ باوەڕبێت و تۆ شەرعیەت بدەی بکوژرێت!

هەمیشە هێز لەسەر بەهێز تاقی دەکرێتەوە نەک لەسەر لاواز، ئەگەر پێت وایە جۆلانی دەبێ دەوڵەت دروست بکا و سووریا پاک بکاتەوە، ئەمە ئیسرائیل بژاردەیەکی مەنتقیترە بۆ ئەوەی هێزی خۆی لەسەر تاقی بکاتەوە، ئەوکات ئەگەر ئەوەی کرد کوردی داماو لەکوێ ئەو شەڕەی پێ دەکرێت؟

ڕەنگە لاوازترین کومێنتیان ئەوە بێت کە دەڵێن کورد پشتی بە ئیسرائیل و ئەمریکا بەستووە، بۆیە وای بەسەردێت. بۆ ڕەنگبێ جۆلانی پشتی بەوان نەبەستبێت، جۆلانی دەستی دووش نییە بەڵکوو دەستی سێیە، کە ترامپ پێشوازی لێکرد لە خۆشییا دەمی نەدەگەیشتەوە یەک، ناکرێ بپرسی بۆچی بۆ ئەم پێت ئاساییە کەچی کۆمێنتت هەیە لەسەر لۆبی کورد! جۆلانی مەمنونە ئیسرائیل و ڕۆژئاوا مەرحەبایەکی بکەن.

کورد پشت بەکێ ببەستێ؟ فەرموو تۆ لۆبی بکە، لەم سەردەمی جەمسەرگەراییە کە وڵاتی بچووک حیسابی سفری پاش فاریزەشی بۆ ناکرێ، لە کوێ بەبێ پاڵپشتی دەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ بۆیە هەر دەبێ لە شوێنێک پاڵپشت بکرێ، بەڕای تۆ ئەو شوێنە دەبێت کوێ بێت؟ تورکیا ؟ تورک هەر بە مرۆڤت دانانێ، عەرەب؟ ئەوان خۆیان دەستی سێ چوارن ئەوەی حیسابی بۆ نەکەن کوردە، فارس؟ لە دیدی ئەوان تۆ جنۆکەی! کێ دەمێنێتەوە ؟ مەگەر پشت بە لاوس و کەمبۆدیا ببەستێ یاخود شیشان !

باشە تۆ کێشەت لەگەڵ ئەوە هەیە کورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا نزیکە، مەگەر کێ لە سعودیە و خەلیج زیاتر دۆستی ئیسرائیل و ئەمریکا و ڕۆژئاوایە، ئەی بۆ شەرعیەت بە جۆلانی نادەی لوولەی دەبابەکانی بۆ سعودیە بسوڕێنێ!

باوەڕناکەم لەناو هیچ نەتەوەیەکی دنیا هەبێ خەڵک سۆز و پاڵپشتی بۆ دوژمنەکەی هەبێت، بەڕاستی ئەمە خاڵێکی ڕەشە لەمێژووی هەر ڕەوت و فکرێکی ئیسلامی کوردستان کە هاوسۆزی بۆ دوژمنەکەی هەبێت ڕەوایەتی بەوە بدات براکەی بکوژرێت، دەیان ساڵ بەسەر داگیرکردنی چین تێپەڕیوە لەلایەن ژاپۆن، کەچی لەنێو ئەو ملیار کەسەی چین مرۆڤێک نابینیەوە کەیفی بە ژاپۆن بێت، ئەمە جوانترین ڕقە کە کورد پێویستە فێری بێت، کەچی ئەم ڕەوتە ئیسلامییانە دەیانەوێت بە سیاسەتی پەمەیی کورد بەرگری لەخۆی بکات!

باشترە کوردانە موسڵمانیەتی بکەیت، وەک هەر گەلێکی تری موسڵمان، وەک چۆن ئۆزبەگیەک و ئیندۆنۆزییەک و پاکستانییەک دەیکات. نازانم بۆ بەرەی ئیلحاددتان لە کورد ئەوەندە فراوان کردووە کۆمێنتی ئیسلامیەکان هەمووی بانگەشەی ئەوەبوو دەیان گوت بە کوێرایی چاوی مولحیدەکان، واتا ئەوەی دڵی لای یەپەگە و ڕۆژئاوا بێت لە دیدی ئەوان مولحیدە لە کاتێکدا کورد سەدا یەکیشی مولحید نییە، نەک هەر مولحید نییە لە هەموو جیهانی عەرەبی وڵاتێک نادۆزییەوە ئەوەندەی کورد موسڵمان بێت لە سەرەتایی موسڵمان بووینیەوە تاکو ئێستا لە گەورەترین پێگەی خزمەتی ئەو دینە بووە. دکتۆر مستەفای زەڵمی دەڵێت لە کورد موسڵمانترم نەدیوە، هیج گوندێکی دوورە دەستی ئەم کوردستانە بێ مزگەوت نییە ، دەم و ڕووبار و کانیەک نادۆزیەوە تاتەنوێژی لێ نەبێت، بەڵام هەر لەم وڵاتە عەرەبیانە بە سەدان گوند و ناوچە هەیە نەک مزگەوتی لێ نییە هەر نازانێ نوێژیش چییە.

جیاوازی غەززە و کۆبانێ و کەلار چییە؟ هەمووی خاکە هیچ کامیان پیرۆز نەکراون، وەک چۆن هیچ دەقێکی دینی نییە بڵێ مەخمور پیرۆزە ئاواش دەقێک نییە بڵێ غەززە پیرۆزە، بەڵکوو قودس پیرۆزە. ئەو شەڕەی لە غەززە دەکرێت هەمان ئەو شەڕەیە کە لە عەفرین دەکرێت هەردووک بەرگرییە لە خاک. شەڕی غەزە شەڕی بەرگری نییە لە ئیسلام، بیانوی حەماس هەر ئەوەبوو کە ئیسرائیل سنوورەکانی بەزاندووە و خاکی غەززەی داگیرکردووە. بەرگریش لە خاک ڕەوایە بۆ کەسێکی خەڵکی غەززە و کەسێکی خەڵکی عەفرینیش، بەپێی تێگەیشتنە دینییەکان دەکرێ هەردووکیان شەهید بن کە بەرگریان لەسەر و ماڵ و خاک کردووە. بەرگریش بۆ هەموو کەسێکە چ ژن چ پیاو، خۆ ئەگەر ئەو دوژمنەی نیازی ئەوەی هەبێت تەحەددا لە ژنەکان بکات هەر دەیکات ئەگەر ئەو ژنە لە سەنگەرێکی بەرگری دەستگیر بکرێت یاخود لە سووچی ژورێکەوە بێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO