شوان داودی
لە ماوەی ڕابردوودا دەنگێکی تۆمارکراوی پەلەمانتارێکی عەرەبی کەرکووک دزەپێکراو بڵاو کرایەوە، کە قسە بۆ کۆمەڵێ خەڵکی خۆیان دەکات. لەو تۆمارە دزەپێکراوەدا پەرلەمانتارەکە ئەو هێزە عەرەبیانە ڕەخنە دەکات کە پشتوانی لە 32بە 32بە 32ی کەرکووک دەکەن بۆ دابەش کردنی پشک و پۆستەکانی کەرکووک لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان دا. ئەو دەڵێت بە قسەی وەزیری پلاندانانی عێراق کە خۆی هەم لە عەرەبی سوننەی کەرکووکـە و هەم سەرپەرشتیاری ئاماری گشتی عێراق بووە، هەرچەند لە ئامارەکە خانەی نەتەوە دیاری نەکراوە، بەڵام بەپێی هەندێ پێوەری تایبەت بە خۆیان بۆیان دەرکەوتووە ڕێژەی عەرەب لە کەرکووک 48% دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی دوایین هەڵبژاردنی پارێزگاکە کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بوو، ڕێژەی دەنگەکانی کورد 42% عەرەب 38% تورکمان 16% بووە
ئەم بۆچوونەی عەرەبەکان هەڵە بێت یا ڕاست ئەوان وەکوو پێکهاتەی عەرەبی دەیکەنە بنەما بۆ کاری سیاسی ئایندەیان و لەسەر ئەو ڕێژەیە کاردەکەن.
لەبەر ئەوەی دۆزی کەرکووک دۆزێکی نەتەوەییە، بنەمای کێشە و ئاڵۆزییەکانی شارەکەش نەتەوەیین.
لە بەدواداچونێکی ڕۆژنامەوانی بەندەدا بۆ ڕێژەی لە دایکبوون وەک نموونەیەک (سامپڵێک) قەزای داقوقم بە باش زانی، چونکە قەزاکە تێکەڵەیە لە هەرسێ پێکهاتەکە و تا ڕادەیەک ڕێژەی دانیشتوانەکەی لە یەکەوە نزیکە، دەرکەوت تەنها لە مانگی ئابی ڕابردوودا 86 منداڵ لە دایک بوون، لەنێویاندا 56 عەرەب، 24 کورد و 4 تورکمان بوون، کە بەڕێژەی سەدی دەکاته عەرەب 66% ، کورد 28%، تورکمانـیش 4%.
لێرە بۆمان دەردەکەوێت ڕێژەکەی تورکمان ئاساییە بەپێی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو و ئاماری گشتیش، بەڵام جیاوازی نێوان ڕێژەی کورد و عەرەب ئەو دوو پێکهاتەی کێبڕکێی خاوەندارێتی پارێزگاکە دەکەن مایەی بەراورد کردن نییە.
ئەم جیاوازییە لە ناوچەیەکی تێکەڵەدایە، داخۆ دەبێ ڕێژەکە چەند بێت لەو ناوچانەی کە بەتەواوەتی لە پێکهاتەی عەرەبی پێک دێت، کە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی و موحافیزکارن و دیاردەی فرەژنی و زۆری نەوەخستنەوە لە سیما دیارەکانیانە.
لە ناوچە تەواو کوردنشینەکانیشدا نەک فرەژنی تەنانەت پڕۆسەی هاوسەرگیریی گەنجانیش لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە چ جای نەوەخستنەوە کە زۆربەی زۆر خێزانەکان لە دوو سێ منداڵ زیاتر ناخەنەوە.
ئەم ئامارە پێمان دەڵێت گەر بۆچوونی پەرلەمانتارە عەرەبەکەی کەرکووک لە بارەی ڕێژەی پێکهاتەی عەرەب لە کەرکووک واش نەبێت لە ئێستادا، ئەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێتە ڕاستییەکی تاڵ بۆمان.
ئێمەی کورد لە کەرکووک بەراورد بە عەرەب لە هاوکێشەیەکی پێچەوانە داین، جگە لە پرسی فرەژنی و زاوزێ و نەوەخستنەوە، هەر عەرەبێک لە هەر شارێکی تری عێراق، سوننە بێت یاخود شیعە، دەرفەتی بۆ بڕەخسێت دێتە کەرکووک، بە پێچەوانەوە هەر کوردێکی کەرکووک یەکێتیی بێت یان پارتی یان دەوڵەمەند و خاوەنکار دەرفەتی بۆ بڕەخسێت کەرکووک بەرەو پارێزگاکانی هەرێم، هەولێر یان سلێمانی جێ دەهێڵێت. ئەمەش هەنگاوەکان بەرەو ڕاستییە تاڵەکە خێراتر دەکات.
سەرباری ئەم ڕاستییە تاڵانە ماوەیەکە گوێبیستی بەرپرسێکی پایەداری کورد دەبم بانگەشەی وازهێنان لە بیری نەتەوەیی دەکات و داوای چارەسەری ئابووری بۆ شارەکە دەکات بێ ئەوەی هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی بۆ چارەسەری ئابووری پێشکەش کردبێت.
من خۆم دژی چارەسەری ئابووری نیم و پێشتر بە نووسین قسەم لەسەری کردووە، بەڵام ناکرێت لە کەرکووک چارەسەری ئابووری لەسەر حیسابی بیری نەتەوەیی بێت، بە پێچەوانەوە دەبێت بیری نەتەوەیی بکرێتە بنەما بۆ هەر جۆرە چارەسەرێک بە چارەسەری ئابووریشەوە.
پێشەکیەكهی ئەم وتارەم بۆ ئەوە هێنانەوە لەوە تێبگەین بنەمای کارکردنی نەیارە سیاسییەکانی بەرانبەرمان لە سەر بیری نەتەوەیی خۆیان بونیاد نراوە و کار بۆ ئەوە دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا بە کارتی زۆری ڕێژەی دانیشتوانی نەتەوەیی خۆیان بەڕەکەت لە ژێر پێ دەربهێنن. کەواتە، تۆ چۆن دەتوانی دەستبەرداری بیری نەتەوەیی بیت و بانگەشەی وازلێهێنانی بۆ بکەی لە کاتێکدا لە سەر بنەمای نەتەوەیی دەنگت پێ دراوە و نەتەوە پایەداری کردووی.
کاتێک دەکرێ قسە لەسەر چارەسەری ئابووری بکرێت پڕۆژەیەکی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکان لە ئارادا بێت و تیایدا دادپەروەرانە ڕەچاوی ڕێژەی هەر پێکهاتەیەک بە قەبارەی خۆی کرابێت نەک هیچ پڕۆژەیەکی لەو جۆرەی هاوبەش لە ئارادا نەبێت و تاک لایەنانە لە ڕێی خوا دەستبەرداری کڕۆکی دۆزەکەی خۆت بیت کە دۆزێکی نەتەوەییە. دواتر ئەو پرسە هەستیارە پرسی لایەنێک یان کەسێکی دیاریکراو نییە قەوارە و پێگەو پایەیان چەند بێت یان چی بێت چونکە ئەوە پرسی نەتەوەیە.