دەشتی بەرزەواری
بەشی یەکەم
دەمێک بوو خۆم دەپاراست لەوەی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی و پرسی چەکدانان و وازهێنانی پەک (ئەم ناوە بە ئانقەست شێوێندراوە) لە خەباتی چەکداری هیچ بابەتێک بنووسم، بۆ ئەوەی نەکەومە بەرەی دژە پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بەگشتی و هەڵوێستەکانی عەبجەلان (ئەم ناوە بە ئانقەست شێوێندراوە) بەتایبەتی.
زۆر شت هەبوو، لەکاتی خۆی دەمویست بیان نووسم و بڵاویان بکەمەوە، دانم بەخۆدا گرت و هیچم نەنووسی، بەڵام ئێستا، کە دەبینم سەرتاپای ناوچەکە لە گۆڕانێکی مێژوویی گەورەدایە، کوردیش لە دەرەوەی ئەو مێژووە دەژی، دڵم ژان دەکات.
ئێمە هەموومان باش دەزانین، هەتا دۆست و دوژمنەکانیشمان زۆر باش دەزانن هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد ئارەزووی لە ئاشتی و پێکەوەژیان نییە، هيچ نەتەوەیەکیش هێندەی کورد پێویستی بە ئاشتی نییە، چونکە بەدرێژایی مێژوو نەتەوەی کورد لە کاتی شەڕ و جەنگەکاندا زیانی گەورەی بەرکەوتووە، لەدوای شەڕەکانیشدا زیانی زۆر گەورەتری بەرکەتووە. بۆیە، ئاشتی بۆ خەڵک و خاکی کوردستان وەک ئۆکسجین پێویستە، بەڵام ناکرێ چەمکی ئاشتی وەک چەمکی (یەکپارچەیی خاکی عێراق، ئێران، تورکیا، سووریا ) بکرێتە پەتی سێدارە بۆ خنکاندنی مرۆڤی کورد و سڕینەوەی ناسنامە و مافەکانی کورد، کە سەربەخۆیی کوردستانە.
ئەوەی ئێستا لە باکووری کوردستان دەگوزەرێ، نەک هەر ئاشتی نییە، بەڵکو گەورەترین شەڕە بەناوی ئاشتی لەگەڵ کورد دەکرێت؛ بۆ ئەوەی بەیەکجاری ناو و ناسنامەی نەتەوەیی کورد بسڕنەوە.
ئێمە هەموومان بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، زۆر باش تورک و سیاسەتی شەڕانگێزانەی تورک دەناسین و دەزانین لە پشت ئەم سیاسەتە دوژمنکارانەی تورک دا چ مەرامێکی گڵاو و ویستێکی فاشیزمانە هەیە، بۆ بێدەنگ کردنی کورد و لە بیربردنەوەی وشەی کوردستان.
هەرچەندە من گومانم هەیە. لەوەی ئەو کارێکتەرەی بەناوی عەبجەلان پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا دا ڕاگەیاندووە خودی عەبجەلانی سەرۆکی پەک بێت، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، کە ناکرێ لێرەدا باسی بکەین! بەڵام گریمان ئەوکارێکتەرە عەبجەلان خۆیەتی، ئێمە لێی دەپرسین بەڕێز عەبجەلان ئاشتی لەگەڵ کێ و لە پێناو چیدا دەکەیت؟ تۆ چۆن دەتوانی پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوە ببەی لەگەڵ دەوڵەتێک کە زیاتر لە هەزار ساڵە خاکی تۆی داگیر کردووە، نەك هەر زیندانی کردووی بەڵکوو هیچ کاتێک تۆی وەک مرۆڤ قبووڵ نەبووە؟ چۆن دەکرێت تۆ وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی دەستبەرداری هەموو مافەکانی گەلەکەت بیت؟ تەنها و تەنها بۆ ئەوەی داگیرکەری خاکەکەت پێت نەڵێت تیرۆریست! یان تەنها بۆ ئەوەی ئازادییەکی فیزیکیت پێ بدات! لەگەڵ ئەوەی تۆ دڵنیاییت لەوەی کە دوژمنی گەلەکەت دان بە بوون و ناسنامەی تۆدا نانێت هەتا وەک نەتەوەیەکی بندەستیش ناتناسێت.
لەسەر ئەم بەربنەمایە دڵنیابن تورکیا هەرگیز ئامادە نەبووە و ناشبێت جگە لە وشەی (تیرۆریست) ناوی پەک وەک ڕێکخراوێکی سیاسی دژەبەری دەوڵەتی تورکیاش بهێنێت.
بۆیە هەر زوو نییەتی تورك لەناو مەرجەکانی بەناو پڕۆسەی ئاشتیدا بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ عەبجەلان بەدیارکەوت، یەکەم مەرجیشی هەڵوەشاندنەوەی پەک بوو، کە دواجار لە زاری عەبجەلانـەوە هەڵوەشاندنەوەی پەکـمان بیست، دواتر بە فەرمی پەک لە کۆنفراسێکی حیزبیدا هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند.
تورکیا ئەمەی بۆ کرد؟ بۆ ئەوەی بوو بڵێ ئێمە ئاشتی لەگەڵ ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ناکەین، بەڵکوو قسە لەگەڵ کەسێکی زیندانیکراو دەکەین کە جڵەوی هەموو ئەو گرووپە تیرۆرستانەی لە دەستدایە، کە دژی تورکیان. ئەگەر ئەو توانی ئەو گرووپانە هەڵبوشێنێتەوە بە خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستانـیشەوە، ئەوە ئێمە لە بەرانبەر ئەوەدا عەبجەلان ئازاد دەکەین.
لەبەرئەوەی لە پەروەردە و فەرهەنگی تورک دا نەتەوەیەک بە ناوی کورد بوونی نییە لە تورکیا دا، تاوەکوو سەبارەت بە پرسی ئاشتی گفتوگۆی لەگەڵ بکرێت. ئەوەی دەبێ ناوی بێت و دانی پێدادەنرێت، بوونی گرووپێکی تیرۆیستییە، کە زمانی تورکیان لەبیر چۆتەوە؛ بەواتای ئەوەی لە جیاتی ناوی کورد وشەی تیرۆریست لە ناو فەرهەنگ و پەروەردەی تورک دا دانراوە، کە دواتر بە یاسا ناوی کورد و کوردستان قەدەغە کراوە، ئەو یاسایەش لە ناو سیستەمی دەوڵەت و جومگەکانی دەسەڵاتی تورک پەیڕەو کراوە.
ئێستاش دەوڵەتی تورک تەنها بە چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەک ڕازی نابێت! ئەوان نایشارنەوە بە ئاشکرا دەڵێن ئێمە بڕوامان بەو جۆرە چەک دانانە نییە، بەڵکوو دەبێ هەموو ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە “تیرۆرستییە” خۆیان ڕادەستی دادگا بکەن و لەبەردەم دادگا دان بەتاوانەکانیان بنێن، بە گوێرەی قەبارەی تاوانەکانیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و سزای “دادپەورەرانەی” خۆیان وەربگرن؛ بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی بێ تیرۆرمان هەبێت.
ئەگەر ئەوە سەربگرێ! دیسان تورک بەوەش ڕازی نابێت، چونکە تورك پڕۆسەی ئاشتی بە ئازادکردنی عەبجەلان تێگەیشتووە، بۆیە داوا لە عەبجەلان دەکات، کە دەبێ فشار لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕۆژاڤا بکات بۆ ئەوەی بەدەنگ بانگەوازەکەیەوە بێن، خۆیان لە ناو دەوڵەوتی سووریای تازەدا هەڵبوەشێنەوە، دەنا هیچ ئاشتییەک لە ئارادا نییە.
لەبەرانبەر ئەو هەموو سازشکرنەدا تۆ وەک نەتەوە هیچت دەست ناکەوێت، تەنها وەک هاووڵاتییەکی تۆبەکاری تورک و ئەوانەی سووریاش هاووڵاتییەکی تۆبەکاری سووریا سەیر دەکرێن؛ ئەوە تەنها وەک سەر نووسراوی سەرپەڕاوێک سەیر دەکرێن، هەرکاتێک ویستیان زۆر بە ئاسانی ئەو پەڕاوە دەدڕێنن. بۆیە تۆ چاوەڕێی ئەوەش مەبە هەتا بچووکترین مافی ئاسایی کە قسەکردن و خوێندنە بە زمانی دایک، پێت ڕەوا ببینرێت.
لەبەرئەوە، پەک وەک ڕێکخراوێکی سیاسی و عەبجەلانیش وەک سەرۆك خۆیان دەخەڵەتێنن ئەگەر پێیان وابیت، لەگەڵ تورکیا دەگەنە تەنها یەک خاڵی هاوبەشیش لەسەر پرسی ئاشتی، چونکە بە تێگەیشتنی تورک ئاشتی واتە نەمان و سڕینەوەی کورد وەک نەتەوە بە هەموو بوونێکتەوە.