“مادام دز و گەندەڵکارەکان باس لە سەربەخۆیی دەکەن، نابێت تۆ باسی بکەیت، ئەگەر باسی بکەیت، واتە تۆش بەشێکیت لەوان”. بەمانای ئەوەی ئەگەر (أ) پشتیوانی لە سەربەخۆیی بکات، دەبێت تۆ دژی بیت، نەک بەهۆی سەربەخۆیی، بەڵکوو لەبەرئەوەی کە ئەو (أ) دز و گەندەڵکارە. ئەمە ئەو لۆجیکەیە کە زۆرێک لە هاونیشتمانییانی ئێمە باوەڕیان پێی هەیە. ئەم لۆجیکە، لەوانەیە لە کەم شوێنی دنیادا نموونەی هەبێت. لەو نووسینەدا، مەبەستم لە دژە سەربەخۆخوازەکان تەنها باشووری کوردستانە، ئەوانەن کە هەموو سەربەخۆخوازەکان دەخەنە خانەی پارتیبوون. ئەوانە زۆربەی جار دژە پارتین، بۆیە دژی هەموو ئاماژەیەکن کە لەگوتاری پارتیدا کەم تا زۆرێک جەختی لەسەر دەکرێتەوە.
لەمیانەی نووسینم بۆ یەک ڕستەی “بەڵێ بۆ سەربەخۆیی” و پشتیوانیم بۆ سەربەخۆیی؛ یەکێک بۆی نوسیبووم “ئەم نوسینەی تۆ لەهی کادیرێک دەچێت”، بەو مانایەی مادام کادیرێک باس لە سەربەخۆیی دەکات، دەبێت تۆ باسی نەکەیت. هەڵبەت بەقەد هەژاریی ئەو لۆجیکە، واقیعەکەش جێگای نیگەرانییەکی گەورەیە. نیگەرانی لەوەی، هیچ ئومێدێک نییە تا دەیان ساڵی دیکەش ناتوانین لە گرێیەک ڕزگارمان بێت، کە دەتوانم ناوی بنێم گرێی “شەست و شەش”، کە دەرگایەکی بۆ دووبەرەکی و ناتەبایی ناوخۆیی کردەوە، تا ئەمڕۆش کەس نەیتوانیوە دای بخات. گرێیەک تا چەند لۆجیکە، تا چەند ڕاستە یان ناڕاست، کێشە نییە، بەڵام گرێیەکە بمانەوێت یان نا کۆمەڵگەی ئێمەی بەرزەفت و داگیر کردووە. گرێیەکە تا ئەمڕۆش ئێمەی کردۆتە دیلی شەڕی ناوخۆ و دووبەرەکیی و ناتەبایی. باوەڕت بەو گرێیە هەبێت یان نا، لە هیچ بەرەیەکییان بیت یان دژییان بیت یان نا، سەربەخۆ و سەربەخۆخواز بیت یان نا؛ تۆ مادام دروشمێک بەرز دەکەیتەوە و لە هی ئەوان دەچێت؛ واتە تۆ لەوانیت. بازنەیەکی داخراوە و بۆتە نەفرەتی مێژوو و لێڕزگاربوونی مەحاڵە و “بشفڕێت هەر حوشترە”.
ئەمڕۆ، لە میانەی بیرکردنەوە لەو لۆجیکە نەفرەتییە؛ گەڕامەوە بۆ تیۆری “ململانێی لاساییکەرەوە”، کە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لە نووسینێکدا ئاماژەم پێ کردووە. لەو تیۆرییەدا فەیلەسوف و زانای فەڕەنسی ڕینێە جیرارد (René Girard) کاری لەسەر ململانێی لاساییکەرەوە (Mimetic Desire)، یان ئارەزووی لاساییکردنەوە کردووە؛ کە تیایدا خەڵک خۆیان بە دژە-ناحەزەکانییان پێناسە دەکەن. ڕینێە هەوڵ دەدات لە ئارەزووی مرۆیی و ئەو ململانێیانەش کە بەرهەمی ئەو ئارەزووەن، تێ بگات، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کارە ئەکادیمییەکان و هونەردا هەیە لە هەردوو سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا.
لێرەدا، دژە-ناحەزبوون، بۆ نموونە دژە پارتیبوون یان دژە یەکێتییبوون، یان لەڕووی بیروباوەڕەوە دژە-موسڵمانبوون، یان دژە-جووبوون، تادوایی، دەتوانین وەکوو جۆرێک لە “ناسنامە” پێناسەی بکەین. هەر یەکێک لەو جۆرە دژبوونە، جۆرێکە لە خۆناساندن و “ناسنامەیەک” دەدات بە دژەکە. مادام تۆ دژە-پارتیت، گرنگ نییە تاچەند هەڵگری لۆجیک و ئەقڵ و هۆشیاریت، بەڵکوو ئەوەی گرنگە بەو دژبوونەت واتە تۆ کەسێکی پێشکەوتوویت چونکە پارتیبوون واتە دواکەوتن و خێڵەکیبوون و گەندەڵی. یان دژە یەکێتییبوونت، بەمانای ئەوەی یەکێتیی لەوەتەی هەیە هەر لەبەرەی داگیرکەردا بووە و بە دژەیەکێتییبوونت تۆ کوردایەتیی دەکەیت. یان تەنها دژە-موسوڵمانبوون واتە تۆ کەسێکی مۆدێرنیت، یان دژەجووبوون، واتە تۆ کەسێکیت پشتیوانی لە هەق و دادوەریی دەکەیت و دژی ئەو کوشتن و قات و قڕییەیت کە لە غەززە بەڕێوە دەچێت.
بەمانایەکی دیکە؛ چونکە دژەکەی من پشتیوانی لە “سەربەخۆیی” دەکات، دەبێت من دژی بم، تەنانەت ئەگەر ئەوە لە دوورمەوداشدا لەبەرژەوەندیی مندا نەبێت. لێرەدا؛ دووبەرەکی لە ململانێوە دەست پێ دەکات، نەک لە بیروباوەڕەوە. نموونەش لێرەدا زۆرن، کەمن ئەو کوردانەی باوەڕیان بە سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەکەیان نییە، بەڵام چونکە حیزبێکی دیاریکراو، کە پێیان وایە گەندەڵە یان باوەڕی بەسەربەخۆیی نییە و تەنها بۆ مەرامی سیاسی و بازرگانی پێوەکردن باسی دەکات؛ ئەوە نابێت ئێمە باسی بکەین و باوەڕمان پێی هەبێت. کەواتە وەک ئەوەی جیرارد جەختی لەسەر دەکاتەوە؛ ناتەبایی و ناحەزی لە ململانێوە سەرهەڵدەدات، نەک بنەمایەکی ئایدیۆلۆجی و باوەڕداریی و تیۆریکی هەبێت.
لەڕوانگەی جیرارد، کە لە کتێبی “فێڵ، ئارەزوو و ڕۆمان: خود و ئەویتر لە بونیادی ئەدەبیدا” (Deceit, Desire and the Novel: Self and Other in Literary Structure)، پەرەی پێداوە؛ ئارەزووی مرۆڤەکان لاساییکردنەوەیە؛ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئارەزووی شتەکان ناکەین، بەڵکوو ئارەزووەکە لەوەوە سەردەگرێت چونکە کەسێکی دیکە، یان کۆمەڵێک کەس ئارەزوویانە. واتە ململانێی لاساییکەرەوە لەو کاتەدا سەرهەڵدەدات کە دوو کەس یان زیاتر ئارەزووی یەکدی دووبارە دەکەنەوە سەبارەت بە ململانێ و ناحەزبوون.
ئەم هاوکێشە کۆمەڵایەتیی-دەروونناسییە (Social Psychology) دەمانباتەوە بۆ تیۆریی “پڕۆسەی بە شارستانیکردن”، کە تیایدا نۆربێرت ئەلیاس ئاماژە بە چۆنییەتی کۆمەڵگە لاوازەکان دەکات، کاتێک کە دەکەونە ناو گێژاو و گێژەلووکی شکستی بەشارستانییبوون، کە تیایدا بێ متمانەیی، ناپاکی (خیانەت)، دابەشبوونی حیزبی و خێڵەکی، کۆناسنامەمان دەدڕێنێت و هەپڕوون بە هەپڕوونی دەکات. هەموو ئەمەش دەمانباتەوە بۆ بنەمای مەبەستە سەرەکییەکەم، کە (سەربەخۆخوازییە). ئایا سەربەخۆخوازیی ڕاستە، دادوەرییە و پرسێکی نەتەوەیی-نیشتیمانیی خەڵکی کوردستانە؟ کێ مافی ئەوەی هەیە داواکاری سەربەخۆیی بەرزبکاتەوە؟ یان کێ ئەو مافەی هەیە مافی سەربەخۆخوازی لەوانی دیکە قەدەغە بکات؟
کەسانێک بەدەستی خۆیان؛ خۆیان خستۆتە بەرەی دژە-سەربەخۆیی، یان بەرەیەک تەنها لەبەر ئەوەی ئەو کەس و لایەنانەی کە ئەوان دژایەتی دەکەن، دژایەتی هەمان ئەو دروشمانەش دەکەن کە هەڵیان گرتووە. ئەوجا ئەو دژایەتییە لەژێر پاساوی ئەوەدا بێت، کە ئەوان ڕاست ناکەن، یان داواکەیان ستراتیجییەتی نییە و بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و بازرگانی پێوەکردنە.
لەکاتێکدا، هەموو ئاماژەکان، مێژووی سەد ساڵی دوای دابەشکردنی کوردستانی ژێردەستی عوسمانی و ناسینی ڕەفتار و گوتاری پێتەخت و دەستەڵاتە داگیرکەرەکان، بە جینۆسایدیشەوە، ڕێژەیەکی زۆر لە کورد، بەتایبەتی حیزبەکان، سوورن لەسەر ئەوەی هەمیشە و بە پاساو یان بەبێ پاساو بگەڕێنەوە بۆ پێتەختی داگیرکەر، وەک گەڕانەوەی دەستەبژێری سیاسیی کوردی باشوور و حیزبە سیاسییەکان بۆ بەغدا. لەو گەڕانەوەشدا هەم ئەو لایەنانەی کە لەو پێتەختانەدا سیاسەت دەکەن، هەم ئەوانەش کە دژە سەربەخۆیین و لەو میانەشدا دژە-پارتین؛ ئەگەر ئەو دوو لایەنە لە گوتاریشدا یەک نەگرنەوە، لەسەر زەمینەی واقیعدا یەک ئاراستەن و هەوڵ و کۆششی هەردوولا، دەڕژێتەوە ناو ئاشی داگیرکەر. بەو مانایەی ئەوان بیانەوێت یان نا، لەکۆتاییدا هەوڵ و کۆششەکەیان دەڕژێتەوە ناو بەرژەوەندی ئەوانەی لە پێتەختی داگیرکەردا سیاسەت دەکەن. ئا لێرەدا، “بەڵێ بۆ سەربەخۆیی”ی ئێمە هەم دژی کارکردنە لە پێتەختە داگیرکەرەکان، با دروشمی سەربەخۆییش هەڵبگرن، هەمیش دژی ئەو گوتارەیە کە دژە-سەربەخۆییە. بۆیە و تاماوین “بەڵێ بۆ سەربەخۆیی” کوردستان.