سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تێگەیشتن لە ئەنفال

بەرلەوەی بچمە ناو باسەکەمەوە بێسوود نابێت، کە شایەتیدانی پیاوێکی گوندی جەلەمۆرد بگێڕمەوە بۆ شاندێكی پارتی چەپی سویدی بە سەرۆكایەتی “لاش ئولی” و یاوەرانی “ئولە هۆفمان”، سەرۆكی پێشوو و ئەندامانی پارەتەکە “مژدە خەلیل” و “فراد نەمروت”، ئەندامانی شارەوانییەكانی سوید، کە هاتنە سلێمانی. لەو سەردانەیاندا ماوەی دوو ڕۆژ یاوەریان بووم و شایەتحاڵم بۆ دەستنیشان دەکردن، بۆ ئەو مەبەستە پێكەوە سەردانی هەڵەبجە و چەمچەماڵ و كۆمەڵگای شۆڕشمان کرد. بۆ زانین، مژدە و فراد کوردی-سویدی بوون، مژدە خەڵکی کەلاری باشووری کوردستان بەڵام فراد خەڵکی باکووری کوردستان بوو.

كاتژمێر 9:45ی سەر لەبەیانی ڕۆژی 22/11/٢٠٠٨ لە بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان ‌و ئەنفالكراوانی چەمچەماڵ چاومان بەشایەتحاڵەکان کەوت، یەکێک لەوانەی جەختم کردبووەوە کە دەبێت ئامادە بێت، مام ئەفەندی ئەحمەد مەلامحەمەد بوو، ڕۆحی شادبێت، چونكە دەمزانی شایەتحاڵێكی وریا و قەناعەت بەخشە. كورت و پوخت قسە دەكات و مەبەستەکەی دەگەیەنێت، ئەو پیاوە لە دادگای باڵای تاوانەكانیش شایەتحاڵێكی وریا و بە ویقار بوو. سەرباری ئەوەی خێزانەكەی‌ و چوار منداڵی ئەنفالكراو بوون، خۆی لە دۆزەخی نوگرەسەلمان گەڕابووەوە بەڵام پیاوێكی بەهیمەت ‌و ورەبەرز بوو.

بەرلەوەی بچینە ناو گفتوگۆی فەرمییەوە سەرۆکی شاندەکەی پارتی چەپی سویدی لە ڕێگەی مژدە خەلیل، وەرگێڕەکەی، لێی پرسی چی دەربارەی ئەنفال دەزانی؟ بەڵام تکایە هەرچی ڕاستە ئەوەم پێ بڵێ. مام ئەفەندی گوتی: بەڕێز ئەوەی دیومە ڕاستییە هەتا ئەو ڕۆژەی دەمرم چیرۆکی ئەنفال و دڕندەیی سەدام و حەجاج و بەعسییەکان بگێڕمەوە تەمەنم بەشی ڕاستییەکان ناکات، چ ڕۆژم بەدرۆیە بۆ تۆی بکەم.

نازانم کابرای سویدی چۆن لەو وەڵامەی مام ئەفەندی تێگەیشت بەڵام ئەم چیرۆکە بۆ منیش بوو بەوانەیەک، کە ئازایانە و ڕاستگۆیانە چیرۆکی ئەنفال بنووسمەوە.

پێشەکی

یەکێک لە گرفتەکانی کورد لە گێڕانەوەی ئەنفال‌دا ئەوەیە، کە هەتا ئێستا وێنە گەورەکەی دەبینێ و تەماشای پارچە بچووکەکانی ناو وێنەکە ناکات، یاخود حەوسەڵەی لێ وردبوونەوەی نییە. ئەمە تەنانەت بۆ توێژەر و چالاکانی ئەو بوارەش هەروایە، هەتا ئێستا ئەوەی بە گومانەوە پرسیاری لەبارەوە دەکرێت ژمارەی ڕووخاندنی گوندەکان و ژمارەی قوربانیانی تاوانەکەیە. ئەمەش ئاوێکە سیاسییەکان ڕشتویانە و ئەوانی دی پێی لێ دەخشێنن. چونکە لەبنەڕەتدا ئەم لۆجیکە پێی وایە هەتا گۆڕستانەکانمان فراونتر بن شۆڕشگێرترین و شانسی ڕزگاربوونمان زیاترە. دەنا ساغ کردنەوەی ژمارەی قوربانیان و ئامارکردنی نەکارێکی ئەوتۆی بۆ کراوە ڕووی پیشاندانی خەڵکی هەبێت نەهێندەش ئاسانە، بەکەسانی خۆبەخش و بێپشتیوان ئەنجام بدرێت. ڕەنگە ئەگەر حکومەت یاخود ڕێکخراوەکان بەپشتیوانی حکومەت خەمیان لێ بخواردایە و هەوڵبدرایە بتوانرایە لە ڕاستیی نزیک ببینەوە، بەڵام ساغکردنەوەی ژمارەی قوربانیانی ئەنفال بەپێی بەدواداچوون و لێوردبوونەوەم چەندین کۆسپی گەورەی لەبەردەمدایە و نە سەرکەوتن بەسەریدا ئاسانە و نە لابردنیشی. بەهیوام لە داهاتوودا بەتوێژینەوەیەک بتوانم ئاستەنگ و ئاڵۆزییەکانی بەردەم ئەم کێشەیە بخەمەڕوو.

خاڵێکی تری قسەکردن لەبارەی ئەنفال‌ـەوە گۆترەکاری و قسەی نابەرپرسیارانەیە، تەنانەت لەمەڕ پەلامارە سەربازییەکان و ڕووخاندنی گوندەکان و بەشداری جاشەکانیشەوە. بۆ نموونە، کاتێک باس لە ڕووخاندنی گوند دەکرێت مەگەر بەدەگمەن دەنا بەگشتی هەموو دەڵێن و دەنووسن لەسەرانسەری کوردستان یەک خانووی گوندەکان نەما نەڕوخێ بەڵام ئەمە بۆ هەموو کوردستان ڕاست نییە، چونکە بەلای کەمەوە بەپێی زانیاری من لە ناوچەی سورداش گوندی چەرمەگا و لە ناوچەی بیتوێن گوندی بێتواتە مابوون، لەبەرئەوەی ماڵ و بارەگای سەرۆک جاش بوون. لە پارێزگای هەولێر و دهۆک ٦٧٣ گوند مابوون، هەرچەندە دواتر هەندێک لەوانەش هەر ڕووخێندران. بەڵام گوندەکانی سەر بە عەشیرەتەکانی برادۆستی و دۆڵەمەڕی و سوورچی و هەرکی مابوون کە هەریەکەیان سەر بە موستەشارێکی دەسەڵاتدار بوون. میدیل ئیست وۆچ لەبارەی گوندەکانەوە نووسیوێتی : “لەو سێ پارێزگایەدا كە ناوچەی ئۆتۆنۆمیی كوردستان پێكدێنن. بە پێی ڕووپێوانێک كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی حكومەتە تازەكەی كورد ئامادەی كردووە، 673 گوند لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك دا بەپێوە مابوون و 4049 گوندیش وێران كراون.” ئەو گوندانەی مابوون بەزۆری کەوتبوونە پارێزگای هەولێر و دهۆک و بەتایبەتیش ناوچەی ئاکرێ، کە ئەوسا سەر بە پارێزگای موسڵ بوو. لە 28 ی كانوونی دووەمی 1988دا لیژنەی ئەمنیی شەقڵاوە “ئاماژەی بەوە كردووە كە لارییان نییە لەوەی قەدەغەی ئەمنی لەسەر ئەو گوندانە هەڵبگیرێت کە دانیشتوانیان سەر بە عەشیرەتی سوورچی‌ـن و زۆربەیان خەڵكی خۆبەخشن لە فەوجەكانی بەرگریی نیشتیمانیدا. بێجگە لەوەش تێكدەران ناتوانن بگەنە ئەم گوندانە و دانیشتوانیان هاوكارییان ناكەن و هیچ بەرەنگارییەك لە ناوچەكانیان ڕووی نەداوە”.

بەگشتی، ئەم گوندانە هیچیان گرەنتی مانەوەیان نەبوو هەروەک لە 15ی نیسانی 1989دا بڕیاری ژمارە 3448 ی مەكتەبی باكوور دەرچووە کەڕێگەی بە “چۆڵكردن و كۆكردنەوە”ی ژمارەیەك گوندی دیارینەكراو داوە لەو گوندانەی سەربە هەردوو هۆزی برادۆست و دۆڵەمەڕی‌ـین.

بۆیە توێژەر و لێکۆڵەر ئەگەر بیانەوێ بەرپرسیارانە بدوێن و بنووسن دەبێت خۆیان لە گۆترەکاری و قسەی حازربەدەست بپارێزن. چونکە نەک ئەو ژمارەیە تەنانەت ئەگەر یەک گوندیش مابێت، دەبێت وەک ئەمانەتی زانستی ئاماژەی پێ بدرێت. ئەوەی هیچ گوندێک نەما ئەوە بۆ گەرمیان و دەشتی هەولێر ڕاستە دەنا ئەگەر بۆ وێناکردنی وێرانکارییەکی گشتی بێت دەتوانین بڵێین هەموو کوردستان وێران کرا.

چۆن لە ئەنفال بڕوانین و چۆن بیگێڕینەوە

كاتێک لەمەڕ تاوانی ئەنفال دەدوێین، مەرجە بڕوایەکی قووڵمان بە مافی مرۆڤ هەبێ و بە خۆڕاگرییەکی زۆرەوە، ڕووبەڕووی ببینەوە، هەتا لەکاردانەوەدا نەبینەوە بە بەعسییەکی عێراقی، لە سەرووی ئەوانەشەوە بەڕاستگۆی و تێگەیشتنێکی قووڵەوە شەن و کەوی فاشیزم و دڵڕەقی جەلاد لەلایەک و ئازارەكانی قوربانی و ئەو هۆکارانە بکەین کە بوونە هۆی تاوانەكە.

تاوانکاری جینۆساید لەبەر ئاڵۆزی و قورسیەکەی پێشتر ئامادەكاری بۆ دەکرێت ئینجا ئەنجام دەدرێت، واتا پێشوەخت بیری لێکراوەتەوە و پلانی بۆ دانراوە. بۆیە، بەرپەرچدانەوەشی پێویستی بە ئامادەکاری و بیرکردنەوە و پلان هەیە. لەڕاستیدا، ئەرکی بەرپەرچدانەوە تەنها ئەو کەسانە نین گوایا پرۆفیشناڵن، بەڵکوو ئەرکی هەر مرۆڤێکە کە شکۆمەندی مرۆڤایەتی بەلاوە گرنگە. بەڵام بیرلێکردنەوە و پلان دانان بۆ پێشلێکردن و دووبارە نەبوونەوەی ئەرکی کەسانێکە کە شارەزان یان دەیانەوێت شارەزابن بۆ ئەوەی باشترین و کورترین ڕێگە هەڵبژێرن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. دەنا ئەگەر هونەرمەندێک دەیەوێت خشتێک بخاتە سەر بینای ئەو شکۆمەندییە پێویستی لە ناخەوە تێكەڵی ڕووداوەكان بێت و بچێتە هەناوی ڕووداوەکانەوە (كات و شوێن) زۆر گرنگە، بۆئەوەی بتوانێت هەموو ئەو کەرەستانە بکاتە ئامرازی گێڕانەوە لە پێناوی دووبارە نەبوونەوە.

هەریەكێك لە قوربانیانی ئەنفال، دەشێت کارەکتەری ناو گێڕانەوەکە بن، بەڵام جڵەوی کارە هونەرییەکە دەکەوێتە دەست هونەرمەند. ئەمە بۆ دادوەرێکیش پێویستی هەروا بێت. ئەرکی دادوەر مامەڵەکردنە لەگەڵ بەڵگەکانی بەردەستی، یەکێک لەوانە گێڕانەوەیە، قسەی شایەتحاڵ و سکاڵاکار بەڵام ئیدی دوا بڕیار دەچێتە لای دادوەر. ئەمە بۆ نووسەرێکیش هەر ڕاستە، دەبێت و مەرجە لەکات و شوێن بکۆڵێتەوە، بزانێت لەوکاتەدا هێزی ئەنجامدەری تاوانکار چەند بووە، چەکەکانی دەستیان چی بووە، جلوبەرگیان، تفەنگ و فیشەکیان، مامەڵەیان لەگەڵ قوربانی و مامەڵەیان لەگەڵ چەکەکانی دەستیان، تەنانەت ئاڵایان چۆن بووە. چەند ڕەنگ و چەند خەت و چەند هێمای تێدا بووە. ئەگەر نووسەر هونەرمەند دادوەر هەستی كرد تێكەڵی ڕووداوەکان بووە، دڵرەقی و بەزەیی و ئازارەكانی بینی و لەگەڵیدا ژیا، ئەوا بێگومان لەکارەکەیدا سەرکەوتوو دەبێ و بەلای کەمەوە دەتوانێت ئایدیایەک بۆ دوا بڕیار گەڵاڵە بکات. ئەو كاتە مرۆڤ تێگەیشت تاوان چییە؟ جەلاد و قوربانی كێیە؟ لێکەوتەکانی تاوان، کوشتن و برسی کردن و ماڵ سوتاندن و ڕووخاندن چییە، بەدڵنیایی ئاسانتر لەوە تێ دەگات لەناوبردنی ژیان تەنها کوشتن نییە بەڵکوو وێرانکردنی کولتوور و بەهاکانی تری ژیانیشە. ئەوکاتە زانی جینۆساید ئەنفال گازباران و تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ چییە، ئەوسا دەزانێت هەموو ئەو تاوانانە دەترازێنە ناو هاوكێشەیەکی ترەوە و لە تاوانێکی ناوخۆییەوە دەبێتە تاوانێکی نێودەوڵەتی. ئەی کەوایە تاوانی نێودەوڵەتی چییە مەگەر تاوان هەر تاوان نییە؟ بێگومان نەخێر تاوانی نێودەوڵەتی ڕۆژی بەپشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، چونکە تاوانی نێودەوڵەتی بۆ نموونە: ئەنفال، تەنها تاوانێک نییە دژی گوندنشینە کوردەکان، بەڵکوو تاوانە دژی بەها ژینگەیی و مرۆییەکان.

گرفتی تێگەیشتن

یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم ئەنفال تێنەگەیشتنە لە خودی تاوانەکە وەک تاوانێکی گەورە و فرەڕەهەند. جیانەکردنەوەی قۆناغەکان و لایەنە بەرپرسیارەکان و ئەرکەکانیان. بۆ نموونە، تێکەڵ کردنی ئەرکەکانی سوپا لەگەڵ ئەرکی ئەمن و هەواڵگری، ئەرکی نووسینگەی ڕێکخستنی باکوور و ئەرکی وەزارەتی بەرگری و هێزە چەکدارەکان. واتە، کاتێک باس لە تاوانی ئەنفال لە كوردستان دەکرێت بەگشتی باس لە پەلامارە سەربازییەکان دەکرێت نەک لەو پڕۆسەیەی بەدوای پەلامارەکاندا هاتوون و هەریەکە و بەپێی ئەرکی خۆی ئەنجامیان داون. بەواتایەکی دی، پڕۆسە سەربازییەکانی ئەنفال بریتین لە هەشت پەلاماریی سەربازی یەک لەدوای یەک. ئەم پڕۆسە سەربازیانە ئەرکیان کۆمەڵکوژی نەبووە، بەڵکو ئەرکیان گرتن و کۆکردنەوەی خەڵک و ڕووخاندنی گوندەکان و شەڕکردن بووە لەگەڵ پێشمەرگە و هەر چەکدارێک کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. لە یەکەم قۆناغدا (٢٢ی شوباتی ١٩٨٨) لە شارباژێڕ و دۆڵی جافایەتی‌ـەوە دەستیان پێ کردو و لە بەهدینان (لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨) کۆتاییان هات و بەیانی کۆتایی هاتنی پڕۆسەکە دەرچوو.

کەواتە کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن سوپاوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکوو پەلاماردان و گرتن و کۆکردنەوەی خەڵک ئامادەکاریی بوون بۆ نیازی کۆمەڵکوژییەکە نەک خودی کۆمەڵکوژییەکە. بەواتایەکی دیکە، پڕۆسەی جیاکردنەوە و کۆمەڵکوژی لە تۆپزاوا دەست پێ دەکات نەک لە گوندەکان. ئەنجامدانیشی لە بیابانەکانی خوارووی عێراق‌ـدایە نەک لەناو گوند و چیاکانی کوردستان‌ـدا.

بۆ ناسینەوەی هەر تاوانێکی جینۆساید سێ توخم دەبنە بنەما: سەرەتا دەستنیشانکردن، دواتر گرتن و کۆکردنەوە، ئینجا جیاکردنەوە و پۆلێنکردن و لە کۆڵکردنەوە (کوشتن). هەریەک لەو دۆسێیانەی لێرەدا خراونەتە بەرباس،  ڕێکارانەدا ڕۆیشتوون و لە قۆناغی یەکەمدا قوربانییەکان دەستنیشان کراون. واتا کێن ئەوانەی دەبێت لەم پڕۆسەیەدا بکوژرێن؟ لە جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان‌ـدا (فەیلییەکان)؛ لە جینۆسایدی بارزانییەکان‌دا (نێرینەی بارزانییەکان)؛ لە جێنۆسایدی ئەنفال‌دا کوردە گوندنشینەکان ئەوانەی لە ناوچە قەدەغەکراوەکاندا دەژین، واتە خەڵکی ئەو گوندانەی کە لە شوێنی خۆیاندا ماون و نەهاتوونەتە ناو کۆمەڵگە زۆرەملێکانەوە. لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە‌ـشدا (کوردانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری) و لە جینۆسایدی ئێزدییەکان‌دا (ئیزدییەکان). واتا لە هەموو دۆسێکاندا دەستنیشانکردن، بنەمای کۆمەڵکوژییەکە بووە. بۆ نموونە، بارزانییەکان تەنها نێرینەی بارزانی دەستنیشانکران، نەک هەموو بارزانییەک؛ لە ئەنفالدا تەنها کوردە گوندنشینەکانی ناوچە قەدەغەکراوەکان دەستنیشانکراون، نەک هەموو کوردێک؛ لە شەنگال و دەوروبەری تەنها ئێزدی نەک هەموو دانیشتوانەکی شەنگال.

گرتن و کۆکردنەوە

لەدوای دەستنیشانکردن و ناساندن و لەمرۆڤخستن (dehumanization)، ئینجا قۆناغی پەلاماردان و گرتن و کۆکردنەوە دەست پێ دەکات. سوپای عێراق لە ئەنفال‌دا ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ بووە. خەڵکەکەیان گرتووە و بە ماشێنی سەربازی ڕەوانەی کەمپەکانی کۆکردنەوەیان کردوون و لەوێ ڕادەستی لایەنێکی تری ئەرکداریان کردوون، کە ئەندامانی ئەمن و هەواڵگری بوون، ئەوانیش دوای هەندێک ڕێکاری ئەمنی وەک لێپرسینەوەی سەرەتایی و لێسەندنی پێداویستیەکانی ژیان، وەک جلوبەرگی زیادە و خۆراک و هەندێک جار پێناس و خشڵ و پارە، ئینجا بە ماشێنی تایبەتی خۆیان ڕەوانەی کەمپی سەرەکییان دەکردن کە لە دەڤەری سۆران سەربازگەی “تۆپزاوا” و لە ناوچەی بەهدینان‌ـیش قەڵای نزارکێ بوو.

پۆلێنکردن و جیاکردنەوە

لە کەمپی سەرەکی جارێکی تر پۆل پۆل کۆدەکرانەوە و هەرچی پێیان مابێت لە پارە و پێناسە و هەر شتێکی زیادە لێیان سەندوون، تەنانەت سەعات و موکێش و نینۆک بڕیش. ئینجا پڕۆسەی جیاکردنەوە و پۆلێنکردن دەستی پێ دەکرد. سەرەتا جیاکردنەوەی “نێر و مێ (ژن و پیاو) لەیەکتری، دواتر پۆلێنکاریی دەستی پێ دەکرد، پیر و گەنج. لەناو پیاوەکاندا، گەنجەکانیان دەخستە پۆلێکەوە و پیرەکانیش پۆلێک. ئینجا، ژنە پیرەکانیان دەخستە ناو پۆلی پیاوە پیرەکانەوە و ژن و کچی گەنجیش بەجیا. بەڵام جیاکردنەوەی منداڵ، زوو کۆتایی پێ هێنراوە، ئەویش لەبەر گریان و هاواری منداڵان و دایکان، بۆیە هەر تەنها شەوێک یان دوو شەو بووە، دواتر خراونەتەوە لای یەکدی.

لەکۆڵکردنەوە و کوشتن

دوای پۆلێنکارییەکە، هەر گرووپێک بە جیاواز کراونەتە ناو هۆڵەکانەوە. واتە، هۆڵی پیرەکان جیاواز بوون لە هی گەنجەکان؛ ژن و منداڵەکانیش خراونەتە هۆڵی تایبەت بەخۆیانەوە. ئەوپەری ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ لەو هۆڵانەدا ماونەتەوە و ئینجا پڕۆسەی گواستنەوە دەستی پێ کردووە، بەم شێوەیە:

  1. لەکۆڵکردنەوە: دەستوبرد، بەخێرایی گەنجەکان ڕاستەوخۆ گواستراونەتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە پێش وەخت گۆڕی بەکۆمەڵیان بۆ ئامادەکراوە. ئەو شوێنانەی هەتا ئێستا پیزانراون و ئاشکرا بوون، ئەمانە: ناوچەی حەزەر لە پارێزگای نەینەوا؛ چیای حەمرین لە پارێزگای سەلاحەدین؛ بیابانەکانی دیوانیە، ناوچەی بوسەیە و تەل شێخ و عەرعەر لە پارێزگای سەماوە، بیابانەکانی ڕومادی و ناوچەی حەیدەرییە لە پارێزگای نەجەف. ئەم ئەرکە بە تیمەکانی گوللـەبارانکردن سپێردراوە بە هەموو پێداویستیەکانیانەوە (وەک، پاسی تایبەت بۆ گواستنەوەی ئەنفالکراوان؛ شۆفڵ بۆ هەڵکەندنی چاڵەکانی مەرگ و داپۆشینینان). ئەم کارە هێندە نهێنی بووە نەک ئەفسەران و سەربازانی سوپا، تەنانەت هەموو دائیرە و فەرمانگەکانی ئەمن و هەواڵگریش ئاگاداری نەبوون، بەڵکوو تیمی تایبەت و هەڵبژاردە لە نووسینگەی باکوور و کەسانی جێگەباوەڕی حیزب ئەنجامیانداوە، بەتایبەتی ئەفسەرانی بەردەستی عەلی حەسەن مەجید.
  2. دەستبەسەرکردن: دەستبەسەرکردنی ئەنفالکراوەکان لە سێ شوێنی سەرەکی ئەنجامدراوە. هەرچی پیرەمێرد و پیرێژن کە لە تۆپزاوە گلدرابوونەوە ڕەوانەی قەڵای نوگرەسەلمان کراون لە قەزای سەلمانی سەر بە پارێزگای سەماوە. هەرچی ژنانی گەنج و منداڵ بوون ڕەوانەی سەربازگەی دوبز کراون لە پارێزگای کەرکووک. بەڵام ئەوانەی قەڵای نزارکێ هەندێک لە گەنجەکانیان هەر بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانیانەوە بە دار و بلۆک کوشتووە. ئەوانەی دیکە، ڕەوانەی سەر چاڵەکانی مەرگ کراون. هێشتا هیچ گۆڕێکی بەکۆمەڵی پیاوانی ناوچەی بادینان نەدۆزراوەتەوە لەوانەی لە قەڵای نزارکێ براون. ژن و منداڵەکانیشیان ڕەوانەی سەربازگەی سەلامیە لە پارێزگای نەینەوا کردبوو. بەڵام لەبەرئەوەی لە دوای ئەنفالی بەهدینان لێبوردنێکی گشتی دەرچوو، ئیدی پیرەمێرد و پیرەژنەکانیان ڕەوانەی کۆمەڵگەی بەحرکە کردووە، دواتریش ژن ومنداڵەکانی سەبازگەی سەلامییەیان هێناوە بۆ کۆمەڵگای جێژنیکان و بەحرکە.

ئەوەی پێویستی بیزانین و دەبێت بەوردی وەک خۆی تەماشای بکەین، ئەوەیە کە ئەنفال پڕۆسەیەکی گشتگیری وێرانکار بوو بەهەموو پێوانەیەک جینۆسایدە، بەڵام هیچ کات ڕاست نییە بڵێین ئەنفال پڕۆسەی ڕیشەکێش کردنی نەتەوەی کورد بووە لە عێراق دا، دەکرێت ئەنفال‌ـیش وەک هەر یەک لە تاوانەکانی دیکە (جینۆسایدی فەیلییەکان، جینۆسایدی بارزانییەکان، کیمیاباران و جینۆسایدی هەڵەبجە، جینۆسایدی ئێزدییەکان) پڕۆسەگەلێک بوون بۆ لەناوبردنی کورد و کەم کردنەوەی ڕێژەی کورد هەتا ئاستێک کە نەبێتە مەترسی لەسەر دەوڵەتی عێراق. نەک ئەنفال پڕۆسەیەک بووبێت بۆ لەناوبردنی کورد چونکە ئەوە ڕاست نییە، ئەوسا شارە گەورەکان قەزاکان و کۆمەڵگاکان هەموو کوردنشین بوون و نەکرابوونە ئامانج تەنانەت بەشێکی زۆر لە میلیشیای جاش کوردبوون.

هەندێک گوزارشت لەناو میدیا و تەنانەت توێژینەوەی زانستیشدا هەن، کە لەدیدێکی نەتەوەیی تەسکەوە نووسراون یان هەر ئەوەندەی لێ تیگەیشتوون، بەڵام لە هەردوو بارەکەدا زیادەڕۆیی و زیادە خستنە سەر زیانەکان و مەترسیەکان بە قازانج ناگەڕێتەوە. بۆ نموونە، دەڵێن یان دەنووسن ئەنفال بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی نەتەوەی کورد بوو. بەڵام ئەوە ڕاست نیە و بگرە تێنەگەیشتنیشە لە ئەنفال دواتر ڕوونی دەکەمەوە. یاخود دەنووسن ئەنفال بریتیە لە: زنجیرەیەك پڕۆسە و هێرشی یەک لەدوای یەکی سەربازی نەخشە بۆ كێشراو لەلایەن دەوڵەتی عێراق بۆ سەر خاك و گەلی كوردستان كە تێیدا خاك و خەڵك و سەروەت و سامانی کورد لە ناوبرا”. ڕاستیەکەی ئەم وێناکردنە لە جێگەی خۆیدا نییە و زیادەڕۆیی تێدایە، بە هیچ پێوانەیەکی زانستی جێگەی بڕوا نییە چونکە پڕۆسە سەربازییەکانی ئەنفال تەنها هێرش بوو بۆ سەر ناوچە قەدەغەکراوەکان کە بریتی بوون لەو گوندانەی هێشتا نەهاتبوونەوە بۆ ناو موجەمەعەکان. باشە ئەگەر لەبەرانبەر وەها قسەیەک عەرەبێکی شۆڤێنی یان توێژەرێکی ئەوروپی هەستاو گوتی: مادام وایە بۆچی هێرش نەکراوەتە سەر سلێمانی و هەولێر و دهۆک؟ ئەی ئەم کوردانەی ئێستا چۆن ماون؟ ئەوسا چی وەڵام دەدەنەوە؟

بۆیە لەبری ئەم زیاد پێوەنان و کورتبینییە، ئێمە دەتوانین قووڵتر سیاسەتی دەوڵەتی عێراق بخەینە بەرباس و تاوانەکە وردتر بکەینەوە. بۆ نموونە، سیاسەتی لە کۆمەڵگەخستن لە بنەڕەتەوە بۆ تواندنەوە و لە کوردخستن بوو. چونکە دابڕینی خەڵک لە زێدی خۆی زەمینە سازدەکات بۆ ئاسانتر توانەوە لە قازانی عەرەبی و چوونە ژێر باڵی دەوڵەتی عێراقی و سیاسەتەکانی حکومەتەکەی. عەلی حەسەن مەجید بەڕاشکاوی وای دەگوت: “هەتا هاوینی داهاتوو ناهێڵم هیچ گوندێک بمێنێ هەمووی ڕادەگوێزم و دەیانخەمە ناو موجەمەعاتەکان، ئەوسا چۆن مریشک جووجکەکانی دەخاتە ژێر باڵی خۆی، منیش دەیانخەمە ژێرباڵی خۆمەوە و بە ئایدۆلۆجیای بەعس پەروەردەیان دەکەم”.

ئەم سیاسەتەی عێراقییەکان هاوشێوەی سیاسەتی ئەمریکاییەکان بوو بۆ تواندنەوەی هاووڵاتییە ڕەسەنەکانی ئەمریکا کە بەناوی بەشارستانیکردن و پێشخستنەوە دەیانویست بەواژۆی خۆیان ڕەزامەندی لەسەر دەستبەرداربوونی زەویەکانیان بدەن. لە ڕاستیدا، ئەم هەوڵە بۆ لەقکردنی پێگەی ئابووریی خەڵکە ڕەسەنەکە بوو لەگەڵ برسی کردن و ڕاگواستنیان لە زێدی خۆیان. کەچی ئەمریکاییەکان پڕوپاگەندەی وایان دەکرد، گوایە دەیانەوێت لەناو کۆمەڵگەی ئەمریکاییدا ڕێکیان بخەن.

سەرەڕایی ئەمە، هەندێک لە مێژوونووسان ئەم سیاسەت و پڕوپاگەندانەیان بۆ بەشارستانیکردنی هیندییە سوورەکان بەڕاست زانیوە. بە پێچەوانەوە، جێفری ئوستلە دەڵێت بەرپرسانی ئەمریکا هەرگیز نەیانویستووە هندییەکان بەرە و شارستانیەت بەرن. بەڵکوو سیاسەتی لەخشتەبردن و توانەوە بوو، وەک دواتر لە سیاسەت و ڕەفتارەکانی سەرۆک توماس جێفەرسن (١٨٠١-١٨٠٩) دەرکەوت، سەرەڕای دەمکوتان لە بەشارستانیکردن و یەکخستن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆتاییدا بژاردەی سێیەمی بۆ لەناوبردنی هیندییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری میسیسیپی پەیڕەو کرد.

سەرئەنجام، هێنری نۆکس، وەزیری جەنگ لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆرج واشنتن دا، فەرمانی شەڕی سنوورداری دەرکرد بۆ “ڕیشەکێشکردن”ی گەلانی ڕەسەن، بەپاساوی ئەوەی “تاوان”یان دژی ئەمریکییەکان ئەنجام داوە.

عێراقییەکانیش دەیانویست کتومت ئەو سیاسەتە لە دژی کورد پیادە بکەن، وەک چۆن فراوانبوونی ئەمریکا لە بەرئەنجامی کوشتار و لەناوچوونی زۆربەی خەڵکە ڕەسەنەکان بوو، ناوچە عەرەبییەکانی عێراق‌ـیش لەسەر حیسابی لەناوبردنی کوردەکان فراوانکراوە. ژمارەی قوربانییەکانی کوشتاری خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکا سەرسوڕهێنەرن. بەگشتی، ئۆستلەر ڕێژەی کەمبوونەوەی دانیشتوانی هیندییەکانی بە ٧٠% خەمڵاندووە لە بەرئەنجامی سیاسەتی  فراوانخوازییەکانی ئەمریکاییەکان. ئەگەر جینۆسایدی کورد و هندییەکانی ئەمریکا بەڕێژەی دانیشتوان پێوانە بەراورد بکەین ئەوا ڕێژەی قوربانیانی گوندنشینەکانی کوردستان لە ئەنفال‌دا هێندەی هندییەکانی ئەمریکا مەترسیدارە، ئەوە جگە لە لەو زیانە ماڵی و کولتوورییەی لە تەواوی کوردستان کەوتووە.

بۆیە ئەوەی دەیەوێت تاوانەکە لە قەبارەی خۆی گەورەتر نیشان بدات، هێشتا لەوە تێنەگەیشتووە نیازی جینۆساید خۆی مەترسییە گەورەکەیە، دەنا گوند ڕووخاندن و خزاندنی خەڵکەکەی لە کۆمەڵگە زۆرەملێکاندا هەر کوشتنە بەڵام نافیزیکیی، چونکە تێکدانی بنەمای ئابووری و شێواندنی کولتووری کۆمەڵگەکان لە تاوانە مەترسیدارەکانن. تێنەگەیشتن لەم ڕاستییانە هیچ بەرژەوەندییەکی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی نییە. بنەماکانی ناسینەوەی تاوانێکی جینۆساید لەسەر ئەوە نییە ئەو نەتەوەیە یان ئەو گرووپە چەندە زیانی پێگەیشتووە؟ بەڵکوو لەسەر ئەو بنەمایەیە کە نیاز (نیەت) و بەرئەنجامی تاوانەکە ساغ بکرێتەوە. ئینجا ئەگەر بەشێکی ئەو نەتەوەیە کرابێت بە ئامانج یان هەمووی هیچ لە مەترسی تاوانەکە ناگۆڕێت.

ئەوەی گرنگە بیزانین ئەنفال بۆ لەناوبردنی هەموو کورد نەبوو، وەک هەندێک نووسەر و توێژەر دەیڵێن و دەینووسن. بەڵکوو بۆ لەناوبردنی بەشێک لە کورد بوو، ئامانج نەهێشتنی گوند و گوندنشین و تێکدانی بنەمای ئابووری و هەڵتەکاندنی پێگەی جوڵانەوەی سیاسی کوردستانی بوو. بەڵام ئەنفال تاکە تاوانی جینۆساید نییە، بەڵکوو یەکێکە لە تاوانەکانی جینۆساید کە زۆرترین ناوچەی جوگرافی و زۆرترین قوربانی لە ڕووی گیانی و ماڵی لێکەوتۆتەوە.

ئەگەر تێگەیشتن بۆ جینۆساید و مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان هەبێت، تەنها دۆكیومێنتکردن و بەکارهێنانی ئەو بەشە، یاخود ئەو دۆسییە بەسە بۆ ئەوەی لەڕووی سیاسیی و یاساییەوە هەموو مافە نەتەوەییەکانی پێ دەستەبەر بکرێت و دنیای لەبەرانبەردا بەرپرسیار بکرێت، ئەوەش بە بنەما لەسەر ئەوەی کە هەموو گرووپێکی جینۆسایدکراو مافی پارێزبەندی (حصانە)ی هەیە. ماددەی دووەمی ڕێككەوتنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان (1948) بۆ ڕێگریکردن لە تاوانی جینۆساید دەڵێت: جینۆساید کردەیەکە بە مەبەستی لەناوبردنی سەرجەم یان بەشێك لە گرووپێک (نەتەوەیی، ئیتنی، ڕەگەزی، ئایینی) ئەنجام درابێت. دواتر ڕوونتر دەڵێت جینۆساید کردەی:

  1. كوشتنی ئەندامانی گرووپێکە بە هەر ڕێگایەك لە ڕێگاكانی لەناوبردن و فەوتاندنە.
  2. زیان گەیاندنی گیانی و بەدەنییە كە ببێتە هۆی لە ناوبردنی سەرجەم یان بەشێكی ئەندامانی کۆمەڵەکە یان گرووپەکە.  
  3.  دانانی گرووپێکە بەئەنقەست لە بارودۆخێكی سەختدا كە ببێتە هۆی لە ناچوونی هەمووی یان بەشێكی.
  4. ڕێگەگرتنە لە زیادبوونی ئەندامانی گرووپێک بە تەگەرە خستنەبەر منداڵ بوون بە هەر ڕێگەیەك لە ڕێگەکان.
  5. بەزۆر ڕاگواستنی منداڵان لە گرووپێكەوە بۆ گرووپێكی دیکە.

ئەگەر تەماشای ئەو پێناسەیە و ڕووداوەکانی ئەنفال بكەین، ئەوا دەتوانین كورد وەك گرووپێكی نەتەوەیی لەناو ئەو تاوانانەدا ببینین. هاوکات بۆمان دەردەکەوێت كە لە ناوچەكانی کوردستان‌دا لەکاتی ئەنفال‌دا هەموو کورد نەبووەتە ئامانج بەڵکوو بەشێکی بووەتە ئامانج. لە ئەنفال‌دا كوشتنی ئەندامانی نەتەوەی كورد ئامانج نەبووە بەڵکوو کوردی گوندنشین ئامانج بووە، واتە بەشێكی نەتەوەکە کراوەتە ئامانج.

بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕوونتر لە دەستنیشانکردنەکە بخەینە بەر دیدە، ئەوە لە کۆمەڵکوژییەکەی بارزانییەکانیش دەبینین کە هەموو بارزانییەک نەکراوەتە ئامانج بەڵکوو تەنها پیاوانی بارزانی لە تەمەنی ١٢ هەتا ٧٠ ساڵ بە ئامانج گیرابوون. واتە، ئەو جینۆسایدە ژن و منداڵی نەگرتووەتەوە بەڵکوو تەنها پیاوی گرتووەتەوە.

لە ئەنفال‌دا تەنانەت ئەگەر یەک قۆناغیش وەربگرین هەموو بنەماكانی تاوانی نێودەوڵەتی تێدایە بۆ ئەوەی وەک تاوانی جینۆساید مامەڵەی لەتەکدا بکرێت. نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو هەموو تاوانەكانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگیش لە ئەنفال‌دا ئەنجام دراون. ئیتر هیچ پێویست ناکات زیادەڕۆیی بکەین لە نیشاندان و پێناسەکردنی تاوانێکی جینۆسایددا. چونکە نەخەڵک گێلە و نەزانێت چ ڕوویداوە و چ تاوانێک جینۆسایدە و نە کوردیش بە زیادەڕۆیی و خۆزەلیل نیشاندان دەبێتە دەوڵەت.

سەرچاوەکان

  1. دیداری ئەفەندی مەلا مەحمەد لەگەڵ سەرۆکی پارتی چەپی سویدی، چەمچەماڵ بەڕێوەبەرێتی شەهیدان وئەنفالکراون نوسینگەی چەمچەماڵ کاتژمێر ١١ی بەیانی.
  2. مێدیل ئێست وۆچ جێنۆساید لەعیراق پەلاماری ئەنفال بۆسەرکورد، لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمەساڵح توفیق چاپی دووەم خانەی وەرگێران ،٢٠٠٤، ل ٤٠٧.
  3. نووسراوی ئەمنی هەولێر بۆ ئەمنی شەقڵاوە، ژمارە س ‎ت 17922 ی 21ی تشرینی دووەمی 1988.
  4. کاسێتەکانی عەلی حەسەن مەجید لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارێزگاری شارەکان و بەرپرسانی ناوچەی باکوور، ڕۆژی ١٥ی نیسانی ١٩٨٧.
  5. جێفری ئوستلەر، جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان، لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمەساڵح توفیق، ماڵپەری ئاوێنە، ١٢/٤/٢٠٢٤
  6. Jeffrey Ostler, Surviving Genocide, American History, yale university press, November 2, 2020.
  7. کاسێتەکانی عەلی حەسەن مەجید، کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٥ی نیسانی ١٩٨٧ میدل ئیست وۆچ جینۆساید لە عیراق پەلاماری ئەنفال بۆسەرکورد، لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمەساڵح توفیق ٢٠٠٤ چاپی دووەم خانەی وەرگێران، پاشکۆی (A) ل٤٣٣
  8. Tim Alan Garrison, Surviving Genocide: Native Nations and the United States from the American Revolution to Bleeding Kansas by Jeffrey Ostler

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO