سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

“حوسێن نازم”ی “ئومێدی ئیستقلال”، گوتاری دەوڵەت‌ و نەتەوەسازی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا

مەجید ساڵح

حوسێن نازم (1870–1932)، یەکێکە لە دیارترین ڕووناکبیر و ڕۆژنامەنووسەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم لە کوردستان. لە 20ی ئەیلوولی1923دا، دوای ئەحمەد خواجە و ڕەفیق حیلمی لە ژمارە 15وە تا ژمارە 25 ئەرکی سەرنووسەری ڕۆژنامەی «ئومێدی ئیستقلال»ی پێسپێدراوە کە ئۆرگانی حکومەتی سێیەمی شێخ مەحمودی حەفید بووە.

حوسێن نازم لە دەوڵەتی عوسمانی و لە کابینەکانی شێخ مەحمود دا چەندین پۆستی ئیداری هەبووە، ئەم ئەزموونە ئیدارییە ڕاستەوخۆ کاریگەریی خۆی لەسەر بیرکردنەوە و گوتاری سیاسیی ئەو بەجێهێشتووە. لە کۆتایی 1929دا، ئەو بووە بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی ژیان و تا کۆچیی دوایی، لە 6ی ئایاری 1932، بەردەوام بوو لەو ڕۆڵەی و لە چالاکی ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیریی.

کاتێک سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئومێدی ئیستقلال بووە، چەندین سەروتاری سیاسیی و کۆمەڵایەتی نووسیوە. ئەو وتارانە دەکرێت وەک دۆکیۆمێنتی مێژوویی بۆ دۆزی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و تێڕوانینی مونەورەکانی کورد لەو سەردەمەدا بخوێندرێنەوە.

یەکێک لە گرنگترین ئەو وتارانەی کە ئەو لە ژمارە 16ی «ئومێدی ئیستقلال» دا، لە 31ی کانوونی دووەمی ساڵی 1923 نووسیویەتی، وتارێکە بە ناوی «زه‌مانی غه‌فڵه‌ت ڕۆیی، وه‌قتی ئینتباه و ته‌بصیره» ئەم دەقە یەکێکە لە گرنگترین ئەو دەقانەی کە دەکرێت لە ڕێگەیەوە بیری کوردی لەو قۆناغەدا پێ بخوێندرێتەوە. ئەم دەقە لە سەردەمێکدا نووسراوە کە کابینەی سێیەمی حکومەتی مەلیک مەحمود یەکەم هەوڵی دەدا، شۆڕشی کوردی لە قۆناغی ململانێی سەربازی بگوازێتەوە بۆ قۆناغی دامەزراندنی دەسەڵات و سیستەمی ئیداری– نەتەوەیی. بەم پێیە، وتارەکە تەنها دەقێکی ئەخلاقی و سادەی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە گوتاری سیاسیی–ڕۆشنبیریی ئەو قۆناغە. وتارەکە دەکرێت وەک دەقێکی بنەڕەتی بۆ تێگەیشتن لە گوتاری ڕۆشنبیری– سیاسیی قۆناغی دەوڵەتسازیی شێخ مەحمود بخوێندرێتەوە، کە تێیدا بانگەواز بۆ هۆشیاری، کار، بەرپرسیارێتی مێژوویی، بە ناوی سەربەخۆیی نەتەوەییەوە دەکرێت، وەک لە خوارە شرۆڤە دەکرێت.

«غەفڵەت» وەک دۆخی مێژوویی– ڕۆحیی کۆمەڵگە

حوسێن نازم وتارەکە بە پێناسەکردنی قۆناغێکی مێژوویی دەست پێ دەکات کە ناوی دەنێت «زه‌مانی غه‌فڵه‌ت». مەبەستی ئەو لەم غەفڵەتە تەنها بێئاگایی تاک نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ دۆخی گشتیی کۆمەڵگەی کوردی کە بەردەوامی درێژخایەنی هەیە. نووسەر لەم بارەیەوە دەڵێت: «ئێمه‌ به‌ ئیعتیبار قه‌ومییه‌ت قابیلیه‌تێكی ئه‌ساسییمان هه‌یه‌، فه‌قه‌ت ئه‌م قابلییه‌ته‌مان به‌ حه‌ره‌كات و مه‌عامه‌لاتی ناهه‌موار سوئی ئیستفاده‌مان كردوه‌، چونكه‌ چاومان هه‌ر له‌ ئیسراحه‌ته‌وه‌یه‌.» لێرەدا «غەفڵەت» بە شێوەیەکی ڕۆشن پەیوەست کراوە بە ڕاحەت تەڵەبی، تەمەنی ئیسراحەت و دووربوون لە کاری ڕاستەقینە. ئەم شێوازی پێناسەکردنە، غەفڵەت وەک هەڵەیەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی پیشان دەدات، نە وەک چارەنووسێکی مێژوویی. بەم شێوەیە، نووسەر دەیەوێت ئەوە بخاتەڕوو کە دۆخی لاوازی کۆمەڵگەی کوردی لەو قۆناغەدا، درێژکراوەی قۆناغەکانی پێشووە و بەهۆی هێزی دوژمنەوە دروست نەبووە، بەڵکوو لەبەر دۆخی ناوخۆیی خۆمانە.

ڕەتکردنەوەی گوتاری قەومیەتی بێکار و ڕۆمانتیکی

یەکێک لە خاڵە بنچینەییەکانی دەقەکە، ڕەتکردنەوەی ئەو گوتارەیە کە قەومییەت بە تەنها دەتوانێت سەربڵندی و عیزەت دروست بکات. حوسێن نازم بە ڕوونی ئەم بیرۆکەیە هەڵدەوەشێنێتەوە و دەڵێت: «نه‌ك به‌ ئیعتباری قه‌ومییه‌ت، هیچ فه‌ردێكی ئینسانی نییه‌ تاكوو به‌ ته‌واوی زه‌حمه‌ت كێشی ته‌شه‌بوسات نه‌بێ، هیچ نه‌وعه‌ ڕه‌فاه و مه‌عیشه‌ت و سه‌ربڵندی و عیزه‌تی بۆ حاسڵ بووبێ.» لێرەدا، قەومییەتی بەبێ «زه‌حمه‌كێشی» و «ته‌شه‌بوس» وەک چەمکێکی پووچ پیشان دەدرێت. ئەم شێوازی گوتارە گرنگی تایبەتی هەیە لە قۆناغی کابینەی سێیەمی شێخ مەحمود، چونکە شۆڕش لە قۆناغی هەست و چەکداری، دەبێت بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی کار و دامەزراندن. بەم شێوەیە، حوسێن نازم قەومییەت دەکاتە ئەرکێکی کارایی، نە تەنها میراتێکی مێژوویی.

محاسەدە و نەبوونی ئینتزام وەک هۆکاری شکاندنی بنیاتە ناوخۆییەکان

نووسەر دوو نەخۆشیی سەرەکیی ڕۆحی-کۆمەڵایەتی دیاری دەکات کە بە باوەڕی ئەو، ژیانی مەعیشەتی و ئیداری کۆمەڵگەیان لاواز کردووە: «موحه‌قه‌قه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ دوو ئه‌حواڵی ڕۆحییه‌ ده‌ستوری مه‌عاشه‌ره‌تی ئێمه‌ی زه‌حمه‌تدار كردووه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكیان محاسه‌ده‌ی به‌ینی خۆمان (مەبەستی حەسادەتە) و دووه‌میان ئینتزام نه‌بوونه‌ له‌ ته‌شه‌بوساتی ئیداره‌ و مه‌عیشه‌تمان.» لێرەدا «محاسەدە» وەک هۆکارێکی ڕۆحیی ناوخۆیی پیشان دەدرێت کە یەکگرتوویی و هاوکاریی وێران دەکات، «ئینتزام نەبوون» وەک هۆکاری تێکشکاندنی سیستمی ئیدارە و ژیانی ڕۆژانە. هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو دووانەش بەڕای نووسەر ئەوەیە کە ئێمە «بەكولی چاومان له‌ سه‌نعه‌ت و مه‌عریفه‌ت نییه‌. به‌بێ ته‌عقیبی مه‌عاریف و سه‌نعه‌تێك و وه‌سعنی مه‌عیشه‌تمان ئه‌وێ…» ئەم دوو چەمکە، پێکەوە بنەمای گوتاری ڕەخنەیی نووسەر دروست دەکەن و ڕاستەوخۆ بە کێشەی دەوڵەتسازی پەیوەستن.

کار، مەشغوڵییەتی وەک چارەسەری ڕۆشنبیریی و ئەخلاقیی

لە بەرانبەر غەفڵەت، محاسەدە و بێئینتزامی، حوسێن نازم چارەسەرێکی ڕوون پێشنیاز دەکات: کارکردن و مەشغوڵییەتی ڕاستەقینە. ئەو دەڵێت: «مه‌شغوڵییه‌تی حه‌قیقییه‌ هه‌موو نه‌وعه‌ ئیعتیادات و خه‌یاڵاتێك فه‌رامۆش ئه‌كا، حیسی ئیحتراس كوێر ئه‌كا، فیكر و مولاحه‌زه‌ی هه‌ر دێته‌ سه‌ر پێشكه‌وتنی محه‌به‌ت و ئه‌سبابی مه‌عیشه‌ت.» ئەم بۆچوونە ئەوە دەردەخات کە کار لە دیدی نووسەر تەنها ئامرازێکی ئابووری نییە، بەڵکوو ئامرازێکی پەروەردەیی، ئەخلاقی و ڕۆحییە. بەم شێوەیە، گوتاری کار بە بنەمای گوتاری ڕۆشنبیری حکومەتێکی نەتەوەیی دەگۆڕدرێت.

گوتاری شەرم، بەرپرسیارێتی و ترسی مێژوویی

لە کۆتایی دەقەکەدا، حوسێن نازم بە شێوەیەکی گوتاریی (دیسکۆرس)، پرسیاری گوشاری ئەخلاقی دروست دەکات: «له ‌شه‌ره‌ف و حه‌یسیه‌ت حه‌یاتی تاریخیه‌ی بۆ ئێمه‌ عه‌یب نییه‌ كه‌ به‌م نه‌وعه‌ پاشكه‌وتووی هه‌موو قه‌ومێك بین؟!» ئەم پرسیارە گوتارەکە لە ئاستی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی بۆ ئاستی بەرپرسیارێتی مێژوویی بەرز دەکاتەوە. لێرەدا، نووسەر هاووڵاتی ئێستا بە مێژووی داهاتوو پەیوەست دەکات و وەک ئاگادارییەک ڕادەگەیەنێت: ئەگەر «ئینتباه و تەبصیرە» نەبنە کردار، مێژووی داهاتوو بە قازانجی نەتەوە نانووسرێت.

وتاری «زه‌مانی غه‌فڵه‌ت ڕۆیی، وه‌قتی ئینتباه و ته‌بصیره» سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە حوسێن نازم لێرەدا تەنها ڕۆژنامەنووسێک نییە، بەڵکوو وەک بیرمەندێکی ڕۆشنگەر لە قۆناغێکی گرنگی گواستنەوەی مێژووییدا قسەی خۆی کردووە؛ قۆناغێک کە شۆڕش دەبێت بگوازرێتەوە بۆ دەوڵەتداری و هەست بۆ کردار. ئەم دەقە لەناو پڕۆژەی فکری کابینەی سێیەمی حکومەتی شێخ مەحمود حەفید دا، وەک بەڵگەیەکی ڕێفۆرمیستی– نەتەوەیی دەردەکەوێت کە ئامانجی سەرەکیی دروستکردنی هاووڵاتی کارا و کۆمەڵگەی بەرپرسە.

حوسێن نازم لە وتارەکەدا نەتەوایەتی لە ئاستی هەست و سۆزدا دەهێنێتە دەرەوە و دەیهێنێتە ئاستی ئەرک و بەرپرسیارێتی. بانگەوازەکەی بۆ کار، مەشغوڵییەتی، ڕەتکردنەوەی بێکاری و محاسەدە (حەسوودیی)، هۆشدارییەکەی لە شەرم و بەرپرسیارێتی مێژوویی، هەموویان پێکهاتەی گوتارێکە کە دەیانەوێت بنەمای فکری حکومەتێکی نەتەوەیی دابنێن، نەک تەنها هەوڵێکی سیاسیی کاتی.

لە هەلومەرجێکدا کە هێزە داگیرکەرەکان لە دەرەوە فشاریان دەهێنایە سەر شێخ مەحمود و بنیادی کۆمەڵایەتی لەناوەوە لاواز بوو، حوسێن نازم ڕێگەی ڕزگاری لە چەکدا نابینێت، بەڵکوو لە (ئینتباه، تەبصیرە و گواستنەوەی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە)دا دەبینێت. ئەم تێڕوانینە، وتارەکە دەخاتە ناو گوتاری ڕۆشنبیری کوردی کە دەوڵەتسازی بەبێ گۆڕانی ڕۆح و هەست و ژیانی ڕۆژانە، کارێکی ئەستەمە.

لە کۆتاییدا، دەکرێت وتارەکەی حسێن نازم وەک هۆشدارییەکی مێژوویی بخوێندرێتەوە کە زەمەنی خۆی تێپەڕاندووە؛ چونکە ئەو نەتەوەیەی کە لە (غەفڵەتەوە) نەگوازێتەوە بۆ (ئینتباه)، لە مێژوودا تەنها وەک یادەوەرییەکی چەقبەستوو دەمێنێتەوە، نەک وەک کردارێکی زیندوو.

بە واتایەکی دیکە، ئەم دەقە تەنها ژانرێکی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی نییە، بەڵکوو بەڵگەنامەیەکی گرنگە بۆ نەتەوەسازی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، کە تێیدا ڕابوونی سیاسیی گرێدراوە بە گۆڕانی ئاستی هۆشیاریی، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارێتیی مێژوویی هاوبەش.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO