شاهین کەریمی
ڕووداوێکی لە چەشنی جەژنەهەناری هەڵەبجە، دەتوانێت هەڵگری چەندین خاڵی ئەرێنی بێت، وەک کۆبوونەوەی خەڵک، پۆشینی جلوبەرگی میللی کوردی، نرخاندنی بەرهەم و هێمای خۆماڵی کوردستانی، شایی، داهات و بەنەریتکردنی ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان.
بەڵام، من لەم وتارەدا، ئاماژە بەو خاڵ و دەرفەتانە دەکەم کە بەرهەمێکی کوردستان وەک هەنار دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی داهات، برەندینگ، بەجیهانیبوون و خاوەندارێتی بۆ کوردستان، کە هێشتا لێی خافڵین.
ئەم کەمایەسیانە، هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەم ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە دیاسپۆرا و هەم میدیای کوردی دەگرێتەوە. لێرەدا ئەم پرسیارە گرنگانە دێنە پێش:
- چەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بازرگانی و پلاندانانی هەرێمی کوردستان، هەوڵیان داوە بەرهەم و داهاتی کوردستان بەجیهانی بکەن، لە بازاڕەکانی جیهان کڕیاری بۆ بدۆزنەوە و هەناری کوردستان ببێتە داهات، هەم بۆ حکوومەت وەک وەرگرتنی باج، هەم بۆ هاووڵاتی و وەرزێری کوردستان، هەم درووستکردنی هەلی کار و هەم کەمکردنەوەی هەڵپەسێراوی کوردستان بە تاکە سەرچاوەی داهاتی نەوت و عێراق؟
 - چەندە وەزارەتی ڕۆشنبیری و حکوومەتی هەرێم و دەزگا فەرهەنگییەکانی، هەوڵیان داوە، هەنار وەک براندێکی کوردستانی، وەک هێما و هەناردە و تایبەتمەندی کوردستان بناسرێت و تۆمار بکرێت؟
 - چەندە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکە، هەوڵیان داوە، هەنار بناسێنن، لەگەڵ هاوردەکارانی ئەوروپایی، وەزارەتی بازرگانی وڵاتگەلی دەوڵەمەندی ئەوروپایی و ئەمریکایی گرێبەست ببەستن و هەناری کوردستان، ڕاستەوخۆ هەناردەی بازاڕەکانی ئەوروپا بکرێت و تەنیا لە دوکانی سەوزە و میوەی عەرەب و تورکەکان و بەناوی ئەوانەو نەفرۆشرێت؟
 - چەندە میدیای کوردستان، بەتایبەت میدیا گەورەکانی کوردستان کە هەواڵنێریان لە ئەوروپا هەیە و وەشانیان بە زمانی ئینگیزی هەیە، هەوڵیان داوە، هەنار وەک براندێکی کوردستانیی و هێمایەکی ئابووری-فەرهەنگی بە جیهان بناسێنن و پێش دەوڵەتگەلی تورک و فارس و عەرەب بکەون لەوەی هەنار وەک بەرهەمی خۆیان بچەسپێنن و ببێتە داهات بۆیان؟
 - چەندە ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە دیاسپۆرا، هەوڵیان داوە بە زمانی وڵاتی خۆیان، ناوەڕۆک، فیلم، نووسراوە و کاتالۆگ لە هەنار ساز بکەن و وەک بەرهەمێکی سرووشتی، سەلامەت، پزیشکی و بەهێز لە وڵاتی کوردستانەوە بناسێنن؟ ڕێکخراوە کوردستانییەکان، جگە لە چەند کاری دووپاتەی بێکەڵک وەک کۆبوونەوەی خێزانی و هەڵپەڕکێ و یاپراخخواردن، دەرهاویشتەیەکیان نییە بۆ فەرهەنگی کوردی بەرانبەر بە کۆمەڵگەی ئەوروپایی.
 - چەندە پزیشک و توێژەروانی کوردستان، هەوڵیان داوە لایەنە تەندرووستی و چارەسەرییەکانی هەنار بدۆزنەوە، کەڵکی لێوەربگرن و بیناسێنن؟ هەنار دەیان چارەسەر و پێشگیری بەهێزی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە، لەوانە بەهێزکردنی هێزی جووتبوونی پیاوان، بەڵام هێشتا کۆمەڵگەی کوردستانی لە بابەت هەنار، جگە لە تام و هەندێ فانتازی شاعیرانە، واوەتر نەچووە.
 - چەندە فەرهەنگسازان، ڕۆماننووسان، فیلمچێکەران و شاعیرانی کوردستان، توانیویانە نەریتی کوردەواری لە هەناردا جیهانی بکەنەوە و ئەو جەژنانەی ئێمە لەگەڵ هەنار و بەهەنار بوومانە و هەمانە، پارێزگاری لێ بکەن، بۆ وێنە جەژنی شەوچلە، هتد؟
 - چ ئامار و توێژینەوەیەک لە پاش فستیڤاڵەکە هەیە کە پیسکردنی ژینگە، بەفیڕۆدان، داهات، کەمکردنەوەی تێچوو، باشترکردن و دیاریکردنی ئارمانج بۆ فستیڤاڵی داهاتوو بووە و هەیە. واتە ئەم جۆرە چالاکییانە چەندە زانستی، پلاندار و ئامانجدارن و چۆن بۆ ساڵانی داهاتوو، باشتر و بەرز دەکرێنەوە؟
 
ئاکام
هەر کیلۆ هەناری کوردستان، ڕەنگە لە کوردستان ١٠٠٠ دینار بێت، بەڵام لە بازاڕی ئەوروپا و ئەمریکا، هەر کیلۆی نزیک لە ١٠ دۆلارە و نزیک دەبێتەوە لە ١٠ ئەوەندەی نرخی کوردستان. ئەمە هەم داهاتە و هەم سەرچاوەیەکی سەلامەتە بۆ هاونیشتمانی کوردستان، هەلی کار دەڕەخسێنێت و بەرهەمێکی کوردستان جیهانی دەکاتەوە.
هەنار میوەیەکە کە زوو خراپ نابێت، چەند مانگ دەمێنتەوە و بە بەبازاڕیکردن و رێکلامی گونجاو، داهاتەکەی چەندین بەرانبەر دەبێتەوە.
هەروەها، بەجیهانیکردنی هەنار، جگە لە باری ئابووری، داهات و دۆلار، هێمای فەرهەنگی، براندینگ، ناسران و ناوبانگی بۆ کوردستان هەیە.
ئەمە بە پلەی یەکەم ئەرکی حکوومەت، وەزارەتی بازرگانی، دیپلۆماسی کوردستان و سەرمایەدارانی کوردستانە.
هیوادارم، سەرمایەداری لە کوردستان گەشە بکات و تەنیا بە فانتازی شاعیرانە و جلی کوردی و هەندێ ئاماری خۆماڵی دڵخۆش نەبین، ئەگەرچی ئەم شتانە خراپ نین، بەڵام تەواو نین.
ئەرکی من، نووسین و وشیارکردنەوەیە لە سەر ئەم خاڵانە، من ئەرکی خۆم جێبەجێ کرد، هیوادارم ئەو لایەنانەی سەرەوەش کە ئاماژەیان پێکراوە، ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.
ئەگەر دۆستێک دەستی دەگات بە دادە نوخشە و وەزارەتی بازرگانی و میدیای کوردستان، تکایە ئەم بابەتەیان بەناوی منەوە، بۆ بنێرن.
								
