ڕابەر تەڵعەت
لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا، دیمەنی سیاسیی سلێمانی دوو زەبری گەورەی بەرکەوت. سەرەتا دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دواتر هەڵکوتانە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی چەکداریی کورتخایەن. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە نییە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چۆن توانی ئەم کارە بکات، بەڵکوو ئەوەیە بۆچی دوای بێدەنگکردنی دوو هێز کە پێکەوە خاوەنی زیاتر لە ٢٥ کورسی پەرلەمانین لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا، شەقام بە تەواوی بێدەنگە؟ ئەم بێدەنگییە، لەخۆیدا، بابەتی قووڵترین شیکارییە بۆ سروشتی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان.
لە ڕوانگەی تیۆری هەژموونەوە، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیی تەنها لە ڕەزامەندیی کولتووری یان ئایدیۆلۆجییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو لەسەر مۆنۆپۆڵی دوولایەنەی هێزی چەکدار بونیاد نراوە. لە هەرێمی کوردستان، دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان بەشێک نین لە دەوڵەتێکی بێلایەن، بەڵکوو درێژکراوەی ئیرادەی حیزبن. کاتێک فەرمانێک دەردەچێت، جێبەجێکردنەکەی پرۆسەیەکی یاسایی نییە هێندەی نمایشێکی سیاسیی هێزە. بۆیە، لاوازکردنی ڕکابەرەکان لە ڕێگەی “دەزگا ئەمنییەکان”ـەوە، گەڕانەوەیە بۆ دۆخی سروشتیی سیاسەت لەم ناوچەیە، نەک لادان لێی!
تیۆری “بونیادی دەرفەتە سیاسییەکان” (political opportunity structure) یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە لاوازیی جوڵانەوە نوێیەکان. لە کوردستان، ئەم پێکهاتەیە بەهۆی کۆنترۆڵی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەسەر ئابووری، ئاسایش و میدیادا، تاڕادەیەکی زۆر داخراوە. هێزە نوێیەکان لەم بۆشاییە داخراوەدا، نەک وەک جوڵانەوەی کۆمەڵایەتیی ئۆرگانیک، بەڵکوو وەک “دەستپێکی سیاسی” (political startups) دەردەکەون. واتە هێزە نوێکان پشتیان بە سەرمایەی میدیایی و گوتاری پۆپۆلیستی بەستووە بۆ کۆکردنەوەی “دەنگی ناڕازی”، نەک بۆ بونیادنانی “بنکەی جەماوەریی ڕێکخراو”. پەیوەندییان لەگەڵ جەماوەر یەکلایەنەیە: لە سەرکردەوە بۆ بینەر، نەک دیالۆگ و وەگەڕخستنی دوولایەنە. کاتێک سەرکردەکە، کە ناوکی جوڵانەوەکەیە، دەستگیر دەکرێت، دەنگدەرە ناچالاک و پەرتەوازەکان هیچ میکانیزمێکی ڕێکخراویان نییە بۆ کاردانەوە.
یەکێک لە قووڵترین هۆکارەکانی ئەم دۆخە، نەبوونی بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە بۆ هێزە نوێیەکان. دەسەڵات لە ڕێگەی سیستەمی پاترۆناژ (دابەشکردنی وەزیفە و ئیمتیازات) توانای کڕینی وەفاداری و بێدەنگکردنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگای هەیە. لە بەرانبەردا، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن ناتوانن ببنە نوێنەری چینێکی کۆمەڵایەتیی یەکگرتوو (بۆ نموونە کرێکاران، مامۆستایان، یان بۆرجوازیی نیشتیمانی). زۆربەی کات سەرکردەکانیان خۆیان بەشێکن لە چینی سەرمایەداریی نوێ کە لەناو هەمان سیستەمی ئابووریدا کار دەکەن. ئەمە وا دەکات ململانێکەیان تەنها سیاسی بێت، نەک چینایەتی یان کۆمەڵایەتی. کاتێک جوڵانەوەیەک لە هەناوی دینامیکێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینەوە لەدایک نەبێت، بنکەکەی تەنها کۆمەڵێک تاکەکەسی ناڕازیی لێکدابڕاون کە بە ئاسانی بێدەنگ دەکرێن.
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی، دەرخەری هێزی یەکێتی نین هێندەی ئاشکراکەری لاوازیی بونیادی و ڕووکەشیی ئۆپۆزیسیۆنە. کایەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دا بە یاسای سندوقی دەنگدان بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو بە هاوکێشەی هێزی چەکدار، کۆنترۆڵی ئابووری و شەرعیەتی مێژوویی دیاری دەکرێت. جوڵانەوە نوێیەکان، سەرەڕای بەدەستهێنانی سەدان هەزار دەنگ، نەیانتوانیوە ببنە زەروورەتێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی کە بتوانن سنوورێک بۆ دەسەڵات دابنێن. ئەوان لەسەر شەپۆڵی ناڕەزایەتییەکان گەورە دەبن، بەڵام چونکە ڕەگیان لەناو خاک و داینامیکی کۆمەڵگادا نییە، لەگەڵ یەکەم زریانی سیاسیدا هەڵدەتەکێن. بێدەنگیی شەقام، لە کۆتاییدا، حوکمی مەرگی ئەو وەهمەیە کە پێی وابوو دەتوانرێت بەبێ گۆڕینی بنەما سۆسیۆلۆجییەکانی دەسەڵات، گۆڕانکاریی سیاسی دروست بکرێت.



