زیرەكیی دەستكرد لە ئێستادا، بەشێوەیەكی ڕێژەیی بەشێكی گرنگ لە ژیانی گشتیی تاک و حكوومەتەكان لە جیهاندا پێک دەهێنێت. چیتر زیرەكیی دەستكرد شتێك لە دەرەوەی ژیانی ڕۆژانەی كەس و دەزگاكان نییە. بە پێچەوانەوە دەوڵەتانی زلهێزی جیهان ڕۆژانە پێشبڕكێ لەسەر پڕكردنەوەی ئەو بوارانەی ژیان كە هێشتا دەستی زیرەكیی دەستكردیان پێ نەگەیشتووە دەكەن و چاویان لەسەر پچڕینی پێگەی یەكەمینە لە تەكنۆلۆجیای زیرەكیی دەستكرددا.
گرنگیی زیرەكیی دەستكرد لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە تەنها بەشێك نییە لە ئەنجامی گۆڕانكاریی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیا، بەڵكوو زیرەکیی دەستکرد خۆی بۆتە هێزی گۆڕانكاریی و پێشكەوتن. ئەمەش دەوڵەتانی جیهانی ناچارکردووە، ستراتیجیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دیاردە نوێیە جیهانییە دابڕێژن، بەجۆرێک كە نەكەونە ژێرباری قورساییەكەوە كە نەتوانن لێی دەربازبن. دەكرێت وڵاتان لەڕووی ڕەوشی مامەڵەکردن لەگەڵ زیرەکی دەستکرددا بۆ سێ جۆر پۆلێن بكەین: یەکەم، وڵاتانی كارا/ دروستکەر و داهێنەری زیرەکیی دەستکرد؛ دووەم، وڵاتانی ئامادە/بەشدار و بەکارهێنەری ئەرێنیی بۆ زیرەکیی دەستکرد؛ سێیەم، وڵاتانی ناكار/بەکارهێنەری وەرگر.
لە ڕیزبەندی یەكەمدا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا، چین، سەنغافورە، یابان، كۆریای باشوور، ئیسرائیل، هیندستان و چەند وڵاتێكی دیكە پێگەی دیاریان هەیە. ئەم دەوڵەتانە دروستكەر و داهێنەر و گەشەپێدەری خزمەتگوزارییەكانی زیرەكیی دەستكردن. لەگەڵ ئەوەشدا ستراتیج و چوارچێوەی قانونیی و ڕێككەوتننامە و ڕێنمایی و سیاسەتی بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكردیان لەناو وڵات و دەرەوەی وڵاتیش داناوە.
ڕیزبەندی دووەم، ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە كە ژێرخانی ئامادەی قانونیی و ڕێكخراویان بۆ تەكنۆلۆجیای زیرەكیی دەستكرد بەردەستە، لەگەڵ هەبوونی سەرمایەی مرۆیی كارامە بۆ تێكەڵكردنی تەكنۆلۆجیا لەگەڵ كەرتە جیاوازەكانی حوكمڕانیدا، وەك: پەروەردە، كشتوكاڵ، تەندروستیی و خوێندنی باڵا. لە نموونەی ئەو وڵاتانەش: سعودیە، ئیمارات، قەتەر و عوممان.
لە ڕیزبەندی سێیەميشدا، ئەو وڵاتانە دێن كە هێشتا بۆ تێگەیشتن و لەخۆگرتنی زیرەكیی دەستكرد دەكەونە قۆناغی سەرەتاییەوە و ژێرخانی تەكنۆلۆجی ژمارەیی ئامادەیان نییە یان زۆر لاوازە، هاوكات كورتهێنانی بەرچاویان لە سەرمایەی ماددیی و مرۆیی لەلایەك و چوارچێوەی قانونیی كە دیدگەی وڵاتەكەی تێدابێت سەبارەت بە زیرەكیی دەستكرد لەلایەكی دیكەوە هەیە. لە نموونەی ئەو وڵاتانەش: ئەفغانستان، سووریا، یەمەن، سوودان، لیبیا، نیپاڵ، كەمبۆدیا، لاوس و چاد و زۆر وڵاتی تری كیشوەری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەناویاندا عێراق.
عێراق، دەكەوێتە نێو ڕیزبەندیی سێیەم، چونكە لەڕووی ژێرخانی دیجیتاڵی و كولتووری فەرمانڕەوایی، هاوكات، نەبوونی چوارچێوەی قانونیی، بەربەستی بۆ كارابوون و بەشداریی لە زیرەكیی دەستكرد زۆرن. ئەمەش وادەكات هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جیهانیی لە دۆخی عێراق جیانەكرێتەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە دۆخی هەرێمی كوردستان لە ئامادەیی بۆ تێگەیشتن و بەكارهێنان و لەخۆگرتنی زیرەكیی دەستكرد لە ڕەوشی عێراق لەپێشترە، لەكاتێكدا ئەمە مانای ئەوە نییە كە هەرێم بووبێتە ناوچەیەكی كارای فەرمانڕەوایی بۆ بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد.
بۆیە لە پێناو ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ سەردەمی زیرەكیی دەستكرد، پێویستە دید و ستراتیجێكی كوردستانیی بۆ ئەم قۆناغە دابنرێت كە هەڵقوڵاوی بەرژەوەندییەكانی نەتەوەی كوردستان بێت. ئەویش بە بەشداریی فراوانی هەمەلایەنەی؛ خەڵك، زانكۆ و ناوەندە زانستیی و فیكرییەكان، كەرتی تایبەت، پارتە سیاسییەكان، ڕێكخراوە ناحكومییەكان، لەوانەش كاریگەرتر؛ پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دێتەدی.
جێبەجێكردنی ستراتیجێكی نیشتمانیی بۆ هەرێمی كوردستان هەتا بتوانێت ئامانجەكان بەدیبهێنێت و هەرێمی كوردستان لە دۆخی ناكارای بەكارهێنەری وەرگرەوە لەناو وڵاتانی جیهاندا بباتە پێشەوە، پێویستی بە تێگەیشتن و بەكارهێنان و تێكەڵكردنی زیرەكیی دەستكردە بە كەرتە جیاوازەكانی فەرمانڕەوایی. بۆ ئەمەش چەندین هەوڵ پێویستن، وەك:
چوارچێوەی قانونیی: واتە دانانی چوارچێوەیەكی قانونیی لە هەرێمی كوردستان كە خۆی لە دەركردنی قانونی تایبەت بە “ڕێكخستنی بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد” ببینێتەوە. ئەمەش بە پێناسەكردنەوەی زیرەكیی دەستكرد لە ڕوانگەی كوردستانییەوە دەبێت، نەك شوێنەكەوتنی كوێرانەی دەوڵەتانی عەرەب و وڵاتانی تری ناوچەكە. هاوكات هەمواركردنەوەی قانوونی بەدەستهێنانی زانیاریی، ڕۆژنامەگەری، پاراستنی مافی خاوەندارێتی و پاراستنی مافی نەخۆش و سەرجەم قانوونە پەیوەنددارەكانی دیكە. ئەمەش بۆئەوەی چوارچێوەكە تەواو بكرێت و بەربەست لەبەردەم قانونیی سەرەكیی دروست نەبێت. ئەم هەنگاوانە پڕۆسەیەكی ئاڵۆزن، پێویستی بە كاتی زۆر و بەشداریی هەمەلایەنە و پشوودرێژیی هەیە.
بنیاتنانی ژێرخانی ژمارەیی (دیجیتاڵیی): هەرێمی كوردستان بەراورد بە عێراق و هەندێ لە وڵاتانی ناوچەكە لەڕووی ژێرخانی ژمارەییەوە لەدۆخێكی باشتر دایە. لانیكەم نزیكەی 25 ساڵە كۆمپیوتەر لە بەڕێوەبردنی حكومەتدا بەشدارە، ئەمەش وای كردووە، كۆمپیوتەر تەنها لە قۆناغی ئامێری چاپ و ڕاكێشاندا نەمێنێتەوە، بەڵكوو هاوشانی ئەوە بۆتە گەنجینەی هەڵگرتنی زانیارییەكانیش، ئەم گەنجینە زۆرەی هەرێمی كوردستان، پێویستی بە ڕێكخستن و یەكخستن و ئاراستەكردن و تەتەڵەكردن هەیە، هەتا بڕیار لەوە بدرێت كە، چی شیاوە بۆ بەردەست و بڵاوبوونەوە، وە چی نابێت بڵاوبكرێتەوە.
ئامادەكردنی سەرمایەی مرۆیی كارا: پێچكەیەكی دیکە، سێكوچكەی ئامادەبوونە بۆ سەردەمی جیهانی زیرەكیی دەستكرد. جگە لە چوارچێوەی قانونیی و ژێرخانی ژمارەیی-دیجیتاڵیی، سەرمایەی مرۆیی كە، خۆی لە كارمەند و فەرمانبەری شارەزا و زمانزان و هێزی كاری تەكنیكی و كارا دەبینێتەوە. لەم بوارەدا هەرێمی كوردستان ڕووە و ئاراستە دروستەكە هەنگاو دەنێت، چونكە لە چوار ساڵی ئاییندەدا هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی سەدان دەرچووی زانكۆ لە بەشی زیرەكیی دەستكرد، ئەمە جگە لەو بەشە زانستییانەی كە ئێستا زیرەكیی دەستكرد بەشێكە لە وانە و وەرزەكانی خوێندنیان. هەروەها نابێت ئەوەش لەبیر بكەین كە بڕیار وایە ساڵی ئاییندە، زیرەكیی دەستكرد لە وەزارەتی پەروەردە بەشێوەی خزمەتگوزاریی بۆ خوێندكاران بەردەست بێت لە “ئەپ”ێكدا بەناوی “قوتابخانەكەم” ئەم هەنگاوەش زیاتر لە ئامادەیی بۆ بوون بە ناوەندێكی كارا و بەشدار نزیكمان دەكاتەوە. ئەمە سەرباری بەكارهێنانە جیاوازەكانی زیرەكیی دەستكرد لە كەرتی كشتوكاڵ و توێژینەوە زانستییەكان لە خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستاندا.
هەموو ئەوانەی خرانەڕوو، مانای ئەوە نییە كە هەرێمی كوردستان خۆی بۆ زیرەكیی دەستكرد بچەمێنێت، نەخێر. چونكە بیرۆكەی سەرەكیی وتارەكە بریتییە لەوەی كە پێش ئەوەی زیرەكیی دەستكرد حكومەت و فەرمانڕەوایی لە هەرێمی كوردستان لە قاڵب بدات و ئاراستەی بكات، گرنگ و پێویستە كە حكومەتی هەرێم زیرەكیی دەستكرد لەچوارچێوەی ستراتیجێکی نیشتمانیی و قانوونییدا لەقاڵب بدات و ڕێكی بخات و ئاراستەی بكات و سنوورداری بكات.
دەبێت هاووڵاتییان و حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆشیاربن سەبارەت بە دەنگۆی ناڕاستی هێزە چەپ و مەزهەبیی و ئایینییەكانی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە “مەترسییەكانی” زیرەكیی دەستكرد، چونكە ئامانجی سەرەكیی لەو دەنگۆ و بانگەشە چەواشەكارانە دوورخستنەوەی سەرنجی تاك و حكومەتە لەسەر كاركردن بۆ ئاییندە. چونكە زیرەكیی دەستكرد بابەتێك نییە كە ئێمە بتوانین ڕێگە لە پێشكەوتن و بەكارهێنان و كاریگەرییەكانی بگرین، بەڵكوو ئەوەی زۆر پێویستە مامەڵەكردنە لەگەڵ بابەتەكەدا بە هۆشیاریی و كراوەیی و نەریتی دیموكراتیی. ڕوونتر بڵێم، ناكرێت كۆمەڵگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی لەبارەی بابەتێكی جیهانیی كاریگەر نەبێت، یان ڕوون نەبێت.
لەكۆتاییدا؛ هیوادارم خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، دەیەمین كابینەی حكومەتی هەرێم، لایەنە نا فەڕمییەكان، هاووڵاتییان و دەستەبژێری كۆمەڵگە، لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندی باڵای هاونیشتمانیان و هەرێمی كوردستان لە بابەتی زیرەكیی دەستكرد بڕوانن و ئاستێكی باڵا لە سەرووی ئاستی بەرژەوەندی تەسكی سیاسی و مەزهەبیی و حیزبیی پێشكەش بكەن.



