لە سەرەتای نەوەدەکانەوە نووسینەوەی چیرۆکەکانی ئەنفال و دواندنی ڕزگاربووەکان بڵاوکردنەوەیان پێویستییەکی گرنگ و مێژوویی بوو، چونکە هەتا بڵاوبوونەوەی کتێبە بایەخدارەکەی میدیڵ ئیست وۆچ کە مامۆستا محەمەد حەمەساڵح لە ئینگلیزییەوە وەری گێڕایە سەر زمانی کوردی هێشتا کەس نەیدەزانی چی ڕوویداوە و ئەو خەڵکە زۆرەی ونکرا بوون لە گۆڕی بەکۆمەڵدا لە بیابانەکانی خوارووی عێراق کوژراون و لە نوگرەسەلمان دەستبەسەرکراوەکان لە برسان مردوون. هەرچەندە ئێستاش نووسینەوەی چیرۆکی ئەنفالکراوەکان و ئێزدییەکان هێزی خۆی لەدەستنەداوە و پێویستیان بەتۆمارکردنە، چونکە لەدوای ئەنفالـەوە لەگەڵ مردنی هەر ئەنفالکراوێک زیاد لە چیرۆکێکی کورد دەمرێت. ئەمە بۆ فەیلییەکان و بارزانییەکان و هەڵەبجەییەکان و ئیزدییەکانیش هەر ڕاستە.
بەڵام بۆ کەسانێک کە ئەم مێژووە دەنووسنەوە خۆ نابێت هەر لە پێستێکدا بمێننەوە و خەریکی کارێک بن کە لەسەرەتادا کراوە، نابێت لێکۆڵەران و توێژەران و نووسەرانی ئەم بوارە هەر خەریکی خۆدووبارەکردنەوە و لەکەوانە نانی ئەوە پەرەگراف و دێڕا نەبن کە میدیڵ ئیست وۆچ لەسەرەتای ڕاپەڕیندا ئەنجامیان داوە. ئەو خۆدووبارەکردنەوەیە هۆکاری ئەوەیە کە خەڵک بێزاربن و بڵێن: “ئۆهۆ ئەنفال و مەنفال نەبڕایەوە!”
نووسەری ئەم بوارە دەبێت وەڵامی وەها پرسیارێک بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە گێڕانەوەیەکی دی چیرۆکەکان بەگوێی خەڵکدا بداتەوە کەلێی وەربگرن. بە زمان و کەرەستەی نوێ لەگەڵ بیسەر و خوێنەر و گوێگری خۆی بمێنێتەوە و چیرۆکی ئەنفال سەرکەوتووانە بگێڕێتەوە. پرسیاری جەوهەری بوروژێنێ، من هەمیشە دەپرسم ئەنفال بۆ ڕوویدا ؟ ئایا دەکرا ڕوونەدات ؟ کە ڕوویدا دەکرا قوربانییەکانی بەو ئەندازەیە زۆر و ترسناکە نەبن ؟
لەبەرنامەیەکی تیڤیدا لەگەڵ هاوڕێم نەجیبە مەحمود لە وەڵامی ئەو پرسیارەیدا ئاخۆ ئەنفال ڕوو دەداتەوە؟ چ بکەین بۆ ئەوەی ڕوو نەداتەوە؟ بیرمە گوتم، ئەگەر ژنانی شەنگال لە دوای ئەنفال پەندیان وەربگرتایە سەد ژنیان لەبەرەنگاریدا بکوژرایە، باشتر بوو لەوەی شەش هەزار ژنمان بکرانایە کەنیزەکی بن دەستی داعش. ئەمە بۆ ژنانی خورماتوش هەر ڕاستە، سبەی ڕەنگە ڕووبەڕووی حەشدی شەعبی ببنەوە، سەد ژن لە خورماتوو لەبەرەنگاریدا بکوژرێن باشترە لەوەی خۆیان ڕادەست بکەن و بکرێن بەکەنیزەک. ئێ خۆ ئەوە بۆ ئەنفالـیش هەر ڕاست بوو. ئەگەر ١٠ هەزار کەس لەبەرەنگاریدا بکوژرایە باشتر بوو لەوەی ١٨٢ هەزار کەس لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بەبێ بەرگری بکوژرێن. چونکە هیچ کات بەرگری بێ سوود نەبووە، باشترین نموونەش کۆمەڵکوژییەکەی بیابانی ڕومادی بوو، کە دوای ئەوەی ئەنفالکراوەکان زانیان دەیانکوژن، پەلاماری چەکی دەستی جەلادەکەیاندا و خۆیان نەدا بەدەستەوە، ئەگەرچی هەر لەجێدا درانە بەر دەستڕێژی گوللـە بەڵام بەهۆی ئەو ڕاچەنین و بەرگرییەوە چوارکەسیان لە ٣٤ کەس ڕزگاریان بوو. دوای ڕاپەڕین بوونە شایەتحاڵێکی گرنگ و زیندووی ئەو تاوانە. دەربازبووەکان لە پاسێکدا بوون لە بیابانی پارێزگای ڕوومادی دوای ئەوەی کە ئەنفالکراوەکان زانیان ئەو کەسانەی دایاندەگرن دەکوژرێن ئەنوەر تەیار و سەلام قەشقەیی داوا لە ئەنفالکراوەکان دەکەن یارمەتیان بدەن لەوەی ئەگەر جەلادەکە هاتەوە بۆ بردنی دوو کەسی تر ئەوان پەلاماری چەکەکەی بدەن، هەرواشیان کرد. ئەفسوس لەو بەرەنگارییەدا سەلام یەکەم کەس بوو کوژرا، بەڵام ئەنوەر تەیار کوڵی نەدا و سەرئەنجام خۆی و سێ کەسی تر ڕزگاریان بوو، کە بریتی بوون لە عەزیز وەهاب ناسراو بە عوزێر، واحید عەبدول، ڕەمەزان عەلی سەعید و ئەنوەر محەمەد ڕەزا، ناسراو بە ئەنوەر تەیار. بۆ زانیاری دەربارەی ئەم دەربازبووانە بروانە ئەنفالستان ژمارە ٨، یاخود کتێبەکانی عارف قوربانی. کەواتە دەبێت ئازایانە بپرسین چی دەبوو ئەگەر ئەو هەموو خەڵکە لەبری خۆبەدەستەوەدان ڕووبەڕووی جەلاد ببوونایەتەوە تەنانەت ئەگەر بێچەکیش بووبن؟
کەواتە گێڕنەوەی سەرکەوتووی چیرۆک چییە ئەگەر مرۆڤ لە خوارەوە بەرەو سەرەوە سەرنەخات. ئەگەر گێرانەوەی چیرۆک خۆی لە کڕوزانەوە ڕزگار نەکات و لەبری ئیرادە بە مرۆڤ ببەخشێ زەلیلتری بکات، نەگێڕانەوەی باشترە. گێڕانەوەی ئەنفال پێویستە بگاتە ئاستێک کە تێگەیشتنێک بۆ دامەزراوە مەعریفیەکان دروست بکات، تاوەکوو زانکۆکان هەر ئەندازیار و دکتۆر و دادوەر و مامۆستا دروست نەکەن بەڵکوو مرۆڤ دروست بکەن.
ئەوە داوای ڤیکتۆریا فرانکڵ بوو لە تەواوی مامۆستایانی جیهان چونکە بەچاوی خۆی لە ئاوشیتفیز بینی بووی کە دکتۆرەکان بە دەرزی منداڵەکانیان دەکوشت، نەخشەی زیندانەکان بەرهەمی عەقڵی باشترین ئەندازیارەکان بوون، ئێ خۆ ئەمە کتومت لە کوردستان ڕوویداوە، هەر دکتۆرەکان بوون تەمەنی منداڵانی کوردیان زیاد دەکرد بۆ ئەوەی سزای لە سێدارەدان بیانگرێتەوە. چونکە لە یاسای دەوڵەتی عێراقدا ئەوەندە خێر بە مرۆڤ کرابوو کەوا کەسی خوار ١٨ ساڵ ئەگەر بڕیاری لە سێدارەدانیشی هەبوایە هەتا نەگەیشتایە ١٨ ساڵ ئەوا سزاکەی جێبەجێ نەدەکرا. خۆ هەر ئەندازیارەکانیش بوون، نەخشەی قەڵاکانی نوگرەسەلمان و سوسێ و ئەبوغرێب و زیندانەکانی تریان کێشا بوو. ئێ خۆ هەر دادوەرەکان بوون لە دادگای “شۆڕش” بڕیاریان لە مەرگ و زیندانیکردنی ئازادیخوازان و منداڵانی کورد دەدا؟
ئەرکی زانکۆکان ڕوونە، گرنگیدان بە خوێندنی فەلسەفە، ئەخلاق، مێژوو و مافەکانی مرۆڤ لە پرۆگرامی خوێندنی زانکۆییدا. چونکە ئەوەی ڕێگە لە دووبارە نەبوونەوەی ئەنفال دەگرێت فێرکردنی بەها مرۆییەکانە کە دەتوانێت لە داهاتوودا ڕێگاکانی تاوان بەرتەسک بکاتەوە. ئەرکی زانکۆکان دروستکردنی مزگەوت نییە بۆ خوێندکار لەناو زانکۆدا چونکە مەعریفە خوداناس دروست دەکات و مزگەوتیش عەبد و خواپەرست. ئەوەی ڕێگە لە تاوان دەگرێت خوداناسە نەک خواپەرست، ئەوانەی ئەنفالکران و ئەوانەش کە کوردیان ئەنفال کرد هەر نوێژکەر و خواپەرست بوون.
ئەگەر مرۆڤ لە لێکۆڵێنەوە و نووسینەوە و گێڕانەوەی تاوانێکی وەک ئەنفالدا، ئامانجی ئاسودەیی مرۆڤ و بەهای مرۆڤایەتی نەبێت. گێڕانەوەی چیرۆکەکان ناتوانن بیگەیەنن بەشکۆمەندی چونکە گێڕانەوە لە پێناوی گێڕانەوەدا تەنها غەڵبەغەڵب دروست دەکات. گێڕانەوەی چیرۆکی ئەنفال پێویستی بە بەرهەمهێنانی مانایە لە پێناوی بەهێزکردنی مرۆڤدا. مرۆڤی کورد خۆی کارەکتەری ناو چیڕۆکەکانە، بۆیە پێویستی بە بیرکردنەوەیە لە پێناوی هەستانەوە و دووبارە گێڕانەوەی چیرۆکی سووککردنی مرۆڤ و کوشتن و برسی کردنی ئەگەر بڕوایەکی قوڵی لەگەڵدا نەبێت بۆ ژیاندۆستی هەر مەرگدۆستی و زەلیلی بەرهەمدەهێنێتەوە.
ئەو گێڕانەوەیە بەهێزە کە ئەنفال وەک بەشێک لە مێژووی مرۆڤایەتی و کورد وەک مرۆڤ و بەشێک لە مرۆڤایەتی نیشان دەدات نەک وەک نەتەوەیەکی زەلیل. ئەرکی هونەرمەندان و نووسەران و سیاسییەکان نوزانەوە و پاڕانەوە نییە لەبەردەم ئەوانی دی چونکە کەس گوێ لە مەزڵوم ناگرێ بەڵکوو ئەرکیان ڕوونکردنەوەی ڕاستی و داکۆکیکردنە لە بوون و لە کوردبوون و تەریق کردنەوە و بەرپرسیارکردنیشیان لەوەی لە تاوانەکە بێدەنگ بوون.
دەی خۆ چیرۆکی تاک بەتاکی ئەنفالکراوان بنووسرێتەوە و چاپ بکرێن و ببن بە کتێب و بکرێن بە فیلم هیچ سوودێکی نییە ئەگەر نیاز و ئامانج شکۆمەندی و ژیانی سەربەرزانە نەبێت.
گریمان لە کوردستان سەرۆکی هەموو زانکۆکان و وەزیرەکان و سەرۆکی پەرلەمان و ڕێکخراوەکان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال پڕ بکرێنەوە، هیچ لە دۆخی کۆمەڵگە و کەسوکاری ئەنفالکراوان ناگۆڕێ ئەگەر ئەو کەسانە بەرگریکاری تەواوی مافەکانی مرۆڤ نەبن و بەر لەوەی بچنە سەر کورسی دەسەڵات خۆیان لە خۆپەرستی و هەڵپەی پول و پۆست دانەماڵیبێ و نەبوو بن بە مرۆڤی شکۆپارێز. کورد ئەوەی ئەزموون کرد کە قوربانی مەرج نییە لە دەرفەتی ڕەخساودا دادپەروەر بێت هەروەک چۆن دەسەڵاتدارانی کورد سەلماندیان بەلابردنی دەسەڵاتداری بەعس لە دەوڵەتی عێراقی و خۆهاویشتنە سەر کورسی دەسەڵات، کوردستانیان نەکرد بە بەهەشت بەڵکوو کردیان بە ئامێزێکی گەرم بۆ تۆمەتبارانی ئەنفال و فەرامۆشکردنی کەسوکاری ئەنفال.
کەواتە نووسەران وهونەرمەندان دەتوانن کاریگەریی گەورە لەسەر بینەر و بیسەر و خوێنەر دابنێن بە وروژاندنی هەمان پرسیارە فەلسەفییەکەی شکسپیر لەکارەکتەری هاملێتدا “من هەم یان نیم ؟” ئەگەر لەسەرەتای ئەنفالدا کورد ئەو پرسیارەی لەخۆی نەکردووە ئیتر نەنگییە نەیکات! خۆدوورخستنەوە لە وەڵامی حازربەدەست بۆئەوەی ببنە سەرچاوەی بیرکردنەوەی نوێ لەمەڕ مەرگ و ژیان دەنا قسەکردن لەمەڕ پرسی ئەنفال بەبێ تێکۆشان بۆ ژیان و شکۆمەندی مرۆڤ بەهایەکی نییە.



