گۆڕانی کۆمەڵایەتی و پەڕینەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکەی مێژوویی لە هەر ناوچەیەکی جوگرافی، یان لە ژیانی هەر کۆمەڵگەیەکدا، لەسەر بنەمای کۆمەڵیک فاکتەری وەکوو خوێندەواری و داهێنان و گەشەکردنی زانست و پەرەسەندنی تەکنۆلۆجی و کەڵەکەبوونی سەرمایە و زیادبوونی خۆراک و چڕبوونەوەی دانیشتوان و گەورەبوونی شارەکان و دەسەڵات و سیستەمی سیاسی نوێ ڕوودەدات، کە بونیادی کۆمەڵگەکە گۆڕانی قووڵی بەسەردا دێت و سیما و خەسڵەت و تایبەتمەندییە نوێیەکانی لە ڕابردووی ناچێت.
ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو پنتێکی جوگرافی دیاریکراو و هەرێمێکی کولتووری جیاواز لە جیهاندا، لە دەروازەی گۆڕانێکی بنچینەیی دایە. هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن لە ماوەی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵی ئایندەدا، ئەم ناوچەیە بە گۆڕانکاریی ڕیشەییدا تێدەپەڕێت. کاڵبوونەوەی سنوورەکان و تێکەڵاوی کولتووری و لەبەردەستدابوونی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو و ئاسانکاری بانکی و گەشەکردنی بازرگانی و زیادبوونی هەژموونی هێزە نێودەوڵەتییەکان و لاوازبوونی هێزە هەرێمییەکان، هەموو ئەمانە، گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و جیهانبینی خەڵک وسیستەمی سیاسی و پەیوەندی پێکهاتەکاندا دروست دەکەن .
بەدڵنیایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکەم نامێنیتەوە. تێکەڵ بەو نەزمە نوێیە جیهانییە دەبێت کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا هەر لە دوای نەمانی جیهانی دوو بلۆکی و هەڵوەشانەوەی بلۆکی سۆشیالیستی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە بانگەشەی بۆ دەکەن و بە پراکتیکیش هەوڵی سەپاندن و جێگیرکردنی دەدەن .
ئەگەر لە بیرمان بێت، نزیکەی ٣٥ ساڵ لەمەوبەر، سهرۆكی ئهمریكا “جۆج بۆش”ی باوك له كاتی شهڕی كهنداودا، لە 1991، گوتی “ئهمریكا سهركردایهتی سیستهمێكی نوێی جیهانی دهكات، كۆڵهگهی ئهم سیستهمه ئاشتیه و پایهكانی سهروهریی یاسا و ئازادین، تهواوی گهله جیاوازهكان تیایدا لهسهر بنهما و پرهنسیپێكی هاوبهش كۆ دهبنهوه، بۆ هێنانهدی ئامانجێكی جیهانی له پێناو بهرژهوهندی مرۆڤایهتیدا”.
تێگەیشتن لەم پەیامە زەحمەت نییە، بەڕاشکاوی پێمان دەڵێت، نەزمێکی نوێی جیهانی بەڕێوەیە و سەرەتاکانی ٣٠ ساڵ زیاترە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و بەشداری هاوپەیمانەکانی دەستی پێکردووە. پایەکانی ئەم سیستەمە ئاشتی و دێموکراسییە، واتە لە ناوبردنی دیکتاتۆرەکان و لێدانە لە گرووپە توندڕەوەکان. ئیتر بە پێناسەی ڕۆژئاوا کێ دیکتاتۆرە و کام گرووپ توندڕە و و تیرۆریستە، دەبێ بە خۆیدا بچێتەوە، پەیوەندیەکانی لەسەر ئەو بنەمایانە ڕێک بخاتەوە. بۆیە، بەخۆداچوونەوەی تورکیا و ئێران و پیشاندانی جۆرێک لە گۆڕانکاری و بانگەشەی پێکەوەژیان و دەوڵەتی هاووڵاتی لە سایەی نەزمی نوێی جیهانی و سیستەمی بەرەو ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێیە، لەسەر کۆڵەگەی کرانەوە و ئازادی گەلان و سڕینەوەی سیمای زۆردارییە .
پایەیەکی دیکەی نەزمی نوێی جیهان دەستوور و سەروەریی یاسایە، کە بە یەک پێوەر و بە یەک چاو سەیری تەواوی هاووڵاتیانی نیشتیمانەکە بکات، جیاکاری تێدا نەبێت لە سەر بنەمای ڕەنگ و دین و مەزهەب و زمان. ئەو نەزمە، پێمان دەڵیت تەواوی گەلە جیاوازەکان دەبێ لەسەر بنەمای هاوبەش پێکەوە کۆ ببنەوە بۆ ئامانجێکی جیهانی خەبات بکەن. ئەویش بەرژەوەندی مرۆڤایەتییە، نەک لۆکاڵی و تایەفی. هۆشداریمان دەداتێ کە گرووپە توندڕەوە نەژادیی و ئایینیی و مەزهەبیی و ئایدیۆلۆجییەکان لەم سیستەمەدا جێیان نابێتەوە.
بێگومان ئەم گۆڕانکارییانە، ئەگەرچی هێشتا وەکوو دروشم ماونەتەوە لە چوارچێوەی ئەو سیستەمە نوێیەدا و هەنگاوە پراکتیکییەکانی کەمتر بۆ گەلانی ناوچەکە ڕوون بوونەتەوە، بەڵام بە دڵنیایی بە قازانجی گەلانی ژێردەست و بێدەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. ئەو نەتەوانەی لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا هەوڵی قڕکردن و لەناوبردنی زمان و خەسڵەت و تایبەتمەندییە کولتووریەکانیان دراوە، بە تایبەتی و لە پێش هەموویانەوە بە قازانجی گەلی کوردە، لەبەر ئەوەی گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهانە و لەسەر هیچ بستە خاکێکی خۆیدا ئازاد و سەربەخۆ نییە و کەوتوەتە بەر گەورەترین هەڵمەتی جینۆساید و پاکتاوکردنی ڕەگەزی.
بۆیە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کورد بە تایبەتی دەبێ لە ئامادەباشی قۆناغێکی نوێدا بن. قۆناغێک تیایدا فراوانی سنووری ئازادییەکان و دەستورێکی مەدەنی و پابەندبوون بە یاسا و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتن لە مافی گرووپە نەتەوەیی و ئایینیی و مەزهەبییەکان دەکاتە پێوەر بۆ مانەوە.
چارەنووسی هێزە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە نەمان و لەناوچوونە، ئەو دەوڵەتانەی تا ئێستا بە زلهێزی هەرێمی ناسراون، جگە لە چوارچێوەی سنووری نێودەوڵەتی خۆیان پەل بۆ دەرەوە داهاوێژن و بە دوای هەژموونی هەرێمیدا دەگەڕێن، لەناو ئەم سیستەمە نوێیەدا لە پەلوپۆ دەکەون، نەک هەر مەیلی پاوانخوازیان نامێنێ بەڵکوو توانای کۆنتڕۆڵکردنی پێکهاتە جیاوازەکانی ژێر قەڵەمڕەوی خۆشیان نابێ.
ئەمە بەو مانایە نییە دەوڵەتە زلهێزە هەرێمییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەمان مۆدێلی گۆڕانکارییە باوەکانی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو، دەڕوخێن، واتە مەرج نییە بەم نزیکانە ڕووخانی هیچ دەوڵەتێک ببینین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەکوو ئەوەی لێی ڕاهاتووین و لە ڕابردوودا بە هۆی کودەتا یان شۆڕش و ڕاپەرینی خەڵکەوە ڕووخان و کوشتن و هەڵاتنی دیکتاتۆرەکانمان بینیوە! بە پێچەوانەوە، گۆڕانکارییەکانی ئایندە لە ڕێگای بێ هێزکردنەوە دەبێت، لە ڕێگای خاوبوونەوە و نەرمە هێزەوە دەبێت. سەرەتا پەکخستنی پەلهاوێشتن و بەمەعقوڵکردنی هەژمونگەرا هەرێمییەکانەوە دەبێت، لە جیاتی ڕووخاندنی دەوڵەتەکە و هاتنە سەرکاری گرووپێکی دیکە، لە ماوەی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵی ئایندە،وردە وردە لە سەر ئاستی هەرێمی، دەسەڵاتی ناوەند و حکومەتی مەرکەزی جێگا بۆ شێوازێکی دیکەی بەڕێوەبردن چۆڵ دەکات و پارێزگا، یان ئوستان، یان کانتۆن و هەرێمەکان جۆرێک لە سەربەخۆیی بەدەست دێنن، دەسەڵاتەکان دابەش دەبن. دواتر سنوورە نێودەوڵەتییەکان پیرۆزی پێشووتریان نامێنێ، کرانەوە و تێکەڵاوییەکی کولتووری فراوانتر دێتە ئاراوە.
ئێمە لە ڕێگەداین بەرەو قۆناغێکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیشانەکانی بەدەرکەوتوون، سەرەک کۆماری ئێران باسی سەربەخۆیی گەلانی ئێران و جیابوونەوەی کوردستان دەکات. ئەو مەترسی هەیە لەوەی ئەم ئێرانـەی ئێستا وەکوو خۆی نەمێنێ. لە تورکیا توندڕەوترین باڵی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکی باسی ئاشتی و برایەتی کورد و تورک دەکات. ئەوان دەزانن لە دەروازەی قۆناغێکی نوێداین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە پڕۆسەیەکی لەسەرخۆ و درێژخایەنە. لەسەر ئاستی دەوڵەتی، وڵاتانی ناوچەکە هەستیان بە پێداویستی و ئامادەسازییەکانی کردووە، بەڵام هێشتا باشووری کوردستان وەکوو پێویست هەستی بە گرنگی و بایەخی شوێنی خۆی لە هاوکێشەی گۆڕانکاریەکاندا نەکردووە، لە هەندێک ڕووی جەوهەرییەوە پێچەوانەی نەزمە نوێیەکە هەنگاو دەنێت. لە کاتێکدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئەو هێزە دەرەکیانەی دەیانەوێت گۆڕانکارییەکان بەو ئاراستەیەدا بڕۆن، کوردیان بە فاکتەرێکی گرنگ و ئامراز و کەرەستەیەکی بنچینەیی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە.
لەم هەلومەرجە هەستیارە نێودەوڵەتییەدا، پارتی و یەکێتیی نە یەکدەگرن و نە دامودزەگاکانی بەڕێوەبردن بە دامەزراوەیی و نیشتیمانی دەکەن؛ نە کار بۆ ئەوە دەکەن ڕووخسار و ڕواڵەتێکی دەوڵەتداری و دەزگایی پیشانی دەرەوە بدەن. دوای ٣٣ ساڵ لە خۆبەڕێوەبردن، هێشتا لە هەرێمی کوردستان دەستوور نییە؛ سیستەمێکی پێناسەکراو بۆ بەڕێوەبردن نییە؛ نە هەڵبژاردن لەکاتی خۆی دەکرێ و نە ڕێز لە دەنگی خەڵک دەگیرێت؛ نە پەرلەمان بۆ دەرکردنی یاسا و چاودێری کردن و لێپرسینەوە هەیە؛ حوکمەتەکەی ماوەی بەسەر چووە؛ دەزگای دادوەریی کارا نییە؛ گەندەڵی تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی تەنیوە؛ سامانی نیشتیمانی بەفیڕۆ دەدرێت و بە تاڵان دەبرێت؛ زەویوزاری وڵاتەکە وردە وردە لە لایەن چەند بنەماڵەیەکەوە داگیردەکرێت؛ بە ئاشکرا مووچەی فەرمانبەران نادرێت و بۆ پڕۆژەی دیکە سەرف دەکرێت؛ سنووری ئازادییەکان بەرتەسک کراوەتەوە و خەڵک لەسەر ڕەخنە و بیری جیاواز دەگیرێ و دەستێوەردان لە دادگا دەکرێ؛ توندوتیژی و هێز بەرانبەر خەباتی مەدەنی بەکار دێت. هەموو ئەمانە پێچەوانەی ئەو نەزمە نوێیەن کە ڕۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکات، لە لایەکی دیکەوە نیشانەی نائامادەیی باشووری کوردستانە بۆ گۆڕانکارییەکانی ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .