سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەخش، نیگاری ڕۆژگار و چیرۆکی ژیارە: مافوورەکانی دایە سۆرێ

هەوراز محەمەد

گەلانی دێرینی زاگرۆسنشین، دایبابانمان، هێندەی پێیان کرابێت، چیرۆکی خۆیان لە پەناوپەسێری تەنگ و لە کووچەی دەنگدا بۆ بەجێهێشتووین، بەجۆرێکیش کۆدداریان کردوون، تەنیا ئەو کەسانە لێی تێدەگەن کە  ڕیشەکانی ژیارەکە ورد بناسن و بتوانن کۆدەکان بکەنەوە و بخوێننەوە. بەشێک لەم چیرۆکی ژیانە دەم بە دەم و سینە بە سینە، لە ناو بەیت و حەیران و لاوک و دەنگبێژیدا گێڕدراونەتەوە، هێندێکی تریشیان لەسەر نەخشی مافوور و جاجم و بەڕە و فەرشەکان تا دەگاتە دەقی (کوتینی) سەر دەست و ڕووخسار بۆمان جێ ماون.

بەشێک لەم هێمایانە، هەر خۆیان چیرۆکن، یان هێمان بۆ بڕوایەک، ئایینێک، هێندێکیشیان بۆ ئەوەن پێمان بڵێن ئێمە لە کام هەلومەرجی ژینگەیی پێکەوەیی لەگەڵ سروشتدا ژیاوین.

لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم هێندەی لێی بزانم و توانام بەسەریدا بشکێت، هێزی بیرم بخەمە کار بۆ لێکدانەوەی نەخشەکانی سەر دوو مافووری دەستچنی دایە سۆرێ (ڕازیە عەلی خدر)، کە لە ١٩٣٧ لە گوندی گردەچار لە دەڤەری قەراج لە دایک بووە. دایە سۆرێ وەک لەسەر کێلی گۆڕەکەی هەڵکەندراوە ناسراوبوو بە “دایکی هەمووان”، لە ١٩٥١ هاوسەرگیریی لەگەڵ مام ئەمینی کێخوا سادق، کە خەڵکی گوندی گابەرەکەی ناوچەی کەندێناوە بووە، کردووە. ئەو شەش کچ و چوار کوڕی هەیە، لەوانە: شێرکۆ کرمانج و محەمەد ئەمینی تراکتۆرەکە.  دایە سۆرێ لەسەر دەستی خوشکەکانی، بەتایبەتی پلکە عەیشێ، فێری دروستکردن و چنینی مافوور بووە لە ئەلفەوە تا ێ، واتە هەر خۆی خووری ڕستوە و ڕەنگی گرتووەتەوە و بەنەکانی ڕەنگ کردوون. دواتریش هەر بەخۆی کەرەستەی تەون و ڕایەڵەکانی هەڵدەبەستا بە “دارە دووگوێ”کە و “سەرەتان” و “بنەتان”یشـەوە. هەندێک لە کچەکانی، بەتایبەتی نەجیبە، هەم یاریدەدەری دایە سۆرێ بوون هەم فێری تەون و چنینیشی کردوون.

لەم چەند بڕگەیەی خوارەوە هەوڵ دەدەم کۆدەکانی هەندێک لە نەخشەکانی دوو مافووری ئەو خاتوونە دەستڕەنگینە بکەمەوە و شرۆڤەی نەخشەکانیش بەپێی توانا بکەم.

لاکێشەی پێکەوەژیانی خاچ و خۆر و ماسی، مافوور یەکەم

ئەم مافوورە و جۆرەکانی تری لەم شێوە و ئەندازەیە، بەر لە ناوەڕۆک ئاماژەیەکن بۆ جۆرێک لە ئەندازەی ماڵ و ماڵسازی (ئەندازیاری ماڵ)، قەبارە و درێژی و پانی فەرشەکان ئەندازەن بۆ ژوور و هۆدە و ڕاڕەوەکان، یان دیوەخان و شوێنی دانیشتن، کە لە زۆرینەی ماڵەکان بەم ئەندازەیە لە هەردوو بەری ژوورەکاندا، لەبەرانبەر یەک دوو دانە لەم فەرشانە ڕادەخران، یەکێکیش لەلای سەرەوە ڕادەخرا و هەردوو مافوورە لاکیشەیەکەی دیکەی بەیەکەوە دەبەستەوە. درێژی فەرشەکان ئاماژەدەری درێژی ژوور و ڕاڕەوەکان بوون.

ڕەنگی فەرشەکان بەگشتی، سوور یان جەرگی زاڵن بەسەریاندا. بەر لەمە دروستە بڵێین ڕەنگگرتنەوە لای کوردان پڕۆسەیەکی ژینگەیی سروشتییە و لە گوڵ و گیا، هەم ڕەنگ گیراوە هەم بۆن. ڕەنگی فەرشەکان لە ڕەنگی گوڵاڵەسوورە و گوڵەهێرۆ و گوڵەبەیبوون و گوڵەشلێر و گوڵی کراسە کەوە و خونچەی گوڵبزن و گوڵی شەوبۆ و مینا و نەسرین و ژاڵە، هتد، ئیلهامیان وەرگرتووە. بە گشتی ڕەنگەکان تێرن و گەرمن، کە هەم دەکرێت مایەی گەرمی کۆمەڵایەتیمان بن، هەمیش نیشانەی تێری چاومان لە جوانییەکانی سروشت.

لەم مافوورەدا و لەوی دیکەشدا، کە هاوشێوەی زۆرینەی مافوورە کوردییەکانن، بە چوارچێوە دەست پێ دەکات کە چیرۆکەکە لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە:

چوارچێوەی یەکەم: پەرژین بە نازناز

لەم مافوورەدا ئەگەر چوارچێوەکە وەک باخێک یان پارچە زەوییەک بچوێنین، ئەوە باخەکە بە پەرژینێک لە گوڵ  دەورە دراوە، گوڵی نازناز. نازناز گوڵێکە لە پێدەشت دەڕوێت زۆرتر بەرگەی گەرمی دەگرێت و پەڕەی زۆر نین، ڕەنگیان سوور و جەرگی و سپی و پەمەیین، زۆرتر پەرژین دەڕازێننەوە. بۆیە لە چوارچێوەی یەکەمدا دانراوە. گوڵەکان بە شێوەی ئاراستەزانی (قیبلەنوما) ئاماژەی چوار ئاراستەی (باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا)یان تیادایە کە بەستراونەتەوە بە چوارگۆشەیەکەوە کە چەق یان بنکەی هەڵاڵەیە.

چوارچێوەی دووەم: گوڵاڵە سوورە

لە دوای چوارچێوەی یەکەم، چوارچێوەیەکی تر دەست پێ دەکات کە ئەویش هەر گوڵە، بەڵام گوڵێکی جیاواز. گوڵاڵە سوورە، گوڵێکە لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە، دەمێکە لای کورد سیمبول و نیشانەیە هەم بۆ بەهار و هەم خوێنی شەهیدیش. گوڵاڵە سوورە تەمەنی زۆر درێژ نییە و ڕەنگی سوور و پڕتەقاڵی و مۆر و سپی و پەمبەییە. هەم لە پێدەشت هەن، هەم لە زۆزان. لەنێوان گوڵەکاندا پەلکەگیا هەن.

لە دوای چوارچێوەی دووەم، پانتایی ژیان دەست پێ دەکات، ژیانێکی کوردانە. ئەویش بە شاخ دەست پێ دەکات، سێگۆشە یەک لە دوای یەکەکان، لە دیوی ناوەوەی ڕووبەرەکەدا ئاماژەی ڕوونن بۆ زنجیرە چیاکان. لە مافوورەکەدا لەسەر لوتکەی هەر سێگۆشەیەک/چیایەک، خاڵێکی سپی هەیە، کە ئاماژەیەکی ڕوونە بە لوتکەی بەفرینیی چیاکانی کوردستان. سێگۆشە نەپچراوەکان وەک مێرابێک/پەیژەیەک لە دەوری نەخشە سەرەکییەکە لەوانەیە ئاماژە بن بەوەی کە وڵاتی کوردان، گوندەکان، بە چیا و شاخ و گرد و زوورگ و تەپۆڵک دەور دراون. لە لێکدانەوەیەکی تردا سێگۆشە لە نیگارەکاندا هێمایە بۆ نەخشی پارێزراوبوون لە چاوپیسی، وەک چاوەزارە سێگۆشەییەکان، لە زۆر مافووردا بوونیان هەیە.

گوڵەکانی تر، کە لە ناو پانتاییەکەدا نەخشێنراون، کەمتر لە مافوور کوردی دا بوونیان هەیە، زۆرتر لە مافووری تورکی دا ئەو شێواز و پەڕانە هەن. بەلێکدانەوەیەکی گریمانەیی، وێدەچێ دایە سۆرێ دراوسێی تورکمانی هەبوو بێت کە ئەوانیش مافووریان چنی بێت و ئەو نەخشەی لەوان وەرگرتبێت، یان لای ژنی تورکمان فێری مافوور چنین بوو بێت، یان لە مافووری دیکەدا ئەمەی دیبێت و پێی جوان بووبێت و دروستی کردبێتەوە.

لە ١٩٦٣دا، کاتێک گوندەکانی کەندێناوە بەر شاڵاوی حەرەس قەومی و سوپای داگیرکەری عێراق دەکەوێت و گوندەکەیان، گابەرەکە، لە پاڵ چەندین گوندی دیکە لە ناوچەکە دەسوتێنرێن و تەعریب دەکرێن. لەو سەروبەندەدا، دایە سۆری لەگەڵ خێزانەکەی بۆ نزیک پێنج ساڵ لە هەولێر لە گەڕەگی خانەقا و شێخەڵا نیشتەجێ دەبن، کە ژمارەیەکی بەرچاو تورکمانی لێ نیشتەجێ بوو. پێدەچێت هاتووچۆ و تێکەڵی لەگەڵ تورکمانەکاندا کاریگەریی لەسەر هەندێک لە نەخشەکانیدا هەبوو بێت.

سێینەی خاچ و خۆر و ماسی کە بە ڕیزێکی ڕێکئەندازی یەک لە دوای یەک یازدە دانەی لە ناوەڕاستی مافوورەکە بە درێژیی دروست کردووە، نیگارێکی تێکەڵی هەیە .سێینە یازدە دانەیەکە خۆی لە بنەڕەتدا دەبوو دوازدە دانە بوایە، وەک نیشانەی دوازدە مانگی ساڵ، بەڵام وا دیارە لەبەر جێنەبوونەوە (قەبارە و درێژی) تەنها یازدە نەخشی کێشاوە.

نیگارەکە کۆلاجێکی هارمۆنی سێ شتە، دیوی دەرەوە وەک خاچ دەردەکەوێت کە ئاماژەیە بۆ ئایینی کریستیانی/مەسیحی، لە ناوەڕاستیشیدا خۆرێک هەیە کە ئاماژەیە بۆ “خۆرپیرۆزیی”، کە وەک خۆرپەرستی ناوزەد کراوە، کە ئایین و باوەڕێک بووە بەر لە کریستیانبوونی خەڵكی زاگرۆس. لەناو ئەویشدا ماسی هەیە، ماسی و ئاویش ڕەگی ژیان و ئاوەدانین.

ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە لە نیگاری حەوتەمدا لە ناو سکی ماسیەکەدا ئاماژەیەک هەیە (هێڵێکی ئاسۆیی خاڵێک لەسەری و خاڵێک لە ژێری) وەک نیشانەی دابەش (÷) کە لە ئێستادا لە ماتماتیکدا بەکاردێت. ئەم نەخشە یەکێکە لە “دەق” (کوتین)، کە لەسەر جەستە لەسەر چەناگە و لەسەر مەچەک دەکوترێت، کە پێی دەگوترێت “دەقی ژیان” یان “نیشانەی ژیان” کە بریتییە لە هێڵێکی ڕاست و دوو خاڵ. هێڵەکە ڕەگی ژیانە بە خاڵی ڕۆژ و مانگ، شەو و ڕۆژ، کە بەمانای بەردەوامی ژیان بە شەو و ڕۆژیەوە دێت. بوونی ئەم نەخشە لە نیگاری حەوتەمدا ئاماژیە بۆ ڕۆژی حەوتەم، کە ژیان تیایدا دەخولقێت.

لە دیوی دەرەوەی نیگارەکەشدا کە وەک خاچ لێکمانداوەتەوە گەر بە وردی لێی بڕوانین، نیوەی وەربگرین، ئەوا بە جوانی شێوەی قەڵایەک یان گردێکی بە پلیکانە دەبینین. ئەوەش بەشێکە لە ژیار کە زۆرێک لە نهێنی ناو شوێنەوارەکان لە کوردستان لەناو قەڵا و گردەکاندان. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریش ئاماژەیە بۆ بوونی قەڵا لە شارستانیی کوردستانیی دا.

مافووری دووەم: قۆچی بەران و چاو و ئاسک

لەم مافوورەشدا چوارچێوەی یەکەم و دووەم هەر وەک مافووری یەکەم وان، دیارە ئەمە وەک نەریتی کارەکە بابەتەکان دووبارەن، وەک چۆن لە دەقە کۆنەکاندا سەرەتا بە هەبوونەبوو دەستیان پێ دەکرد، یان بە شیعرێک کە بۆ سەرەتای هەموو چیرۆکەکان دەگونجا، ئەم مافوورانەش چوارچێوەکانیان وەک گێڕانەوەی چیرۆکەکانن، بە سەرەتایەکی هاوبەش دەست پێ دەکەن، بەشی زۆریان وەک یەکن. بەڵام لە ناوەوەڕا چیرۆکی ئەم مافوورەیان دەگۆڕێت.

سێگۆشەی چاوەزار

لەم مافوورەدا سێگۆشەکان دوو ئاراستەن و بەناو یەکدیدا چوون، کەمتر هێمان بۆ زنجیرە چیا، بەڵکوو زۆرتر هێمای نوشتە و چاوەزارن، کە مەبەستیان پاراستنی مرۆڤە لە چاوی پیس و وزەی خراپ. لە سەردەمانی دێرینەوە مرۆڤەکان باوەڕیان وابووە کە وزەی خراپ دێت و کاریگەریی لەسەر ژیان دروست دەکات و بەم هێما سێگۆشەییانە بەرەنگاری بوونەتەوە.

شەپۆڵەکان و لاتەنیشتەکان

لەسەر یەک هێڵی ئەندازەیی شەپۆڵێک هەیە لە شەش نیگاری دووبارە پێکهاتوو، کە بریتیین لە خاچێکی شێوە جیاواز کە هەر سەرێکی قۆچی بەرانێکی پێوەیە، هەر یەکێک لەو چوار قۆچەش پێکەوە بە چوارگۆشەیەکەوە نووساون کە لەناو چوارگۆشەکەدا چاوێک هەیە.

ئەم مافوورە بە گشتی زۆرتر مافوورێکی دژە تەلیسم و چاوەزاری و ئەفسانەییە، هەم قۆچی بەران، هەم چاوەزار، هەم بوونی چاوی ناوەندی کە چاوێکە نەبینراوەکان دەبینێت، توخمێکی ئەفسانەیی بە مافوورەکە بەخشیوە. ئەم مافوورەی دایە سۆرێ زۆرتر تابلۆیەکی پڕلوغزە، لە لاتەنیشتی شەپۆڵەکانەوە و بە شێوەی نووساو بە ڕیزبەندی چوارچێوەکەوە نیگاری دوو ئاسک هەن کە بە ئاراستەی پێچەوانە هەر یەکەیان ڕوویان لە شوێنێک کردووە، لە نێوەندیشیانەوە دوو سێگۆشەی تر هەن کە پاشان لەسەرووی ئەوانیشەوە دیسان قۆچی بەران هەیە. خودی ئەم نیگارانەش لەناو گرد یان قەڵایەکی پێپلیکانەیدان. ئەمە دیسان ئاماژەیە بۆ بوونی شوێنەوار و نهێنی لەناو گرد و قەڵاکاندا.

ئەوەی سەرنجم ڕادەکێشێت لەم مافوورەشدا کە دەبوو نیگارەکانی ناوی حەوت بن، کەچی شەشن وەک چۆن دەبوو لە مافووری یەکەمدا دوازدە بن، کەچی یازدە بوون، دانەیەک کەمتر. دەشێت هۆکاری کورتیی مافوورەکان بەئەندازەی شوێنی دانیشتن و دیوەکان و ژوورەکان بووبێت. درێژی ژوورەکان هەر ئەوەندە بووە. دایە سۆرێ کە ئەم مافوورانەی چنیوە نەیتوانیوە زۆر نەخشەکان بچووک و گەورە بکات، یەکەم بەهۆی ئەوەی تواناکانی سنوورداربووە لە زانین و لە بوونی دەزگاکانی چنین کە هەر بەو شێوەیە ڕێگەی داوە. دەکرێت هۆکاری ئابووری و نەبوونی کەرەستەی پێویستیش، وەک بەن و سووف لە دوورەدەستی لە گوند یان لەبەر کەمدەرامەتی، لە پشت تەواونەکردنی ژمارەی نەخشەکانەوە هەبوو بن.

لە کۆتاییدا ئەوەی وەک سەرنج بۆم ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە ئەم مافوورانە ڕاستە هێماکانیان کوردین، بەڵام تێکهەڵکێشیش کراون لەگەڵ نەخشەکانی مافووری تورکمانەکان. جگە لەوەش هێما ئایینییەکانی خاچی فەلە و چاوی ناو ئەستێرەکەی داودی جووەکان و هێما دێرینەکانی درەختی ژیان و چاوەزار و ماسی و قۆچی بەران و ئاسک بەگشتی پێکهاتەی گشتی چیرۆکە ژینگەیی و سروشتییەکەی دانیشتوانی زاگرۆسنشینیانن.

خاڵی کۆتایی ئەوەیە دروستکەرانی ئەم مافوورانە زۆرینەیان زانیاری و ئاگادارییەکی قووڵیان لەبارەی چیرۆکی ناو نەخش و نیگارەکانیان نەبووە، وەکچۆن چیرۆک دەم بە دەم گێڕدراوەتەوە ئەوانیش ئەم نیگارانەیان نەوە بەدوای نەوەدا گواستۆتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO