هەژار سدیق
سەردەمی کۆتاییهێنان بە جەنگە درێژخایەنەکان، دانوساندن و ڕادەستکردن، دوو بڕگە و ماددەی ئەم سیستەمە نوێیەیەی ئێستایە، کە ئەمریکا جێبەجێی دەکات.
ئەم سیستەمە نوێیە تایبەتە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر دوو هێڵ پلانی کارەکەی داڕێژراوە، دانوساندن و ڕادەستکردن. لەڕێگەی دانوساندنەوە هەموو کێشە نەتەوەیی و مەزهەبیی و تائیفییەکان بەئاشتی چارەسەر دەکرێن و چەك و جبەخانەی میلیشیا و پارەی ڕەشی بەناو شۆڕشگێڕەکانیش دەبێ ڕادەست بکرێن و بگەڕێندرێنەوە بۆ دەوڵەتەکانیان.
لە سیستەمە نوێیەکەدا، دانوساندنەکان تێکهەڵکێش دەکرێن بە “جەدوەل زەڕبی” سیاسەت و زانستی دەوڵەتداری، ئیتر حوکمداری هەوەنتە و گۆترە و میزاج و میلیشیا کۆتایی دێت.
بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤەکان و دامەزراندنی دەوڵەت و سیستەمی دەوڵەتداری ڕاستەقینە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نابێ چەك لە دەستی پێ*کا&کە و حەماس و حیزبوڵا و حوسی و حەشد بێت، پێویستە چەك تەنیا لە دەستی ئەو دەوڵەتانە بێت، بەگوێرەی سیستەمە نوێیەکە، دەوڵەتی هەمووان دەبێت.
سەرکردایەتی پ&ێکا*کە وەك هێزێکی ئازادیخواز و بەئەزموون لە ئیدارەدانی ململانێ سیاسی و سەربازییەکان، پێش هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، درکی بە گۆڕانکارییەکان کرد و پەیامەکانی سیستەمی نوێی جیهانی بەهەند وەرگرت و چەکەکانی بێدەنگ کرد. ئێستا پێ٪کا(کە چاوەڕێی بەرامبەرەکەی دەکات بۆ ئەوەی چەکەکانی بەیەکجاری بێ دەنگ بکات و لەبەرامبەریشدا، مافەکانی گەلی کوردستان لە تورکیا و باکووری کوردستان مسۆگەر بکات.
هەڵبەتە سیاسییە ژیرەکان تێدەگەن، کە دەوڵەتداری وەکوو سەودای بازرگانییە، چیم پێ دەدەی تا ئەوەت پێ بدەم، کە تۆ پێویستت پێی هەیە، ئەم سەردەمەش سەردەمی ژمارە و داتایە، جێگەی هەموو شتێكی تێدا دەبێتەوە، تەنیا جێگەی گەوجاندن و کەراندن و قازاندنی تێدا نابێتەوە. بۆیە پێویستە هەموو سیاسییە تەقلیدییەکانی تورکیا و سووریا و عێراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین، تەنانەت ڕووسەکانـیش تێبگەن، هەموو دنیا، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بنەڕەتەوە دەبێت بگۆڕدرێت و زمانی شەڕ و چەكەکانیش ببڕدرێت و هەمووان پێکەوە بەئاشتی بژین.
کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراقـیش، چەند لاپەڕەیەکی لەم سیستەمە نوێیەدا داگیر کردووە، بێگومان، لەم حەفت و هەشتەی نێوان بەغدا و هەولێر دا، ئەو لایەنە دەیباتەوە کە ژمارەکانی ڕاست و دروست بن. هەرێمی کوردستان ئەگەر لە ژمارە و داتاکانیدا، شەفاف نەبێت نەك هەر هێزی چەکدارەکەی، بەڵکوو نەوت و گومرگ و باج و خەراج و هەرێمە دەستوورییەکەشی لەدەست دەدات، چونکە سیاسەت و دەوڵەتداری بەم شێوەیەی ئێستا لە هیچ سەردەم و شوێنێکی دنیادا، نەیتوانیووە بە سوپاس بەڕێوە بچێت.



