سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هەرێم و قەیرانی نەخەمڵین و لێکجیانەکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دەسەڵاتی دادوەری وەك نموونە

پرسی دابەشکردن و لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەگەڕێتەوە بۆ باوکە تیۆرسین و مژدەدەرەکانی لیبرالیزم، لەوانەش مۆنتسکیو.

لەپێش مودێرنەی سیاسی و هاتنە کایەی دەوڵەتی نوێ و بەتایبەتیش دیموکراتیزەکردنی، سەرەوەری لە کەسی پادشا و دەسەڵاتدارەکاندا بەرجەستە دەبوو، سەرجەم دەسەڵاتەکانی لەدەستیدا کۆبووبۆوە، ئەگەر کەسان و دەزگاگەلێکیش لە ڕووی تەکنیکیی وکارگێڕییەوە لە پیادەکردنی ڕەهەندە جیاوازەکانی دەسەڵاتەکەیدا یارمەتیان دابێت، هەرگیز ئەمە ئاماژە نەبووە بە دابەشکردنی دەسەڵات و لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەو جۆرەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی نوێ و لە سایەی سیستەمی لیبراڵ دیموکراسیدا دەبینرێت و پیادە دەکرێت. بە حوکمی ئەوەی دەسەڵاتەکان لە بنەڕەتدا هی پادشا یاخود ئیمپراتۆر و سوڵتان بوون،  بۆ کارئاسانی و یارمەتیدانی ناوبراو لە ڕاپەراندنی کاروبارەکانی حوکمڕانیدا پێیان دەسپێردرا.  بۆیە هەرکات خواستبێتی،  لێی سەندوونەوە و گۆڕیونی بە کەسانی تر، یاخود خۆی ڕاستەوخۆ پیادەی ئەو بەشەشی لە دەسەڵات کردووە.

ئەم نموونە لە دەوڵەتە ناوەندییە مۆدێرنە پێش دیموکراسەکانیشدا نەك هەر درێژەی هەبوو، بەڵکوو بەڕوونتر و مەترسیدارتر ڕووخساری خۆی خستە ڕوو. بۆیەش دەڵێم مەترسیدارتر، چونکە لە سۆنگەی بەناوەندیکردنی دەسەڵات، میکانیزمە نوێکانی پیادەکردنی و شۆڕبوونەوەی بۆ وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵك، بەپێچەوانەی فەزای ئیمپراتۆرە فشۆڵ و پانوبەرین و ناناوەندییەکانەوە، چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەدەستی کەسی دەسەڵاتدار و مەترسی خراپ بەکارهێنانی و پانتایی ڕەنگدانەوەی بەسەر کۆمەڵگەدا، چەند قات بۆوە.

لێرەوە داخوازی دەبەشکردنی دەسەڵات و لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، یاسادانان و ڕاپەراندن و دادوەریی، وەك پێشمەرج و دەستەبەرییەکی دامەزراوەیی بۆ ڕێگریکردن لە زۆرداری سیاسی، بوو بەداوای نوخبە نوێکان و بانگەشەکارانی لیبرالیزم و دیموکراسی.

بەڵام ئەم پرسە لەسایەی هەندێ سیستەمی سیاسی و فۆرمی حوکمڕانیدا وەك زۆر چەمك و پرسی تر، بەلارێدابراو لە ناوەڕۆکە لیبراڵ دیموکراسییەکەی بەتاڵ کرایەوە.  لەبەرئەوەی لەسایەی  زۆربەی سیستەمە کۆمۆنیستی و دیکتاتۆرییەکانیشدا بەڕوواڵەت سێ دەسەڵاتەکە هەبوون و هەن، بەڵام  بێ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕاستەقینە لێک جیاکرابنەوە.  بۆیە بوونیان ئاماژە نییە بۆ هیچ فۆرم و ئاستێکی ڕاستەقینەی دەسەڵەتەکان، بەحوکمی نادیموکراسیبوونی سیستەم و بەشکڵیکردنی دامەزراوە و بەهاکانی.

هەرێمی کوردستان و قەیرانی دابەشکردن و لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان

ئەگەر لە ڕوانگەی ئەو ئاماژەپێکردنە کورتەی سەرەوە، سەرنج لە واقیعی حوکمڕانی هەرێم بدەین، دەبینین بەکردەوە حوکمڕانییەکە لەم پەیوەندییەدا لە زیاد لە ڕوویەکەوە لە قەیراندایە. هەڵبەت ئەوە ڕاستە کە بۆئەوەی ئەم پرسە بەجوانی بخەمڵێت و زەمینەی بۆ بسازێت، پێویستی بە چوارچێوەی دەوڵەتە. بەڵام ئەمە پاساوی دۆخی ئێستای واقیعی نیمچە-دەوڵەتی هەرێم لە سی ساڵی ڕابردوودا ناداتەوە و لێپرسراویش لە ئەستۆی هێزەکان و نوخبەی حیزبیی حوکمڕانی باڵادەست ناکاتەوە. چونکە کێشەکان لەم ڕووەوە پەیوەندییان بە دەرەوەی ئیرادە سیاسییە ناوخۆییە بڕیار بەدەستەکەوە نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی نەبوونی دیدی سیاسی ڕوون و ناکارایی و بێ ئاسۆیی ئەون. ئەوەی دەیبینین، بەرهەمی ناکۆکییەکی دەیان ساڵەی نێوان دوو حیزبە حوکمڕانەکە، گەندەڵی، لاوازی پاشخانی مەعریفیی ناسیۆنالیستی، دواکەوتوویی کولتوور و سنوورداری خەیاڵی سیاسی سەرکردەکانە.

سەرچاوە لە نەبوونی دەستوور و پێناسەکردنی کۆمەڵگەی سیاسی، دابەشبوونی هەرێم و زۆنی حیزبیی نیمچە کۆنتڕۆڵکراو و لەئارادانەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی و گیرخواردن لە بازنەی بەرژەوەندییە حیزبی و بنەماڵەیی و تاکەکەسییە خوار بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان و شکستخواردنی پڕۆسەی نیشتیمان و گەل و دامەزراوەسازییەوە دەگرێت.

هەموو ئەو شتانەی سەرەوە کارێکیان کردووە، بە سەرلێکردنەوەوە باس لە بوون و لێک جیاکردنەوەی سێ دەسەڵاتەکە لە هەرێمی کوردستان دا بکەین، ئەگەر واز لەو دابەشکردنە زانستییەی نێوان چەمکی “دەسەڵات” لەگەڵ چەمکی “هێز” بێنین و ئەوەی هەیە پێناسی دەسەڵاتی بەبەردا بکەین،ئەوا  ئەوەی ئێمە دەیبینین، دۆخی هەرێم لە ڕوانگەی ئەم سەرەتا و پێوەرە دیموکراسییەی سیستەمەوە لە قەیراندایە.  بەجۆرێك بە واتای وشە، هیچ کام لەو دەسەڵاتانەمان نییە، تەنانەت بە دەسەڵاتی حکومەت و ڕاپەراندنیشەوە، کە بە بەهێزترین و باڵادەسترین لە قەڵەم دەدرێت. 

پێش هەرشتێك  هێز و دەسەڵاتەکان لە هەرێم لەناو ئەودا کۆنەبوونەتەوە و بەتەواوی  لەژێر دەستی ئەودا نین، ئەگەر چەك و دارایی بە دوو سەرچاوە گەورەکەی هەر دەسەڵات و حکومەتێك لەقەڵەم بدرێن، ئەوا هیچیان بەتەواوی لەژێردەستی حکومەتی هەرێمدا نین و حیزب و دەستڕۆیشتووەکانی تەحەکومیان پێوە دەکەن!

تەنانەت ئەو هێزەی بەڕواڵەت سەر بە حکومەتیشە تا سەر گرەنتی مانەوەی بەو شێوەیە نییە. بۆ نموونە، لەکاتی قەیران و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان دوو پێکهێنەرە سەرەکییەکەی دەسەڵاتدا، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەیەکگرتوویی نامێننەوە، دەست بۆ پارەی هەندێ لە بانق و دامەزراوەکان دەبرێت، هتد.

لە ڕوویەکی ترەوە، لە سۆنگەی نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی و حکومەتێکی یەکگرتوو سەرتاسەری ڕاستەقینەدا، حکومەت دەسەڵاتی کردەیی بە سەر کۆی قەڵەمڕەوی هەرێمدا ناشکێت.  بوونی و فۆرمێك لە فرەدەسەڵاتی، سنوور بۆ کارایی و پیادەکردنی بڕیارەکانی و سیاسەتێکی نیشتیمانی بڕیار لەسەر دراو دادەنێت. لێرەوە بەهێزترین دەسەڵاتمان دەبێت بە نیمچە دەسەڵات و دوو حیزبەکە تاکو ئێستا ڕێگەیان پێ نەداوە پرۆسەی بەدەسەڵاتبوونی تەواو بکات.

ئەگەر بێینە سەر باسی دەسەڵاتی یاسادانان، کە لە دیدە لیبراڵییە بنەڕەتیەکە و جۆری سیستەمی پەسندکراویش کە پەرلەمانییە، دەبێت دەسەڵاتی یەکەم بێت، چونکە ڕەمزی نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی گەل و سەرچاوەی ڕەوایەتی پێدانی حکومەت و دەسەڵاتی ڕاپەراندنیشە، کەچی بەپێچەوانەی هەموو ئەو چاوەڕوانی و پێوەرانەوە، پەرلەمانی هەرێم جگە لەوەی لە ڕووی پلە و ڕۆڵ و هەژموونەوە بە مەودایەکی زۆر لە دوای حکومەتەوە دێت، ئەویش دیسان لە سەرەڕێی هەوڵدان بۆ بوون بەدەسەڵاتدا لەنیوەی ڕێگەدا پەکی کەوتووە و بە نیمچە دەسەڵات دەژمێردرێت و بەو جۆرە ماوەتەوە. بەجۆرێك ئەگەر هەندێ بابەتی شکڵی و وادەی یاسایی و ئەرکی ڕەوایەتیدان بەوەی هەیە نەبێت، نەبوونی زۆر بۆشایی هەستپێکراو دروست ناکات! ئەمەش وەك هەندێك دەخوازن  بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بەقەیرانی کۆی سیستەم و فۆرمە حوکمڕانییەکەوە هەیە، کە ناهێڵێت هیچ کام لە دەسەڵات و دامەزراوەکانی  لە سنوورێکی دیاریکراو بترازێت، گەشە بکەن و ڕۆڵی سرووشتی و تەواوکار و هاوسەنگکاری خۆیان بگێڕن و بەتێپەڕینی ڕۆژگاریش کەڵەکەبوونی ئەزموونەکان ڕەگداکوتراوتری بکات.

پەرلەمان جگە لەوەی بەهۆی ئەوەی سەرۆکی حیزبەکان سەرۆکایەتی فراکسیۆنەکانیان تیایدا ناکەن، بەوەش نەبۆتە سەکۆ و چوارچێوەی سیاسەتکردن و دروست کردنی بڕیار لە هەرێمدا. دەتوانین بڵێین ئەرکی سەرەکی بۆتە ڕەوایەتیدانی سیاسی بەدۆخی ئێستا و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی.

لە سێ ئەرکە سەرەکییەکەی پەرلەمانیش، کە لە  یاسادانان، چاودێریکردنی دەسەڵاتی ڕاپەراندن و تاوتوێکردن و پەسندکردنی بودجەدا خۆی دەبینێتەوە، دەتوانین بڵێین تەنها لە بواری یاساداناندا تاڕادەیەك توانیویەتی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. ئەویش جگە لەوەی نەیتوانی دەربارەی یاسای یاساکان واتە دەستوور هەرێم لە دۆخی ناڕێکخراوەیی دەربێنێت، بەشێ لەو یاسایانەی دەریشی کردوون کاریان پێنەکراوە، هاوشێوەی ئەو یاسایەی باس لە دروستکردنی کۆمپانیای نیشتیمانی بواری نەوت و وزە و سندوقی دەرامەتە نەوتییەکان دەکات. چەندین ساڵیشە بودجە نایەتە پەرلەمان و ئەو ئەرك و دەسەڵاتەشی بەکردەوە سڕکراوە! هەرچی پەیوەستیشە بەچاودێری حکومەت هەموومان دۆخەکە دەبینین و لەوە ڕوونترە پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زۆر بێت.

هەرێم و نەبوونی دەسەڵاتی دادوەریی

ئەگەر دۆخەکە بۆ دەسەڵاتی ڕاپەراندن و پەرلەمان بەو جۆرە بێت کە باسمان کرد، ئەوا بۆ دەسەڵاتی دادوەریی کڵۆڵانەتر و ئازاربەخشترە، چونکە بە وتەی سەرۆکوەزیرانی کابینەیەکی حکومەت، جۆری حوکمڕانی و ململانێی یەکێتیی و پارتی، ئەم دەسەڵاتەی تاڕادەیەکی زۆر وێران کردووە.

لەو سۆنگەشەوە کە سەرۆکی دەسەڵاتەکە پلەی وەزیری هەیە، وە بەدانپیانانی قسەکەر و کادرەکانی سەر بەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتی سەرفکردنی تێچووی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژوورێکی بێ ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی نییە، بە هیچ پێوەرێک ناتوانرێت بە دەسەڵاتێکی جیا و سەربەخۆ دابنرێت و لەقەڵەم بدرێت. چونکە کاتێ دەبێت بە دەسەڵات، سەرۆکەکەی پێگەی لە ئاستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەماندا بێت، لە ڕووی داراییەوە خاوەن بەشە بوودجەی دیاریکراو و سەربەخۆی خۆی بێت. ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتی ڕاپەراندن و حیزبە دەسەڵاتدارەکان هەر لە دیاریکردنی دادوەر، جوڵاندنی دۆسییەکان، بڕیارە دادگاییەکان و پیادەکردنیان، دەست نەخەنە کاروبارییەوە و تەنها دەستوور و یاساکان بەسەرییەوە حاکم بن و ڕێز لە بێلایەنی و سەربەخۆیی و ئازادییەکەی بگیرێت کە پێویستی هەر دادگا و دەسەڵاتێکی دادوەریی ڕاستەقینەیە، کە بەداخەوە هەموومان دەزانین واقیعەکە بەو جۆرە نییە!

دادگاکان لە هیچ کەیسێك بۆنی سیاسی لێ بێت، خاوەن دەسەڵات و بێلایەن نین، تەنانەت لە بەشێ لەو کەیسانەش پەیوەندییان بە یاساکانی مەدەنی و سزادانەوە هەیە، دیسانەوە کاتێ پەیوەندی بە خەڵکانێکی خاوەن پێگە و دەسترۆیشتوەوە هەبێت مەسەلەکە لە کەیسە سیاسییەکان زۆر جیاواز نییە!

خۆ ئەگەر ڕێگری لە دادگا نەکرێت و بتوانێت لە هەندێ لەو کەیسانەدا بڕیار بدات، سەبارەت بەو کەسانەی ئاماژەمان پێ کردن، بڕیارەکانییان هەر لە بنەڕەتەوە جێبەجێ ناکرێن، یاخوود بەنیوەناچڵی و کلك و گوێکردنەوە پیادە دەکرێن کە ئەوەش باجەکەی هەر لە ناوبانگ و کەسێتی مەعنەوی دەسەڵاتی دادوەریی و دادگاکان دەدرێت.

بەگوتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمیش، نزیکەی کۆی ئەو بڕیارانەی لە چوارچێوەی کەیسەکانی گەندەڵی دوای ئیدانەکردن دەردەچن کارپێکردنیان وەستێنراوە، کە ئەوەش بەناهەق دادوەر و دادگا بە جۆرێك لە جۆرەکان دەکات بە هاوبەشی تاوانەکە.

ئەمە جگە لە پشکپکێنەی حیزبی لە ئاستی ئەنجوومەنی دادوەریی و دادگا باڵاکان و دەستبەستنی داواکاری گشتی لە جوڵاندنی چەندین دۆسیەی هەستیاری پەیوەندیدار بە بەرژەوەندی گشتیەوە

هەموو ئەوەش  بە جۆرێك لە جۆرەکان یەکسانە بە سیاسیکردن و تەنانەت لەوەش خوارتر بەحیزبیکردنی دادگاکان، ئەوەش جگە لەوەی زیاتر شکۆی دادگا دەشکێنێت، زیانی زۆریش لە ناوبانگی هەرێم دەدات. زەبرێکی گەورەش لە پرۆسەی نیشتیمانسازی و نەتەوەسازی دەوەشێنێت. چونکە ڕۆڵی ناوبژیوانی دادگا بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکان، گێڕانەوەی مافەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتەواوی لاواز دەکات. بەحوکمی ئەوەی هەمووان وەك هاووڵاتی نابینرێن و لەبەردەم دادگا و یاسادا یەکسان  نین، خەڵکانێكیش هەن هەر بەتەواوەتی لەسەر و هەموو یاسا و دادگا و لێپرسینەوەیەکن. لێرەوە خەڵك متمانەی بە حکومەت و دادگا لاواز دەبێت، ئینتیما و چاوەڕوان بەحیزبەوە دەبەستێتەوە! کاتێك حەیف و مەیل و نایەکسانی و نادادپەروەری لە حیزبیشدا دووبارە یەخەی پێدەگرێت، ئیدی بەناچاری بیر لە دووبارە ڕووکردنەوە دیوەخان و پەنای سەرۆکی خێڵ دەکات.

ئەگەر ئەوەی باسیشمان کرد واقیعی ئێستای هەرێم و دەسەڵاتەکانی و بەتایبەتیش دەسەڵاتی دادوەرییەکەی بێت، داخۆ دەبێت تاکەی بەدیار هەرێمێکی بێدەستوور، دابەشکراو و دەسەڵاتگەلێکی نیمچەدەسەڵات و وەك پێویست لێک جیانەکراوەوە دابنیشین وکات بەفیرۆ بدەین؟ بەم جۆرە لەئاست ئایندەی گەلی باشوور و نەتەوەی کورد لە ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا خەمسارد  ڕۆژگار بەڕێ بکەین لەکاتێکدا ناوچەکە لەبەردەم سەرەپێچێکی مێژوویدایە و ڕەنگە نەخشەی سەد ساڵی داهاتووی دابڕێژرێتەوە؟

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO