سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کۆتایی ئێران ئیدی ئەگەر نییە؛ پێویستییەکی مێژووییە

هیوا ساعدی

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ لە لوتکەی زەلیلیی وەستاوە کە هەرگیز ئەوەندە بێدەسەڵات نەبووە. هۆشداریی ئاشکرای سێ وڵاتی ئەوروپی بۆ چالاککردنی “میکانیزمی دەستپێکردن” ( snapback mechanism) تا کۆتایی مانگی ئابی ٢٠٢٥، بە کردەوە دوا کارتی یارییە دیپلۆماسییەکانی تارانی سووتاندووە.

ئەمجارە مێزی دانووستانی درێژخایەن نامێنێت کە ڕژێم بە کوشتنی کات و بەڵێنی پووچ لە قەیران ڕزگاری بێت. ئەوروپا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە، ئەگەر تا وادەی دیاریکراو ڕێڕەوێکی دیپلۆماسی ڕوون نەدۆزرێتەوە، ئەوا سزاکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەگەڕێنەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆماری ئیسلامی دەچێتە ناو ڕێگایەکەوە کە بە لۆبیکردن لە نیویۆڕک ناگۆڕدرێت، نە بە هەڕەشەکردن لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەکەدا.

بۆ یەکەمین جار ڕژێم ڕووبەڕووی دیوارێکە کە هیچ دەرگایەکی بۆ شکاندنی نییە. ئەوەی ئەم هۆشدارییە لە هەموو هۆشدارییەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە، دیزاینی داڕشتنی خودی “میکانیزمی دەستپێکردن”ـە. ئەم ئامرازە بۆ ئەوە دانراوە کە ڕێگری لە تاکتیکی ئاسایی ڕژێمی ئێران  “دانوستان لە پێناو دانوستان” بکات. ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چیتر ناتوانرێت بە بەڵێنی ناڕوون یان پشکنینی نیوەدڵ ئارام بکرێتەوە.

چالاککردنی “میکانیزمی دەستپێکەر” بە واتای گەڕانەوەی سەرجەم سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەر ئێران، بەبێ پێویستی بە کۆدەنگییەکی نوێ و بەبێ ئەگەری ڤیتۆی ڕووسیا یان چین. تەنانەت نزیکترین هاوبەشە ڕواڵەتییەکانی تاران لە ڕۆژهەڵاتیش ناتوانن ڕێگری لێ بکەن. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی لێی ڕادەکات و ئێستا بەبێ هیچ ئامرازێکی بەرگری ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

ساڵانێک کۆماری ئیسلامی توانی بە بەڵێندان و وەستان، گوشارەکان بەڕێوە ببات و لە هەمان کاتدا پڕۆژەی پێشبینی دەسەڵاتی ناوچەیی خۆی بەرەوپێش ببات. بە پارە و نەوت و تۆڕەکانی گواستنەوەی دراوی نایاسایی، ملیارەها دۆلار ڕژایە سەر گرووپە پڕۆکسییەکان لە لوبنان، عێراق، سووریا و یەمەن. ئەم سەرچاوە داراییانە ئامرازی سەرەکی تاران بوون بۆ بنیاتنانی وێنەی “دەسەڵاتی ناوچەیی”. بەڵام گەڕانەوەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش یەکجارەکی و بۆ هەمیشە ئەم بزوێنەرە داراییە دەوەستێنێت. فرۆشتنی نەوت بۆ کەمترین ئاست کەم دەبێتەوە، گواستنەوەی دراو لە ڕێگەی کەناڵە بانکییەکانەوە نزیک دەبێت لە مەحاڵ و تەنانەت ناوەندە ئاساییەکانیش چیتر ناوێرن هاوکاری بکەن.

ئەمە ڕەهەندی کەمتر قسەکراوی “میکانیزمی دەستپێکردنە”، نەک تەنیا ئابووری ناوخۆیی، بەڵکوو بڕبڕەی پشتی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەکرێتە ئامانج. بەبێ پارە، گرووپە پرۆکسییەکان یەک لە دوای یەک دەڕووخێن، لە ڕاستیدا هەر ئێستاکانی زۆر لاواز کراون. بەبێ دۆلاری ئێرانی، حیزبوڵای لوبنان بە خێرایی لاواز دەپووکێتەوە، میلیشیا عێراقییەکان هەڵدەوەشێنەوە و تەنانەت حوسییەکانی یەمەن توانای درێژەدان بە شەڕی پەرتبوونیان لەدەست دەدەن.

بە کردەوە، هێزی قودس کە هەمیشە وەک داڕێژەری سیاسەتی ناوچەیی تاران پێشکەش دەکرێت، دەبێتە دامەزراوەیەکی بێ پارە و بێ کاریگەر. ئەمە زەربەیەکی ستراتیجییە؛ چونکە تەنانەت ئەو بازنە دڵسۆزانە لە ناوچەکەدا کاتێک هەست دەکەن کە “ناوەند” هێزی دارایی نەماوە، کۆماری ئیسلامی چۆڵ دەکەن.

بەڵام قەیرانی ڕاستەقینە لە بەیروت و بەغدا ڕوونادات، بەڵکوو لە تاران و شارەکانی ئێران ڕوودەدات. گەڕانەوەی گەمارۆ پەکخێنەرەکان بە واتای دابەزینی خێراتری بەهای ڕیاڵ (تومەن) و کەمیی کەلوپەلی سەرەتایی و بەرزبوونەوەی بێ کۆنتڕۆڵی نرخ، لەئاکامدا، ژیانی ڕۆژانەی خەڵک زیاتر بەرگە نەگیراو دەبێت. ئیتر بوار بۆ بچووکبوونەوە نامێنێت، نە داهاتوو بۆ نەوەی گەنج و نە هیوای باشتر بوون.

میدیای بیانی هەندێک جار ئەم ڕەهەندە بە کەم دەزانن؛ ئەوان تەنها پێوەرە ئابوورییەکان دەبینن، بەڵام کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی سزاکان لەوەش وێرانکەرترن. کەسانێک کە هەست دەکەن ڕژێمەکەیان لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان شکستی هێناوە، زووتر لە هەموو حیساباتێکی ئابووری دەچنە سەر شەقامەکان.

گەڕانەوەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ خەڵکی ئێران تەنیا گوشارێکی ئابووری نییە، بەڵکوو بەڵگەنامەی شکست و ناکارامەیی حکوومەتە. هەر ئەم ڕوانگەیە کە قەیرانی شەرعیەت گەورەتر دەکات. ئەو خەڵکەی کە لە ڕاپەڕینی  ٢٠٢٢ دا نیشانیان دا کە شەقام هەڵدەبژێرن. ئەمجارەیان لە دۆخێکدا کە ڕژێم نە پارەی پێویست بۆ سەرکوتکردن هەیە، نە هاوپەیمانی دەرەکیی هەیە بۆ پشتیوانی، نە تەنانەت یەکگرتوویی ناوخۆیی بۆ هەماهەنگی. شەقامەکان ئیتر تەنیا ئەگەرێک نین، بەڵکوو خەریکە دەبنە ناچارییەکی کۆمەڵایەتی؛ ناچاری گەلێک کە هیچی لەدەستی نییە.

هاوکات کەلێنی دەسەڵات لەناو حکومەتدا بەهەمان شێوە چڕتر دەبێتەوە. بەشێک لە حکومەت زۆر باش دەزانن کە بەبێ ڕێککەوتن و پاشەکشە، داڕمانی ئابووری حەتمییە. تەنانەت بە نهێنی بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ نەرمکردن یان موزایەدەکردن. بەڵام سوپای پاسداران و ماڵی ڕێبەری باڵا هەر پاشەکشەیەک بە کۆتایی دەسەڵات و داڕمان دەزانن. ئەم ململانێیە درەنگ یان زوو دەگۆڕێت بۆ ناکۆکییەکی ئاشکراتر و جددیتر. “میکانیزمی دەستپێکەر” وەک هاندەرێک (کاتالیستێک) ئەم پڕۆسەیە خێراتر دەکات. چونکە هەردوو ڕێگای پێش ڕژێم- پاشەکشە یان بەرخۆدان- بە بنبەست کۆتایی دێت و فراکسیۆنەکان زیاتر یەکتر لاواز دەکەن بۆ ئەوەی بارگرانی شکست بگوازنەوە بۆ سەر ئەوی دیکە.

لە ڕوانگەی ئۆپۆزسیۆن و هێزە ئازادیخوازەکانەوە ئەم ساتەوەختە دەرفەتێکی مێژووییە. بە پێچەوانەی جاران کە ڕژێم دەیتوانی لە ڕێگەی مانۆڕی دیپلۆماسییەوە فەزای ناوخۆ کۆنتڕۆڵ بکات و بە بەڵێنی پووچەوە بەشێک لە کۆمەڵگا سەرقاڵ بکات، ئەمڕۆ ئەگەری وا نەماوە. هەر هەڵبژاردنێک بۆ کۆماری ئیسلامی چ ملکەچی هەلومەرجی ڕۆژئاوا بێت یان ڕووبەڕووی گەمارۆ ببێتەوە، شکستێکی ئاشکرایە. ئهمه باشترین کاته بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن به ڕاشکاوی به خەڵک بڵێت: ئەم دەسەڵاتە توانای بەڕێوەبەری وڵاتی نییە و بەردەوامی بوونی بەواتای هەژاری زیاتر و نائومێدی قووڵتر و سەرکوتکردنی توندترە.

پێویستە ئۆپۆزسیۆن ئەم دەرفەتە بەکاربهێنێت بۆ ڕێکخستن و هۆشیارکردنەوە و دروستکردنی هیوا. دەبێت ئەوە نیشان بدات کە ئایندەیەکی جیاواز و ئازاد ئاوات نییە، بەڵکوو پێویستییەکی حەتمییە. دەبێت ئەوە لەبیر بکرێت کە ئەم قەیرانە دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتێکی ڕزیو، نەک چارەنووسی گەلی ئێران. لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا شەرعیەتی ڕژێم بەرەو هەڵکشان دەڕوات و پێویستی بە بەدیلێک زیاتر و زیاتر هەست پێ دەکرێت. ئەمە دەرفەتێکە کە ئەگەر بە باشی بەکارنەهێنرێت، ڕەنگە جارێکی دیکە بە هانای ڕژێمەوە بێتەوە؛ بەڵام ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەکرێت سەرەتای کۆتایی کۆماری ئیسلامی بێت.

وێنەی داهاتوو ڕوونە: بە چالاکبوونی میکانیزمی دەستپێکردن، ئێران نەک هەر لە ئابووری جیهانیدا گۆشەگیردەبێ، بەڵکوو لە سیاسەتی دەرەوەشدا پەراوێز دەخرێت. لە ماڵەوە فشار لەسەر بژێوی ژیان، خەڵک پاڵ دەنێت بۆ خاڵی شکاندن. هیچ هێزێکی ئەمنی و ئامێرێکی پڕوپاگەندەیی ناتوانێت تووڕەیی کەڵەکەبووی کۆمەڵگایەک لەدەست بدات کە هیچی لەدەست نەماوە. شەقام جارێکی تر دەبێتە گۆڕەپانی سەرەکی شەڕ، بەڵام ئەمجارەیان لە دۆخێکدا کە دەسەڵات سەرمایەی کۆمەڵایەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و یەکگرتوویی ناوخۆیی نییە.

لە کۆتاییدا، کۆماری ئیسلامی لەبەردەم هەڵبژاردنێکدایە کە لە ڕاستیدا هیچ بژاردەیەک نییە. ئەگەر بچێتە ناو دانوستانەوە دەبێت تەسلیم بێت و دەسەڵاتی بۆ هەتاهەتایە دەڕووخێت. ئەگەر بەرگریی بکات، میکانیزمی دەستپێکەر چالاک دەبێت و وڵات دەچێتە قۆناغێکی وەستانی ئابووری تەواو و تەقینەوەی کۆمەڵایەتی. هەردوو ڕێگاکە بەرەو یەک مەبەست دەڕۆن: ڕووخانی سەربازیی، کە چوار دەیەیە بە توندوتیژیی و حوکمڕانی گەلەکەی کردووە. ئایندەی نزیک ئەو ئایندەیەیە کە نە “بەرگریی” و نە “دانوستاندن” ناتوانێ ڕژێمی داگیرکەری ئێران ڕزگار بکات. کۆتایی ئەم سیستەمە داگیرکارییەی ئێران ئیتر ئەگەر نییە؛ پێویستییەکی مێژووییە کە ڕۆژانی داهاتوو لە بەدیهێنان نزیکتر دەبێتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO