سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بازنەکانی ململانێ

محەمەد حەمە تەقی

ڕەنگە هیچ نەتەوەیەک وەک کورد باجی جوگرافیاکەی نەدابێت، کوردستان کە هەزاران ساڵە نیشتمانی نەتەوەی کوردە و لە هیچ نەتەوەیەکی تری داگیرنەکردووە، دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ـەوە. ناوچەیەکە کە سەدان ساڵە بووە بە شوێنی ململانێی هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان و ئیمپراتۆرییەت و هێزە باڵادەستە جیهانییەکان، هەر لە تەتەر و مەغۆل‌ـەوە بگرە تا لەشکری ئیسلامی و قەیسەر و سەفەوی و عوسمانی و ڕووس و ئینگلیز. هەموو بە لەشکری زەبەلاحەوە پەلاماری کوردستانیان داوە. جگە لە تاڵان کردن، بوونەتە هۆی وێرانکردنی شار و گوندی کوردستان و کوشتنی دەیان و سەدان خەڵکی بێ چەک و زەحمەتکێشی کوردستان. بەشێک لەو هێزانە بۆ هەمیشە لە کوردستان‌دا مانەوە، ئێستا نەوەکانیان حکومڕانی کوردستان دەکەن و خەڵکی کوردستان دەچەوسێننەوە، بە تایبەتی هەردوو نەتەوەی عەرەب و تورک، کە پاشماوەی لەشکری ئیسلامی و تەتەر و مەغۆلەکانن.   

ئەوەی کە کوردستانی کرد بە مەیدانی ململانێکان و جێگەی چاوچنۆکی خەڵکانی تر، بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی کوردستان، کە کەش و هەوایەکی سازگار و خاکی بە پیت و لەوەڕگای باش و سەرچاوەی ئاوی زۆری هەیە، دیارە ئەم هەموو تایبەتمەندیانە لە وڵاتی خۆیادا نەبووە. لە هەمان کاتدا، کاروانی بازرگانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە کوردستان دا تێدەپەڕی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە کولتووری کوردی و باوەڕمەندی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، کولتوور و باوەڕمەندییەکی مرۆڤ دۆستانەیە و خوازیاری ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانە. بەشێوەیەکی تر دەتوانین بڵێین: کورد هەرگیز نەتەوەیەکی داگیرکەر و شەڕانگێز نەبووە، پەلاماری کەسی نەداوە، مەگەر زۆر توندوتیژیان لەگەڵدا کردبێت، لەو کاتانەشدا ئەوەندەی بۆی کرابێت تەنها بەرگری لە ژیان و سامانەکەی کردووە. ئەم خەسڵەتانەی سروشت و خەڵکی کوردستان، زیاتر داگیرکەرانی هاندا کە بە هەموو شێوەیەک پەلاماری کوردستان بدەن و داگیری بکەن، دواتر خۆشیان لەسەر ئاو و خاکی کوردستان دەکەوتنە ململانێوە، وەک چۆن ئێستا دەبینین کە تورکیا و سووریا و عێراق، ململانێیەکی توند و کێشەیەکی گەورەیان لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی نێوانیاندا هەیە، لە بنەڕەتیشدا سەرچاوەی ئەو ئاوانە هەمووی لە خاکی کوردستانەوە هەڵدەقوڵێن و موڵکی کوردە.

دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، کوردستان و گەلی کورد کەوتنە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە. ئیمپریالیزمی بەریتانی و فەڕەنسی، کوردستانی بندەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان بەسەر هەرسێ دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیا، عێراق و سووریا دا دابەش کرد، ئەو دابەشکردنە شێوەیەکی فەرمی پێدرا و دانپینانی نێودەوڵەتی وەرگرت.

سەد ساڵی تەواوە ئەم سێ بەشەی کوردستان، باکوور، باشوور و ڕۆژاڤا کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی سێ ڕژێمی دکتاتۆری خۆسەپێنی فاشیەوە، کە نەک هەر دانیان بە بوونی کورد و کوردستان دا نەناوە، بەڵکوو بەوپەڕی دڕندەییەوە دژی گەلی کورد و هەر جوڵانەوەیەکی ئازادیخوازانەی کورد ڕەفتاریان کردووە (دیارە حاڵی کوردانی ڕۆژهەڵاتیش لەوان باشتر نەبوو)، تا ئاستی جینۆسایدی گەلی کورد و خاپوور کردنی شار و گوندەکانی کوردستان.

کوردستانی باشوور (کوردستانی بندەستی دەوڵەتی عێراق)، بەهۆی هەلومەرجە تایبەتییەکەیەوە، توانی بەشێک لە مافە کولتووری و کارگێڕییەکانی بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس (ڕژێمی سەدام حسێن)، لە دەستوری هەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق دا، دان بە فیدراڵی هەرێمی کوردستان دا نرا، کە بەشێکی فراوانی باشووری کوردستانی گرتەوە.

لە ئێستادا، ئەم هەرێمە فیدراڵیەی کوردستان خەریکە لە خنکان نزیک دەبێتەوە، بە تەواوی گەشەی وەستاوە، لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕەهەندەکانی تری ژیاری، تەواو لە پاشەکشەدایە. ئەوەی مەرگی ئەم هەرێمەمان دەخاتە بەرچاو، ئەو سێ پەتی قەنارەیە کە لە سێ پێگە و سێ بازنەی جیاوازەوە بۆ هەرێمی کوردستان و نەتەوەی کورد هەڵخراوە، کە ڕەنگە کەم تەرخەمی و بێ توانایی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی بەهێزی دروستبوونی ئەم ڕەوشە بێت، ئەو سێ بازنەیەش کە هەرێمی کوردستان و خەڵکی ئەم هەرێمەی خستۆتە مەترسیەوە  ئەمانەن:

یەکەم، بازنەی کوردایەتی، ئەم بازنەیە بەدەست حیزبە کوردستانییەکانەوە سەرگەردان و پەرێشانە، ململانێ دەیان ساڵەکەی نێوان حیزبە کوردستانییەکان، هەموو سنوورەکانی مۆڕاڵی سیاسی و کوردایەتی بەزاندووە. ئەم ململانێ ناجۆرە، سەدان گەنجی ئەم گەلە ستەم دیدەی بە خوێنەوە بە خاک سپارد، هەزارانی تریشی دەربەدەر کرد، یان لە ئاوی ئیجە و وڵاتانی جیهان گۆڕ بە غەریبی کردن، ئەمە جگە لە بە تاڵان بردن و بەفیڕۆدانی دەیان ملیار دۆلار لە سامانی ئەم نیشتمانە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش دەستی هەموو داگیرکەرانی کوردستانیان گرت و هێنایانە سەر خەڵکی ڕەش و ڕووتی کوردستان و هەر خۆشیان بوون بە چاوساغیان.  

دووەم، بازنەی عێراق، کە بازنەیەکی گەورەترە. گەرچی عێراق زیاتر لە قەڕنێکی تەواوە دەوڵەتە و خاوەنی دامەزراوەیە، بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن، لە عێراق دا ناوەندێکی بڕیار نەماوە. عێراق بووە بە وڵاتی میلیشیاکان، بە دەیان گرووپی چەکدار لە عێراق دا هەیە، بڕیارەکان لە دەرەوەی وڵاتەکەوە دەردەچن و دەبێت جێبەجێش بکرێن، سامانی وڵاتیش هەر لەلایەن ئەو میلیشا و بڕیاربەدەستانەی دەرەوەی دەوڵەت و وڵاتەکە بە تاڵان دەبرێت. هیچ سیمایەکی ئاوەدانی و دەوڵەتداری لە عێراق دا نابینرێت. میلیشیاکان بەردەوام هەڕەشە لە هەرێم و خەڵکی کوردستان دەکەن، ڕۆژبەڕۆژیش بازنەی حکومڕانی و دەسەڵاتی هەرێم بچووکتر دەکەنەوە.

سێیەم، بازنە هەرێمایەتییەکە، کە گەمەیەکی ناشیرین لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دا دەکەن، کارەکتەرەکانی ئەم بازنەیە، تورکیا، ئێران، ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداوە. ئەم کارەکتەرانە لە نێوان خۆیاندا ململانێیەکی مێژووییان هەیە، بەڵام لە ئێستادا کۆی ململانێکانیان یان ڕاستتر ئەوەیە بڵێین زۆربەی ململانێکانیان هێناوەتە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەوان تا ئاستێکی باش سەرزەمینی خۆیان لە ململانێ سەربازییەکان دوورخستووەتەوە، بەڵام عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە بە گۆڕەپانێک بۆ دەستی یەکدی شکاندن. بەهۆی ئەو هەژموونە زۆرەی کە لەڕێگەی حیزبە عێراقییەکانەوە (کوردی، عەرەبی، شیعی ..هتد)، لە عێراق دا هەیانە، هەم کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی عێراق هەیە و هەم بەشێکی گەورەی سامانی عێراقیان بە تاڵان بۆ خۆیان بردووە، جار جارەش پێیەک لە گەردنی کورد و هەرێمی کوردستان توند دەکەن.

لەم نێوەندەدا بازنەی یەکەم (بازنە کوردییەکە) لە هەردوو بازنەکەی تر لاوازتر و بچووکترە. بۆیە بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندایە، بۆ کوردیش ئەم بازنەیە لە هەردوو بازنەکەی تر گرنگترە بۆ مانەوە و خۆ ڕێکخستنەوە. ئەوەی لەسەر کورد و دەسڵاتەکەی پێویستە، ڕاستکردنەوە و بەهێزکردنی بازنەی یەکەم و ڕاگرتنی هاوسەنگییە لەگەڵ دوو بازنەکەی تردا. بە پێچەوانەوە درێژەکێشانی ئەم ڕەوشەی ئێستا مەرگی بێ چەندوچوونی هەرێمی کوردستان نزیکتر دەکاتەوە. کولتووری مرۆڤ دۆستی و باوەڕمەندی دۆستانە، خزمەتی ڕەوشەکە ناکات، ئەوەی دەتوانێت کورد بپارێزێت تەنها هێزە، هێزیش لە یەکێتیی دایە، یەکێتیی نەتەوە و یەکێتیی لایەنە سیاسیەکان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO