سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕێفراندۆم ئیرادەی کوردستانیان بوو بۆ دەوڵەتداری و سەربەخۆیی

هیوا ساعدی

لە ساڵیادی ڕێفراندۆم ڕۆژی بڕیاری مێژوویی و سەرکەوتن و مانەوەی ئیرادەی نەتەوەیەکی زیندوو بوو کە لهم ڕۆژەدا بە هەموو جیهانی گوت کەس ناتوانێ سەربەخۆیی لە دڵی تاکی کوردا دەربکات. كورد نەتەوەیەكی ڕەسەن و خاوەن ناسنامە و مێژوویەکی تایبەت بەخۆیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌دا. ئەو نەتەوەیە، سەدەیەكە لە پێناو مانەوەی خۆی و بەدەستهێنانی مافی سەربەخۆیی و گەڕاندنەوەی خاكی داگیركراوی و سەروەریی سیاسی بەردەوامە لە خەبات و تێكۆشان، لەو پێناوەشدا قوربانیی گەورەی بەخشیوە .ئەمڕۆکە لە ڕوانگەی نیهیلیستییەوە نابێ بڕوانین بە پرسی ڕیفراندۆم و دەبێ ئەبدەیتبوونی مرۆڤی کورد لە سەر بونیاد و ئەو ئیرادە کە توانی بە یەکڕیزیی و یەکگرتوویی بەرانبەر بە داگیرکەران دەنگی بە بەڵێ دا، پێویستە و شایانی تێکۆشانە. ئەو نەتەوەیە بۆ پرسی سەربەخۆیی فەزیلەتی چاکە هەڵبژێرێ، پێویستە پێناسەیەک لە ڕیفڕاندۆم بزانین.

ڕیفرانـدۆم وشەیەكی لاتینییە، لە ناوەندە دیپلۆماسییەكاندا لە لایەن فەڕەنسی ‌و ئەمریكی ‌و سویسرییه‌كانەوە زیاتر گرنگیی پێ دراوە ‌و بەكار هاتووە. لێرەدا گرنگە بە شێوەیه‌كی زانستی ‌و ئەكادیمی، چەمكی ڕیفرانـدۆم بناسێنین ‌و بیناسین، چونكە بەداخەوە لەم ڕ‌وژگارەدا چەمك ‌و زارەوەكان بە جۆرێك شێوێنراون ‌و هەر لایەنێك بە شێوازێك تەفسیر ‌و ڕاڤەی دەكات، كە هاووڵاتییان ناتوانن بەئاسانی پێناسەی زانستیی چەمكەكان بدۆزنەوە. بۆیە، دەكرێت بڵێین ڕیفرانـدۆم لە دیدە زانستییەكەیەوە مەبەست لێی، پڕۆسەیەكی‌ یاسایی-سیاسییە بۆ وەرگرتنی‌ ڕای‌ هاونیشتیمانیان لەسەر پرسێكی‌ دیاریكراو، كە پەیوەندیی‌ بە دیاریكردنی چارەنووسیانەوە هەیە، کە بەشێوەیەكی‌ دیموكراتی‌ و ڕاستەوخۆش ئەنجام دەدرێت. بە واتایەكی دیكە، ڕیفرانـدۆم دەنگدانێكی گشتییە، كە تێیدا گەل بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕای خۆی سەبارەت بە پرس ‌و بابەتێكی گرنگ دەردەبڕێت. لەم پرۆسەیەدا بژاردەكانی بەردەم هاونیشتیمانیان دیاریكراون‌، هەندێ جار تەنیا دوو بژاردەی وەك “بەڵێ” و “نەخێر” لەم پڕۆسەیەدا دەخرێتە بەردەست.

مێژووی بەكارهێنان ‌و ئەنجامدانی ڕیفرانـدۆم لە مێژووی‌ هاوچەرخدا دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی‌ فەڕەنسیی ساڵی 1789. لە ڕووی‌ جێبەجێكردنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی‌ ئەمریكا؛ كاتێك بۆ بڕیاردان لەسەر یەكەم دەستووری وڵاتەكەیەكان لە تەمووزی 1776 ڕیفرانـدۆمیان كرد. ئەنجامدانی ڕیفرانـدۆم بۆ بەدەستهێانی سەربەخۆیی، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 1846، كە تیایدا “لابیریا” سەربەخۆیی خۆی لەژێر كۆڵۆنیاڵیی ئەمریكی بەدەست هێنا. مێژووی چەسپاندنی ئەم چەمكەیش‌ لە دەستووردا، دەگەڕێتەوە بو دەستووری سویسرا لە ئەیلوولی 1848، کەچی مێژووی بەكارهێنانی زاراوەکە لەسەر ئاستی‌ یاسای‌ نێودەوڵەتی،‌ دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی بڕیاری‌ ژمارە 1514 لە ڕێكەوتی 14ی كانوونی یەكەمی‌ 1960ی‌ كۆمەڵەی‌ گشتیی‌ سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان، كە تایبەت بوو بە پێدانی سەربەخۆیی ‌و دیاریكردنی مافی‌ چارەنووس بۆ نەتەوە ‌و گەلانی ژێردەستە ‌و داگیركراو، كە بە بڕیاری “نەهێشتنی كۆلۆنیالیزم” (Decolonization) ناسراوە. بەم جۆرە، دەبینین ڕیفرانـدۆم لە ڕێگەی ئەم بڕیارەوە بەرگێكی یاساییی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەبەردا كرا؛ كاتێك دەرفەت بە نەتەوە داگیركراوەكان درا لە ڕێگه‌ی‌ ڕیفرانـدۆمەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن.

ڕیفرانـدۆم میكانیزم ‌و ئامرازێكی سیاسی ‌و دیپلۆماسی ‌و یاسایییە، كه‌ بۆ بەدیهێنانی ئامانج و مەبەستی جیاواز و جۆربەجۆر بەكار دەهێنرێت، وەک:

ڕیفرانـدۆم بۆ بەدیهێنانی ئامانجێكی سیاسی: وەكوو سەربەخۆیی ‌و بڕیاردانی چاره‌نووسی نەتەوەیەک ، جیابوونەوە ‌و یەكگرتن، چوونەناو پەیماننامەیەك، یان دەرچوون لێی، چوونە بەرەیەكەوە، یان دەرچوون لێی، چوونەناو ڕێكخراوێكی هەرێمی ‌و نێودەوڵەتی، یان دەرچوون لێی، یان هەر ئامانجێكی سیاسیی دیكە.

ڕیفرانـدۆم بۆ بەدیهێنانی ئامانجێكی یاسایی: وەكوو وەرگرتنی ڕای خەڵك لەسەر دەستوور، یان پرسێكی دەستووری، لەو وڵاتانەی كە دەستوور بە ڕیفرانـدۆم پەسەند بكرێت؛ جا لە كاتی دەركردنی دەستوورێكی نوێ بێت، یان هەمواركردنی هەندێك لە دەقەكانی دەستوورەکە بێت، یان ئەنجامدانی ڕیفرانـدۆم بۆ ئەو یاسایانەی كە كاریگەرییان لەسەر ماف و ئازادییە گشتییەكانی هاونیشتیمانیانەوە هەيه. دەكرێت ڕیفرانـدۆم بۆ دەستنیشانكردنی شێوازی فەرمانڕەواییی سیاسی، بەدیهێنانی ئامانجی ئابووری، كۆمەڵایەتی، سەربازی، یان هەر ئامانجێكی تر بەكار بهێنرێت. بەم جۆرە، دەكرێت بڵێین ڕیفرانـدۆم لە ڕووی‌ مەبەست ‌و ئامانجەوە بۆ ڕیفرانـدۆمی سەربەخۆیی‌، دەستووری‌، یاسایی پۆلێن بكرێت، لە ڕووی‌ دەرەنجامیشەوە بۆ ڕیفرانـدۆمی پابەندی ‌و ڕاوێژكاری (إلزامی و استشاری).

ڕیفرانـدۆم بۆ دیاریكردنی مافی‌ بڕیاردانی چاره‌نووس: مافی بڕیاردانی چاره‌نووس بۆ هەر گەل و نەتەوەیەك لە جیهاندا، مافێكی ڕەوا ‌و سروشتییە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیشە، زۆرێك لە ڕێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكاندا جەخت لەم مافە كراوەتەوە، بە دەقی یاسایی باسی لێوە كراوە، بۆ نموونە: بڕگەی دووەم لە ماددەی یەكی پەیماننامەی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و بڕیاری ژمارە 1514ی كۆمەڵەی گشتیی تایبەت بە جاڕنامەی بەخشینی سەربەخۆیی بۆ گەلانی ژێردەستە. لە بڕگەی یەك لە ماددەی یەكەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی ‌و سیاسییەكان لە كانوونی یەكەمی 1966 هاتووە كە هەموو گەلێك مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هەیە. هەروەها لە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە ئابووری ‌و كۆمەڵایەتی ‌و كه‌لتوورییەكان بە هەمان شێوە جەخت كراوەتەوە لەوەی كە دیاریكردنی چارەنووس مافی هەموو گەلێكه‌. بەم جۆرە، دەبینین مافی بڕیاردانی چاره‌نووس پانتایییەكی بەرچاوی لە یاسا ‌و ڕێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكاندا گرتووە؛ بە جۆرێك كە بە مافێكی بنەڕەتیی گەلانی دەزانن و بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافەیش ڕیفرانـدۆم بە میكانزمێكی دیموكراتی ‌و ئاشتی، پەسەند كراوە.

بەگوێرەی پەیماننامەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە لە 26ی حوزەیرانی 1945‌و لە لایەن دەوڵەتانی دامەزرێنەری ئەو ڕێكخراوەوە پەسند كراوە، دەرگه‌ی ئەندامێتی واڵایە بۆ هەموو دەوڵەتێك كە داوای ئەندامێتی لەو ڕێكخراوە بكات؛ بەپێی ئەو ڕێوشوێنانەی كە لە ماددەكانی (3‌ و 4 ‌و 5 ‌و 6)ی بەشی دووەمی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی پێ دراوە. ئەندامێتی لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ هەموو دەوڵەتێكی ئاشتیخواز دەستەبەر كراوه‌؛ بەو مانایەی شەڕانگێز نەبێت و سەرچاوەیەك نەبێت بۆ هەڕەشەكردن لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی ‌و هەرێمی ‌و نێودەوڵەتی و پێویستە ئارەزووی هەبێت لە جێبەجێكردنی ئەرك و پابەندییەكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان؛ توانای جێبەجێكردنی ئەرك و پابەندییەکانیشی هەبێت.

پەسەندكردنی هەر دەوڵەتێك بۆ به‌ئەندامبوون لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە بڕیاری كۆمەڵەی گشتی لەسەر پێشنیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت. بەم جۆرە، دەبینین بۆ بەئەندامبوون لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە سەرەتادا پێویستە دەوڵەتەكە داواكارییەك پێشكەش بە ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بكات، تیایدا داوای ئەندامێتی بكات. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت پەیمان بدات كە دەبێتە فاكتەری بەدیهێنانی ئاشتی ‌و ئاسایشی زیاتر لە جیهاندا ، توانای هەیە كە هەموو ئەرك و پابەندییەكانی ناو پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان جێبەجێ بكات. پاشان ئەم داواكارییە لە لایەن ئەمینداری گشتییه‌وه‌، كۆمەڵەی گشتی و ئەنجوومەنی ئاسایش بەرز دەكرێتەوە. دواتر ئەنجوومەنی ئاسایش داواكارییەكە لە لایەن ئەندامەكانییەوە تاووتوێ دەكات، كە ژمارەیان پازدە ئەندامە؛ بە جۆرێك پێنچ لە ئەندامەكانی، ئەندامی هەمیشەیین و مافی ڤیتۆیان هەیە كە بریتین لە: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، شانشینی یەكگرتووی بریتانیا، فەڕەنسا، ڕووسیا ‌و چین. دە لە ئەندامەكانی دیكەیشی، ئەندامی ناهەمیشەیین ‌و ماوەی ئەندامێتییان تەنیا دوو ساڵە ‌و بە شێوەیەكی خولی دەگۆڕدرێن. پاش تاووتوێكردن، داواكارییەكە دەخرێتە دەنگدانەوە، كە پێویستە دوو لەسەر سێی دەنگەكان بەدەست بهێنێت. واتە لە كۆی 15 دەنگ، 10 دەنگ بهێنێت، بەمەرجێك هیچ ئەندامێك لە پێنج ئەندامە هەمیشەیییەكان مافی ڤیتۆ دژ بە پێشنیارەكە بەكار نەهێنن. پاش دەنگدان لە ئەنجوومەنی ئاسایش، داواكارییەكە بەرز دەكرێتەوە بۆ كۆمەڵەی گشتی، كە ژمارەی ئەندامەكانی 193 دەوڵەتە بۆ ئەوەی دەوڵەتی داواكار ببێت بە ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان. پێویستە كۆمەڵەی گشتی لەسەر ڕاسپاردەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێك دەربكات بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامەكانی، واتە لە كۆی 193 دەوڵەت، 129 دەوڵەت ڕازی ببن، بۆ بەئەندامبوونی دەوڵەتە نوێیەكە؛ دواتر بە دەرچوونی بڕیارەكە بە “بەڵێ”،‌ دەوڵەتەكە دەبێتە ئەندام لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و دەتوانێ هەموو ماف و ئیمتیازاتەكانی ئەندامێتی پیادە بكات.

ڕیفرانـدۆم هەنگاوێكی سیاسی ‌و یاسایی ‌و دیموكراتییە بۆ بەدەستهێنانی مەبەست ‌و داواكارییەكی جەماوەری؛ جا ئیتر ئەو ئامانج و مەبەستە، یاسایی و دەستووری بێت، وەك ڕیفرانـدۆم لەسەر پەسەندكردنی پرۆژەی دەستوور ‌و بەشداریی هاونیشتیمانیان لە دانان و دەرچوونی یاساكان. یان پەیوەست بێت بە دیاریكردنی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس ‌و هەنگاوی سەربەخۆ ‌و ئاییندەی گەلێك، كە بە ڕیفرانـدۆمی بڕیاردانی چاره‌نووس دەناسرێت. بۆ ئەوەیش ڕیفرانـدۆمی گشتی سەركەوتوو بێت ‌و لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانراو بێت، باشتر وایە بە سەرپەرشتی و ئاگاداریی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بێت. پێویستە هەموو كوردێك شانازیی بە ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم بكات و بە ئەنجامدانى کارێکى نەتەوەیى مەزن سەیرى بکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO