ئەسرین عاسی شوانی
ڕۆڵی ژنی کورد لە شۆڕشەکانی گەلی کوردستان دا زۆر کاریگەر بووە هەر لەسەرەتاوە گەر بە شێوەی سادەش بووبێت. بۆیە گەر ئافرەتی کورد ڕاستەوخۆ بەشداری شۆڕشی چەکداریشی نەکردبێت هەمیشە داینەمۆی شۆڕش بووە لەبەر ئەوەی هەموو شۆڕش و بزووتنەوە کوردستانییەکان لەسەرتاسەری وڵاتدا بە نان و پێخۆری ئافرەتی کورد بەڕێوەچوون و هیچ سەرکردەیەک و پێشمەرگەی کوردستان نییە سەدان جار لەسەر خوانی ئافرەتانی کورد بەنانەڕەق ڕووبەڕووی دوژمنان نەبووبێتەوە و داستانی سەروەریان تۆمارنەکردبێت.
جگە لەوە زۆربەی پێشمەرگەکانی کوردستان هاوسەردار بوونە و لە شاخ هاوسەرەکانیان شانبەشانی هاوژینەکانیان بوونە و هیچیان لە پێشمەرگەیەک کەمتر نەبووە، زۆرجاریش ڕۆڵی گەورەیان گێڕاوە لە شەڕەکاندا و دوژمن لەسەر دەستیان شکستیان هێناوە. بەکورتی، ئافرەتی کورد هەم پێشمەرگە بووە بۆ هاوسەرە پێشمەرگەکەی و پشت و پەنای بووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان ڕۆڵی گەورەیان لە هۆشیارکردنەوەی دەوروبەرەکەیان بینیوە و لە چارەسەرکردنی بریندار و ورە بەخشینەوە بە دەوروبەر ڕۆڵیان هەبووە.
لەوەش زیاتر، ژنی کورد بەتایبەت ئەو ئافرەتانەی لەگەڵ هاوسەرە پێشمەرگەکانیان لە شاخ بوونە ڕۆڵی پێشمەرگە و پاڵەوانیان بینیوە و هەمیشە ورەیان بە پێشمەرگەی قارەمانی گەلەکەیان بەخشیوە.
لە ئێستاشدا، ئافرەتی کوردستانی هیچی لە پیاو کەمتر نییە چ وەک و جەنگاوەرێک چ وەک کاری بەڕێوەبردن. ئەوەتا دەبینین ژنانی کورد لە ڕۆژاڤا شکستیان بە دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش هێنا و بۆ جیهانیان سەلماندیان کە ئافرەتی کورد ئەوانەن کە موستەحیلات دەکەن، وەک و پیاو مەترسیدارترین سەنگەر بەرامبەر دوژمنان دەگرن و لە بەڕێوەبردن و بەشداری کردن لە سیاسەت و بەرێوەبردنی حکومەتدا کەمتر نین لە پیاوان. لە هەموو کابینەکانی حکومەتی هەرێمیش بەتایبەت لە کابینەی نۆدا چەندین ئافرەت لە پۆستی زۆر هەستیاردا دەستبەکارە و ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێت، ئەوەش نیشانەی پێشکەوتنی گەلی کوردستان دەرەخات.
لە مێژووی کۆن و تازەدا چەندین ژنی هەڵکەوتووی کورد ناویان درەخشاوە لە لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لەسەروەری وەک و حەپسەخانی نەقیب و چەندین شێرەژنی تر. ژنانی کورد ئیسپاتیان کردووە بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین کە میللەتێکی زیندوون و هەر بە زیندوویی دەمێننەوە، هەر ئەوەش بوە کەوا دوژمنانی گەلەکەمان زەندقیان لە ژنانی گەلەکەمان چووە و بە سێدارەدانی شۆڕەژنانی ئازاو بوێری کورد ویستویانە کاروانی پڕ لە سەروەری گەلەکەمان چەق بەست بکەن وەک و لەیلا قاسمی هەمیشە زیندوو کە لەسەر پەتی سێدارە بە هوتافی بژی کورد و کوردستان پەتی سێ دارەی لە مل ناو بۆ دواجار بە شانازیەوە سەری نایەوە. ئەوەش نیشانەی پێشکەوتنی گەلی کوردستانە لە هەموو لایەکەوەوە، ئەو بەربەستەش دەوڕووخێنێت کە لە نێوان پیاو و ژن دا هەیە.



