ئیبراهیم شێخ وەسانی
بەشی دەیەم
مۆدێرنێتەی دیموکراتی چییە؟
ئەبجەلان (ناوەکە بە ئەنقەست شێوێنراوە لە ترسی سانسۆر) لەو باوەڕەدایە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کیانێکی ئەخلاقی و سیاسییە، نابێت ئەخلاق و ئیرادەی ئازادی مرۆڤ لە دەرەوەی زانستی کۆمەڵناسی بن، بەڵام چونکە زانستی کۆمەڵناسی پۆزەتیڤیستی سنووردارە، ناتوانێت لە توێژینەوەی کۆمەڵایەتی حیساب بۆ ڕۆڵی «کولتوور، مێژوو، سیاسەت، ئایین»ی کۆمەڵگە و ڕەهەندەکانی «هەست، بەها، ئازادی» مرۆڤ بکات. بە بڕوای ئەبجەلان گرفتی سنوورداریەکەی پۆزەتیڤیزم لەوە سەرچاوە دەگرێت، بێلایەن نییە، بەڵکوو یەکێکە لە ئامرازە ئایدۆلۆجییەکانی سیستەمی سەرمایەداریی و دەوڵەت-نەتەوە.
ئەبجەلان قەناعەتی وایە پارادایمی زانستی پۆزەتیڤیستی وەک ئامێرێکی ئیپیستمۆلۆجی (مەعریفی) سووتەمەنی ئایدۆلۆجیای دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنە دەدات. لەلای ئەبجەلان پۆزەتیڤیزم وزە و فەلسەفەی “خودای” شارستانیەت و سیستەمی سەرمایەدارییە.
ئەبجەلان پێی وایە پۆزەتیڤیزم بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردن لە ڕێگەی زانستی کۆمەڵناسی هەموو شتێک کورت دەکاتەوە بۆ فیزیای پێوانەکراو. ئەمەش کۆمەڵگە والێدەکات وەک ئامێرێک دەرکەوێت کە شەرعیەتی ئەندازیاریکردنی هەبێت، بەرئەنجام پۆزەتیڤیزم ئەو زهنیەتە بەرهەم دێنێت کە کۆمەڵگە “ئۆبژەیەکی” میکانیکییە، دەتوانێرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەڵام لەدیدی ئەبجەلان، ناکرێت ڕەهەندە «کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، سۆزداری، ئازادی»ی مرۆڤ پشتگوێ بخرێن، چونکە کۆنتڕۆڵ ناکرێن.
لە ڕوانگەی ئەبجەلان پۆزەتیڤیزم یۆرۆسەنتەریکە (Eurocentric)، وەک ئامرازێکی ئایدۆلۆجی یۆرۆسەنتریکی کار دەکات، یارمەتی شەرعیەتدان بە مانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوە و سیستەمی سەرمایەداری ڕۆژئاوایی دەدات. یۆرۆسەنتەریک ئاماژەیە بۆ جیهانبینییەک کە شارستانیەتی ڕۆژئاوا (بەتایبەتی ئەوروپا) وەک ناوەندی مێژوو و کولتوور و دەسەڵاتی فیکری سەیر دەکات. ئەبجەلان وای دەبینێت زانستە کۆمەڵایەتییە پۆزەتیڤیستییەکان شێوازەکانی بیرکردنەوەی ئەوروپی گشتگیر دەکەن، زانیارییە مێژوویی و فەرهەنگییەکانی شارستانیەکانی دیکە پەراوێز دەکەن.
ئەبجەلان پێی وایە زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن مۆدێرنێتەی ئەوروپییەوە لە قاڵب دراون، مێژوو و ئیپیستمۆلۆجییە (مەعریفییە) غەیرە ڕۆژئاواییەکان کەم بایەخ دەکەن، بەمەبەستی سڕینەوە، میراتی دەوڵەمەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ بەها دەکەن. بە بڕوای ئەبجەلان چەمک و تیۆرییە کۆمەڵناسییە پۆزەتیڤیستییە ئەکادیمییەکان، چونکە لەلایەن مۆدێرنەتە ئەوروپییەکانەوە لە قاڵب دراون ناتوانن ڕاستی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان شی بکەنەوە.
لە دیدگای ئەبجەلان پۆزەتیڤیزم لە ڕەهەندە مێژووییەکەیەوە گێڕانەوەی مێژووی شارستانی قۆرخ دەکات، مێژووی ئەوروپی وەک مێژووی گەردوونی مرۆڤایەتی دەخاتە ڕوو، حیساب بۆ ڕۆڵ و بەشداری شارستانییەتەکانی «میزۆپۆتامیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میسر، چین، هیندستان» لە پێشکەوتنی شارستانی ناکات، بچووکیان دەکاتەوە. ئەو چەمکانەی تایبەتن بە بارودۆخی مێژوویی ئەوروپا بەسەر گەلانی دیکەدا دەسەپێنی، ئەوەش چڕکردنەوەی ناوەندی شارستانیەتە لە یەک جوگرافیادا، وێناکردنی کۆمەڵگەکانی دیکەیە وەک «لاوەکی، دواکەوتوو، سەرەتایی». ئەبجەلان زۆرجار میزۆپۆتامیا بە “شانازی شارستانیەت” وەسف دەکات، بەڵام زانستی مێژوویی پۆزەتیڤیستی ئەم ڕۆڵەی میزۆپۆتامیا لەبیر دەکات، ئەوروپا وەک تاکە سەرچاوەی شارستانییەت نیشان دەدات.
ئەبجەلان لای وایە ئەرکی پۆزەتیڤیزم پاراستنی دۆخی ئێستایە، زانست بەجۆرێک بەرەوپێش دەبات کە دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداری بپارێزێت نەک لە خزمەتی کۆمەڵگە دابێت، ئەبجەلان وێڕای ڕەتکردنەوەی ڕێبازی زانستی پۆزەتیڤیستی، بەڵام دژایەتی “زانست” ناکات. بەپێچەوانەوە، لە ڕوانگەی ئەو، میتۆدی زانستی (لێپرسینەوەی ئەزموونیی، ئەزموونیی، عەقڵانیی) وەک ئامرازێکی بنەڕەتییە، دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت. لەلای ئەبجەلان کێشە لە میتۆد نییە، بەڵکوو بەکارهێنانی ئایدۆلۆجییە لەو میتۆدە.
ماویەتی