شوان داودی
سەرباری قەیرانی حوکمڕانی و مووچە، جارێکی تر حوکمدانەوەی شێروان شێروانی و دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید و شکستی خۆپیشاندانەکەی ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانی و پەلاماردانەکەی سەر لالەزار و دەستگیر کردنی لاهور شێخ جەنگی چوار ڕووداوی سیاسی گەورەی ئەم مانگی ئابە گەرمەی هەرێمی کوردستانە .
لەگەڵ ئەوەی کەشوهەوای ئاب زۆر گەرمە، ڕووداوە سیاسییەکان گەرمتر بوون بەڵام ئەوەی جێی پرسیار و هەڵوەستە کردنە ئەو خەمساردی و بێباکی و خوێنساردییەی نوخبەی ڕووناکبیریی کوردییە لەمەڕ ئەو ڕووداوە گەرمانە .
ئەمڕۆ گرووپەکانی واتساپ باشترینن بۆ گۆڕینەوەی بۆچوون و بیروباوەڕە سیاسییەکان و باشترین گرووپی واتساپی سیاسیش لە کوردستان کە زیاتر لە 350 بەشداری هەیە لە کەسایەتی سیاسی و ڕووناکبیر و خاوەن ڕای کوردستان لە هەموو ڕەنگ و دەنگ و ناوچه جیاوازەکان، کە لە دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات تێدا کۆبۆتەوە، زۆر بە جوانیش لە لایەن دکتۆر “یاسین تەها”وە ئیدارە دەدرێت، گرووپی “پەنجەرە”یە. بەداخەوە هیچ کات وەک ئەم مانگە گەرمە پڕ لە ڕووداوە ئەم گرووپە زیندووەم بە خامۆشی نەهاتۆتە پێش چاو.
چوار شەممە، 20ی ئاب، سەبارەت بە بەشداری نەکردنی خەڵک لە خۆپیشاندانی ئۆپۆزسیۆندا لە
کۆمێنێکم دا بۆ بەڕێزێک کە پێی وابوو خراپە خەڵک تاقەتی بەشداری خۆپیشاندانی نەبێت، نووسیم : دەکرێت بڵێین خەڵک بڕوای بەو هێزانە نەماوە .گرفتەکە لە نەبوونی هێزێکی کاریگەر و کاریزمایەکی لە خۆبردووە. ئەوەندە خاڵی لاوازیان هەیە بە هەموومانەوە تا بەیانی قسەیان لەسەر بکەین هێشتا هیچمان نەگوتووە. کاممان هەیە کەموکورتییەکانی ئەو هێزانە نەزانین. بۆ موجامەلەیان باسی هیچ ناکەین . گەندەڵ گەندەڵن، نەخوێنەوار نەخوێنەوارن، بێباک بێباکن. ئەوەندە کێشەیان لەگەڵ یەکدی و لەناو خودی هەر هێزێکیاندا هەیە ئەوەندە کێشەیان لەگەڵ دەسەڵات نییە. هیچ کام لەو هێزانە نەیانتوانیوە ببنە خاوەن پڕۆژەی ئۆپۆزسیۆنێکی دروست و خەڵک لە دەوری پڕۆژەکەیان کۆبکەنەوە.
هەر لە درێژەی ئەو بابەتە کۆمێنتێکی ترم بەم شێوەیە نووسی : جگە لە حیزبەکانی دەســەڵات و دوکانەکانی ئۆپۆزسیۆن، غیابی نوخبەی ڕووناکبیری لە گۆڕەپانەکەدا دەردێکی کوشندەیە. ئەوەش هەموومان لێی بەرپرسیارین، نوخبەی ڕووناکبیری کوردی لە باشوور لە هێزە سیاسییەکان
سەرگەردانترە.
ڕۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر بەڕستەیەکی ئاگرین وەڵامی دامەوە، نووسی: نوخبە زۆربەی ڕاوە دینار دەکات.
پێنج شەممە ئێوارەی 21ی ئاب بێ هیچ پێشهاتێک لە ناکاودا شارێکی زیندوی وەک سلێمانی دەبێتە سەربازگە و شار لەڕێی بازگەکانەوە دادەخرێت و لە مـاوەی چەند ساتێکی کەمدا ئەو شارە دەبێتە مەیدانی شەڕێکی سەخت .
چەند جارێک چوومە سەر گرووپی پەنجەرە بۆ ئەوەی بزانم چی دەگوزەرێت. کەچی کشومات وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت.
پرسیارێکی بێگوناحم بەم جۆرە لە گرووپەکە نووسی: پرسیارێک، کەس کۆمێنێتی نییە لەسەر ئەو دۆخەی سلێمانی؟ بەڕێزێک وەڵامی دامەوە نووسی: کاک دڵشاد ئەنوەر دوێنێ شەو وەڵامی ئەو مەوزوعەی دایەوە.
دوای ئەو کارەساتەی لە بەرەیانی هەینی 22ی ئاب ڕوویـدا کە بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانێکی گرتن بۆ 3 کەس لە ڕۆژێکی پشوودا، دوای چەند کاتژمێرکی کەم دوای دەرکردنی فەرمانەکە دەیان هەزار چەکدار جوڵێنران. شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویداو وەک سەرچاوەکانی هەواڵ باسی دەکەن ١٥٠ درۆنی خۆکوژی و 1000 گولە هاون و نۆ تانک و 100 زرێپۆش و 150 باجەڕ بەکار هێنراون و دەیان کوژراو و بریندار و بێسەروشوێنی لێ کەوتۆتەوە .
ئەمە لە کاتێکدایە سـەدان فەرمانی گرتن لە دۆسیەی دادگاکاندا ڕزیون، کەس بەلایاندا ناچێت و سەدان تاوانباری حوکمدراو لەژێر باڵی هێزەکانی دەسەڵاتدا دڵادە دراون، کەچی کەس باسیان ناکات. ئەمەش لە
کاتێکدایە کە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری تەحریم و تەجریم کردنی شەڕی براکوژی داوە.
ڕۆژی شەممە 23ی ئاب ئەم هەموو زانیاری و ژمارانەی پەلاماردانەکەی لالەزارم خستە گرووپەکەی پەنجەرە، بۆ ئەوەی بزانم کاردانەوە چی دەبێت. تەنها بەڕێزێک ئەزێتی کێشاو بە ئیمۆجیی سەرسوڕمان وەڵامێکی دایەوە.
بۆ ئەم پرسە گرنگ و گەرمانەی هەرێم نوخبەی ڕووناکبیری عەرەبی و گرووپە عەرەبییە عێراقییەکان گەرمتر و بەهەڵوێستتر بوون.
ئەم ڕاستییە تاڵەش پێمان دەڵێت : نوخبەی ڕووناکبیریی کوردی لە سوباتدایە، بۆیە دەسەڵات دەستی واڵایە.



