سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بۆ دەبێت مەترسی گەڕانەوەی پەهلەوی لە ئێران دا بە جددی وەربگرین؟

حوسێن ڕەحیمیان

لەم چەند ڕۆژەدا، چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گومانەوە سەیری ئەو دروشمانە دەکەن کە بۆ لایەنگری کوڕی پەهلەوی دەدرێن. دەگوترێ کە ئەو کلیپانە سازکراون و پێشتریش دەگوترا کە کوڕی شا توانای ڕێکخستن، ڕێبەرایەتی و هێنانە سەر شەقامی خەڵکی نییە، کەوابوو بەرەی فاشیزمی پاشایەتیخواز بۆ داهاتووی پاش کۆماری ئیسلامی جێگای مەترسی نابێت.  لێرەدا بە کورتی لە چەند خاڵدا ئاماژە بەو هۆکارانە دەکەم کە سەرەڕای گەمژەیی و بێتوانایی کوڕی شا، ئەگەری گەڕانەوەی بۆ سەر تەختی دەسەڵات لە ئێران دا دەبێ زۆر بە جددی وەربگیرێت، لەبەر ئەم هۆکارانە.

هۆکاری یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ کولتوور و ئەقڵی سیاسی ئێرانی. ئەقڵی سیاسی ئێرانی هەر لە کۆنەوە لە سەر بنەمای پیرۆزکردنی ئاسمانی و ئەو بابەتە کە پێی دەڵێن “فەڕڕی ئیزەدی” ساز کراوە. لەم تێگەیشتنەدا حاکم مەشروعیەتی خۆی نەک لە خەڵک بەڵکوو لە “خودا”وە وەردەگرێ. ناسیۆنالیزمی ئێرانیش لە سەر بنەماکانی زمانی فارسی و باستانگەرایی و گەڕانەوە بۆ بەهەشتێک لە ڕابردوودا ڕاوەستاوە. سەردەمێک گەڕانەوە بۆ دەورانی بەر لە ئیسلام، دواتر گەڕانەوە بۆ سەردەمی ئیسلامی و ئێستاش بۆ سەردەمی زێڕینی بنەماڵەی پەهەلەوی. فەرهەنگی درێژخایەنی ستەمکاریی ڕۆژهەڵاتی هیچ جێگایەکی بۆ سازبوونی چەمکی دێمۆس و دەسەڵاتێکی دیمۆکراتیک نەهێشتوەتەوە. مێژوو پیشانی داوە لە کاتی چڕبوونەوەی قەیرانەکاندا، فارسەکان بە خێرایی لە دەوری کەسایەتیەکی فریادڕەس کۆ دەبنەوە. دەبێ بزانین جووڵەی ڕۆحی مێژوویی و ئەقڵی سیاسی ئێرانی نەک لە کۆیلەتییەوە بەرەو ئازادی بەڵکوو لە فۆرمێکی کۆیلەتییەوە بەرەو و فۆرمێکی تری کۆیلەتی لە گۆڕاندایە. بە گۆڕان لە  پاشایەتییەوە بۆ ویلایەتی فەقێ و هەمدیسان لە شێخەوە بۆ پادشا. لە “شانامەوە” بۆ “اصول کافی” و “عصر الظهور”، یان سەردەمی دەرکەوتن و گەڕانەوە. لەهەردووک گوتارە دینی و سێکۆلارەکەدا فریادڕەسێک دێت و بەهەشتی لە دەستچوو دەگەڕێنێتەوە. ئەمە ئایدیۆلۆجی “ئێرانی”یە کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کوردستان دەگۆڕێ بۆ “ئین ئاخەرین نەبەردێ، پەهلەوی بەرمیگەردێ”  واتە “ئەمە جەنگی ئاخرە و پەهلەوی دەگەڕێتەوە” و کوڕی شا و سیستەیمی پاشایەتی بە سیمبول و ڕزگاریدەر وەردەگرێ.

هۆکاری دووەم ئابووری سیاسی دەوڵەتی ئێرانییە، کە لەگەڵ هۆکاری یەکەم تەبایە. ئابووری سیاسی دەوڵەتی ئێرانی لەگەڵ مێژوو و فەرهەنگی سیاسی فارسەکان یەک دەگرێتەوە. ئەم فۆرمە لە ئابووری لە سەر بنەمای فراوانخوازی، داگیرکاری و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی نەتەوە بندەستەکان ساز کراوە. لە “کۆڕش”ـەوە هەتا “داریووش” کە دەیگوت “من نێزەی پارسیم تا دوورەدەست فڕێ داوە” هەتا ئیستعمار و ئیمپریالیزمی نوێی فارسی کە سەد ساڵە سەرچاوەکانی ژێر زەوی و سەر زەوی و سامانی نەتەوەکانی دیکە بە تاڵان دەبات و لە ناوەندا کۆی دەکاتەوە. فارسسالاری ئێرانی بە تێچووی بە کۆیلەکردنی خەڵک و تاڵانکردنی خاکی نەتەوەکانی دیکە  ساز کراوە. کەوابوو هەرچەشنە گۆڕانێکی دیمۆکراتیک کە ڕێگە بدا نەتەوە بندەستەکان جۆرێک لە مافی چارەی خۆنووسین بە کاربێنن و دەست بەسەر سامانی وڵاتەکەی خۆیان دا بگرن بە دڵی عەجەمەکان نابێت. یەکسانی نەتەوەیی فارس و بەلووچ دوایین شتێکە کە فارەسەکان بیری لێ دەکەنەوە. سیستەمێکی داپڵۆسێنەری ناوەندگەرا کە نەتەوەکانی دیکە بە قازانجی فارس دەچەوسێنێتەوە لەگەڵ فەرهەنگی سیاسی فارس و ئابووری سیاسی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییدا  یەک دەگرێ و ئەگەری گەڕانەوەی کوڕی شا بە هێزتر دەکات.

هۆکاری سێیەم کارکردی سیاسی نۆستالجیاییە.  بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا و لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی دەوڵەتی ئیسلامیدا، پەرە بە جۆرێک لە تێڕوانین بۆ ڕابردوو دراوە. ئەم شەپۆڵە کە بە تایبەت لە “مەن و تۆ” تی ڤی دا دەبینرا، سەردەمی پەهلەوی وەکوو دەورانێکی زێڕین وێنا دەکات کە لەودا دەوڵەتی ئێرانی لە لووتکەی پێشکەوتن و خۆشبژیویدا بوو. بۆ خۆم لەم چەند ساڵەدا لە وتووێژ لەگەڵ خەڵکی ئاسایی فارس دا دەیان جار بەر ئەم دێڕە کەوتووم: “چی بوودیم چی شۆدیم” واتە چی بووین و چیمان بەسەرهات. بە واتای تر لە ناو بیرەوەری دەستەجەمعی عەجەمەکان دا سەردەمی پەهلەوی دەورانێکی زێڕێنی لە دەستچووە کە گەڕانەوە بۆی، دەتوانی لە قەیرانەکانی ئێستا ڕزگاریان بکات. کەوابوو ڕاستە ڕەزا پەهلەوی ناتوانێ خەڵکە سیاسیەکە بە زۆری بەڕێکخستن بکات بەڵام لە ناو خەڵکی ناسیاسی و ئاساییدا زۆر بە ئاسانی دەتوانێ وەکوو نوێنەری ڕۆژگاری خۆشی لەدەستچوو، جێگای خۆی بکاتەوە.

سەبارەت بە لایەنگرانی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێستاش، نزیکترین لێکچوون لەگەڵ گوتاری پاشایەتیدا دەبینرێ. دەبێ بزانرێ شیعەگەریی فارسی بەشێکە لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی.  باوکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی پێیان وابوو کە شیعەگەریی فارسی لەبنەڕەتدا لەگەڵ ئیسلامی عەرەبی جیاوازی هەیە. بۆیە دەبینین لایەنگرانی دەوڵەتی ئیسلامی، کاتێ لە دەسەڵات جیا دەبنەوە دەچنە بەرەی پەهەلەوی. چینی سەرمایەداری ڕانتی ئیسلامیش لەم ئاخرانە بە ساز کردنی فیلمی “تاسیان” پیشانی دا کە چەندە سنوورە ئایدیۆلۆجییەکانی لەگەڵ پاشایەتیدا کەمڕەنگە.  لە ئەگەری ڕووخانی دەوڵەتی ئیسلامیشدا، ئەم چینە و و توێژە سونەتییەکان زۆر ئاساییترە بچنە پاڵ سەڵەتەنەت هەتا هێزە چەپ و لیبڕالەکان کە لە بنەڕەتدا کاریگەری ئەوتۆیان نییە. کەوابوو ئەوەی کە ڕەزا پەهلەوی باس لە سندووقی هەڵبژاردن دەکات بانگەشەیەکی ژیرانەیە و ئەگەر سندووقی دەنگدان جۆری سیستەمی سیاسی داهاتوو دیاری بکات گەڕانەوەی سەڵتەنەت لە ناو فارسەکان دا ئەگەرێکی یەکجار بە هێزە.

هۆکاری پێنجەم خوێندنەوەی مێژووە. خودی ڕەزا خان و ‌حەمە ڕەزاشای کوڕی بە کودەتا هاتنە سەر کار یان لەسەر دەسەڵات مانەوە.  هەردووکیشیان کودەتایان بە سەر دەوڵەتێکی تا ڕادەیەک دیمۆکراتیکدا کرد. بۆیە مەرج نییە ڕووداوەکان تەنها لە ڕێگای سندووقی دەنگدانەوە ئاراستەیان دیاری بکرێ.  لێرەوە کوڕی شا ئەم ڕاستییە دەزانێ، بۆیە هەوڵی داوە بە دروست کردنی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی وەک ئیسرائیل و نواندنەوەی خۆی لە ئەمریکا و ئەوروپا وەکوو دەمڕاستی ئوپۆزسیۆنی ئێرانی، هەلەکە لە بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە.  

دوایین هۆکار دەور و کاریگەریی میدیا لە سەر سازکردنی مێژووی زێڕینی پەهلەویی لای بیروڕای گشتییە. ئەم ڕەوتە لە تەلەفزیۆنی “مەن و تۆ” دەستی پێ کرد و ئێستاش “ئێران ئینتەرناشناڵ” بڵیندگۆی لایەنگرانی پاشایەتییە. ئەگەر بی بی سی فارسی ساڵی ١٩٧٩، بە میدیای مەلاکان ناوبانگی دەرکرد و کاریگەریی گەورەی بۆ سەرکەوتنی ئەوان هەبوو ئێستا “ئێران ئینتەرنەشناڵ” دەتوانێ هەمان دەور بۆ کوڕی شا بگێڕێ. هەروەها هەزاران پەیجی ئینستاگرامی کە بە چڕی لایەنگری لە پەهلەوی دەکەن  و وەکوو هەموو بزاڤێکی فاشیستی دیکە لە ڕێگای درۆ و چەواشەکاری، جوێنفرۆشی و تۆمەت لێدان هەوڵی سەرخستنی پەهلەوی و بێدەنگ کردنی دژبەرانی پاشایەتی دەدەن.

لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ سەرەڕای ئەم هۆکارانە، چەند گرفت لە بەردەم ڕەزا پەهلەوی و لایەنگرانیان هەیە کە دەتوانێ گەڕانەوەی بێ کێشەیان تووشی ئالنگاری  بکات. جیا لە چارەنووسی دەسەڵاتی ئێستا، هەروەها ویستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کە هێشتا خۆی ساخ نەکردووەتەوە، لە ئاستی سەرتاسەرییدا تەنیا لایەنی ڕێکخراو کە دەتوانێ بە کردەوە  و هەتا ئاستی شەڕی ناخۆ کێشەیان بۆ ساز بکات “ڕێکخراوی موجاهیدین”ە. لە ئاستی نەتەوەکاندا یەکگرتوویی نەتەوە نافارسەکان هۆکارێکی یەکجار گرینگە. بە تایبەت کە منداڵە ورتکەی دەورووبەری ڕەزا پەهەلەوی هەر لە ئێستاوە شیر و تیر لە نەتەوە نافارسەکان دەسوون و هەڕەشەیان لێ دەکەن. ئەمە خۆی زەنگێکی هۆشیار کردنەوەیە. پێم وابێ بە تایبەت تورکەکان لە ئێرانی داهاتوودا دەورێکی بنەڕەتی دەگێرن و فۆڕمی ئێرانی داهاتوو لەمەڕ ناوەندگەرا بوون یان تەنانەت لێکهەڵوەشانەوە پێوەندی بە هێزی بە بڕیاری ئەوانەوە دەبێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO