ئومێد مەحمود
یەکێکە لە جووتوشەکانی (وشە لێکدراوەکانی) زمانی کوردی جووتوشەی “سەر” و “کردە”یە. “سەر” گرنگترین ئەندامی جەستەی زیندەوەرە، سەنتەری کۆنتڕۆڵی هەست و چالاکییە، کە لە مرۆڤدا ناوەندی هۆشداری و بەرنامە و پلانە. لە زمانی کوردیدا سەر هاوتا وشەی لوتکە، پێشەنگ، پێشەوا و ڕابەرە. لە زمانەکانی دیکەشدا، بە نموونە لە ئینگلیزیدا هێد (head)، لە ئەڵمانیدا کۆف (kopf) هاوتا وشەی سەرکردەن.
کەچی “کردە” لە “کردن”ـەوە هاتووە، بە کەسی ئەزموونکەری کردارێک بە لێهاتوویی و سەرکەتوویی دەگوترێت کەسێکی کردەیە. پێشینانیش گووتویانە “کردەی پەشیمان بە، نەک نەکردەی پەشیمان. کردە ناسنامەیەکی کرداری تەواوکاری بە وشەی لێکدراوی سەرکردە دەدات و وابەستەی زەمینەیەکی کرداری دەکات، بەجۆرێک پەیوەستی دەکات بە زەمینە کرداریەکەوە، کە تەنها لەوێدا سەرکردە ئامادەیی هەیە. بە واتایەکی دیکە تەنها لە زەمینەی کار و چالاکی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییدا و لەو کەسانەی ژێهات و تایبەتمەندییەکانی سەرکردە و ویستی بوون بە سەرکردەیان هەیە، زەمینەی ئەفراندن و لە دایکبوونی فیزیکی سەرکردە شیاوە.
سەرکردە خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندیە، بەشێکیان خۆڕسکن، ئەوانی تر بە ڕێگە و شێوازی جیاجیای فێرکردن، خۆڕۆشنبیرکردن، پەروەردەکردن، ئەزموون و کردارییەوە تیایاندا دروست دەبن. لێهاتووی و ژێهاتە کەسییەکانی تاک، لە تێگەیشتن لە بارودۆخ، لە گۆڕانکارییەکانی دەوروبەر و لە کەسانی بەرانبەر و لە بەردەوامی پەیوەندی بە گرووپی خۆ و بە خەڵکەوە، لە ئازایەتی و بەرگری، لە بڕیاردان لە ساتە سەخت و دژوارەکاندا، گەر ڕێگری و کۆسپی بۆ دانەنرێت بۆ نموونە نەبوونی ویستی بە سەرکردەبوون، ئەم تایبەتمەندییانە لە بواری پراکتیکیدا دەیکەن بە سەرکردە.
مەرجێکی تری بوون بە سەرکردە بەکۆمەڵبوونێکی ئامانجدارە، واتە کاتێک کۆمەڵێک خەباتگێڕی هاوئامانج لە ڕێکخراوێکی سیاسیدا خۆیان ڕێک دەخەن، ئەوانەیان توانای کاریگەریدانانیان لەسەر ئەوانی تر هەیە و شێلگیرانە و دڵسۆزانەتر کار بۆ ئامانجە گشتییەکە دەکەن، دەبن بە سەرکردە و لە دانانی بەرنامە و پلانەکاندا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن و لە جێبەجێکردنیاندا سەرپەرشتیاری مەیدانی ڕێکخراوەکە دەکەن. لێرەوە زیاتر ڕووندەبێتەوە بوونی ڕێکخراو، ئامانجی گشتی، هاوکار و یارمەتیدەر و هاوئامانج مەرجی دیکەی بوون بە سەرکردەن.
سەرکردەی بەتوانا لەسەر پێی خۆی وەستاوە، لە هەوڵی بەردەوامی گەشەی تواناکانیدایە بێ پاڵپشتی دارایی و دەسەڵات و پۆستی سیاسی و ئابووری و ئایینیی، هتد. سەرکردە، بە پشتبەستن بە تواناکانی و هونەری کاریگەردانان، کەسانی دیکەی ساز کردووە و ساز دەکات بۆ کارکردنی بەکۆمەڵ و وەگەڕخستنی تواناکانی خەڵک بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئامانجە گشتییەکان.
لە بواری سیاسییدا تایبەتمەندی و چۆنیەتی سەرکردە پابەندە بە دۆخی بابەتی چوارچێوە سیاسییەکە. لە کوردستانی داگیر و دابەشکراودا دۆخی بابەتی خوازیاری یەک بەرپرسیاری بنەڕەتی و یەک ئامانجی بنچینەییە، ئامانجی کۆتاییهێنان بە ژێردەستەیی و داگیرکراویی بێت لەگەڵ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. لە وەها زەمینەیەکدا کاری سیاسی هەوڵی وەگەڕخستنی تواناکانی نەتەوەی ژێردەستە دەدات، هاوکات، بە پشتبەستن بە توانا خۆڕسکەکانی نەتەوەکە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.
لێرەوە بەمەبەستی کورتکردنەوەی کاتی سەرکەوتن و دابەزاندنی ئاستی زیانەکان، خۆڕێکخستن و پلان و ستراتیج و ئاراستەکردنی دروستی هێز و تواناکانی نەتەوە، کاری ڕێکخراو یان پارتی سیاسی تایبەت بە نەتەوەی ژێردەستە، کە خاوەن ئامانجی گشتی ڕزگاری نیشتمانییە. ڕێکخراوەکە دەرهاوێشتەی بارودۆخی داگیرکراوییە، ئەم زەمینە بابەتییە نەخشەیەکی تایبەتی بۆ دەکێشێت و مەرجەکانی (وەک: ویستی ئازادانەی کۆی خەباتگێڕەکانی و هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەک بە مەبەستی دانانی بەرنامە و جێبەجێ کردنی پلان و ستراتیج و بڕیاردانی بەکۆمەڵ) دەسەپێنێت. هەموو ئەمانەش بەمەبەستی دابەشکردنی کار و بە دواداچوون و جێبەجێ کردنی ستراتیج، یەکێکیان بۆ کاتێکی دیاریکراو بە دەسەڵاتێکی سنووردار کە لە پەیڕەودا بڕیاری گشتی لێدراوە دیاری دەکەن و دەبێتە کەسی یەکەمی بەرپرسیار و بەرپرسیاری یەکەمی شکست لە جێبەجێ کردن و گەشتن بە سەرکەوتن.
جیاوازی نێوان کەسی یەکەمی سیستەمی سەرکردایەتی و سیستەمی سەرۆکایەتی
جۆری ڕێکخراوەیی
یەکەم، سیستەمی سەرکردایەتی سیستەمێکی مۆدێرنە لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکاندا پەیڕەو دەکرێت. لەم سیستەمەدا ڕێکخراو بە ئارەزوومەندی ژمارەیەکی بەرچاوی کەسە هاوبیر و هاوئامانجەکان دادەمەزرێت، سەرکردایەتی بە کەسی یەکەمیشەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە و دەستاودەست دەکات.
دووەم، سیستەمی سەرۆکایەتی سیستەمێکی کۆنەپارێزە لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکاندا لە مێژە توڕدراوە. لە دەوڵەتە وابەستە و دەستکردەکانی دەستی دەرکیدا هێشتا باوە. ئەم بوونە ناسروشتیەش وەک دەوڵەت و زەمینە ناسروشتییەکە هەر دەستکردی دەستی دەرەکیە (دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستەکان). لە کوردستانی داگیرکراودا داگیرکەر سپۆنسەر یان پاڵپشتی ئەم سیستەمەن، چونکە لە سایەیدا بەرژەوەندییەکانیان لە ئێستا و ئایندەدا مسۆگەر دەکات. لەم سیستەمەدا سەرۆک ئەندازیاری دامەزراندن و دامەزرێنەری ڕێکخراوە.
سێیەم، خاوەندارێتی ڕێکخراو لە سیستەمی سەرکردایەتیدا گشتییە، سەرچاوە داراییەکانی ڕوونە و پشتی بەستووە بە ئەندام و دۆستەکانی.
چوارەم، لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا خاوەندارێتی ڕێکخراو و تایبەتە و هی سەرۆکێک یان دەستەیەکی سەرۆکایەتییە. ئەم سیستەمە بەزۆری لە سەردەمی خەباتی ئاشکرادا کارایە و لەو سەردەمەی کاری سەرەکی حیزب بازرگانییە. حیزب لە ڕێگەی پێگە و سەنگی لە پەرلەمان و حکومەتدا بەرژەوەندییەکانی مسۆگەر دەکات، زۆر کات سەرچاوە داراییەکانی کەسێک بەتەنها بەشی دامەزراندنی حیزب ناکات. ئەوکات چەند سەرمایەدارێک کە سەرچاوەی داراییەکی لێڵ و لیخنیان هەیە بەیەکەوە حیزب دروست دەکەن، ئەم چەندایەتییەی خاوەندارێتییە، جۆری سەکردایەتی ناگۆڕێت. لێرەش هەروەک حیزبە یەک سەرۆکییەکان، سەرۆک (چەند سەرۆکێک) سەرچاوە داراییەکەی دابین کردووە، ڕێکخراو بەشێکی سەرمایەکەیەتی، ئەو بەشەیەتی ئەرکی مسۆگەرکردن و زیادکردنی سەرمایە گشتییەکەی سەرۆکی (چەند سەرۆکێکی) لە ئەستۆدایە.
دیموکراتی
یەکەم، کەسی یەکەم لە سیستەمی سەرکردایەتیدا لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و نهێنیدا لە نێو ئەندامانی ڕێکخراودا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵدەبژێرێت، کەسی یەکەم کاتییە.
دووەم، لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا، سەرۆک یەکەمی بێڕکابەرە و بە هەڵبژاردنی ساختە و بێهەڵبژاردنیش هەر خۆی تا لە ژیاندا بێت، سەرۆکە و دوای خۆی کوڕ و نەوەوەکانی سەرۆکن.
سێیەم، کەسی یەکەمی سیستەمی سەرکردایەتی بە پێی پەیڕەو و لەو سنوورە دەسەڵاتەی بۆی دیاری کراوە کار دەکات و بڕیار و یاساکان کە بە دەنگی زۆربەی سەرکردایەتی دەنگی لەسەر دراوە جێبەجێ دەکات.
چوارەم، لە سیستەمی سەرۆکایەتییدا، پەیڕەو و پڕۆگرام بەرگێکە بە باڵای سەرۆک دوراوە و سەرۆک بە ویستی خۆی ڕەفتار دەکات.
بەرژەوەندی
یەکەم، لە سیستەمی سەرکردایەتییدا بەرژەوەندی باڵای نەتەوە لە سەرووی بەرژەوەندی ڕێکخراو و کەسەکان و ئەندامانی ڕێکخراوەکەیە.
دووەم، لە سیستەمی سەرۆکایەتییدا بەرژەوەندی سەرۆک لە سەرووی گشت بەرژەوەندییەکانەوەیە.
ژێهات و تایبەتمەندییەکان
یەکەم، لە سیستەمی سەرکردایەتییدا، سەرکردەکان بە کەسی یەکەمیشەوە ئەزموون و خۆپەروەردەکردن سەرچاوەی تایبەتمەندییەکانی سەرکردەن، بە هۆی ئەم تایبەتمەندیانەوە، بێ بوونی پاڵپشتی دەرەکی وەک دەسەڵات، خێڵ، ئایین، پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی، سەرکردە کەسانی دیکە بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەش دەبات.
دووەم، سەرۆک دەسەڵاتەکەی لە پۆستەکەیەوە وەرگرتووە، گەر لە پۆست و پاڵپشتەکانی دەسەڵات، دارایی، خێڵ و ئاینی و چینایەتی دابماڵرێت کەسێکی ئاسایی بێ کاریگەرە.
بەرپرسیارێتی
یەکەم، کەسی یەکەمی سیستەمی سەرکردایەتی لە پەیڕەوێکی ڕێکخراوەیی مۆدێرندا ئەرک و سنووری دەسەڵاتی دیاری کراوە، لەهەمان کاتدا بەرپرسیاری یەکەمی شکست و کەموکوڕیەکانیشە. لەژێرچاودێریی ئەندامانی سەرکردایەتیدایە و بە زۆرینەی ڕەهای سەرکردایەتی دەتوانن پێش وادەی کۆتاییهاتنی ماوەی دیاریکراوی کەسی یەکەم، کۆتایی خێرا و لە ناکاو بە ڕۆڵی کەسی یەکەم بهێنن و کەسی یەکەمی نوێ دابنێن.
دووەم، لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا سەرۆک خاوەن و سەرۆکی ڕێکخراو و داڕێژەری ستراتیج و ئامانجە، خۆی ستافی جێبەجێکار ئامادە دەکات و ناچێتە ژێرباری هیچ لێپرسینەوەیەکەوە.
یەکڕیزی لە دوو سیستەمی جیاوازدا
یەکەم، کەسی یەکەم لە ڕێکخراوە مۆدێرنەکاندا، پەیوەستە بە ئامانجە گشتییەكان و بە پەیڕەو و پڕۆگرامی ڕێكخراوەكەی، بەرپرسیاری یەكەمی جێبەجێنەكردنیانە، دەستپێكی جێبەجێكردنی پلان و ستراتیج پەیوەستی دەكات بە بەگەڕخستنی تواناكانی ڕێكخراو بە باشترین شێوە. ئەمەش كاتێك گونجاوە كە هاوكارانی لە سەركردایەتی و ئەندامانی ڕێكخراوەكەی یەكگرتوو بن، پاراستنی گیانی یەكڕیزی كاری گرنگ و سەرەكی كەسی یەكەم و مەرجی سەركەوتنیەتی لە سەركردایەتیدا. لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجی گشتی ڕێكخراودا كە هەمان ئامانجی باڵای نیشتمانییە. كەسی یەكەم لە ڕێكخراوە مۆدێرنەكاندا پەیوەستە بە هەوڵدانی بێوچان بە ئاراستەی یەكێتیی و یەكڕیزی هێزی كۆمەڵگە و بەگەڕخستنی بە باشترین شێوە.
دووەم، لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا، سەرۆك هەموو تواناكانی ڕێكخراوەكەی بۆ ئامانجە تایبەتییەكەی كە پاراستنی بەرژەوەندی تایبەت و كەسییەكانیەتی دەخاتە گەڕ، یەكڕیزیی و یەكێتیی ناو ڕێكخراو بە ڕێنمایی یاسایی و سزاو پاداشت پێكدێت.
ڕیزبەندی بەرژەوەندییەكان لەم سیستەمەدا بەم جۆرەیە
بەرژەوەندی سەرۆك كاتێك یەك كەس خاوەن ڕێكخراو بێت یان سەرۆكایەتی ئەو كاتەی خاوەندارییەتی ڕێكخراو هی دوو كەس یان زیاترە، دواتر بەرژەوەندی ڕێكخراوی سەرۆك(ایەتی)، دوای ئەوان ئەو ژینگە و كۆمەڵگەیە دێت كە تیایدا كاردەكەن.
تەنها ئەوكاتەی یەكڕیزیی و یەكگرتوویی كۆمەڵگە و نیشتمان لە بەرژەوەندی سەرۆك و ڕێكخراوەكەی خۆیدا بێت كار بۆ یەكڕیزیی نیشتمانیی دەكات، بە پێچەوانەی ئەوەوە ئەگەر یەكڕیزیی نیشتمانیی كە مەرجی سەركەوتنە بەسەر داگیركەر و دوژمنانی نیشتماندا كەمێك زیان بە بەرژەوەندییە تایبەتییەكەی بگەیەنێت دژی دەوەستێتەوەو بە هەموو توانایەوە ڕێگری پێكهێنانی یەكگرتوویی و یەكڕیزی دەبێت.



