سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئێزدی نیم

ڕۆژی ٣ی ئاب لە یادکردنەوەی تراجیدیایەکی تر و قوربانیانی جینۆسایدێکی تری نەتەوەیی و ئایینیی داین. بەڵام ئەفسوس ئەم یادەش وەک ئەوانی دی هێشتا ناوچەییە و نەبووەتە یادێکی سەراسەریی نەتەوەیی/نیشتیمانیی لە هەموو کوردستان، بەڵکوو لە باشووری کوردستان‌ـیش کە شانۆی ڕووداوەکەیە لە ناوچەیەک قەتیش ماوە.

تراجیدیای جینۆسایدی ئێزدییەکان ئێشی زیاترە چونکە لە سەدەی بیست و یەکدا ڕوویداوە، کە بڕیار بوو دیموکراسی کۆتایی بە جینۆساید و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ  بهێنێت. بەڵام وەک چۆن ئەنفال لەسەردەمی دیکتاتۆرەکاندا لە دەوڵەتی عێراقی بەعسی شۆڤێنی عەرەبی ئەنجامدرا، شەنگال‌ـیش لەسەردەمی دیموکراسی و بەدەستی دەوڵەتی تیرۆرستی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) ئەنجامدرا. ئەگەر لە ئەنفال‌دا بەکەنیزەک کردن و فرۆشتنی ژنان و کچانی کورد دیزە بەدەرخۆنە کراو دەستدرێژی سێکسی بەعسییەکان بۆ سەر ژنی کورد بە هۆکاری نامووسپەرستی شاردرایەوە و ڕووی بەعسییەکانی سپی کرد، ئەوا لە شەنگال داعش ئەو شانسەی نەبوو بەڵکوو بەهۆی ئامادەیی کامێرا و هێزی وێنە و ئازایەتی ژنانی ئێزدی لە نەشاردنەوەی چیڕۆکەکانیان و ئاشکرا کردنی بەدڕەفتاری موجاهیدانی داعش پەردەیان لەسەر ڕووی ڕاستەقینەیان هەڵماڵی و ڕیسوایان کردن.

هەرچۆنێک بێت، کارەسات ئەوەیە لە یادەوەریەکانماندا خەمی بونیاتنانەوەی مرۆڤایەتیمان نەبێت و تەنها بە دانانی وێنەی چاو بەفرمێسک و گریانی قوربانییەکانی بسپێرین و وابزانین بەدەربڕینێکی سۆزدارانە یان هەستێکی نەتەوەیی و هەندێکجاریش بەشێوەی دەمارگیرانە ئەرکی خۆمان بەجێهێناوە.

بەڵام ئەوە هیچ بەردێک ناخاتە سەر بینای یادەوەریمان. ئەفسوس ئێمە هێشتا ڕەگەزەکانی ماتەمگێڕی و یادەوەریمان تێکەڵکردووە و ناتوانین لێکیان جیابکەینەوە، یادکردنەوە لەبنەڕەتەوە بۆ دامەزراندنەوە و خۆبنیاتنانەوەیە. ئەگەر ئەمڕۆ دنیای کوردی تەماشا بکەین دەبینین چەندە بێباک و بێخەمە لە یادکردنەوەی ئەم تراجیدیایەدا. سۆشیال میدیا و میدیای کوردی، لێوانە لە بێهەستی و لە ڕق و کینە! ئەمانە توخمی دروستکردنی یادەوەریی نین بەڵکوو بەرهەمهێنەرەوەی زەلیلین ئەوەش کارەساتێکی ترە.

یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزدییەکان، پێوێستی بەهەڵویستی سیاسی و ئەخلاقی هەیە، پەلاماری داعش تاوانێک بوو پڕ لە بەدڕەفتاری و خوێنڕشتن و سەربڕین، کۆیلەکردنی ژن و بەکەنیزەککردن و دەستدرێژی سێکسی دڕندانەی داعشە. شتێک نییە بەئاسانی بەسەرماندا تێپەڕێ چونکە تەنها بەکۆمەڵکوژی و کوشتنی فیزیکی پیاوەکان نەوەستاون بەڵکوو دەستدرێژییان کردووەتە سەر بەهای کولتووریی و مرۆڤایەتیمان. کەچی ئەفسوس هێندەی وێنە و باسی عەجاجی داوێنپیس و بەدڕەفتار و ناردن و نەناردنی کۆمەک بۆ غەززە بابەتی میدیا و سۆشیال میدیان، نە یادی جینۆسایدی دوێنێی بارزانییەکان و نە هی ئەمڕۆی ئێزدییەکان جێگەی باس و بایەخ نین! ئەمە نیشانەیەکی ڕوون و ئاشکرای مردنی ڕۆحی نەتەوەیەکە، کە چەندین جار جینۆساید کراوە، کەچی بەم ئەندازەیە بێباکە لە چارەنووس و ئاییندەی خۆی! نامەوێ تۆوی نائومێدیی بڕێژم و ئینگەیەک لە کۆمەککردن بە غەززە‌ بکەم. بەڵکوو بابەتێکە بۆ تێڕامان لە خود لە بوون لە چاکەکاری و بەخشندەیی و شکۆی مرۆیی و نەتەوەیی.

ئەگەر تۆ تەنها دڵت بۆ “ئەنفال” ژان دەکا و نەفرەت لە جاش و جەلادەکان دەکەی ئەوا گومانم لە دڵ باشی و نەفرەتەکانیشت هەیە. چونکە یادەوەری بە نەفرەت لێ کردن دروست نابێت. مرۆڤی ساغڵەم دژی ستەمکارییە، نەک ستەمی لەسەر لایەک پێ ناڕەوا بێ و لە دژی یەکێکی تر ڕەوا. کەی ئەنفال شەنگالی بیربردیتەوە یان بە پێچەوانەوە ئەوا خەلەلێک لە بیرکردنەوەتدا هەیە. ئەگەر دژی جینۆساید بیت و کوشتاری غەززە و هۆڵۆکۆست پێکەوە بەتاوان نەزانیت ئەوا کێشەیەک لە ویژدان و فیکرت دایە.

هەست دەکەم ئەم بێباکییە زۆر قووڵتر ڕۆچووە لەوەی دەیبینین، هەندێک تەواو خۆیان کوشتووە بۆ غەززە و لە کوشتنی نزیکترین مرۆڤەکانی تەنیشت خۆی لە هاونیشتیمانی و هاودین و هاوزمانی خۆی بێباکە! هەندێکیش لە شینی ئەنفال و شەنگال دا بەباسکردنی غەززە دڕدۆنگ دەبێت. چونکە پێیوایە عەرەب سەرچاوەی نەهامەتیەکانێتی. بەگومانم لەوەی کەسێک بە پاساوی ئایینیی دڵی بۆ کوشتاری نەتەوەکەی و هاونیشتیمانەکەی نەسوتێ و شین و هاواری بۆ منداڵانی غەززە خۆ نواندن نەبێ. یاخود کەسێک هاتوهاواری بە جینۆساید ناساندنی کوشتارەکانی نەتەوەی خۆی بێت و کوشتاری غەززە مووی نەجوڵێنێ !

مرۆڤی بەویژدان بە ڕەفتار و گفتار دژی کوشتنە جا کوژراو هەر کەسێک بێت و هەر دینێکی هەبێت یان هەر نەی بێت یان سەر بە هەر نەتەوە و زمانێک بێت. مرۆڤ کە دژی فاشیزم بوو پێویستی بەوە نییە هاواربکات و نەفرەت بنێرێ چونکە بەڕەفتار و گفتارییەوە دیارە، ئەو مرۆڤانە توخمە فاشیستیەکەی ناو ناخی خۆیان کوشتووە و لە پێش هەمووانەوە فاشیزمی نێو ئایین و ئایدۆلۆجیا و حیزبەکەی خۆی ڕەت دەکاتەوە، بە هیچ پاساوێک ڕەوایەتی بە هیچ کوشتارێک نادات.

مرۆڤی بەویژدان بەوەدا دەرناکەوێ چەندێک دەبەخشێت بەڵکوو بەوەدا دەردەکەوێت بۆ دەبەخشێت؟ چۆن دەبەخشێت، لە بنەڕەتدا بەخشین بۆ ڕیا نییە بەڵکوو بۆ ئەوەیە مرۆڤ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ نەک چاو بەرەژێری بەخشندە نەبێت.

ئاخر هەندێک هەڵوێست و ڕەفتار و گفتار زەق بەبەرچاوانەوەن، ئەوەی بۆ خۆنواندنە کاتێک لە یادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکاندا دەڵێت “منیش ئێزدیم” هاوسۆزی بۆ ئێزدی پێوە دیار نییە بەڵکوو بۆ خۆنواندنە، یاخود لە سۆنگەی ئێزدییەکانەوە دەیەوێت ئامانجێکی کەسی یان سیاسی بپێکێت. بۆیە هێندەی لە ڕقی لایەنێکی دژە ئێزدییە هێندەش پێیەوە دیارە کە خەمەکە ئێزدی و هاوسۆزیی بۆ ئێزدییەکان نییە.

هەستی نەتەوەیی مرۆیی ئێمە دەخوازێت پشتیوانی یەکتری بین و لە هەر کوێیەک مرۆڤایەتی پێویستی پێمان بێت ئامادە بین جا با کوردیش نەبن. گرنگە هۆشیاریی نەتەوەییمان بگاتە ئەو ئاستەی بەخشین و بەخشندەیی ببن بە بەشێکی گرنگ لە کولتوور و هۆشیاریی نەتەوەییمان. نەک ببەخشین بۆ بانگەشەی سیاسی و مرۆڤایەتی وەلابنێن. ڕێک بەپێچەوانەی ئەوەی ئێستا ئیخوان موسلمینەکان لە کوردستان دەستیان داوەتێ. ئاخر کاتێک ئیخوانییەک بە هات و هاوار و بێ گوێدانە مەینەتی ئێزدییەکان کۆمەک بۆ غەززە کۆدەکاتەوە زەق بە بەرچاوانەوەیە هێندەی بانگەشە سیاسییەکەی دیارە دوو هێندە نیازە مرۆییەکەی وننە. ئەوجۆرە لە بەخشندەییە یان بەناوی بەخشینەوە بوغزاندنی نەیارە سیاسییەکانیانە بەتەنیشت تراجیدیای خەڵکی غەززە‌ـوە یاخود بەکارهێنانی دۆسێی غەززە‌ـیە بۆ بانگەشەی سیاسی نەک ڕزگارکردنی خەڵکی غەززە ئامانج بێ.

بێگومان ئەرکێکی مرۆیمان لە ئەستۆیە بەرانبەر هەر نەتەوە و کۆمەڵگەیەکی تر بەڵام خۆ ئەم ئەرکە تەنها لەسەر ئێمە نییە، لەسەر ئەوانی دیشە، دەنا دەبێت پرسیارێکی قووڵ کورد بۆ خەڵک بسووتێ و خەڵکیش لە سووتانی کورد دا بێباک و تەماشاکەر و بێهەڵوێست بێت. مرۆڤی کورد کە هەستی بەوە نەکرد کە ئەم هەڵای کۆمەک ناردنە بۆ غەززە هیچی لە تێڕوانینی دنیای عەرەبی و ئیسلامی بەرانبەر ئێمەی کورد و تراجیدیاکانمان نەگۆڕی کەواتە لە بنەڕەتەوە بەکەم تەماشاکردن هەیە بۆ کورد. کەواتە دەتوانین بپرسین ئایا مرۆڤێک هەستی ئەوەی نەبێت کە سووکایەتی بە نەتەوەکەی دەکرێت؟ چۆن هەست بەوە دەکات نەتەوەیەکی تر سووکایەتی پێ دەکرێت؟ ئایا کوردێک هەست بە ئازاری برینی نەتەوەکەی (ئەنفال، شەنگال، هەڵەبجە) نەکات چۆن بڕوای پێ دەکرێت غەززە ئازاری داوە؟

لەوەش ناخۆشتر و بەئازارتر ئەوەیە هەرچییەک بکەیت و ببەخشیت بەرانبەر پێی نەزانێ! بەداخەوە خەڵکی فەلەستین بەگشتی و نوخبەی سیاسی و ڕووناکبیریان نە ئیسلامی و نە عەلمانیان هەرگیز هێندە ڕێزی پشتیوانی کوردیان نەگرتووە، نەک هەر ئەوەندە بگرە هیچ کات هێندەی ئێستا جنێویان بە کورد نەداوە و لە دژی کورد بەشان و باڵی سەدام و ئەردۆگان‌ـیان هەڵنەداوە. بێگوێدانە ئەو هەموو ستەمکاری و جینۆسایدانەی سەدام لە دژی کورد پەیکەری شانازییان بۆ سەدام داناوە. هەر ئەمڕۆ ٣ی ئابی ٢٠٢٥ گەنجێکی عەرەب لە بەریتانیا بەڕیشێکی درێژی داعشییەوە لە ڤیدیۆیەکدا دەیگوت: کورد ئیسلام نین و بەپێی قورئانیان لەگەڵدا بکەن کە بینیتانن خوشک و ژنیان بگرن و سەبییان بکەن”!!

لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستییە تاڵانەشدا خراپترین ئەوەیە مرۆڤبوون و کولتوورمان ڕێگە خۆش بکات بۆ ڕقبوونەوە لە عەرەب، بەڵکوو بەپێچەوانەوە هەر هاوکارییەک ڕەوایە کە خەڵکی ستەملێکراوی غەززە پێویستیان پێیەتی بەو مەرجەی بەڕێزەوە لێمان قبوڵ بکەن.

بەهیوام ئەو نموونانەم وەک هەستی دەمارگیریی نەتەوەیی لێ وەرنەگیرێ، کە لە یادی بەکەنیزەککردنی ژن و کچەکانمان لە شەنگال خستمە بەر دیدە. چونکە ئامانج لەو ئارگیومێنتانە کەرامەتی مرۆڤە بێگومان لە پێش هەمووانەوە مرۆڤی کورد. ئاخر هیچ مرۆڤێکی بەویژدان نییە ئەوە بە ڕەوا بزانێت کە هاوزمان و هاونیشتیمانی و هاونەتەوەی خۆت پێویستی بەپشتیوانی بێت و تۆ بەبیانوی ئەوەی دینت جیایە ئەم پشتگوێ بخەیت و هات و هاوار بکەیت بۆ کۆکردنەوەی پیتاک بەخەڵکێکی تر لە نیشتمان و نەتەوە و زمانێکی تر تەنها لەبەرئەوەی دینتان یەکە! لە ڕاستیدا ئەمە داوی داگیرکارانە و لە قاچی مرۆڤی کوردیان ئاڵاندووە و بەناوی ئایین و وێژدان و خێرخوازییەوە دەیانەوێ کورد وەک دوژمنی ئیسرائیل نیشان بدەن. نەک وەک دۆستی فەلەستین.

لەم یادەدا دەمەوێت چێرۆکی من و ئەو گەنجە ئێزدییەش بخەمە بەر دیدە کە چوارساڵ لەمەوبەر لە سەیرانگایەکدا بینیم کاری دەکرد، کاتێک بە نیازی دڵنەوایی و هاوسۆزی لێم پرسی تۆ ئێزدیت؟ ئەو بەشەرمێکەوە گوتی: نا ئیزدی نیم. تێگەیشتم ئەو گەنجە لە ژینگەیەکدا دەژی کە ئێزدی بوون تیایدا ڕێزلێنەگیراوە.

بۆیە لە یادی جینۆسایدی ئیزدییەکاندا “ناڵێم ئێزدیم”، بەڵام هەموو ڕۆژێک ئێزدیی بوون لە کن من ڕێزلێگیراوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO