سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مێژووی گۆرانی و مۆسیقای کوردی، بنکۆڵکردنی هەندێک هەڵە تێگەیشتن

لە باسی مێژووی مۆسیقای کوردی‌دا، زۆر لە نووسەران و توێژەرانی کورد، یان وەکوو فەرهاد پیرباڵ خۆیان لە قەرەی مێژووی کۆنی مۆسیقای کوردی نادەن، یانیش وەکوو ئەوانەی سەبارەت بە هۆرە و سیاچەمانە نووسیویانە هەر لە حەمەی حەمە باقی، جەلیل عەباسی، عادل محەمەدپوور، دارا محەمەد عوسمان و حەمەڕەشی ئەمینی و زۆری دیکە، بڕوایان وایە سەرەتا و دەرکەوتنی مۆسیقای کوردی لە دەرکەوتنی زەردەشت و ئایینی زەردەشتی بووە. ئەگەرچی جەلیل عەباسی لە پەڕتووکەکەی بە ناوی “ئاهوورامان”دا پێی وایە گۆرانی لە هۆرە و سیاچەمانە کۆنترە و پێش دەرکەوتنی ئەو دوو هونەرە گۆرانیی کوردی هەبووە، بەڵام بۆ خوێنەر دیار نییە چۆن بەو بۆچوونەی گەیشتووە. هەرچی سەبارەت بە ناوی “گۆرانی”یشە، زۆربەی هەرە زۆری توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن و پێیان وایە وشەی “گۆرانی” لە ناوی هۆزی “گۆران” و ئەو ئاوازانەی ئەو هۆزە هەیانبووە داکەوتووە و بە ناو کوردانی دیکەدا بڵاو بووەتەوە.

لەو باسەدا عەباسی هەبوونی شێوازی گۆرانی لەگەڵ سەقامگیریی هۆزی گۆران دەبەستێتەوە و پێی وایە گۆرانی لە هەموو شێوازێکی دیکەی گۆرانیگوتنی کوردی کۆنترە. لە بەکارهێنانی دەستەواژەی سەقامگیریی و لە کۆی ئەو بیر و بۆچوونەی عەباسی لە زۆر بڵاوکراوەی دیکەیدا دەریبڕیون، تێدەگەین ئەو گۆران وەکوو هۆزێکی کۆچبەری ناوچەکە دەبینێت و لەگەڵ ئاریاییەکان هاتوون بۆ ئەو ناوچەیەی تێیدا نیشتەجێن. چونکە عەباسی پێی وایە کورد نەتەوەیەکی ئاریاییە و هەرچی کورد هەیەتی لقێکی ئەو هونەر و مۆسیقایەیە ئاریاییەکان هەیانبووە و هەیانە. لێرە خۆم لەو باسەی ئاریایی و نائاریایی دەپارێزم و زۆرتر سەبارەت بە گۆرانی و مۆسیقای کوردی دەدوێم.

با وا دابنێین گریمانەکەی عەباسی دروستە و گۆرانی لە ناو کورد دا بە تایبەتی لە ناو هۆزی گۆران‌دا کۆنترین شێوازی دەربڕینی بە ئاوازە. لەو بارەدا ئەو هۆزانەی دیکەی لە موکریان و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بڵاون و جۆری دیکەی دەربڕینی هونەرییان هەیە وەکوو بەیت، بەند، حەیران، لاوک/دەنگبێژی و هەموو شێوازەکانی دیکەی مەقام، جا ئایا لە ناوچە ساردەکانی کوردستان بن یان گەرمێنەکانی کەرکووک، کرماشان و قامشلی، خاوەنی هیچ دەربڕینێکی لەو جۆرەی هۆزی گۆران هەیبووە، نەبوون. لە گریمانەیەکی ئاوادا دەستەو دامێن دەمێنین و دەپرسین بۆچی هۆزی گۆران توانیویەتی پەرە بە شێوازی گۆرانی بدات و هەستی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام نزیکەی چەند سەد هەزار کەسێکی دیکەی باب و باپیرەی کورد لە دێر زەماندا لە هەموو هۆز و خێڵەکانی دیکەی کورد دا شێوازێکی لەو جۆرەی دەربڕینیان نەبووە و نەیانتوانیوە پەرە بە بەیت، بەند، حەیران، لاوک/دەنگبێژی و هەموو شێوازەکانی دیکەی مەقام لەگەڵ گۆرانیی هۆزی گۆران یان پێش ئەوان، بدەن؟ پرسیارەکە بۆ هەر کوردێک ئەوەیە چۆن دەبێت هۆزی گۆران ئاواز و گۆرانی هەبووبێت، بەڵام زازا، لەک، لوڕ، دزەیی، مەنگوڕ، زراری، شکاک، هەرکی، سورچی، هەکاری، شیروی، هتد، نەیانبووبێت؟

مێژووی کۆچی ئاریاییەکان بۆ ئەو زەویەی ئێستا بە ئێران ناسراوە کە گەلانی ئاریایی بۆی هاتوون لە نیوەی دووەمی هەزارەی دووەمی پێش زایین ڕووی داوە. کاتێکیش هاتوون ئەو زەویانەی ئەوان پێی گەیشتوون و لێی نیشتەجێ بوون چۆڵی قوڵفە نەبوون، کۆمەڵگەی دیکەی لێ بووە. بەڵگە بۆ ئەو زانیارییانەش توێژینەوە فرە پسپۆرییەکەی فێردیناند هەنەربیشلەر (٢٠١٢) بە ناوی “ڕەچەڵەکی کوردەکان” و توێژینەوەکانی جینناس دلاوەرخان (٢٠٢٠) بە ناوی “بە هیندۆئەوروپاییکردنی ئێران و کوردستان-پێکهاتەی جینەکانی داگیرکارانی هیندۆ-ئێرانییەکان”. بەو پێیە بێت، ئەو کۆمەڵگە و نیشتەجێیانەی لە دامێنی زاگرۆس‌دا ژیاون پێش هاتنی ئاریاییەکان (بە بۆچوونی عەباسی هۆزی گۆران بەشێکن لەو ئاریاییە تازە هاتووانە) هیچ دەربڕینێکی ئاوازداری پێی بگووترێت گۆرانی و مۆسیقای دێرینی کوردی، یان گۆرانی و مۆسیقای باپیرە گەورەکانی کورد، نەبووە. ئەوە تەنیا ئاریاییەکان لەگەڵ خۆیاندا هێناویانە و لە گۆران‌دا کە سەقامگیر بوون، ئینجا دەرکەوتووە. چونکە ئەوەی عەباسی دەیڵێت ئەوەیە هۆرە دوای گۆرانی دەرکەوتووە و لەگەڵ ئاهورامەزدادا گرێ دراوە.

بەڵگەیەکی دیکەی هەبوونی کۆمەڵگە و نیشتەجێی دیکە لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس‌دا ئەوانەن شوێنەواریان بەجێ ماوە و بە هەردوو دیوی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان‌دا بڵاو بوون و لە پاڵیاندا ئەو شوێنەوارانەی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان‌دا دۆزراونەتەوە. لە چاوخشاندنێکی سەرپێییدا و پشتئەستوور بە کنە و پشکنینی زانستیی تیمەکانی شوێنەوارناسانی زانکۆ هەرە باڵاکانی جیهان، دەردەکەوێت شوێنەواری زەڤیا چەمێ شانەدەر ١٥ هەزار ساڵ کۆنە، چەرمۆی نزیک چەمچەماڵ ٨ هەزار ساڵ کۆنە، بێستانسووری نزیک هەڵەبجە ٧٦٠٠ ساڵ کۆنە، بانەهیلکی نزیک سۆران ٨ هەزار ساڵ کۆنە، گەنج دارەی نزیک کرماشان نزیکەی ١٠ هەزار ساڵ کۆنە، لە باکوور گرێ مرازان ١١ تا ١٢ هەزار ساڵ کۆنە، گرێ کۆرتک و کۆتێ بەرچەم و نەوالی چۆری هیچیان لە ٩ هەزار ساڵ نوێتر نین، بە هەمان جۆر گرێ هۆک و جەرف ئەلئەحمەر لە حەوزی فوراتی ناوەڕاست سەروو ٨ هەزار ساڵ کۆنن. زۆر شوێنەواری دیکە هەن لە مێژووی دەرکەوتنی ئاریاییەکان کۆنترن، بۆچی ئەو کاتەی ئاریاییەکان سەقامگیر بوون یەکسەر گۆرانی لە ناویاندا دەردەکەوێت، بەڵام ئەو هەموو نیشتەجێ و کۆمەڵگەیانە هیچی لەو جۆر و شێوەیان نەبووە؟ بە کام ڕێگە و ڕێکاری زانستی دەکرێت گریمانەیەکی لەو جۆرە بسەلمێندرێت و ساغ بکرێتەوە؟ بۆچی و چۆن گۆرانییەکانی “هۆزی گۆران-ئاریایی” بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەتەوە و بەناو هەموو کورد دا بڵاو بووەتەوە، بەڵام دەنگبێژی “دانیشتووانی گرێ مرازان” بۆ ئاخێوەرانی کرمانجی سەروو، یان حەیرانی “دانیشتووانی گردی بانەهیلک” و مەقامەکانی چەرمۆ و بێستانسوور بۆ کوردانی باشوور نەماونەتەوە؟

هەڵبەت مەبەست ئەوە نییە ئەوانەی لە گرێ مرازان بوون لاوکیان هەبووە و ئەوانەی لە بانەهیلک، چەرمۆ و بێستانسوور بوون حەیران و مەقامیان ناسیوە و زانیوە، بەڵکوو بەراوردە لە نێوان دوو هەلومەرجی ژیاری و شارستانیدا لە نێوان هۆزی گۆرانی کۆچکردووە تازە هاتووی سەر بە ئاریاییەکان. بەپێی بۆچوونی جەلیل عەباسی، لەگەڵ نیشتەجێیە ڕەسەنەکانی ئەو خاکەی ئێستا لاوک و حەیران و بەند و بەیتی تێدا بڵاوە.

لە بەراوردێکی لەو جۆرەوە تێدەگەین ناساندنی گۆرانی وەک کۆنترین و ڕەسەنترین شێوازی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی هەڵەیە و هیچ بنەمایەکی پتەوی نییە، چونکە ناتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە بۆچی گۆران پەرەی بەو شێوازەی مۆسیقا و گۆرانی داوە بەڵام ئەوانەی پێش هاتنی هۆزی گۆران لێرە بوون، پەرەیان بە شێوازێکی هاوچەشن نەداوە.

لە پێناو گفتوگۆیەکی بابەتییانە لە چوارچێوەی ئەم نووسینەدا، دەکرێت ئەوە بە دژوێژی (پارادۆکس-paradox)ی مێژووی گۆرانی و مۆسیقای کوردی دابنێین و لێرەدا مەبەستمانە چارەسەر بکرێت. چارەسەریش بە دۆزینەوەی پاشماوەی گۆرانی و مۆسیقا لە شوێنەوارەکاندا نابێت، چونکە ئەوە هونەرێکی ناماددییە و لە پاش خۆی هیچ بەجێ ناهێڵێت. کۆنترین ئاماژە بۆ دەقی گۆرانی/ئاوازدار لە هەموو جیهاندا ئەوەیە لە ئۆگارێت دۆزراوەتەوە و وەکوو سروودێک بۆ خواوەند نیکال گووتراوە و مێژووەکەی تەنیا بۆ ١٤٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، ئەویش هوریەکان/خوریەکان بە جیێیان هێشتووە. کەواتە ناتوانین لە هیچ کونجێکی جیهاندا لە مێژووی نووسراو کۆنتر هیچ بدۆزرێتەوە. بەڵام ئامێری مۆسیقای وەکوو ئەوەی لە شێوەی شمشاڵ بووە لە ئەڵمانیا و سلۆڤینیا دۆزراونەتەوە و مێژوویان بۆ سەروو ٤٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. یەکەمیان لە مرۆڤی ژیر (هۆمۆسایپیان)ی وەکوو خۆمان  و ئەوەی دووەمیش لە نیاندرتاڵ بە جێ ماون.

کەواتە زۆر پێش ئەوەی باپیرەی ئاریاییەکان هەر دەرکەون و ببن بە کۆمەڵە مرۆڤێک وەکوو باپیرە گەورەی ئاریاییەکان ناو بندرێن، کۆمەڵگە و نیشتەجێی دیکە لە ئەوروپا دا هەبوون مۆسیقایان ناسیوە و پەرەیان بە ئامێری تایبەت داوە تا بتوانن ئاوازێکی لێوە بەرهەم بهێنن. هەرچەندە تا ئێستا لەو شوێنەوارانەی کوردستان هیچ ئامێرێکی لەو جۆرەی لە ئەشکەوتەکانی ئەوروپا دا هەبوون و تەمەنیان ئەوەندە کۆن بێت، نەدۆزراوەتەوە، بەڵام وانە قووڵترەکە ئەوەیە ئەگەر مرۆڤی نیاندرتاڵ و مرۆڤی ژیری ئەو سەردەمە کۆنانە ئاواز و مۆسیقایان هەبووبێت و شمشاڵیان بۆ داهێنابێت، بۆ دەبێت دانیشتوانی گرێ مرازان و بانە هیلک و چەرمۆ هیچ بنەمایەکی مۆسیقا و گۆرانییان نەبووبێت.

دۆزینەوەی ئامێری چەنگ لە شوێنەواری ئور لە میسۆپۆتامیا کە تەمەنی بۆ ٢٧٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و پەیکەری ژنە تەمبوورژەنی ئیلام کە تەمەنی بۆ ٣١٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕیتەوە شایەدی ئەوەن پێش هاتنی ئاریاییەکان بۆ باکووری میسۆپۆتامیا و ئەو خاکەی ئێستا بە ئێران ناسراوە مۆسیقا و گۆرانی ناسراو بوون و تەنانەت بەشی ئەوەندە تەکنۆلۆجیایان لەبەردەستدا هەبووە ئەو دوو ئامێرەی پێ دروست بکەن. ئەوەی زاندراوە، ژێیەکانی ئەو تەمبوورە کۆنەی دوایی بووە بە تەمبوورەکەی یارسانەکان لە ڕیشاڵی ڕیخۆڵە و هەناوی بزن دروست کراوە و جۆرێک بووە لە ئامێری بەربەت کە دواتر لە کۆشکی ساسانییەکاندا ژەندراوە. بەربەتیش ئەو ئامێرە بووە “بەرباد/بەربەد”ی مۆسیقاژەنی ناسراوی ساسانییەکان ژەنیویەتی و پێدەچیت ناوی بەرباد هەر لەو ئامێرەوە هاتبێت کە ژەنیویەتی.

کەواتە گۆرانی، جا هەر شێوازێکی ئاوازدار بووبێت، پێش دەرکەوتن و کۆچکردنی ئاریاییەکان بۆ ناوچەکە، هەبووە. کۆچی هۆزی گۆران بۆ شوێنی نیشتەجێی ئەو کاتە و ئێستەیان (ئەگەر ئاریایی بووبن) نەهاتوونەتە سەر هەگبەی بەتاڵ و بێ بەرهەمی ئەو کۆمەڵگەیانەی لەو کاتەدا لە ئیلام و ناوچەی کرماشانی ئێستەدا هەبوون. نەوەک هەر ئەوەندە، هیچ ئاماژەیەکی کۆنی ئامێری هاوشێوەی ئەوەی ئیلام لە ناو ئاریاییەکاندا نەدۆزراوەتە و لە هیچ شوێنەوارێکی هەردوو کولتووری سانتیشتا و ئەندرۆنۆڤۆ کە هەردووکیان بە کولتووری هیندۆ-ئەوروپاییەکان (باپیرەی ئاریاییەکان) ناسراون، دیسانەوە هەر نەدۆزراوەتەوە. مێژووی مۆسیقا و گۆرانی کوردی بە لێکدانەوەی تاکە کەس و سەرپێیانە ناکرێت و هیچ بنەچەیەکی ئەو هونەرە ئاوا دەستنیشان ناکرێت. ئەوەی باس دەکرێت مێژووی نەتەوەیەکە، بنەمای پتەو و بەڵگەی زانستی دەوێت تا بە لایەکدا بکەوێت و بسەلمێندرێت.

حەمەی حەمەباقی لە پەڕتووکەکەی “مێژووی مۆسیقای کوردی” (٢٠٢٠)دا دەڵێت “ئەگەر مێژووی ڕاستەقینەی لەدایکبوونی زەردەشت و ڕاگەیاندنی ئایینەکەی بزانین، ئەوا دەشتوانین مێژووی بڵاوبوونەوەی سروودی گاتا بە سەرەتای مێژووی لە دایکبوونی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی دیاری بکەین، کە ئەمەش سەخت و دژوار بێت ئەوا سروودەکانی گاتا سەرچاوە ڕوونەکانی مۆسیقا و گۆرانیی کوردین”. گرفتی ئەو دەربڕینانەی حەمەباقی و تەنانەت ئەوەی عەباس‌یش سەبارەت بە بنەچە و مێژووی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی لەوەدایە هەست و نەستی دانیشتووانی ناوچەکانی ئێستا بە کوردستان ناسراون دەکوژێنێتەوە و پێیان وایە تا دەرکەوتنی زەردەشت و سروودەکانی “گاتا” ئەو کۆمەڵگە دێرینانە هیچیان نەبووە وەکوو هونەری مۆسیقا و گۆرانی ناوی لێ بندرێت. بەڵام دیار نییە ئەو نووسەرانە لەسەر کام بنەمای زانستی و لێکدانەوەی زانستییانەی پشتئەستوور بە بیردۆزەکانی دەرکەوتنی مۆسیقا و گۆرانی لە مرۆڤدا، ئەو بۆچوونانەیان گەڵاڵە کردووە. بۆچی پێیان وایە نیشتەجێیانی هەورامان، موکریان، دەشتی هەولێر، گەرمیان، جۆلەمێرگ و بناری ئاگری هیچیان نەزانیوە و تەنیا بە هاتنی زەردەشت هەست و نەستیان جووڵاوە!

هەر حەمەباقی لە ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٢٥ی گۆڤاری هەردەم (تایبەت بە گۆرانی و مۆسیقای کوردی) دەڵێت: “مۆسیقای کوردی، وەک تەمەنی هەر گەلێکی دیکەی سەر ڕووی ئەم جیهانە و وەک تەمەنی مۆسیقای نەتەوەکانی دراوسێی کوردستان، لەگەڵ تەمەنی کورد دایە”. دواتریش لە لێکبەستنەوەی مۆسیقا و هەڵپەڕکێی کوردی دا دەڵێت: “وەک دەشزانین تەمەن و مێژووی هەڵپەڕکێ، زۆر کۆنە و بەرهەمی چەند سەد ساڵەی دوایی نییە و زادەی کات و ساتێکی ڕاگوازییانە و تایبەت بە ناوچەیەک و کاری تاکەکەسیش نییە، بەڵکوو زادەی سەردەمێکی زۆر قووڵی مێژووییە، کە دەسەڵاتێکی گەورە و بەربڵاوی “ئایینی-هونەریی”،توانیوێتی کاری بە کۆمەڵ و هەرەوەز ئەنجام بدات و هەمان دەسەڵاتیش بە سەرتاسەری کوردستان دا بڵاوی بکاتەوە”. ئەگەر مێژووی مۆسیقای کوردی لەگەڵ زەردەشتی بێت، ئەوا زۆر زۆر هەزار ساڵ پێش زایینە، بەڵام هەڵپەڕکێ بۆ سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکاڵ (یازدە هەزار ساڵ پێش زایین) دەگەڕێنێتەوە. جیاوازیی ئەو دوو تەمەنە دە هەزار ساڵە، یان لە یاوەری هەڵپەڕکێدا مۆسیقا و گۆرانی کوردی هەبووە، یانیش هەڵپەڕکێی کوردی بە بێ مۆسیقا و گۆرانی گێڕدراوە. هەردوو لێکدانەوە دروست نین و پێک دژن.

جێی سەرنجە، زۆربەی هەرە زۆری ئەو بابەتانەی لە گۆڤاری هەردەم بڵاو کراونەتەوە، مێژووی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی کەم یان زۆر هەر لەگەڵ زەردەشتی دەبەستنەوە. کانی هەڵقوڵانی پایەبەرزترین هونەری کورد هەر زەردەشتی و پێداهەڵگوتنی گاتا و ڕێوڕەسمەکانە. بۆچی کورد ئەوەندە وابەستەی ئەو ئایینە بووە و میراتەکەی هێشتووەتەوە، بەڵام هەموو نەتەوەکانی دیکە کە هەیانە خۆی بە خاوەنی زەردەشت و زەردەشتی دەزانێت، لەو ئایینەوە بۆیان نەماوەتەوە؟ کوا ئەو بەراوردە زانستییەی دەیسەلمێنێت بۆ نموونە فارسەکان لە زەردەشتەوە چیان بۆ ماوەتەوە و کورد چی بۆ ماوەتەوە، دواییش بۆچی جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە؟ لەبەرئەوەی بنەمای میراتگەریی زەردەشتی بۆ مۆسیقای کوردی دروست نییە، بۆیە وەڵامی ئەو پرسیارە هەرگیز نادرێتەوە. لەویش سەیرتر ئەوەیە هونەرمەند و نووسەر دارا محەمەد عوسمان دەریبڕیوە بەوەی “هەموو مەقاماتی ڕەسەنی کوردی لەسەر ئاوازی بەرزەچڕی سیاچەمانەوە وەرگیراون” و سیاچەمانە بە سەرقافڵەی هونەری بەرزی ڕەسەنی کورد دادەنێت. دیار نییە ئەو ڕاو بۆچوونەی چۆن بۆ گەڵاڵە بووە و چۆن دەتوانێت ئەو “وەرگرتنە لە سیاچەمانەوە” بسەلمێنێت.

چارەسەری دژوێژیی مێژووی گۆرانی و مۆسیقای کوردی ئەوەیە ئەو هونەرانە بە ئاریاییەکانەوە نەبەستراوەتەوە و هیچ پێوەندی بە سروودەکانی گاتاکانیشەوە نییە. کۆمەڵگەکانی لەو ناوچانەی ئێستا بە ئێران و کوردستان ناسراون پێش هاتنی ئاریاییەکان و تەنانەت بەر لە زەردەشتی و میتراییش، پەرەیان بە هونەری هاوشێوەی مۆسیقا و گۆرانی، وەکوو ئەوەی هۆزی گۆران هەیانبووە، داوە. لەسەر هەمان بنەما دەبێت کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی ئەو شوێنەوارانەی ناویان هاتووە مۆسیقا و گۆرانیی خۆیان هەبووبێت و کەم و زۆر لەگەڵ ڕێوڕەسم و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکانیاندا تێکەڵ بووبێت، بنەمایەکی ژیرانە نییە بتوانێت گریمانەیەکی لەو جۆرە ڕەت بکاتەوە. ئەو بۆچوونە بۆ هۆزی گۆران‌یش دروستە، ئەوانیش وەکوو هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەی جیهان پێش هاتنە گریمانکراوەکەیان بۆ ئەو خاکەی ئێستا لەسەری دەژین (ئەگەر ئاریایی بووبن) یان لەسەر ئەو خاکەی هەزاران ساڵە نیشتەجێین، هەر لە دێر زەمانەوە گۆرانیی خۆیان هەبووە.

دەکرێت لەسەر بنەمای زانستی و لە چوارچێوەی بیردۆزی زانستیدا کە دەرکەوتنی مۆسیقا و زمان لە مێشکی مرۆڤی دێریندا لێک دەدەنەوە و بەڵگەی زانستی بۆ سەرهەڵدانی مۆسیقا دەخەنە بەردەست، زۆرتر بەو باسەدا بچینە خوار و لێکدانەوەی باشتر بۆ مێژووی گۆرانی و مۆسیقای کوردی بێتە بەرهەم. ناکرێت مێژووی چەند هەزار ساڵەی گۆرانی و مۆسیقای کوردی لەگەڵ هاتنی ئاریاییەکان و سەرهەڵدانی ئایین ببەسترێتەوە. شکست لە تێگەیشتنی قووڵایی کولتووری و ژینگەیی نەریتی باب و باپیرەی کوردی بەرزاییەکانی زاگرۆس هەیە. بۆیە گوتاری لەو جۆرە بەرهەم دەهێنێت و مێژووی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی تەنیا بۆ ٢ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێنێتەوە، لە کاتێکدا ژنە تەمبووژەنی ئیلام سەروو هەزار ساڵ پێش زەردەشت داتاشراوە. تەنانەت ئەگەر بە هێڵی کاتدا بچینە خوار و لە چۆنییەتیی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و زانیاریی پێشخستنی تەمبوور، لەسەر بنەمای زانستی و پەرەستاندنی شارستانییەتی مرۆڤ بکۆڵینەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ژنە تەمبوورژەنی ئیلام ناکرێت بەڵگەی یەکەم ئامێری مۆسیقا بێت، بەڵکوو ئەوە پێشکەوتنێکی بەرەبەرەی لەسەرەخۆی تەکنۆلۆجیا و زانیارییە چەندان سەدەی کێشاوە تا بگاتە ئەوەی تەمبووری لێوە دابێت. ئامێری سەرەتاییتر و سادەتر پێش تەمبوور هەبووە، دوای هەزاران ساڵ بووەتە تەمبوور.

بۆیە بیر و بۆچوونی دروست و هاوسەنگ ئەوەیە بڵێت دانیشتووانی ڕەسەنی زاگرۆس وەکوو نیشتەجێیانی هەموو کونجێکی جیهان، گۆرانی و مۆسیقای خۆیان هەبووە و نە لە دوور و نە لە نزیک لە ئاریایی و زەردەشت نەبەستراوە. نەوەی ئەوانەی لەو شوێنەوارانەدا ژیاون هەر دەبێت کەم تا زۆر لەسەر ئەو خاکە مابنەوە و هەمان ئاکاری کولتووری باپیرەیان هەڵگرتبێت. ئەگەرچی ئاریاییەکان کاریگەری زمان و کولتووریان لەسەر خەڵکی ڕەسەنی زاگرۆس هەبووە و هەیە، بەڵام قووڵایی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی زۆر لەوە تێپەڕیوە لە ئەوان و لە زەردەشتی ببەستینەوە. پێویستە ئەکادیمییەکانی کوردستان توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زۆرتر و وردتر لەو بابەتە بکەن تا لێکدانەوەی زانستی و ئەنجامی گونجاوتر دەرکەوێت، چونکە بەستنەوەی مێژووی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی لەگەڵ ئاریاییەکان و زەردەشتی، بیرۆکەیەکی لەنگە و زۆریش کورتبین و بێ بەڵگەیە.

گفتوگۆی من لەو بابەتەدا درێژەی دەبێت و زۆرتر لەو باسە دەکۆڵمەوە.

سەرچاوەکان:  

فەرهاد پیرباڵ (٢٠١٠). مێژووی گۆرانی و مۆسیقای کوردی. هەولێر: دەزگای ئاراس.

جەلیل عەباسی (٢٠٠٨)، ئاهوورامان، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، هەولێر.

جەلیل عەباسی (٢٠١١)، هەورامان یان ‌هۆرامان کامیان دروستە؟، گۆڤاری ڕامان ژ١٧٠

حەمەڕەشی ئەمینی (٢٠١٠)، فەرهەنگی گۆرانی کوردی و کورتە باسێ لە بارەی سیاچەمانەوە، گۆڤاری ڕامان ژ١٥٣

حەمەی حەمەباقی (٢٠٢٠) مێژووی مۆسیقای کوردی. دەزگای ئاراس.

دارا محمد عوسمان (٢٠٢٤)، سیاچەمانە: شوێنی ئەم ئاوازە دەڤەری دڵگیری هۆرامانە. ماڵپەڕی خەبات.

عادل محەمەد پوور (٢٠٠٦)، سیاوچەمانە، حەنجەرەی بێگەرد، گۆڤاری ڕامان ژ١٠٧

گۆڤاری هەردەم (٢٠٢٥)، ژ١٠. بەشی ڕۆشنبیری و  ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

Ferdinand Hennerbichler (2012), The Origin of Kurds.

Dilawer Khan (2020), Indo-Europeanization of Iran & Kurdistan – The genetic substructure of the Indo-Iranian invaders.

Matija Turk (2020), The Neanderthal Musical Instrument from Divje.

Hein & Münzel (2002), The Geißenklösterle Flute – Discovery, Experiments, Reconstruction.

Maria Malina (2009) New flutes document the earliest musical tradition in southwestern Germany.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO