سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

خنکاندنی کورد بە پەتی ئاشتی

دەشتی  بەرزەواری

بەشی دووەم

بە پرسیار دەست بەنووسینی بەشی دووەمی (کۆتایی) بابەتەکە دەکەین. دەپرسین بۆچی و لەپێناو چیدا پەک دامەزرا؟ ئێستا چی لە تورکیا گۆڕاوە، تاوەکوو پەک چەک دابنێ؟

وەک دەزانین پەک لە ١٩٧٨ لە گوندی زەردەکۆ (فیس) نزیک ئامەد دامەزراوە. سەرەتا پەک وەک ڕێکخراوێکی سیاسی لە پێناو  سەربەخۆیی کوردستان بە بیروەباوڕێکی سۆشیالیزمی‌ـ‌مارکسی  بۆ  دەستەبەرکردنی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافی ژنان و پێکەوەژیانی گەلان لەپێناو بەدیهێنانی سۆشیالیزمی ڕاستەقینە خۆی بە خەڵکی باکووری کوردستان ناساند. لە ڕاستیدا ئەوەی وای کرد پەک زۆر بەخێرایی بناسرێ و گەشە بکات، ئەو دروشم و بانگەوازانەی پەک نەبوو وەک  یەکسانی و مافی ژنان و دادپەروەری و مافی گەلان، بەڵکوو دروشمی سەربەخۆیی بۆ کوردستان بوو.

دواجار ئەو دروشمە نەک هەر  وای کرد پەک زوو بناسرێ، بەڵکوو بووە جێگای ئومێدێکی زۆر گەورە بۆ تەواوی نیشتیمانپەروەران لە هەر چوار پارچەی کوردستان، تاڕادەیەکیش بووە جێگرەوەی هەموو ئەو پارت و لایەنە سیاسیانەی کە دروشمەکانیان لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی لەناو دەوڵەتی داگیرکەر دەبینییەوە. ئەو دروشمە تازەیەی پەک (سەربەخۆیی کوردستان) بوێرییەکی زۆر گەورە بوو، لەبەرانبەر داگیرکەرێکی ملهوڕی وەک دەوڵەتی تورک. لە هەمان کاتدا مۆتەکەی ترس و دڵەڕاوکێی باسکردنی سەربەخۆیی کوردستان لای خەڵک و نوخبەی سیاسی لە کوردستان ڕەواندەوە.

بۆیە بە هەزاران گەنج و پیر، ژن و کچ، لە هەر چوار پارچەی کوردستان هاتنە ڕیزەکانی پەک، کە ئامادە بوون سەروماڵی خۆیان لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئەو بزووتنەوە نەتەوەییە ببەخشن. لە ئەنجامی ئەو خەبات و قوربانیدانە دوور و درێژەی خەڵکی کوردستان، پەک بووە سیمبولی ئازادی و هیوای سەربەخۆیی هەر چوار پارچەی کوردستان “ئەبجەلان”یش (ناوەکە بە ئانقەست شێوێنراوە بۆ نەناسینەوە) وەک ڕێبەری لە هەر چوار پارچە سەیر دەکرا.

بۆ ئەوەی لە بابەتەکە دەرنەچین دەمەوێ ئەوەتان بیر بخەمەوە، کاتێک کە پەک شۆڕشی چەکداری ڕاگەیاند، هەموو وڵاتە زلهێزەکانی جیهان دۆست و هاوکاری تورکیا بوون، بە ئیسرائیل‌ـیشەوە. لەبەرانبەردا ناوی کورد و کوردستان نەک هەر لای تورک بە تاوانێکی زۆر مەزن دەزانرا، بگرە دۆستەکانی تورکیاش ناوی کورد و “پەک”یان لە وڵاتەکانی خۆیاندا پێناخۆش بوو. پێیان وابوو پەک هۆکارە بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەی تورک، کە دواجاریش بەرژەوندییەکانیان لەگەڵ تورکیا‌ـدا دەخاتە ژێر مەترسییەوە.

بۆیە، زۆر زوو  جیهانی سەرمایەداری بەسەرکردایەتی ئەمریکا، بێ دوودڵی و بێ سڵەمینەوە لە هیچ عورفێکی سیاسی و ئەخلاقی “پەک”یان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی هەژمارکرد، بەبێ ئەوەی یەک فیشەک لە چەکەکانی پەک لەدژی سەربازانی ئەو دەوڵەتانە دەربچێت، یان یەک وتاری سیاسی دژ بەم دەوڵەتانەش لەلایەن پەک درابێت. ئەوان هاتن “پەک”یان خستە ناو لیستی تیرۆری جیهانییەوە.

دوای ئەوەی لە ژێر فشارەکانی تورکیا پەک خرایە ناو لیستی تیرۆری نێودەوڵەتییەوە، دەستی تورکیا واڵاکرا بۆ ئەوەی زۆر دڕندانەتر هەرچی لە دەستی دێت بە ئاگر و ئاسن بەرانبەر بە کورد و خاکی کوردستان بیکات. ئەمەش وای لە تورکەکان کرد جیاوازی لە نێوان گەریلا و منداڵێکی دەرسیم و پێرەمێردێکی ئاماد و ژنێکی وان نەکەن. هەر کەسێک بە کوردی قسەی بکردایە لای ئەوان وەک پەک تیرۆرست بوو، سزاکەشی مەرگ بوو، لە باشترین باردا سزای زیندانی هەتا هەتاییان بەسەردا دەسەپاندن.

ئەوە بوو لە پیلانێکی نێودەوڵەتی بە هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپا لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ تاوانێکی گەورە بەرامبەر بە کورد کرا، “ئەبجەلان”یان لە نایرۆبی پایتەختی کینیا دەستگیر کرد و ڕاستەوخۆ ڕادەستی تورکیا‌ـیان کرد. ئەوە لێدانێکی زۆر کوشندە بوو بەر نەتەوەی کورد و پەک کەوت. بەڵام پەک هەر چۆکی دانەدا و لە خەباتی چەکداری و سیاسی و ڕێکخراوەیی و ڕۆشنبیریی و کولتووری خۆی بەردەوام بوو. بۆیە تا ئەم دوایانەش پەک بە تاکە ڕێکخراوێکی کوردی دەناسرا، کە دوای گرتنی ڕێبەرەکەی نەڕوخێت و چکۆدانەدا و هەڵنەوەشێتەوە، بەڵام   لە دوای نەمانی دۆستایەتیەکەی جارانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بە پێچەوانەشەوە بوونی دۆستایەتی ڕۆژاڤای کوردستان لەگەڵ ئەم دوو هێزە لە ناوچەکەدا، کە لە ئێستادا بۆتە جێگای ئومێدی کورد. لەم کاتە ناسکەدا ئەبجەلان دێت پرۆسەیەکی ئاشتی بێ ئومێدانە لەگەڵ تورکیا ڕادەگەیێنێت! بەڕاستی ئەوە ئێمەی تووشی شۆك کردووە نازانین چی ڕاستە و چی هەڵەیە!

نازانین بەڕێز ئەبجەلان، بەو پڕۆسە ئاشتییەی لەگەڵ تورکیا ڕای گەیاندووە، دەیەوێت گرەو لەسەر چی بکات؟ تۆ بڵێی بیەوێ گرەو لەسەر ئەوە بکات لەڕێگەی ئاشتی بە گفتوگۆ  پرسی کورد لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک چارەسەر بکات! یان ئەو دەتوانێ تورکی ملهوڕی نەژادپەرست لە دەوڵەتێکی مرۆڤکوژی وێرانکەر بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی مرۆڤدۆستی دیموکراتخواز! لە ناو ئەو دەوڵەتەشدا دان بە مافە نەتەوایەتییەکانی کورد دابنرێت؟   

نەک هەر ئەبجەلان بەڵکوو هەموو سەرکردەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە، هەر گرەوێک بکرێت لەسەر پرسی ئاشتی لەگەڵ تورکیا بێگومان گرەوێکی دۆڕاوە؛ هەر گفتۆگۆ و ڕێککەوتنێکیش سەبارەت بە کورد و خاکی کوردستان لە هەر پارچەیەکی کوردستان لەگەڵ تورکیا بکرێت، جگە لە خۆ بەدەستەوەدان و پەشیمانی هیچ دەستکەوتێکی تری بۆ کورد نابێت؛ لەبەر دوو هۆکاری زۆر سادە:   

یەکەم، بەدرێژایی مێژوو تورک هەر کاتێک باسی ئاشتی لەگەڵ کورد کردبێت پێشتر چاڵێکی زۆر گەورەی بۆ هەڵکەندووە، دواتر زۆر بێویژدانانە زیندەبەچاڵی کردووە.

دووەم ، لە دوای مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزان تا ئیسرائیل نەهاتە ناو هاوکێشەی گۆڕانکارییەکان تورک هەرگیز وەک مرۆڤ سەیری کوردی نەکردووە.

ئێستاش کە منجەمنجی ئاشتی دەکات، لەبەر بڕوابوونی بە ئاشتی نییە، بەڵکوو ئەو باش دەزانێت ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانێکی زۆر گەورەدایە؛ گۆڕانەکەش ڕەشکردنەوەی نەخشەی دوای  جێبەجێکردنی پەیمانی لۆزان و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی هەردوو بکوژی نەتەوەی کورد (سایکس و بیکۆ )یە. ئەو کارەش لەسەر دەستی ئیسرائیل دەکرێت بە سەرپەرشتی ئەمریکا.

لەو گۆڕانکاریانەشدا زەرەرمەندی هەرە گەورە تورکیا‌ـیە، چونکە نەک هیچ ڕۆڵی پێنادەن لەو گۆڕانکاریانەدا، بگرە پرسیشی پێ ناکەن. ئەگەری ئەوەش هەیە سوودمەندی یەکەم لەم گۆڕانکاریانەدا نەتەوەی کورد بێت. ئەگەر کورد یەگرتوو بێت و چیتر خۆی بەپارێزەری خاکی تورکیا و عێراق و سووریا و ئێران نەزانێت. ئەوەش بۆتە مۆتەکەی سەری تورکی فاشیست، خەوی لەچاوان تۆراندوون.

کۆمەڵێک هۆکار هەن وایان کردووە، کە تورکیا زۆر بترسێ. تورکیا باش دەزانێ لە ئێستادا نەک هەر  بێزراوە لە لایەن بلۆکی خۆرئاوا ( ئەمریکا و  فەڕەنسا و هاوپەیمانەکانیان) بگرە لە لایەن بلوکی ڕۆژهەڵاتیش (ڕووسیا و چین و هاوپەیمانەکانیان) بێزراوە. تورکیا بۆی دەرکەوتووە نەک هەر پێشنیازەکانی لێ وەرناگرن، بگرە گوێشی لێناگرن.

لەلایەکیترەوە لە باشی بەختی کورد، تورکیا لە بەرچاوی هەموو دنیا ڕۆڵی زۆر خراپ لە سووریا دەگێڕێت، بە هاوکاریکردن و پشتگیری حکومەتە تیرۆرستەکەی جۆلانی، کە لەو کۆتاییانەدا لە شاری سوەیدا ڕەشەکوژی دروزەکانیان کرد. جگە لەوەی تورکیا بۆتە هەڕەشە لەسەر نەخشە و پلانەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بەگشتی و سووریا بە تایبەتی. ئەوەش وای کردووە ئیسرائیل و ئەمریکا  لەبەرانبەر تورکیا‌ـدا هەڵوەستە بکەن و هەندێک جاریش بە توندیش هۆشداری پێ بدەن، لەوەی پەلبزاوتی زیاتر نەکات و پێ لە بەڕەکەی خۆی زیاتر ڕانەکێشێت.

تورکیا لەوە تێگەیشتووە، کە ئیتر وەک جاران ناتوانێت بە کەیفی خۆی یاری بە چارەنووسی نەتەوەکانی ناوچەکە بکات، بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێگای سیناریۆ بێ کەڵکەکانی کارتی دیکە بەکار بهێنێت لەدژی جێبەجێ کردنی نەخشەی داود. تورکیا دەیەوێت بە سیناریۆی هێنانە پێشەوەی بەناو پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئەبجەلان دا، کارتی کورد بگرێتە دەست و لە دژی ئیسرائیل بەکاری بهێنێت، کە ئەمە کارتێکی زۆر بێهێزە و سوتاوە، چونکە کورد لە تورکیا‌ـدا هیچی بۆ خودی خۆی پێناکرێ، تا بتوانێ لە ناوچەکەدا  شتێک بۆ تورکیا بکات! مەگەر تەنها بتوانێت بۆ سەد ساڵی دیکە خۆی بخاتە بنی ئەو چاڵانەی تورکیا بۆی هەڵکەندووە.

 جا لێرەدا بە بەڕێز ئەبجەلان دەڵێین تۆ تەنها لە بەرانبەر داواکانی تورک بێدەنگ بە هیچ ئاواتێکی تورک مەهێنە دی بەتایبەتی لە رۆژاڤای کوردستان تا دوای گۆڕانکارییەکان پاشان چی لەگەڵ تورکیا دەکەی بیکە. ئەوەی ئەمڕۆ  پێویستە کورد لە ناوچەکەدا بیکات، ئەوەیە کە تەنها جارێک ئەگەر سەرکێشیش بێت، با پشت لە عێراق و تورکیا و سووریا و ئێران بکات و دەست بخاتە ناودەستی ئیسرائیل، بەڵام بەیەک گوتار و یەکگرتووی ئەوە بکەن، ئەوە سەربەخۆیی باشوور و ڕۆژاڤا کوردستان زۆر نزیکە. دواتر پەلدەهاوێت بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دواجاریش باکووری کوردستان، کە ئەوە برینەکەی سەر دڵی  تورکیا قووڵتر دەکات. بە ڕزگاری یەکجارەکی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانی گەورە خەوەنە گڵاوەکانی تورکیا بۆ هەتاهەتایە لە گۆڕ دەنرێن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO