سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

برایەتی کورد و تورک لە نێوان وەهم و ڕاستییدا

لانە کرمانج

ببوورن کە ماوەیەك دابڕام. لە بەشەکانی ڕابردوو زەمەنبەندیی فکر و خەبات و مێژوو و داواکاریی و هێڵە گشتییەکانی فەلسەفەی پەك و “ئەبجەلان”مان هەڵدایەوە (ناوەکە بە ئانقەست لە ترسی سانسۆر شێوێنراوە). لێرەوە مێژووی تاوانەکانی تورك بەرانبەر بە کورد هەڵدەدەینەوە. لەم بەشەدا، مێژووی تورك دابەشی سەردەمی سەلجوقییەکان و عوسمانییەکان و دەوڵەتی تورکیا دەکەین.

سەردەمی سەلجوقییەکان

  1. لەناوبردنی دەوڵەتی شەدادییەکان (٩٩٠-١١٧٤): دەوڵەتی شەدادییەکان دەوڵەتێکی کوردی بووە. بەشی زۆری کوردستانی گەورەی لەبن دەست بووە. سەلجووقییەکان هێرشیان دەکەنە سەر، بۆ نموونە، لە ناوچەکانی شارەزوور و ئامێدی و دوین و دینەوەر. لەو هێرشانەدا، سەلجوقییەکان ڕەشەکوژی ئەنجام دەدەن و خەڵکێکی زۆر دەگرن. بەداخەوە کە هیچ سەرچاوەیەکم نەکەوتە بەرچاو کە ژمارەی قوربانیانی کورد نیشان بدا.
  2. لەناوبردنی دەوڵەتی مەروانییەکان (٩٨٢-١٠٨٦): دەوڵەتی مەروانییەکانیش دەوڵەتێکی کوردی بووە. لە ناوچەی باکوور و باشووری کوردستان بووە. سەلجووقییەکان، لە سەردەمی سوڵتان مەلیك، هێرشیان کردە سەر دەوڵەتی مەروانییەکان و کۆتایییان بە دەوڵەتەکەیان هێنا.
  3. لەناوبردنی دەوڵەتی حەسنەوییەکان: دەوڵەتی حەسنەوییەکان ( کە لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا بووە) لە ساڵانی ٩٥٩-١٠١٥، سەلجوقییەکان هێرشیان دەکەنە سەر و خاکەکەیان داگیر دەکەن  و دەوڵەتەکەشیان لەناو دەبەن.

سەردەمی عوسمانییەکان

  1. لە ١٥٨٥، کاتەك کوردەکان و دروزەکان دژی ئەوە دەوەستنەوە باج و سەرانە بدەنە دەوڵەتی عوسمانی، ئیبراهیم پاشای عوسمانییەکان، هێرش دەکاتە سەر کوردەکان و دروزەکان لە ناوچەی شاخی لوبنان لە سووریای ئێستادا. لەو هێرشەدا سەدان کەس لە کورد و دروز دەکوژرێن و هەزارانیش دەگیرێن.
  2. لە ١٦٤٠، لە سەردەمی ئەحمەد پاشا، عوسمانییەکان هێرش دەکەنە سەر ئێزدییەکان لە شەنگال و ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان دەکوژن.
  3. لە ١٦٥٥ لە سەردەمی عەبدەل خانی بەتلیس، سوپای عوسمانییەکان، لەسەر دەستی سوڵتان محەمەدی چوارەم، هێرش دەکەنە سەر ئیمارەتی بەتلیس. سەرچاوەکان باسی ئەوە دەکەن کە ١٤٠٠ کورد سەرهەڵدانیان کردییە دژی دەسەڵات ناوەند. لەو جەنگەدا، تورکەکان ٣٠٠ کورد ڕەشەکوژ دەکەن.
  4. لە ١٧١٥، جارەکی دی لە سەردەمی حەسەن پاشا عوسمانییەکان لە بەغدا، هێرش دەکرێتە سەر ئێزدییەکان لە شەنگال و ژمارەیەك ئێزدی دەکوژن.
  5. هەمان چشت لە ساڵانی ١٧٣٣ و ١٧٥٢ و ١٧٦٧، لە سەردەمی ئەحمەد پاشا و سلێمان پاشا و ئەمین پاشا، عوسمانییەکان هێرش دەکەنە سەر گوند و شارە ئێزدینشینەکان و ژمارەیەکی زۆر ئێزدی دەکوژن.
  6. لە ١٨٤٠ و دواتر، عوسمانییەکان هێرش دەکەنە سەر ئیمارەتی بۆتان لەژێر فەرمانڕەوایی بەدرخان پاشا و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئیمارەتەکە دێنن.
  7. پاش ئەوەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری لە ١٨٨٠ شۆڕشی کرد و داوای ئۆتۆنۆمی کرد بۆ کوردستان، عوسمانییەکان هێرشیان کردە سەریان و شۆڕشەکەی کۆتایی پێهێندرا، خۆیشی دەربەدەر کرا. پاشان لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە مەککە وەفاتی کرد.
  8. لە ١٩٢١، لە ناوچەی کۆچگیری، لە شاری سیڤاسی ئێستا، لە باکووری کوردستان، ڕاستەوخۆ دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی، شۆڕشی کۆچگیری سەری هەڵدا و داوای ئۆتۆنۆمی و ئازادیی ئایینییان کرد. سوپای تورکیای ئەوکات، کە ئەتاتورك لە سەرەتای دەرکەوتنی بوو و ئیدارەی دەکرد، لە ١٧ی حوزەیرانی ١٩٢١هێرشی کردە سەریان و ٥٠٠ کورد دەکوژن و ٣٢ پێشەوای ئەو بزووتنەوەیە و ٥٠ی دیکە دەگیرێن و زیندانی دەکرێن.

لە هەزار ساڵی ڕابردوو تا جەنگی یەکەمی جیهانیی، هەمیشە تورك هێرشی کردووەتە سەر کوردان و بەزۆر باج و سەرانەی لێ سەندووین. بەهۆیەوەش، سەدان و هەزاران کورد کوژراون و گیراون. ئەو نموونانەم نەنووسی تاوەکوو وتارەکە زۆر لەوە درێژتر نەبێ.

سەردەمی دەوڵەتی تورکیای نوێ

  1. لە ١٩٢٥، پاش ئەوەی کە ئەتاتورك فێڵی لە کوردان کرد و دەوڵەتێکی ناسیۆنالیستیی تورکی دامەزراند و هەموو مافەکانی کوردی بەدەستوور پەکخست، لە کوردستان، بە پێشەوایەتیی شێخ سەعیدی پیران، سەرهەڵدان لە باکووری کوردستان دژی دەوڵەتی تورکی ئەنجام درا. بەهۆیەوە، تەواوی سوپای تورکیا، بە تۆپ و تەیارە، هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر کوردستان. لە ئەنجامدا، دەوری ١٥٠٠٠-٣٠٠٠٠ کورد کوژران. شێخ سەعید و ٤٦ سەرکردەی دیکە لەسێدارە دران. لە دوای ئەوەوە، هەموو مەدرەسە دینییە کوردییەکان داخران و تەنانەت قسەکردنیش بە زمانی کوردی قەدەغە کرا و هەزاران کوردیش ڕاگوێزران. لەو کاتەوە توانەوەی کورد لە تورکیا بە کردارەکی کاری لەسەر کرایە تا ئێستا.
  2. لە ١٩٢٧ کۆمەڵەی خۆییبوون لە ناوچەی وان و ئاگری داخ شاخی ئەرارات دادەمەزرێ، ئیدی سەربەخۆیی ڕادەگەیەنن. لە پاش ئەوە، لە ١٩٢٧ تا ١٩٣٠، دەوڵەتی تورك تۆپباران و بۆردومانی ئەو ناوچەیە دەکات؛ گوندان خاپوور دەکات و هەزاران کورد لەو ماوەیەدا شەهید دەکرێن. هەندێك سەرچاوە باسی کوشتنی ٥٥٠٠٠ کورد دەکەن لەو ڕەشەکوژییەی تورکان. ئەوە لە مێژوودا بە قەتلوعامی دۆڵی زیلان ناسراوە (تەماشای وێنەکان بکە).
  3. لە ١٩٣٧-١٩٣٨، کاتەك کوردانی دەرسیم بە پێشەوایەتیی سەید ڕەزا، خۆپێشاندان و سەرهەڵدانیان کرد، سوپای تورکیا دڕندانە کەوتە ناو خەڵکی دەرسیم. کوردستان تۆپباران و بۆمباران کرا و دەیان گوند بەتەواوی خاپوور کران. لەو قەتلوعامەدا، دەوڵەتی تورک ٣٠٠٠٠-٤٠٠٠٠ کوردی شەهید و ڕەشەکوژ کرد. هەزاران کورد ڕاگوێزران و دەربەدەرکران. پاشان سەید ڕەزا و کۆمەڵێك سەرکردەی دیکە لەسێدارە دران.
  4. لە ١٩٧٨ گورگە بۆرەکان هێرش دەکەنە سەر کوردان لە ناوچەی مەڕەش ١١١ کورد شەهید دەکەن.
  5. لە ١٩٧٨ هێرش دەکرێتە سەر کوردان لە مەڵاتییە و ئەرزنجان و دەیان کورد شەهید دەبن.
  6. لە ١٨ی ئایاری ١٩٧٨ خوێندکار و چالاکوانی کورد، حەکی کاڕێر لە چایەخانەیەك لە غازی عەنتاب تیرۆر کرا. لە ١٩٩١ ڤیدات ئایدن، چالاکوان و سیاسیی کورد، گیرا و تیرۆر کرا. لە ١٩٩٣، محەمەد (مەهمەت) سنجار، سیاسیی کورد لە پارتی دیموکراسی، تیرۆر کرا. لە ١٩٩٢ موسا عەنتەر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد، تیرۆر کرا.
  7. لە پاش دروستبوونی پەک لە ١٩٧٨، سەرووی ٢٣٤٥ گوند خاپوور کران. هەزاران گوندنشینی کورد دەربەدەر و ئاوارە و ڕاگوێزران.
  8. لە ١٩٩٢، تەیارەی تورکان، لە ناوچەی ماردین بوردومانی کوردانی کرد و ژمارەیەك کورد شەهید بوون.
  9. لە ١٩٩٤، سوپای تورکان هێرش دەکەنە سەر ناوچەی دەرسیم نێزیکەی ٤٠٠ گوند خاپوور دەکەن و ٤٠٠٠٠٠ گوندنشینی کورد ئاوارە و دەربەدەر دەکرێن.
  10. لە ١٩٩٤، سوپای تورك هێرش دەکاتە سەر ناوچەی شرناخ، بۆردومانی هەردوو گوندی کۆچاغلی و کوشکۆنار دەکات و ٣٨ ژن و منداڵ و پیری کورد شەهید دەکرێن. سوپای تورك هەردوو گوندەکەش وێران دەکات.
  11. هەر لە ناوچەی شرناخ، لە ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٦، سوپای تورکان هێرش دەکەنە سەر هەردوو گوندی چەڤریملی و تاغان، لەوێ ١١ کەسی دانیشتووانی ئەو دوو گوندە دەستگیر دەکەن. لەناو پاسەکی گچکەیان دەکەن. پاشان ڕیمەکان ئاگر تێبدەر دەدەن و بەزندییەتی هەموویان دەسووتێنن و شەهیدیان دەکەن.
  12. لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١، لە سەردەمی ئەردۆگان، سوپای تورك هێرش دەکەنە سەر گوندی ڕۆبۆسکی و ٣٤ ژن و منداڵ و پیری خەڵکی گوندەکە شەهید دەکرێن.
  13. لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦، ڕۆهات ئەکتاش، ڕۆژنامەنووسی کورد لە دەزگای ئازادیی وڵات، لە جەزیرە، ناوچەی شرناخ، تیرۆر کرا.
  14. لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢، نووسەر و مێژوونووسی کورد سوهەیل عەزیز خورشید، ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، لە کفری، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی، لە لایەن تورکیاوە تیرۆر کرا.
  15. لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ژنە نووسەر و توێژەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کورد ناگیهان ئاکەرسەڵ لەناو شاری سلێمانی، لە لایەن میتی تورکیاوە تیرۆر کرا.
  16. لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤، هەردوو کچە کوردی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا لە باشووری کوردستان، بە درۆنی تورکیا، تیرۆر کران.
  17. لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، جیهان بەڵکین و نازم داشتان لە ڕۆژاڤای کوردستان بە درۆنی تورکیا تیرۆر کران.
  18. لە ئێستادا، سەرووی ٤٠٠٠٠ کورد تەنها و تەنها لەبەر کوردبوون لە زیندانەکانی تورکیان. لەناویاندا، دەیان سەرۆك شارەوانی و شارەدار و موتەسەڕیف و ئەندام پەرلەمان و ئەندام و هاوسەرۆکی حیزبە کوردییەکانی تێدایە.
  19. لە سەد ساڵی ڕابردوو، دەوڵەتی تورکیا کاری زۆری کردییە لۆ ڕەشکردنەوەی کولتوور و ناسنامەی کوردی لە ڕێگەی قەدەغەکردنی ئازادی، ئازادیی سیاسی، گەشەی ئابووری، زمانی کوردی، چالاکیی کولتووری، نەبوونی ئازادیی ڕاگەیاندن، گۆڕینی دیمۆگرافیا، و گۆڕینی ناوی گوند و شارە کوردستانییەکان.
  20. قەدەغەکردنی هەموو مافە نەتەوەیییەکانی کورد لە تورکیا، بە یاسا، لەناو دەستوور.

شیکار و سەرنج و ڕەخنە

ئاشکرایە کە ئەمن مێژوونووس نیمە، بەڵام وەکوو کورد و نووسەرێك، بە ئەرك و بە پێویستم زانی لا لەو باسە گرنگە بکەمەوە. کاتەك ئەبجەلان لە بانگەوازە تازەکەیدا، کە وەڵامە لۆ پلان و بەرنامەی دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆگان، دەنووسێ، “کورد و تورك لە مێژووی زیاتر لە هەزار ساڵدا دژی هێزە هەژموونخوازەکان بەدڵخوازی بەهاوپەیمانی بمێننەوە،” بە گرنگم زانی ئەو ڕستەیەی ئەبجەلان شی بکەمەوە. ئاخر ئەو قسەیەی وی خۆبەخاوەننەکردنە لە مێژووی هەزاران ساڵی خوێنی کورد کە بە دەستی تورکان ڕژاوە، وەك ئەوەی لەو وتارەدا بەشێکیانمان نیشان دا. ئەوە دەستهڵگرتنە لە مێژووی کورد. ئەمن دژی ئاشتی نیمە، بەڵام وەك لە ڕابردوو قسەم لەسەری کردووە، کورد دەبێ بە تەواوی مێژووەکەیەوە بچێتە ناو هەر پڕۆسەیەکی ئاشتی دەگەڵ دوژمنانیدا. لەو بەشەدا، تەنها چاوپێخشاندنێکی خێرامان بە تاوانی تورکان کردییە لە مێژووی هەزار ساڵی ڕابردوو بەرانبەر بە کورد. خۆ ئەگەر بچینە بنجوبنەوانی ئەو مێژووە، ئەوا سەدان لاپەڕەی ڕەش و تاریکی تورك بەرانبەر بە کورد دەدۆزینەوە. کاتەك وەکوو ڕێبەر و نوێنەری نەتەوەیەك قسە و دانووسان لەسەر دۆزی نەتەوەیەك دەکەی، دەبێ تەواوی مێژووەکەت لەبەرچاو بێ، ئەوجا قسانی لەسەر بکەی. دۆزی کورد پرسی ئازادکردنی کەسێك و سەرکردەیەك و تەنانەت سەدان کەسیش نییە. ئەوە پرسی نەتەوەیەکی ژێردەست و نەفیکراوی دەرەوەی مێژووە لە سەدان ساڵی ڕابردوو.

بڕۆننێ، ئەرمەن و جوو، سەدان ساڵە، لە پەرلەمانی وڵاتانی دنیا دەرۆزە دەکەن تاوەکوو ئەو تاوانانەی بەرانبەریان کراوە بە جینۆساید حسێب بکرێ. ئەوە لە ڕووی مێژوو و یاساوە گرنگیی خۆی هەیە. نامەوێ بچمە سەر ئەو باسە چونکە وتارەکان درێژ دەبنەوە. بەڵام دەستهەڵگرتن لە تاوان و ڕەشەکوژیی و جینۆسایدی کورد هەڵەیە و نابێ بکرێ.

تێبینییە دەبارەکەم: بەڕێزان، هەموو تەمەنم بەرگریم لە ئەبجەلان و پەك کردییە. ڕێز لە خۆی و خەبات و کەسایەتی و کتێبەکانی دەگرم، گرتنەکەی پڕۆتستۆ دەکەم و داوای ئازادکردنی دەکەم، بەڵام کاتەك دێتە سەر باسی پرسی نەتەوەیەك، کەس لە دەرێی ڕەخنە نامێنێتەوە.

تێبینی: وەك لە سەرێ ئاماژەم پێی داوە. ئەمن پسپۆڕی مێژوو نیمە. لۆیێ، ئەگەر هەڵە لە ناوەکان و وردەکارییەکان هەبوو، بمبوورن. ئەوەی لەو بەشە لە کنم گرنگە ئەوەیە ئاگاداری ئەو مێژووە بین و بیزانین.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO