ئەم بابەتە بیركردنه‌وه‌یه‌كی کۆمەڵناسی و ئێپیستیمۆلۆجییه لەسەر ئەرکەکانی سیمینارێكی ئەکادیمیی ده‌رباره‌ی ڕەوەندی كوردستانی، كه تێیدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین شیکارییەک بكه‌ین بۆ ڕۆڵی وێبینارێكی ئەکادیمی كه له چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كی ئەم دواییەی كۆنفێدێراسیۆنی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی ڕێك خرابوو ده‌رباری ڕەوەندی کورد و دیاسپۆرا. ئه‌م وێبیناره له ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لەلایه‌ن دكتۆر عه‌بدولره‌حمان ده‌روێش، پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر له كۆلێجی زانسته سیاسییه‌كان له زانکۆی سۆران، پێشکەش كرا.
ئامانج له‌م شیكردنه‌وه‌یه خێرایه ئه‌وه نییه كه بچینه ناو چڵوپۆپی هه‌موو لایه‌نه‌كانی وێبیناره‌كه، به‌ڵكوو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ لێکۆڵینەوەیه‌كی خێرا لەو کاردانەوە جیاوازانەی كه له دوای وێبیناره ئەکادیمییەكه وروژێنران و تیشکیان خستە سەر گرژییە ناوخۆییەکانی ناو ڕەوەندی كوردی، كه جۆرێك له ناڕەحەتیی بەکۆمەڵی دیاری له لای هه‌ندێك له به‌شدارانی وێبیناره‌كه پێوه دیار بوو. له ڕێگه‌ی ئه‌م بابەتەوه هه‌وڵ ده‌ده‌ین خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسی و دەروونناسی بكه‌ین، کە سوود لە کارەکانی ئه‌نترۆپۆلۆجی و فه‌لسه‌فی ئێدگار مۆران و زانستە کۆمەڵایەتییە ڕەخنەییەکانی بۆردیۆ وەردەگرێت و هه‌وڵ دانێكه بۆ بانگەشە بۆ ڕوانگەیەکی ڕوون له نێو ئاڵۆزییه‌كان بۆ واقیعی ڕەوەندی كوردستانی. هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ین ئه‌وه بخه‌ینه ڕوو کە چۆن گوتاری ئەکادیمی دوور لە هەستکردن بە حوکمدان، له‌وانه‌یه ببێتە ئامرازێک بۆ گۆڕانكاری بەکۆمەڵ. چونكه کاتێک ڕەوەندێک خۆی بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی لە ژینگەیەکی ئەکادیمییدا بیر لە خۆی بکاتەوە، هەرگیز شتێکی له خۆڕایی و كه‌م بایەخ نییە. چونكه گوتاری زانستی کە ڕەگوڕیشەی به‌هێزی له میتۆدۆلۆجی داكوتاوه، دەتوانێت گێڕانەوەی بەکۆمەڵ بخاتە ژێر پرسیارەوە، شته دیارەکان تێک بدات و تەنانەت تەحەدای داینامیکی دامەزراوەییش بکات.
عه‌بدولره‌حمان ده‌روێش له ڕێگه‌ی ئه‌م وێبیناره‌وه هه‌رچه‌نده خێرا بوو، به‌ڵام توانی نموونەیەکی سەرنجڕاکێش پێشکەش بكات لەسەر ڕەوەندی کوردی. چونكه ئه‌و كاره لەسەر بنەماكانی داتای زانستی ئاماده كرابوون. هاوکات، توانی توخمەکانی پارچەپارچە بوون و گرژییە ناوخۆییەکانی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی بورووژێنێ. لە کاتێکدا هەندێک وەک دەرفەتێک بۆ ڕوونکردنەوە دەیانبینی، هەندێکی تر ناڕەحەتییان دەربڕی. بێگومان ئەم جۆرە بارودۆخە دیارده‌یه‌كی نامۆ نییە بۆ ئێمه‌ی كورد چونكه داتا و ئارگومێنته‌كان تیشکیان خسته سەر پرسیارێکی سەرەکی، ئێمە چاوەڕوانی چی لە سیمینارێکی ئەکادیمی دەکەین کاتێک باس لە پرسەکانی ناسنامە و کۆمەڵگە دەکات كه به‌ده‌ر نین له مه‌سه‌له‌ی ئاڵۆزی سیاسی كورد؟ وە چی لەو گرفتانه بکەین کە ئەم گوتارە تیشكیان ده‌خاته سه‌ر؟
بە پێچەوانەی کۆنفرانسی چالاکوانان یان کۆبوونەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، سیمیناری ئەکادیمی وەک فەزای شیکاریی پێناسە دەکرێت نەک کۆکردنەوەی خەڵک چونكه لەسەر بنەمای چه‌ند بابه‌تێكی بنەڕەتیی داده‌ڕێژرێت، كه بریتین له ئه‌وله‌ویه‌ت دان به داتا و ئارگومێنتکردن، گرژی خستنه نێوان لێکدانەوە جیاوازه‌کان، ماف به خۆدان یاخود به ئەرک زانینی گوتن و دەربڕینی ئەو شتانه‌ی کە ناڕەحەتکەرن به‌ڵام زۆرجار له‌لایه‌ن چالاكوانانه‌وه ناگوترێن. ئامانجی كاری ئه‌كادیمی بەرهەمهێنانی هوتاف و بەهادان یان داڕشتنی ڕشته‌ی دڵنەواییكەر نییە، بەڵکوو بنیاتنانی هێڵێکی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بێلایه‌نانه‌یه، کە ده‌رگا کراوە بێت بۆ دژایەتییه‌كان و بۆچوونه جیاوازه‌كان. سیمیناری ئه‌كادیمی ده‌توانێ ببێتە شوێنی تێکدان و دووباره بنیاتنانه‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ری ئه‌نجامێكی هه‌یه كه تێیدا له‌وانه‌یه ورووژاندن بۆ بەرخۆدانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی بكات، بەڵام له هه‌مان كاتیش دا ده‌بێته هۆی ورووژاندنی گۆڕانکاری له بیركردنه‌وه، هه‌تا له‌لای سیاسییەكانیش. فه‌ڕه‌نسیه‌كان ده‌ڵێن: ڕاستی ئازار به‌خشه، بەڵام ڕاكردن لێی كوشنده‌یه.
کاردانەوەی سۆزی و لۆجیکی بەرگری
کاتێک گوتاری ئەکادیمی ئاراستەی کۆمەڵگەیەکی ڕەوەند دەکرێت، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ لەگەڵ ڕەهەندە قووڵەکانی ناسنامەی بەکۆمەڵدا تێكه‌ڵ ده‌بێت. هه‌روه‌كوو له‌سه‌ره‌وه بینیمان یه‌كێك له‌ئامانجه‌كانی گوتاری ئه‌كادیمیی بریتییه له گرژی خستنه نێوان لێکدانەوە جیاوازه‌کان. بۆیه له‌به‌رامبه‌ردا ده‌توانین به‌رگری له‌خۆكردن وه‌كوو بەرگری له‌خۆكردنێك لێك بدرێته‌وه لە به‌رانبه‌ر هه‌ستی ناڕه‌حه‌تی و نائاسایشی ناسنامەی به‌كۆمه‌ڵ كه له ئه‌نجامی ڕه‌خنه‌وه ورووژاوه. بۆیه پیێر بۆردیۆ پێیوایه كه ڕەخنە ڕووناکی کۆمەڵگەیە. له‌وانه‌شه ڕه‌خنه بووبێته هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ستی ترس كردن لە نه‌بینینی هەوڵە درێژخایەنەکان له دڵ و هه‌ستی چالاکوانان و به‌رپرسانی گرووپه‌كان، کە له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیستەکانه‌وه دەخرێنە ژێر پرسیارەوە. چونكه ئه‌مه ڕه‌نگه ناکۆکی دروست بكات لەسەر شەرعیەتی “كاره زیندووه‌كانی مه‌یدانی” بەرانبەر بە “زانیاری و شیكاری ئەکادیمی”. به‌ڵام دەروونناسی کۆمەڵایەتی فێرمان دەکات کە هەر کۆمەڵگەیەکی مرۆیی، بە تایبەتی کاتێک ڕووبەڕووی مێژووی پەراوێزخستن یان ستەم دەبێتەوە، ئه‌وا مەیلی پەرەپێدانی میکانیزمی خۆپاراستنی ڕەمزی هەیە. بۆیە هەر كاتێك لایه‌نێكی ئه‌كادیمی تیشک بخاته سەر گرژییە ناوخۆییەکان، ئه‌وا دەتوانرێت وەک هێرشێک لێك بدرێته‌وه له‌لای به‌رپرسان، هه‌تا ئه‌گه‌ر واش نەبێت.
ئێدگار مۆران و بیرکردنەوەی ئاڵۆز
لە بەرانبەر ئەم گرژیانه‌ی كه پێشتر باسمان كردن كاراكته‌ری ئاڵۆزیان هه‌یه. به‌ڵام ئایا ئێمه هۆشیارین له‌و ئاڵۆزیانه؟ ده‌روێش پێی وایه كه یه‌كێك له گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی دیاسپۆرای كورد نەبوونی دیدگا (ڤیژن)ێكی ستراتیجی ڕاستەقینەیه، كه دوایی دێینه‌وه سه‌ری. وه‌زعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی ئاڵۆزه و ده‌بێ ئاوا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین. بۆ ئه‌م ئاسانكردنی گرتنه‌به‌ری ئه‌م دیدگایه، ئێمه ده‌بێ له دیدگا یه‌كلایی و ئاسۆییه‌كان واز بهێنین و پێشنیازی یه‌كێك له کارە ئه‌كادیمییه‌كانی ئێدگار مۆران ده‌كه‌م كه چوارچێوەیەکی بەنرخ بۆ بیرکردنەوەی ئاڵۆز ده‌خاته ڕوو. مۆران بە تیۆری “بیرکردنەوەی ئاڵۆز” پێشنیازی ئەوە دەکات کە ئەو شتانە بەیەکەوە ببەستینەوە کە زۆرجار لەیەکتر جیامان كردوونه‌ته‌وە، بۆ نموونه په‌یوه‌ندیه‌كانی ناوچه‌یی و جیهانی، عه‌قلانی و سۆزی، زانیاری تیۆری و ئەزموونی کۆمەڵایەتی، هتد. مۆران پێی وایه كه پێویستیمان بە شێوازێکی بیرکردنەوە هەیە کە توانای له‌یه‌ك بەستنەوە و کۆنتێکستکردن و جیهانگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی دژایەتییەکانی هەبێت. من وا هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ئەم پارادایمە لە ڕەوەندی کوردی‌دا جێبەجێ بکرێت، ئه‌وا ڕێگە بۆ خۆمان خۆش ده‌كه‌ین کە پردێك بنیات بنێین له نێوان ڕەوایی كاری مه‌یدانی چالاكوانان و گۆشه‌نیگای توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی ڕه‌خنه‌گرانه. ئه‌وه‌ش بینینی ئه‌و شتانه‌مان بۆ ئاسان ده‌كات كه پێویستن بۆ بنیاتنانی خوێندنەوەیەكی بەکۆمەڵ و هاوبه‌ش و لێكگرێدراو كه ئاسۆیی و ئایدیاڵی نەبن، بەڵکوو ده‌رگا بكاته‌وه بۆ بینینێكی ستراتیجی و پەرەپێده‌ر. چونكه تەنها بە سەیرکردنی جیهان بە شێوه‌یه‌كی ڕوون و به له‌به‌رچاو گرتنی هه‌موو لایه‌نه‌كان دەتوانین ئومێدی گۆڕانكاری بخوازین.
گرفتی ستراتیجی دیدگای هاوبه‌ش
پرسیارێكی پێشوه‌خته، ئاخر ئێمه‌ی چالاكوانانی تاراوگه ده‌مانه‌وێ له لێژایی چیایه‌كی به‌ردین و ته‌ڕ و به‌فراوی و پڕ له ڕه‌شەبای سه‌خت و بوومه‌له‌رزاوی ساختمانی یه‌كێتیی ڕه‌وه‌ندێكی كوردی بنیات بنێین كه په‌رتوبڵاو و دژ به‌یه‌ك و بێ متمانه‌ن به‌رانبه‌ر به یه‌ك. ئایا چۆن ته‌نها به هوتافی سیاسی و هه‌ستی سۆزاوی، به‌بێ ئه‌ندازیار و پسپۆڕی چیا و بوومه‌له‌رزه و پسپۆرانی تر ئه‌و پڕۆژه‌یه سه‌ر ده‌گرێت؟
بەڕێز دەروێش لە میانەی ئه‌و كاته كه‌مه‌ی كه ته‌نها نیو كاتژمێر بوو توانی پێشکەشکردنێكی چڕ بكات، به‌ڵام تیشكی خستە سەر خاڵه سەرەکییه‌كان. ئەوەی كه من به پێویستی ده‌زانم له‌م ده‌رفه‌ته بچووكه‌دا له‌سه‌ری بووه‌ستم، پێداگرییەکەی بوو لەسەر نەبوونی دیدگایەکی (ڤیژنێكی) ستراتیجی ڕاستەقینە! ئه‌گه‌ر كه‌مێك له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه بوه‌ستین ده‌توانین بڵێین كه مه‌به‌ستی له نەبوونی ئاسۆیەکی هاوبەش و توانای بەکۆمەڵ بۆ پڕۆژەکردنی خۆ و گۆڕینی وزەی پەرشوبڵاوی بێسەروبەر بۆ هێزێکی یەکگرتووی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتی بووه.
به لێكدانه‌وه‌ی من پرۆفیسۆر ده‌روێش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه پێدەچێت ڕەوەندی کوردی، سه‌ره‌ڕای دامه‌زراندنی ده‌یان كۆمه‌ڵه‌ی كولتووری و سیاسی كه توانیویانه به لابه‌لایی هه‌ندێ شت به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام پێویستی بە ستانداردکردنی دیدگا و كار هه‌یه لەگەڵ هەماهەنگی ستراتیجی. ئەمەش پێویستی بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان هه‌یه. جگه له‌وه‌ش سەرنجی ئێمه‌ی بۆ سەر چەند ئامانجێکی هاوبەش ڕ‌اكێشا بۆ پێناسەکردنی پرسە ئەولەویەتەکان، هه‌رچه‌نده له‌به‌ر كه‌می كات نه‌یتوانی ناویان بهێنێ. به‌ڵام ئێمه‌ی چالاكوان و خاوه‌ن ئه‌زموونی چه‌ندان ساڵ ژیانمان له تاراوگه ده‌توانین ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی ستراتیجی دیدگا ئاوا ببینین: مافی زمانەوانی، دادپەروەری بۆ کۆمەڵکوژییەکان، دانپێدانانی کولتووری و دامەزراندنی ئامرازەکانی پەیوەندیی بڕبڕەیی وه‌كوو گۆڤار، پلاتفۆرمی دیجیتاڵی، ڕووداوە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی دیدگایەکی درێژخایەن كه تیایدا ده‌بێ بیر بكه‌ینه‌وه له پرسیارێكی سه‌ره‌كی كه له دیدگای ستراتیجی بۆ “داهاتووی کورد” هه‌ڵبقوڵێ به له‌پێش چاو گرتنی ئه‌م پرسیاره؛ ئایا جیهانێکی ڕەوەندی له جیهانگیری ئاڵۆزدا چ مانایه‌كی هه‌یه بۆ ئێمه؟
هه‌ڵبه‌ته کێشەی دیدگا لە ڕەوەندی کوردی دا ته‌نها بابەتی ئیرادەی سیاسی و هه‌ستی كوردایه‌تی و وزە نییە، چونكه ئه‌و پرسه لە پارچەپارچەبوونێکی ستراتیجییەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە مێژووی جیاواز و پەیوەندییە سیاسییە جۆراوجۆرەکان و چوارچێوەی دەربەدەری نایەکسانەوە لەدایک بووە. بۆیه بەرەنگاربوونەوەی ئەم تەحەدایە پێویستی بە توانای بیرکردنەوە لە یەکێتیی هەیە بەبێ ئەوەی ئینکاری فرەیی بکرێت، بۆ خستنەڕووی ناوخۆیی و جیهانی، سیاسی و کولتووری بەپەلە و درێژخایەن. ئەگینا ڕەوەندی کوردی مەترسی لەسەرە ئەگەر هەر بەردەوام بێت لە قسەکردن بە دەنگی بەرز، بەبێ ئەوەی وەک دەنگێکی یەکگرتوو ببیسترێت.
خاڵێكی تری گرنگ كه پرۆفیسۆر ده‌روێش له كۆتاییدا په‌نجه‌ی خسته سه‌ر، بریتی بوو له‌وه‌ی، دیاسپۆرا به خۆڕسك دروست نابێ، به‌ڵكوو ئایدیۆلۆجیا ده‌توانێ دیاسپۆرا دروست بكات. ئه‌م خاڵه جێگه‌ی سه‌رنج بوو، چونكه له تێگەیشتنی ده‌سته‌جه‌معیدا، چه‌مكی ئایدیۆلۆجیا هه‌میشه ده‌به‌سترێته‌وه به بیر و فه‌لسه‌فه و پڕۆگرامی حیزبێك. به‌ڵام له گۆشه‌نیگای ئه‌كادیمییه‌وه، هه‌روه‌كوو دوای سیمیناره‌كه پڕۆفیسۆر ده‌روێش له ئاڵوگۆڕیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا بۆی ڕوون كردمه‌وه، تێرمی ئایدۆلۆجیا بەرانبەر دیدگای ستراتیجی به‌كار ده‌هێنرێت وه‌كوو بنەمایەکی فەلسەفی یان سیاسیی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا. بۆ نموونه، ئایدۆلۆجیایەک كه بتوانێت مافی چارەی خۆنووسین دیاری بكات. كه‌واته دیدگای ستراتیجی دەتوانێت ئەوە بێت كه كاتێ ئێمە لۆبیکردنی ئەوروپی و کۆکردنەوەی میدیا بەکاردەهێنین بۆ پێشخستنی داواکارییەكانمان. چونكه ئایدیۆلۆجیا ڕێگەمان پێدەدات بەکۆمەڵ بیر لە شوێنی گەلی کورد بکەینەوە لە جیهاندا، وه شوناسێکی سیاسی ڕوون بە ڕەوەند دەبەخشێت. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه چالاكوانان به یه‌کگرتوویی جموجۆڵه کولتوورییەکان یان سیاسییەکان ڕێك بخه‌ن. هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ر‌یان ده‌بێ لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ دامەزراوەکان، میدیاکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و هتد. بەڵام ئایدۆلۆجیا، ئه‌گه‌ر كوردستانیانه بیر نه‌كه‌ینه‌وه ئه‌وا له‌وانه‌یه چه‌ندان مەترسیش له‌خۆی هەڵبگرێت. بۆ نموونه، ئەگەر داخراو یان دۆگماتیک بێت و پاڵده‌ری ته‌نها لایه‌نێك بێت، ئه‌وا دەتوانێت هه‌ندێ لایه‌ن به‌لاوه بنێت و به‌رده‌وامی بده‌ین به دابەش بوون (هه‌روه‌كو ئێستا كه هه‌ین). ئەگەر لەگەڵ کۆنتێکستی ڕەوەند (دەربەدەری، فرەیی، فرەکولتووری) نەگونجێت، له‌وانه‌یه پەیوەندییەکانی لەدەست بدات. ئەگەر زۆر دوور بێت لە ژیانی ڕۆژانە، دەتوانێت ببێتە كلێشه‌ی هوتافی ئەبستراکت و بێکاریگەر.
ئه‌ی دوای وێبینارەکە؟
بێگومان زۆرێک لە گەلانی ستەملێکراو وه‌كوو جوو و ئەرمەن و فەلەستینی، هتد، بە ستراتیجێکی فیکری ئه‌كادیمی تێکۆشانەکانیان بەهێزتر کردووە و کاریگەریی سیاسی و دانپێدانانی نێودەوڵەتیان بۆ خۆیان زیاد كردووه. ئه‌گه‌ر دیاسپۆرای كوردستانیش پشت ببه‌ستێت به لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمیی، كه لە لایەن دامەزراو یان كه‌سه ئەکادیمییە كوردییه دانپێدانراوەکانەوە بەرهەم بهێنرێت یان میوانداری بکرێت، ئه‌وا شانسی سەنگ دان بە دۆزی کورد لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان زیاتر ده‌كات و دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیارە سیاسی و کولتوورییەکان و یان دیپلۆماسییەکانیش هەبێت.
هه‌ڵبه‌ته كورد به ده‌یان پڕۆفیسۆر و دكتۆر و كه‌سانی ئه‌كادیمی به توانای هه‌یه له بواره جیاجیاكاندا. به ده‌یان كۆنفرانس و سیمینار ڕێك ده‌خرێت و كتێب و نووسراو و لێكۆڵینه‌وه بڵاو ده‌بنه‌وه. به‌ڵام ئایا ئێمه تا چ ڕاده‌یه‌ك سوودیان لێ وه‌رده‌گرین و به‌رجه‌سته‌ی بیر و كاره‌كانیان ده‌كه‌ین؟
سیمینارەکەی پرۆفیسۆر ده‌روێش ئامانجی ئه‌كادیمی خۆی له‌وه پێكا كه هیچ ده‌رگایه‌كی له‌سه‌رمان دانه‌خست. به پێچه‌وه‌انه‌وه، چه‌ندین ئەگەری خسته‌ڕوو و بانگهێشتمانی كرد بۆ ئەوەی له‌خۆمان بپرسین: ئایا چی بكه‌ین لەو شیکاریانه‌ی كه پڕۆفیسۆر بەرهەمی هێنابوون و پێشكه‌شی كردین؟ به‌بۆچوونی من ئه‌و ده‌رگایانه‌ی كه ئه‌م وێبیناره له‌به‌رده‌ممانی كرده‌وه بریتی بوون له كۆمه‌ڵێك پێشنیازی كۆنكرێت، وه‌كوو دامەزراندن و به‌هێزكردنی گرووپی كاركردن لەسەر ئەنجامی توێژینەوەکان به ڕێکخستنی فەزای گفتوگۆی نێوان توێژەرانی دیسیپلینەکان و چالاکوانان و نەوە گەنجەکان. هه‌روه‌ها دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاسته‌قینه له سه‌ر بناغه‌ی کولتووری مشت‌ومڕ و ڕەخنەی ناوخۆیی، بەبێ ئەوەی ئەمە وه‌كوو دابەشبوون سه‌یر بكرێت و لێكه‌وته‌ی نه‌خوازراوی هه‌بێت. بێگومان درووستكردنی پردێكی به‌هێز لە نێوان كاری گۆڕه‌پانی و كاری ئه‌كادیمی كه ده‌بێته هۆی زانستێكی پته‌و ده‌توانێ بگوێزرێته‌وه بۆ کردار. ئه‌وه‌ش تەنها لەو کاتەدا دەکرێت کە گوتاری ئەکادیمیی نەک وەک بڕیارێک، بەڵکوو وەک هێزێكی فیكری بەکۆمەڵ وەربگیرێت، کە ڕێگەمان پێ بدات په‌نجه بخه‌ینه سه‌ر گرفته‌كان و پرسیاری جه‌وهه‌ری و ئازایانه له خۆمان بکەین. ته‌نها ئه‌و كاته ده‌توانین برینه قووڵه‌كانمان ساڕ‌ێژ بكه‌ین و بگۆڕێین و چه‌ترێكی به‌هێز دروست بكه‌ین كه هه‌موو كوردستانیانی تاراوگه بچنه ژێری، نه‌وه‌ك به‌رده‌وامیدان به‌و مێتۆده كاركردنه‌ی كه ئێمه‌ی چالاكوانانی كوردی دیاسپۆرا تاكوو ئێستا له‌سه‌ری ڕۆیشتووین. ئه‌وه‌مان له یاد بێ، ئەو شته‌ی كه ئێمە ڕەتی دەکەینەوە له جیاتی ئه‌وه‌ی ڕووبەڕووی ببینەوە، لە کۆتاییدا هه‌ر بەرەو ڕوومان دەبێتەوە.
زۆر گرنگه ئه‌وه له‌به‌ر چاو بگرین و سه‌رنج بده‌ین له‌وه‌ی كه ئێمه‌ی كورد به گشتی و به‌تایبه‌تی له تاراوگه، لە سەردەمێکداین له هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به پێداچوونه‌وه هه‌یه له دیارده‌ی بە پارچەپارچە بوون و بیری داخراومان، كه بونه‌ته هۆی له‌یه‌كتر دووركه‌وتنه‌وه‌ی كوردان به گشتی كه ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه له دیاسپۆرا و كات و وزه به فیڕۆ دان. بۆیه گوتاری ڕەخنەیی ئه‌كادیمی دەتوانێت هەڕەشەئامێز دەرکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێکە لە یه‌كگرتنی بوێرانە و پێکەوە بیرکردنەوە، هه‌تا ئه‌گه‌ر ناڕه‌حه‌تیشمان بكات.
ئەم سیمینارە، لە ناڕەحەتییەکەیدا، ده‌كرێ وه‌كوو ساتێکی بنیاتنه‌ر و دامەزرێنەر سه‌یر بكرێت: کە تیایدا ئێمه‌ی ئه‌ندامانی ڕەوەندی كوردی ڕازی بین كه به خۆشه‌ویستیه‌وه ڕووبەڕووی خۆمان ببینەوە، بەبێ پۆشینی دەمامک کەوتن بەدوای سەراب، بۆ ئەوەی باشتر خۆمان دابهێنین و دروست بكه‌ینه‌وه. چونكه ئامانج له زانیاری ڕەخنەیی دابەشكردن نییه. به‌ڵكوو كاری ئه‌كادیمی هه‌وڵ ده‌دات ئامرازەکانی لێكۆڵینه‌وه بۆ تێگەیشتن و بنیاتنانی ڕوانگه‌یه‌كی جیاواز پێشنیاز بکات. بۆیه ئه‌گه‌ر ناڕحه‌تیش بووبین، ڕەنگە نیشانەیەکی باش بێت. چونكه ئەم تێکچوونه ده‌كرێ ببێته سەرەتای کارێکی جیاواز، کاری بیرکردنەوە و دیالۆگ و گۆڕانکاری و بنیاتنانه‌وه‌یه‌كی به هێز تر، له یه‌ك ڕووانگه‌وه.
بایۆگرافی
Morin, Edgar. La Méthode. Tome 1 : La nature de la nature. Paris : Seuil, 1977.
Morin, Edgar. La tête bien faite : Repenser la réforme, réformer la pensée. Paris : Seuil, 1999.
Bourdieu, Pierre. Science de la science et réflexivité. Paris : Raisons d’agir, 2001.