سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەروەریی و یەکپارچەیی یان درێژەدان بە داگیرکاریی

سلێمان مستەفا حەسەن

کورد وەک گەلێکی دێرین و خاوەن شارستانیەتێکی دزراو، لە ١٥١٤ەوە دابەشکراوە بەسەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی. لە ئێستاشدا بۆ ماوەی سەدەیەکە بەسەر چوار دەوڵەتی دروستکراوی دوای ڕێککەوتنە کۆلۆنیالیستییەکانی سایکس پیکۆ (١٩١٦) و لۆزان (١٩٢٣) بەسەر عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دا دابەش کراوە، ئەم وڵاتانە لە بنەڕەتدا لەسەر نکوڵیکردن لە بوونی نەتەوەی کورد بنیاد نراون.

لەو کاتەوە ئەم دەوڵەتانە ناسنامەکانیان لەسەر ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرایی دروست کردووە. باڵادەستی یەک ناسنامەی نەتەوەیی توندڕەو بەرەوپێش دەبەن، لە هەمان کاتدا، مافە کولتووری و سیاسییەکانی کورد و ئەوانی دیکەیان ڕەت کردووەتەوە. سەدەیەک دوای لۆزان، پرسی کورد بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. جیهان گۆڕا، بەڵام عەقڵی سیاسی ئەم چوار دەوڵەتە نەگۆڕا.

دروشمی سەروەریی و یەکپارچەیی خاک و نەتەوە تا ئەمڕۆ بەرنامە و ستراتیجیانە، کەچی لە بنەڕەتدا چارەسەر نییە و ناتوانێت ڕێگا لە دابەشبوون و توندوتیژی بگرێت. چارەسەری پرسی کورد و کۆتایی هێنان بە خاڵی لاوازی خۆتان لە دانپێدانانێکی نوێی هاوچەرخ و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە بێت بە داننان بە مافی چارەنووس لەناو هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەر، تەنیا بەوەش سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی دێت.

بەبێ دادپەروەری، بەبێ دیموکراسی، بەبێ مافی چارەنووس مەحاڵە ئاشتی لەو چوار دەوڵەتە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی بێت. کلیلی ئاشتی و هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا کوردە و بێ کورد مەحاڵە.

هەموو جیهان دەزانێت گەلی کورد گەلێکی شەڕخواز نییە، بەڵکوو گەلێکی ئاشتیخواز و لێبوردە و و میانڕەوە، گەلێکە غەدری مێژوو فێری بەرگری کردووە، کولتوور و شارستانیەتی کورد لە شەڕەوە نەهاتووە، بەڵکوو لە دۆزینەوەی نووسین و ماڵیکردنی ئاژەڵ و چاندنی گەنم و دۆزینەوە و دروستکردنی دراو هاتووە.

بەڵام هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەر بە دڕندانەترین شێواز وەڵامی خەباتی ڕەوای کوردیان داوەتەوە، هەموو ئەو خەبات و بەرخودانانە بە جینۆساید و چەکی ناپاڵم و ڕەشبگیر و قڕکردن و لەسێدارەدان و کیمیاباران و ئەنفال و ڕاگوازتن و تەعریب و تەتریک و تەفریس کردن داوەتەوە، تا دوا فەرمانی لەناوبردنی کوردان لەسەر دەستی ڕەشی داعش بەردەوامی هەبووە.

شان بەشانی ئەو ستەم و قڕکردنە خەباتی گەلی کوردیش بەردەوامی هەیە، لە هەر یەک لە پارچەکانی کوردستان شێوازی خەبات و بەرخودانی جیای گرتۆتە بەر، لە خەباتی چەکدارییەوە بگرە بۆ خەباتی ئاشتیانە و دیموکراسییانە کە تەبا و کۆک بێت لەگەڵ ڕۆحی سەردەم. بەڵام لە بەرامبەردا هەر یەک لەو دەوڵەتانە بە دەنگی بەرز باسی سەروەریی و شانازی نەتەوەیی و یەک پارچەیی خاکی نیشتمانیان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەتیان کردووەتەوە کورد وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن و خانەخۆ و شایستەی مافی چارەنووس بناسن.

جێگای سەرسووڕمانە، لە کاتێکدا بانگەشەی بەرگریکردن لە سەروەری و یەکپارچەیی بەناو خاکی خۆیان دەکەن، هیچ کام لەم دەوڵەتانە دان بەوەدا نانێن کە ئەو خاکە خاکی کوردانە، ناوی کوردستانە، کە حوکمڕانی دەکەن، هەرگیز لە سەرەتاوە هی ئەوان نەبووە. کوردستان بۆ ئەوان دیاری نەبوو، هەروەها تاپۆی ڕەشیش بەناویانەوە نەبوو، بەڵکوو بەبێ ڕەزامەندی خەڵکەکەی دابەشکرا و داگیرکراو خرایە ناو زیندانی سنووری دروستکراو سەپێنراو، کە هیچ کاتێک ڕەوایەتی نەبووە.

لە نوێترین نەبەرد و بەرخودانیش بۆ مرۆڤایەتی لە شەڕی تێکشکاندنی داعش ڕاستی باس و خواسی کوردان زیاتر لە جاران هاتەوە سەر مێزی وڵاتانی جیهان، کارەساتی شەنگاڵ و بەرخودانی پێشمەرگە لە باشوور و ڕۆژهەڵات، گەریلا لە باکوور و شەڕڤانان لە ڕۆژاڤا و خەباتی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵات بوونە هەوێن و ئاوێنەی جوانی گەلی کوردی کۆڵنەدەر و خاوەن ماف و مافزەوتکراو. بە ورە و متمانە بە خۆبوونەوە بۆ جیهانی مرۆڤایەتییان سەلماند کورد هێزێکی چارەنووسساز بووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاریی و توندڕەوی.

ئەوە ئێمەی کورد بووین لە یەکەم کەسەکان بەرامبەر داعش وەستاینەوە، نەک تەنیا بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، بەڵکوو بۆ بەرگریکردن لە خودی مرۆڤایەتی، لە کاتێکدا جیهان تەماشاکەر بوون و کورد بەرگری لە مرۆڤایەتی دەکرد. هیچ گومانی تێدا نییە کورد قوربانی مێژوو و پیلانگێڕیی و تەماعکاری زلهێزەکانە بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا. مێژووی سەد ساڵەی دەوڵەتی تورکیا و زیندانیکردنی ئۆجەلان و دەمیرتاش و هەڤاڵانیان شایەتی ئەو ڕاستییەن.

ئەوانەی ئەمڕۆش بەناوی یەک پارچەیی وڵات و سەروەری قسە دەکەن مێژووی داگیرکاریی خۆیان پێ دەشارنەوە، چونکە داواکاری کورد داواکاری مافە نەک شەڕ، ئەم داواکاریەش مانای ژیانە بۆ کورد کە کۆکە لەگەڵ سیاسەتی جیهانی و جاڕنامەی مافی مرۆڤ.

لە سەدەی بیست و یەکدا، مانای سەروەریی و یەکپارچەیی وڵات و مافی نەتەوەکان بە گەورەترین گۆڕانکارییەکانی مێژوویدا تێپەڕیوە و بووەتە جێگای پرسیار و هەڵوێستە و پێداچوونەوە، هێشتا کوردستان و گەلی کورد لە نێو داگیرکارییە فکری و سیاسییەکانی چوار وڵاتە داگیرکەرەکان ماونەتەوە.

ئەو وڵاتانە بە ناوی سەروەریی و پاراستنی نیشتمان، بە هەستی داگیرکرانە و ناڕەوا خاکی کوردستانیان پچڕاندووە و هەر یەک بە شێوەیەکی جیاواز، مافی نەتەوەیی و سیاسەتی خۆبەڕێوەبردنی گەلی کوردیان بە مەترسییەکی گەورە و مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیان نیشانداوە. سەروەریی لە دید و تێڕوانینی ئەوان داگیرکردن و هێشتنەوەی کوردە بە دیلی و ژێردەستەیی.

ئەگەر بپرسین لە ڕووی فەلسەفەی سیاسییەوە سەروەریی چییە؟ سەروەریی و سیادە ئەو کاتە دروست دەبێت کە دەوڵەت ڕەوایەتی و ڕەزامەندی لە بنەمای دەستووری و یاسایی و دەنگدانی گشتی و نیشتمانی و مافە نەتەوەییەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت. بەڵام لە سووریا، تورکیا و ئێران، سەروەری بەشێوەی داگیرکردن و سەرکۆتکاری ئەنجام دەدرێت.

لە بنەڕەتدا، ئەو وڵاتانە سیادەی خۆیان بە تێکدانی سیادەی نەتەوەی کورد بنیات ناوە. سەروەری ئەو وڵاتانە لە بنەڕەتەوە لە دژایەتی و ترسەوە سەرچاوەی گرتووە، نەک لە ڕەوایەتی و ماف و ڕەزامەندی.

ئەوەی بە ناوی پاراستن و سەروەری و یەک پارچەی نیشتمان پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، لە ڕاستیدا هەوڵێکی ناتەواوە بۆ پەیوەست کردنی نەتەوە جیاوازەکان بە زۆری زۆرداری سیاسەتی نکۆڵی کردن، ئەمەیە کە سیادەو سەروەری ئەو وڵاتانەی گۆڕیەوە بۆ سیادەی و سەروەری داگیرکارانە.

بۆیە ئەرکی کورد لەم قۆناخەدا پێویستە بگەڕێنەوە بۆ حیکمەتەکەی ئەحمەدی خانی، چەکی کوردان لەم ڕۆژگارەدا یەکڕیزیی ویەکبوونە، بەهێز کردنی زمان و فەرهەنگ کولتوور و هۆشیارییە. دەبێت چەکی بەهێزمان بیروباوەڕ و کوردپەروەریی بێت، دەبێت چەکی بەهێزمان یاسا و ماف و دبلۆماسی بێت، دەبێت بزانین ماف بە تووڕەیی و هەڵەشەیی ناسەنرێت و وەرناگیرێت بەڵکوو بە بیر و پلان و یەکریزی وەردەگیرێت.

ئێمە داوای مامەڵەیەکی یاسایی، دیپلۆماسی و درێژخایەن دەکەین. کێشەکە کێشەی مافە، خاکە. ئەگەر دان بەمافی چارەنووس بنێن، ئاشتی دەتوانێت ببێتە بنەما. ئەگەر بەردەوامبن لە نکۆڵیکردن و پەراوێزخستن، بە دڵنیایەوە بەرخودان بەردەوامی دەبێت و ئارامیش نابێتە مێوانی ئەوان.

پەیامی گەلی کورد بۆ دۆست و نەیار و دوژمنانی لە بەر ڕۆشنایی شەڕی داعش و رۆژاڤای نیشتمان، هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر باکوور و ڕۆژاڤا، بەتایبەت لە گەرەکی شێخ مەقسود، بە بیری جیهانی هێنایەوە، ئێمە شەڕخواز نین، ئێمە داگیرکەر نین. ئەوە ئێوەن داگیرکەر. ئێمە ڕێگای ئاشتی هەڵدەبژێرین بۆ بەدهێنانی مافی چارەنووس، بۆ سەربەخۆیی یان کۆنفیدراڵی یان فیدراڵی کە لەسەر بنەمای دیموکراسی و یەکسانی و دامەزراوە، کە گەرەنتی خۆبەڕێوەبەریی گەلەکەمان مسۆگەر بکات.

لە هەمان کاتدا ئەم ماف و داواکارییە بۆ پێکەوەژیانە لەگەڵ گەلانی دراوسێ. ئازادی کورد و دەوڵەتی کوردستانی مەترسی نییە بۆ سەر ناوچەکە و نەتەوەکانتان، بەڵکوو هیوایە بۆ ژیان و ئاشتی هاوسەنگی لە ناوچەکە. بۆیە دەبێت دەوڵەتانی سووریا و ئێران و تورکیا واز لە سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیکردن بهێنن.

لە عێراق‌یش، فیدراڵیزم بە شێوەیەکی شەرمنانە و ناتەواو جێبەجێ دەکرێت، بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی عێراق وازی لە سیاسەتی دەستی دەستی و خۆشاردنەوە نەهێناوە بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور، هەروەها بەردەوامە لە بڕینی ماف و قووتی خەڵک و ئاماژەکان پیشانی دەدەن پەشیمان بوونەتەوە لە شەراکەت و هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەگەر لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران نیەت پاکی و بە دەنگەوە هاتن نەبێت بۆ جێبەجێکردنی دەستوور دەبێت کورد وەڵامی هەبێت.

دەرەنجام، ئەگەر دەوڵەتە داگیرکەرەکان سوور بن لەسەر دروشمی سەروەریی و یەکپارچەیی بەناو خاکی خۆیان، بەبێ داننان بە مافی چارەنووس بۆ گەلی کورد، دەبێت گەلی کورد وەڵام و پلانی جددی و ستراتیجی هەبێت و لەناو بازنەی بەتاڵ و دروشمی برایەتی درۆزنانە بەخەبەر بێتەوە، وەڵامی نوێی پێ بێت بۆ ئەم بارودۆخە. چونکە وڵاتە داگیرکەرەکان واز لە سیاسەت و ئامانجی سەروەریی و یەکپارچەیی بە ناو خاکی خۆیان ناهێنن، بۆ درێژەدان بە داگیرکاری و شاردنەوەی تاوانەکانیان. دەبێت گەلی ئێمە هەڵوەستەیەک بکات، بەرامبەر ئەو سیاسەت و ستراتیجەی ئەوان، نابێت ئیتر بەردەوام بمان خاپێنن، نابێت جەنگاوەری ئازا بین بۆ بەرنامەی دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندی. دەبێت ئیتر جەنگاوەری ئازا بین تەنها بۆ دروستکردنی وڵاتی کوردان، هەموو دەرگایەک بەکراوەیی بەجێ بهێڵین و لەهەموو دەرگایەک بدەین، ئەزموونی باشوور و ڕۆژاڤا زۆر نهێنیان ئاشکرا کرد. گەمارۆدانی گەرکی شێخ مەقسوود و تەواوی ڕۆژاڤای کوردستان بەڵگەی نکۆڵی لێنەکراون.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO