پێشه‌كى
ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى هاوشێوه‌ى تێرمەکانی ئه‌ده‌ب و تیۆرى ئه‌ده‌بی یه‌كێكه له‌و زانستانه‌ى پێیان ده‌گوترێت وێژه‌ناسى یان ئه‌ده‌بیاتناسى. ئه‌گه‌ر وشه‌ى ڕه‌خنه “كریتیك/ Kritike” له‌ڕووى زمانه‌وانییه‌وه له‌كن گریكییه‌كان هه‌ردوو ماناى جوداكردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن بگه‌یه‌نێت. له زمانى عاره‌بیشدا وشه‌ى “النقد” به‌واتاى ته‌ماشاكردن و جوداكردنه‌وه‌ى پاره‌ى ڕه‌سه‌ن له ئى قه‌ڵب و ساخته بێت. ئه‌وا له‌ڕووى زاراوه‌ییه‌وه ئه‌و پێناسه‌یه به دروست ده‌بیندرێت كه پێى وایه ڕه‌خنه ئه‌و زانست و هونه‌ره‌یه كه كارى ئه‌ده‌بى پێ ده‌نرخێندرێت و به‌هۆیه‌وه ده‌تواندرێت تێكستى ئه‌ده‌بیی چاك له تێكستى ئه‌ده‌بیى خراپ جودا بكرێته‌وه، واتاى ڕاست و ناڕاست نیشان بكرێن و ئه‌و شوێنانه‌ى كه هه‌ڵه‌ن به‌هۆیه‌وه بدۆزرێنه‌وه. له كورده‌واریدا كه ده‌گوترێت ڕه‌خنه‌ى لێ ده‌گرێ، واته عه‌یبى لێ ده‌گرێ و ناته‌واوییه‌كانى ده‌خاته ڕوو. هه‌ر له‌م سۆنگه‌وه به باباى ڕه‌خنه‌گر ده‌گوترێت ئه‌و كه‌سه‌یه كه به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى یان هونه‌رى… ده‌نرخێنى و هه‌ڵه‌كان ده‌دۆزێته‌وه.
ئایا ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد بوونى هه‌یه؟
بۆ وه‌رامدانه‌وه‌ى پرسیارى “ئایا ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد بوونى هه‌یه؟” به به‌ڵێ یان نه‌خێر ده‌مانخاته نێو حوكمدانێكى سه‌رپێیی خراپه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌كورتییش بێ ده‌بێ چاو به‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییانه‌دا بخشێنینه‌وه كه له چوارچێوه‌ى تێزى ئه‌كادیمی و گوتار و لێكۆڵینه‌وه‌دا نووسراون و له دوو توێى كتێب یان له ڕووپه‌لى میدیادا چاپ و بڵاو كراونه‌ته‌وه.
بۆ نموونه هه‌ر یه‌ك له كتێبه‌كانى (نموونه‌و لێكۆڵینه‌وه له ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد) له نووسینى محه‌مه‌د ڕه‌شید فه‌تاح، (منداڵ و ئه‌ده‌ب) له نووسینى نه‌وزاد عه‌لى ئه‌حمه‌د، (سه‌ره‌تایه‌ك ده‌رباره‌ى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد) له نووسینى ناهیده ئه‌حمه‌د، (شیعرى منداڵان له ئه‌ده‌بى كوردیدا) له نووسینى فازڵ مه‌جید مه‌حموود، هه‌ردوو به‌رگى (ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد) له نووسینى حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامى، (ڕۆژنامه‌گه‌ریى منداڵان به زمانى كوردى) له نووسینى ئیدریس عه‌بدوڵڵا مسته‌فا، (ئه‌ده‌بێ زارۆ‌كان) له نووسینى محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا ئامێدى، (پێگه‌ى شیعرى منداڵان لاى شاعیرانى كورد) له نووسینى حه‌مه ساڵح فه‌رهادى، (مه‌ڵۆیێ له ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد) له نووسینى د.ئیبراهیم ئه‌حمه‌د شوان… پێشى ئه‌وانه‌ش هه‌موو ئه‌و گوتار و لێكۆڵینه‌وانه‌ى له چاره‌گى دووه‌مى سه‌ته‌ى بیسته‌مه‌وه كه له ڕۆژنامه‌كانى ژین و گه‌لاوێژ و پاشان كاروان و به‌یان و تا ده‌گاته گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌مان له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له: شاكر فه‌تتاح، عه‌بدولواحید نوورى، جه‌زا عه‌لى ئه‌مین، عه‌لائه‌دین سه‌جادى، هه‌ژار موكریانى، فه‌ره‌یدوون عه‌لى ئه‌مین، كه‌مال میراوده‌لى، عه‌بدوڕڕه‌زاق بیمار، عه‌بدولسه‌تتار تاهیر شه‌ریف، ئازاد عه‌بدولواحید، حوسێن به‌فرین، عوسمان هه‌ورامى، ئیبراهیم قادر، ئه‌حمه‌د سه‌ید عه‌لى به‌رزنجى، هوشیار سیوه‌یلى، عه‌بدولغه‌نى عه‌لى یه‌حیا، ڕۆسته‌م باجه‌لان و محه‌مه‌د فه‌ریق حه‌سه‌ن…ەوە بڵاو كراونه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كى گشتى باس له مێژووى سه‌رهه‌ڵدان و پێناسه و جۆر و ڕه‌گه‌ز و سیما و مه‌رج و قۆناخه‌كانى سه‌رپێكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك لێره و له‌وێ ئاوڕ له هه‌ندێك مژارى وه‌ك بێۆگرافیاى نووسه‌رانى بوارى ئه‌ده‌بى منداڵان و بیبلۆگرافیاى ئه‌و چاپكراوانه‌ى كه ده‌كه‌ونه نێو بازنه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵان و پرسى په‌یوه‌ندیى فۆلكلۆر به ئه‌ده‌بى منداڵان و بایه‌خى ڕۆژنامه‌گه‌ریی منداڵان ده‌ده‌نه‌وه، یاخود قسه له ئه‌زموونى ئه‌ده‌بیی چه‌ند شاعیر و نووسه‌رێك ده‌كه‌ن.
ئه‌و بابه‌ت و به‌رهه‌مانه‌ى باس كران سه‌ر به زه‌مه‌ن و سه‌رده‌مى جودان و ئاستى نووسینه‌كانیش به‌گشتى جیاوازن، ده‌توانین بڵیین زۆرینه‌یان په‌یوه‌ندییان به قۆناخى یه‌كه‌مى زانستى ئه‌ده‌بناسییه‌وه هه‌یه، كه پێكدێت له پێناسه و پۆلینكارى و تایبه‌تمه‌ندییه‌كان، هه‌رچى قۆناخى دووه‌مى زانستى ئه‌ده‌بناسییه، واته ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بییه، كه قسه‌كردنه له‌سه‌ر جیاوازیی هونه‌ره‌كان و بایه‌خى جیاوازیی ده‌قه جۆراوجۆره‌كان، كه‌متر لاى لێ كراوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده به‌شێكیان به دید و هه‌ناسه‌یه‌كى ڕه‌خنه‌گرانه‌وه نووسراون و په‌نجه‌یان بۆ به‌شێك له‌و تێكست و تێكستنووسانه بردووه كه بۆ منداڵان نووسیویانه و خستوویانه‌ته تاى تەرازووى هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه. بۆیه ده‌توانین بڵێین هێشتا ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد به‌ته‌واوى گه‌شه‌ى نه‌سه‌ندووه و پێش نه‌كه‌وتووه، به‌ڵام نابێ ئه‌و هه‌وڵه تاك و ته‌رایه‌ى هه‌یه نادیده بگیرێت، بەڵکوو ده‌كرێ وه‌ك سه‌ره‌تا و بناغه‌یه‌ك بۆ زێتر پێشخستنى ئه‌و ڕشته‌یه‌ى نێو ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد سه‌یر بكرێت و سوودى لێ وه‌ربگیرێت. هه‌رچه‌ند هەتا ئێستا هیچ نووسه‌رێكمان نییه به ته‌واوه‌تى خۆى بۆ ڕه‌خنه له ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد ته‌رخان كردبێت و له‌و بواره‌دا پسپۆڕیتیی وه‌رگرتبێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ناو ئه‌و هه‌وڵانه‌ى كه باس كران ده‌تواندرێت كتێبه‌كه‌ى د. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د شوان به‌ناوى (مه‌ڵۆیێ له ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد) كه به دیدێكى ڕه‌خنه‌گرانه‌وه قسه‌ى له‌سه‌ر چه‌ند ده‌قێكى منداڵانه كردووه، هه‌روه‌ها كتێبه‌كه‌ى محه‌مه‌د فه‌ریق حه‌سه‌ن كه سه‌رنجى ڕه‌خنه‌گرانه‌ى له‌سه‌ر چه‌ند چیرۆكێكى منداڵانه خستووه‌ته ڕوو، هه‌روه‌ها حه‌مه ساڵح فه‌رهادى له به‌شێكى كتێبى (كسپه‌ى ده‌روون)دا ڕه‌خنه‌ى له به‌رهه‌مێكى وه‌رگێڕدراوى مه‌حموود زامدار گرتووه. ده‌كرێت ئه‌م چه‌ند به‌رهه‌مه و ئى دیكه‌ش به سه‌ره‌تایه‌كى باش دابندرێن، بۆ ده‌ركه‌وتنى ڕه‌خنه له ئه‌ده‌بى منداڵانى كوردیدا.
دیاره هه‌ر وه‌ك چۆن له ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى گه‌وراندا، کتێبەکانی وەک: (ئه‌نجوومه‌نى ئه‌دیبانى كورد)ى ئه‌مین فه‌یزى له ساڵى (١٩٢٠)، (گوڵده‌سته‌ى شوعه‌راى هاوعه‌سرم)ى عه‌لى كه‌مال باپیر ئاغا له ساڵى (١٩٣٩)، (شیعر و ئه‌ده‌بیاتى كوردى)ى ڕه‌فیق حیلمى له ساڵى (١٩٤١) به‌دواوه، (مێژووى ئه‌ده‌بى كوردى)ى عه‌لائه‌دین سه‌جادى له ساڵى (١٩٥٢) و به‌شێكى ئه‌و وتارانه‌ى له گۆڤارى گه‌لاوێژ بڵاو ده‌كرانه‌وه له ساڵانی (١٩٣٩-١٩٤٩) و هتد… هه‌موو ئه‌مانه سه‌ت له سه‌ت مژارى ڕه‌خنه‌یی نه‌بوون، به‌ڵكو تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوون له بێۆگرافیا و به‌رهه‌مى شاعیران و مێژووى ئه‌ده‌بى، له‌گه‌ڵ هه‌ندێ تێبینى و ورده سه‌رنجى ڕه‌خنه‌یی، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و كتێبانه بوونه بناغه و ڕێگه خۆشكه‌رى سه‌رهه‌ڵدانى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى به مانا زانستییه‌كه‌ى له نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ته‌ى بیسته‌مدا، هه‌روه‌ك پاشتر هه‌ر یه‌ك له: حوسێن عارف، محه‌مه‌دى مه‌لا كه‌ریم، كامل حه‌سه‌ن به‌سیر، عه‌لائه‌دین سه‌جادى، د.مارف خه‌زنه‌دار، د.عیزه‌ددین مسته‌فا ڕه‌سوڵ، د. ئیحسان فوئاد و عه‌بدوڕه‌زاق بیمار… ڕۆڵیان دى، به‌م پێودانگه هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌م و بابه‌تانه‌ى بوارى ئه‌ده‌بى منداڵانیش كه له‌پێشدا ناومان هێنان، ده‌شێ ببنه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ به‌سه‌رپێكه‌وتنى ڕه‌خنه‌یه‌كى ئه‌ده‌بى جددى و كاریگه‌ر له مه‌یدانى ئه‌ده‌بى منداڵاندا.
هۆیه‌كانى په‌یدا نه‌بوونى ڕه‌خنه‌یه‌كى جددى و كاریگه‌ر
دەکرێ هۆیه‌كانى په‌یدا نه‌بوونى ڕه‌خنه‌یه‌كى جددى و كاریگه‌ر لە ئەدەبی منداڵانی کورددا بۆ ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بگەڕێنینەوە:
یەکەم: كورتیی ته‌مه‌نى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد له‌چاو ئه‌ده‌بى گه‌وره‌ساڵان، كه نێزیكه‌ى سه‌ته‌یه‌ك ده‌بێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى تا نه‌وه‌ته‌كانى سه‌ته‌ى ڕابردووش، ئه‌وانه‌ى بۆ منداڵانیان ده‌نووسى و وه‌ك شاعیر و چیرۆكنووسى منداڵان ناسرابوون ژماره‌یان زۆر كه‌م بوو.
دووەم: توێژینه‌وه و باسه ئه‌كادیمییه‌كان زۆر چوارچێوه‌دارن و ڕووبه‌رى بیركردنه‌وه و ڕاده‌ربڕین و ئه‌نجام خستنه‌ڕووى توێژه‌رى زۆر به‌رته‌سك كردووه‌ته‌وه، كه‌متر بوارى ئه‌وه به توێژه‌ر ده‌دات بارى سه‌رنج یان دیدى ڕه‌خنه‌گرانه‌ى خۆى پیشان بدات.
سێیەم: كاركردن له مه‌یدانى ڕه‌خنه و نووسین له‌سه‌ر ئه‌م و ئه‌و، گله‌یی و نیگه‌رانى و لۆمه‌ى ئه‌م و ئه‌وی به‌دوادا دێت، ئه‌م سه‌رهێشه‌یه‌ش هه‌موو كه‌س به‌رگه‌ى ناگرێت.
چارەم: ده‌ست بردن بۆ مژارى ڕه‌خنه، خه‌یاڵكردن و وێناى بابه‌تێك نییه له سیاقى ده‌قێكى ئه‌ده‌بیدا، به‌ڵكوو گه‌ڕان و خوێندنه‌وه و خۆماندووكردنى زۆرى ده‌وێ، هه‌روه‌ك سه‌بر و سه‌لیقه و كاتى زۆرى گه‌ره‌كه، به سروشتى حاڵ پرۆسه‌یه‌كى تاقه‌تپڕوكێن و ماندووكه‌ره. چونكه ئه‌گه‌ر بۆ نووسینى شیعر زێتر زمان و خه‌یاڵ یارمه‌تیده‌ر بن، ئه‌وا بۆ ڕه‌خنه هزر و بیركردنه‌وه و خوێندنه‌وه و گەڕان و کنەکردن و ڕۆشنبیریی گه‌ره‌كه.
پێنجەم: وه‌كوو پێویست به‌رده‌ست نه‌بوونى سه‌رچاوه‌ى باش و باوه‌ڕپێكراو له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى به‌گشتى و ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵان به‌تایبه‌تى. ئه‌مه جگه له‌وه‌ى به‌شێك له‌و كتێبانه‌ى ده‌قى ئه‌ده‌بى منداڵانیان تێدا بڵاو كراوه‌ته‌وه، زۆر به ئاسانى ده‌ست ناكه‌ون.
شەشەم: نادیاریی به‌روارى نووسینى ده‌قى ئه‌ده‌بى منداڵان له‌لایه‌ن شاعیر و چیرۆكنووسانه‌وه، كه ئه‌وه دیارده‌یه‌كى زه‌قه له دونیاى ئه‌ده‌بى منداڵانى كوردیدا، به‌داخه‌وه به‌شێكى زۆرى شاعیر و چیرۆكنووسه هاوچه‌رخه‌كانیش به‌روارى نووسینى تێكسته‌كانیان دیار نییه، كه له‌كن هه‌مووان ئاشكرایه له پرۆسه‌ى ڕه‌خنه‌دا زه‌مه‌نى نووسینى هه‌ر تێكستێك بایه‌خى خۆى هه‌یه. بۆ نموونه من ده‌زانم زێوه‌رى شاعیر له ساڵى (١٨٧٥) له دایك بووه و له ساڵى (١٩٤٨) كۆچى دوایی كردووه، به‌م پێیه‌ش دیار ده‌كه‌وێت زۆربه‌ى به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانى كه‌وتوونه‌ته نێوان ساڵانى (١٩٠٠-١٩٤٨)، به‌ڵام كه‌مێك له تێكسته‌كانى ــ ئه‌وانه‌ى بۆ منداڵانى نووسیون ــ به‌روارى نووسینیان دیاره، ئه‌مه بۆ گۆران، دڵدار، فه‌ره‌یدوون عه‌لى ئه‌مین، عومه‌ر عه‌بدوڕه‌حیم، ڕۆسته‌م باجه‌لان و عه‌زیزى مه‌لاى ڕه‌ش.. یش هه‌ر ڕاسته. بێگومان ئه‌م پرسه‌ش بۆ ڕه‌خنه‌گر ده‌بێته ئاسته‌نگ و وه‌كوو پێویست ناتوانێت به ڕه‌چاوكردنى ئه‌و سیاقه زه‌مه‌نییه‌ى كه ده‌قه‌كه‌ى تێدا نووسراوه بڕیارى گونجاو بدات.
زه‌رووره‌تى ڕه‌خنه له ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد
به‌هۆى ئه‌وه‌ى له ئه‌وڕۆى گۆڕه‌پانى ئه‌ده‌بى كوردیدا، به‌تایبه‌ت له باشوورى كوردستاندا، ئه‌و ده‌قه ئه‌ده‌بییانه‌ى كه بۆ منداڵان ده‌نووسرێن به‌شى زۆریان شیعرن، پاشان چیرۆك، جاره‌وباریش ئۆپه‌رێت و شانۆنامه، زۆر ده‌گمه‌نیش ڕۆمان و نۆڤلێتى منداڵان به‌رچاو ده‌كه‌ون. هه‌روه‌ها جگه له گۆڤاره‌كانى منداڵان له ئێستادا له ژماره‌یه‌ك ته‌له‌ڤزیۆن و وێبسایت و په‌یجى سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام ئه‌و تێكستانه بڵاو ده‌كرێنه‌وه و ناوه ناوه‌ش ئه‌و تێكستانه له دوو توێى كتێبان ده‌كه‌ونه به‌ر دیده‌ى خوێنه‌ران.
ئەوجا له‌و تێكستانه كه شیعر پانتاییه‌كى زۆر زێترى له ژانره‌كانى دیكه گرتووه، بۆ خۆى جێگاى سه‌رنج و له‌سه‌ر وه‌ستانه، هه‌روه‌ها وه‌كوو پێویست په‌یدا نه‌بوونى ڕۆمان و نۆڤلێتى منداڵان دیسان مایه‌ى قسه له‌سه‌ركردنى شێلگیرانه‌یه. له لایه‌كى دى گومان له‌وه‌دا نییه له‌و تێكستانه‌ى كه ده‌نووسرێن له‌ڕووى: زمان، ڕێنووس، كێش و سه‌روا، وێنه‌ى هونه‌رى، ناوونیشان، قه‌باره‌ى نووسین و ژماره‌ى به‌یته‌كان… هه‌روه‌ها په‌یام، دیدگا، بابه‌ت، ڕووداو، لایه‌نى په‌روه‌رده و فێركارى و هتد… له ئاستى جودادان، تێكستمان هه‌یه زمانه‌كه‌ى جوانه، كێشى شیعره‌كانى ڕێكه، به‌ڵام له‌ڕووى په‌روه‌رده‌ییه‌وه نه‌گونجاوه. هه‌یه دیدگاى ڕوونه و په‌یامه‌كه‌ى شارستانییه، وه‌لێ له زمان و ڕێنووسدا وێرانه. هه‌یه ناوه‌رۆكه‌كه‌ى گونجاوه به‌ڵام ناوونیشانه‌كه‌ى ناجۆره. هه‌یه وێنه‌ى هونه‌ریی ناسكى تێدایه، به‌ڵام وه‌كوو مه‌علومات پڕه له هه‌ڵه، هه‌یه پڕه له ڕسته‌ى مفادار و قافیه‌ى جوان، وه‌لێ زۆر زه‌ق و ڕه‌ق و شێوه‌ى فه‌رمانكردن و ته‌ڵقیندانه… هه‌روه‌ها تێكستیشمان هه‌یه زۆر جوانه، وه‌لێ هه‌رچه‌ندى سه‌یرى ده‌كه‌یت له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه هێنده‌ى سه‌ر به دونیاى گه‌وره‌ساڵانه، نیو هێنده له فه‌رهه‌نگ و زه‌وق و سه‌لیقه و سایكۆلۆژیاى منداڵ نێزیك نییه، تێكستیش هه‌یه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه وێرانه و ڕووى بڵاوكردنه‌وه و په‌خشكردنى نییه، هه‌یشه شاكاره و ده‌كرێ وه‌ك نموونه‌یه‌كى ده‌گمه‌ن و ناوازه وه‌ربگێڕدرێته سه‌ر زمانانى دیكه‌ى دونیا.
خاڵێكى دیكه كه جێگه‌ى له‌سه‌ر وه‌ستانه و لاى ئێمه كه‌م به هه‌ند وه‌رگیراوه، ئه‌ویش ڕه‌چاوكردنى ئاسته جوداكانى ته‌مه‌نى منداڵه، كه ئه‌وانه‌ى پسپۆڕى بوارى په‌روه‌رده‌یی و سایكۆژیی منداڵن دابه‌شى ده‌كه‌نه سه‌ر (٤ــ٥) قۆناخ، بێگومان ئه‌و پۆلینكارییانه‌ش پێمان ده‌ڵێن كه هه‌ر قۆناخێكى ته‌مه‌ن جۆرێك ده‌ق و زمانێك و شێوازێكى تایبه‌تى له به‌رهه‌مى منداڵانه‌ى ده‌وێ. به‌كورتى زۆر جار وا ده‌بێ شیعرێك یان چیرۆكێك بۆ منداڵێكى حه‌فت ساڵان ده‌خوێنیته‌وه، منداڵێكى چارده ساڵان گاڵته‌ى پێ دێت، یان ڕۆمانێك بۆ منداڵێكى پازده ساڵان باس ده‌كه‌یت، منداڵێكى نۆ ساڵان وەکوو دەڵێن هەڕەی لە بڕەی دەرناکا و هیچى لێ تێناگات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئاستى ڕۆشنبیریى كۆمه‌ڵگه له گۆڕ‌انى به‌رده‌وامدایه، بۆ نموونه منداڵێكى كوردى سه‌ت ساڵ پێش ئێستا كه له ژینگه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى پاشكه‌وتوو و له نێوه‌ندى خێزانێكى كشتیار و شوانكاره‌ییدا گه‌وره بووبێ، له‌گه‌ڵ منداڵێكى سه‌رده‌مى ئێستامان كه زۆرێك له هۆكاره‌كانى خۆڕۆشنبیركردنى بۆ فه‌راهه‌م كراوه، جیاوازییه‌كه‌یان گه‌لێك زۆره.
ئه‌وجا به‌هۆى ئه‌وه‌ى دونیاى تازه له گۆڕ‌انى خێرادایه، به دونیا پڕ جوڵه‌كه‌ى منداڵیشه‌وه، بێنینه به‌ر چاومان شیعرێك كه هه‌شتاــ نه‌وه‌ت ساڵ به‌رى نووكه بۆ منداڵان نووسراوه و هانیان ده‌دات به كوڕ و كچه‌وه ده‌بێ بچنه قوتابخانه، كه ئه‌و ده‌م تازه قوتابخانه په‌یدا بوبوو، دایباب ئه‌گه‌ر منداڵیشى بناردایه‌ته قوتابخانه، ڕێگرى له كچه‌كه‌ى ده‌كرد بخوێنیت، به‌ڵام ئێستا بۆ نموونه هه‌مووان كێشه‌ى ئه‌وه‌مان هه‌یه منداڵ گیرۆده‌ى ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كانه و به‌جۆرێك زیان به زه‌ین و چاو و پشت و پاشه‌ڕۆژى خۆى ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌رئه‌وه ڕێگه دروسته‌كه ئه‌وه‌یه كه‌ره‌سته‌كانى ده‌قى ئه‌ده‌بى منداڵانه له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری له دونیاى تازه‌دا گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ئه‌و تێكستانه‌ى كه سه‌ر به ئه‌ده‌بى منداڵانن و له زمانانى دیكه‌وه وه‌رده‌گێڕدرێنه سه‌ر زمانى كوردى، هه‌ندێكیان له‌و تێكسته گه‌وره و ئه‌فرێندراوانه نیین، به نرخى بابه‌تى وه‌رگێڕدراو به منداڵى كوردستان بفرۆشرێنه‌وه، واته به‌شێك له وه‌رگێڕه‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووینه له هه‌ڵبژاردنى تێكستى په‌یامدار و داهێنه‌رانه، كۆمه‌ڵێ خه‌وش و ناته‌واویى دیكه له تێكسته وه‌رگێڕدراوه‌كاندا هه‌یه، وه‌ك: وه‌رگێڕان له زمانى دووه‌م و سێیه‌مه‌وه، وه‌رگێڕانى تێكستێك چه‌ند جارێك و له‌لایه‌ن چه‌ند وه‌رگێڕێكه‌وه، له‌لایه‌كیدى چه‌ندین تێكستى دیكه‌ى جیهانى كه‌س ئاوڕیان لێ ناداته‌وه، هه‌روه‌ها به‌شێك له وه‌رگێڕه‌كان له زمانى لێوه‌رگێڕدراو یان له زمانى بۆوه‌رگێڕدراو یاخود له هه‌ردووكیان شاره‌زایی پێویستیان نییه…
له سۆنگه‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مانه جودا بكرێنه‌وه و كێشانه بكرێن و حوكمیان له‌سه‌ر بدرێت، زۆر زه‌رووره ڕه‌خنه وه‌ك میكانیزمێكى گونجاو و پرۆسه‌یه‌كى ئه‌ده‌بى، كارا بكرێت و قسه‌ى له‌سه‌ر خه‌وش و كه‌لێن و كێماسییه‌كان هه‌بێت، ده‌قه زه‌ریف و جوانه‌كانیش هه‌ڵسه‌نگێنێت. به‌هۆى نائاماده‌یی ڕه‌خنه‌ی بوێر و جددى و كاریگه‌ر، هه‌ر ئه‌وه نییه ده‌قه داهێنه‌ر و جوانه‌كان ده‌كه‌ونه خانه‌ى فه‌رامۆشى و له‌بیرچوونه‌وه، له لایه‌كى دى بازاڕى ئه‌و به‌رهه‌مانه خۆش ده‌بێ كه به‌زۆر ده‌یانه‌وێت تێكه‌ڵ به ده‌قه جوانه‌كان بن، له كاتێكدا ده‌زگاكانى چاپ و په‌خش و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى بڵاوكردنه‌وه، نه‌ك هه‌ر قسه و سانسۆرێكیان له‌م باره‌وه نییه، به‌ڵكوو زۆر جار بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌نده‌ى وه‌ك بابه‌تێكى بازرگانى و هۆكارێك بۆ پاره په‌یداكردن لێى ده‌ڕواندرێت، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه وه‌ك مژارێكى ئه‌ده‌بى و ئه‌خلاقى و په‌روه‌رده‌یی و پڕ به‌رپرسیارێتى ته‌ماشا ناكرێت.
ئێمه له ئه‌زموونى ڕۆژنامه‌وانیی منداڵانه‌ماندا له گۆڤارى جگه‌رگۆشه‌كان، کە بەندە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٧ ــ ٢٠١٢ وەک سکرتێری نووسین و لەنێوان ساڵانی ٢٠١٣ ــ ٢٠١٨ وەک سەرنووسەر تێیدا کارم کردووە، هه‌ندێك جار به‌شێك له هاوڕێ و هاوپیشه‌كانمان گازانده‌ى ئه‌وه‌یان لێ ده‌كردین، كه ده‌سته‌یه‌ك له شاعیر و نووسه‌ران تێكسته‌كانیان لاوازن و شیاوى ئه‌وه نیین بڵاویان بكه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌رچى ئه‌وسا و ئێستاش ئێمه به‌ڕه‌هایی له‌گه‌ڵ ئه‌م تێفكرینه هاوڕا نه‌بووین، به‌ڵام له ڕوانگه‌ى بڕوا بوونمان به‌وه‌ى گۆڕه‌پانى ئه‌ده‌بیمان به‌و فره‌ییه‌وه جوانه، ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كى دى به‌بیانووى ئه‌وه‌ى مادام شه‌پۆلێك له گه‌نجان و نووسه‌ران به‌م ته‌رزه ده‌نووسن و له‌نێو ڕۆژنامه‌گه‌رى و كتێبخانه‌ى كوردیشدا ئه‌و كه‌سانه بوونه‌ته ناو و ناسراون، وه‌كوو خۆیان كه هه‌ن با ببیندرێن و بوارى بڵاوبوونه‌وه‌یان پێ بدرێت، دواتر ڕه‌خنه بێت ئیشى خۆى بكات و بڕیارى خۆى له باره‌یانه‌وه بدات.
لێره‌دا ئه‌وه‌ى پێویسته بگوترێت، هه‌ندێك جار له‌و دید و سه‌رنجه ڕه‌خنه‌ییانه‌ى، له‌سه‌ر چه‌ند تێكستێكى ئه‌ده‌بى ده‌گوترێن، قسه و شتى سه‌یر و نازانستى ده‌خرێنه ڕوو. بۆ نموونه چ نه‌نگییه‌كى تێدایه وا له منداڵ بكه‌ین، شانازى به دیرۆك و نه‌ته‌وه و ئاین و ڕه‌سه‌نایه‌تیى خۆیه‌وه بكات، به‌ڵكوو خه‌وش له‌وه‌دایه تۆوى تۆڵه و كینه و ڕقه‌به‌رایه‌تى له ده‌روونیدا بچێنین. هه‌ڵه نییه ئه‌گه‌ر هانى بده‌ین گوند و شار و ژینگه‌ى خۆى خۆش بوێت، به‌ڵام نابێ ئه‌و هاندانه بگاته ئه‌وه‌ى ڕكى له گوند و شار و ژینگه‌ى خه‌ڵكى دیكه بێته‌وه، كارێكى باش ده‌كه‌ین گیانى كاركردن و دڵسۆزى بۆ نیشتمانى له‌لا قووڵ بكه‌ینه‌وه، وه‌لێ ئه‌مه سه‌ر نه‌كێشێت بۆ ئه‌وه‌ى چه‌كى بكه‌ینه شان و بیبه‌ینه به‌ره‌كانى شه‌ڕ و نێو مه‌عمه‌عه و ململانێ سیاسییه‌كانه‌وه. ئه‌وه كارى ڕه‌خنه‌یه بێت ئه‌وه‌ى هاندانه بۆ دڵسۆزى و خۆشه‌ویستى و خوێندن و كاركردن و ژینگه‌دۆستى… هه‌ڵاوێرێت له‌وه‌ى هه‌ڵنانه بۆ ده‌مارگیرى و ڕه‌گه‌زپه‌رستى و تیره‌گه‌رى و شارچێتى و ڕكلێبوونه‌وه…
منداڵ وه‌ك به‌شێك له پرۆسه‌ى ڕه‌خنه
ئایا ده‌كرێ چێژ و كارلێكى منداڵ له‌گه‌ڵ ده‌قێكى ئه‌ده‌بى به نیشانه‌ى سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و ده‌قه دابندرێت؟ به‌و واتایه‌ى ئه‌گه‌ر منداڵ ده‌قێكى به‌لاوه خۆش بوو و چێژى لێ دیت و كاریگه‌رى له‌سه‌رى هه‌بوو، چما ده‌كرێ بیكه‌ینه پێوه‌رى باشى و جوانیى ئه‌و تێكسته، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر تێكستێك منداڵ تاقه‌تى خوێندنه‌وه و گوێ لێگرتنى نه‌بوو، هێمایه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و تێكسته خه‌وشدار و خراپه؟ هه‌روه‌ك هه‌ژارى موكریانى باس له‌وه ده‌كات كه چه‌ند تێكستێكى منداڵانه‌ى وه‌رگێڕاوه، به‌پیره‌وه‌چوونى منداڵه‌كانى به نیشانه‌ى سه‌ركه‌وتنى وه‌رگێڕانه‌كه زانیوه و به‌رده‌وام بووه. ماوه‌یه‌ك هاوڕێی شاعیرم ئه‌مین محه‌مه‌دیش وا مه‌شهوور بوو، هه‌ر شیعرێكى كه ده‌نووسى له‌پێشدا به لیلۆى كیژى نیشان ده‌دا، ئه‌وجا پاكنووسى ده‌كرد و بڵاوى ده‌كرده‌وه، ڕه‌نگه زۆر شاعیر و نووسه‌رى دیكه‌ش به هه‌مان هه‌نگاودا ڕۆیشتبن، یان ئه‌وانه‌ى به پیشه مامۆستاى قوتابخانه بنه‌ڕه‌تییه‌كان بووبن، له‌ڕێگه‌ى خوێندنه‌وه‌ى ده‌قه‌كانیان بۆ قوتابییان و ئاستى تێگه‌یشتن و پێشوازیكردنى قوتابییه‌كان له تێكسته‌كه، هه‌ندێ وشه و وێنه و واژه‌ى پێ گۆڕیبن.
به‌ڵێ تۆى نووسه‌رى بوارى ئه‌ده‌بى منداڵان كارێكى باش ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر ده‌قێكت بۆ منداڵان نووسى، پێش ئه‌وه‌ى بڵاوى بكه‌یته‌وه به منداڵه‌كه‌ى خۆتى نیشان بده‌یت، یان بۆ قوتابییه‌كانتى بخوێنیته‌وه، تا منداڵه‌كه‌ت یان قوتابییه‌كه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كه‌تى به‌لاوه خۆش و سه‌رنجڕاكێش بوو، بزانیت تێكستێكى باشت نووسیوه، به‌ڵام ئاوه‌ز و ئاره‌زوو و تێگه‌یشتنى منداڵ بۆ ده‌قێك و چێژ لێ وه‌رگرتن و كار تێكردنى، ناكرێت سه‌تى سه‌ت بكرێته پێوه‌رى سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و ده‌قه، چونكه منداڵ به سروشتى خۆى حه‌زى له وشه‌ى سانا و سه‌رنجڕاكێشه، به‌یتى كورت و ڕسته‌ى ئاوازدار و وشه‌ى ورشه‌دارى پێ خۆشه، منداڵ كه‌یفى به‌و وشه و دێرانه دێت قدیلانه‌ى ده‌كاته‌وه و ختووكه‌ى هه‌ست و ناخى ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌خنه‌گر نییه، ناتوانێ ئه‌و تێكسته له‌ڕووى فۆرم و ناوه‌ڕۆكه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنێت و ڕۆڵى دادوه‌ر ببینێت. بۆ نموونه زۆر جار ده‌بینین ده‌قێك ڕسته‌كانى زۆر واتادار نیین، یان له‌ڕووى په‌روه‌رده‌ییه‌وه نه‌گونجاوه، یان زانیاریی نادروستى تێدایه، یان زۆر سواو و دووباره‌یه، وه‌لێ منداڵ كه له كۆنسێرتێك یان له ڕێگه‌ى تێپێكى گۆرانییه‌وه، یا له شاشه‌ى تیڤییەوە گوێى له ده‌قێكى منداڵانه ده‌بێ، هێنده‌ى ده‌نگ و ئاواز و دیمه‌نى كلیپه‌كه بۆ لاى خۆى كێشى ده‌كات، هێنده بیرى بۆ بیرۆكه و ناوه‌رۆك و ناونیشانى ده‌قه‌كه ناچێ و نایه‌وێت كۆمێنتى له‌سه‌ر كێشى له‌نگ و قافیه و پاشقافیه و ڕسته‌ى بێ مفا و په‌ره‌گرافى درێژدادڕ و ناوه‌ڕۆكى ئاڵۆز و ئاستنزم و هتد… هه‌بێت.
له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ته‌شویق و پێشوازیی منداڵ له هه‌ر ده‌قێك وه‌ك یه‌كێك له نیشانه‌كانى سه‌ركه‌وتنى ئه‌و ده‌قه هه‌ژمار بكرێت، لێ نیشانه‌كانى دیكه‌ى سه‌ركه‌وتنى ده‌قه‌كه، ده‌بێ له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرى جددییه‌وه، ئه‌ویش به حه‌زى كه‌سى و هه‌وه‌سكارى نا، به‌ڵكوو به‌و كه‌ره‌سته و میكانزمانه‌ى بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له هه‌رده‌قێكى ئه‌ده‌بى پێویستن، بێته دیاریكردن، ده‌بێ ڕه‌خنه‌گر به سوود وه‌رگرتن له گه‌نجینه‌ى زانیارییه‌كانى خۆى، بێت بڵێت ئه‌م وشه‌یه سه‌ر به فه‌رهه‌نگى منداڵ نییه و ئه‌و زانیارییه جێگاى گومانه، كێشى ئه‌م شیعره له‌نگه و ئه‌م قافیه‌یه سواوه و ئه‌و ناوونیشانه نه‌قۆڵایه و ئه‌و بیرۆكه‌یه ناپه‌سه‌نده و ئه‌و به‌یت یان په‌ره‌گرافه له‌ڕووى خاڵبه‌ندى و ڕێنووسه‌وه كێماسى هه‌یه و هتد… به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ته‌نێ زه‌وق و چێژى منداڵ به نیشانه‌ى سه‌ركه‌وتنى هه‌ر تێكستێك دابندرێت، وه‌كوو ئه‌وه وایه شیعرێك بۆ قوتابى یان كرێكار یان پێشمه‌رگه… بنووسیت و هه‌ر كات دیتت ئه‌و تێكسته‌ت له‌كن قوتابى یان كرێكار یان پێشمه‌رگه‌وه پێشوازیی لێ ده‌كرێت، ئیدى وا بزانیت ئه‌و تێكسته له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه تێر و ته‌واوه و له سه‌رووى ڕه‌خنه‌وه‌یه! یان خواردنێك كه منداڵ حه‌زى لێیه و چێژى لێ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام زیان و سووده ته‌ندروستییه‌كانى ئه‌و خۆراكه، چۆن بخورێت و چه‌ندى لێ بخورێت، ده‌بێت بسپێردرێته كه‌سى پسپۆڕى خۆى. به‌كورتى مه‌رج نییه هه‌موو ده‌م ئه‌وه‌ى منداڵ ده‌یه‌وێت، هه‌ر ئه‌وه بێت كه بۆ منداڵ پێویسته.
تێكست بۆ منداڵ و ڕه‌خنه بۆ تێكستنووس
كه ده‌گوترێت ڕه‌خنه به‌شێكه له ئه‌ده‌ب، وردتر بڵێین ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵان به‌شێكه له ئه‌ده‌بى منداڵان، ئه‌مه به‌و واتایه نایه‌ت، كه ئه‌و كتێبه ڕه‌نگاوڕه‌نگانه و ئه‌و گۆڤارانه‌ى بۆ منداڵان ده‌رده‌چن، له‌گه‌ڵ شیعر و چیرۆك و ده‌قى دیكه‌ى منداڵان، لكێكى دیكه‌ى به‌ناوى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵان تێ بئاخنین، نا، تێكسته‌كان بۆ منداڵان و له دووتوێى كتێب و گۆڤارى منداڵاندا بڵاو ده‌كرێنه‌وه، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵان بۆ گه‌وره‌كانه، بۆ ئه‌وه‌یه تێكستنووسه‌كان، كه زۆرینه‌یان گه‌وره‌ساڵانن، به خه‌وش و ناته‌واوییه‌كانى خۆیان بزانن و باره ئه‌ده‌بییه‌كه به‌ره‌و پێشتر ببه‌ن و خزمه‌تێكى گه‌وره‌ترى ئه‌و لكه ئه‌ده‌بییه بكه‌ن.
به‌شێك له‌وانه‌ى كه شیعر یان چیرۆك بۆ منداڵان ده‌نووسن، ڕه‌نگه به‌حوكمى موماڕه‌سه و ئاوێته‌بوونیان له‌گه‌ڵ دونیاى منداڵان، چاكتر له هه‌ر كه‌سێكى دى وزه و ئیمكانیه‌تى ئه‌وه‌یان تێدا بێت، له مه‌یدانى ڕه‌خنه‌دا قسه‌ى خۆیان بكه‌ن و ئه‌وان ببنه به‌شێك له دروستكردنى ته‌لارى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵان. ئه‌وه‌تا له ده‌مى په‌یدابوونى شیعرى نوێى كوردى له‌سه‌ر ده‌ستى شێخ نوورى شێخ ساڵح و گۆران و ڕه‌شید نه‌جیب و عه‌بدوڕه‌حمان به‌گى بابان‌دا، هه‌ر یه‌ك له گۆران و شێخ نوورى به نووسینى چه‌ندین گوتارى ڕه‌خنه‌یی پشكدارییه‌كى نایابیان كردووه له پێشخستن و وه‌سه‌رپێكه‌وتنى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردیدا، له بوارى ئه‌ده‌بى منداڵانیشدا، هه‌ر یه‌كه له شاكر فه‌تتاح و فه‌ره‌یدوون عه‌لى ئه‌مین، له‌پاڵ نووسین و وه‌رگێڕانى تێكستى منداڵانه، لێره و له‌وێ له‌سه‌ر ڕه‌وشى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد قسه‌یان كردووه، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌مان كه دواى ئه‌وان له بوارى ڕه‌خنه‌دا ده‌مانه‌وێ بنووسین، ده‌توانین وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك مفایه‌كى گه‌وره له‌و هه‌وڵانه‌ى ئه‌وان وه‌ربگرین.
ڕه‌خنه له چى و له كێ بگیرێت؟
ئیشى ڕه‌خنه له ئه‌ده‌بى منداڵان وه‌ك ئى گه‌وران ئه‌وه‌یه كه ڕۆشنایی بخاته سه‌ر لایه‌نه تاریكه‌كانى هه‌ر ده‌قێك و هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه به‌سه‌ر بكاته‌وه، كه پێویستیان به له‌سه‌ر وه‌ستان و لێپرسینه‌وه هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى كه هه‌ر به مردوویی له دایك ده‌بن و ناتوانن هیچ ئیزافه‌یه‌ك بخه‌نه سه‌ر خه‌رمانى ئه‌ده‌بى و له چه‌ند به‌ناو تێكستێكى سواو و پواو و چه‌ندباره و بێ خوێن پێكهاتوون، هه‌ق نییه، ڕه‌خنه‌گر هیچ په‌ڕه‌یه‌كى كتێب و گۆڤارانى پێ پڕ بكاته‌وه و كاتى خۆى و خوێنه‌رانى پێ بگرێت.
سه‌باره‌ت به‌و به‌رهه‌مانه‌ى كه له سه‌ت ساڵى ڕابردوودا نووسراون، ئه‌گه‌ر جارێك وه‌ك ئه‌زموونى شاعیرانى ڕابردوو پێویست بێ به‌سه‌ر بكرێنه‌وه، ئه‌وا بۆ ئه‌و شاعیرانه‌ى له ژیاندا ماون و له ئێستادا ئاماده‌ییان له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا هه‌یه ده‌یان جار و سه‌تان جار پێویستتره. وردتر بڵێین ئه‌گه‌ر قسه‌كردن له ئه‌زموونى بۆ نموونه زێوه‌ر، بێكه‌س، كاكه‌ى فه‌للاح، مەدحەت بێخەو، ڕۆسته‌م باجه‌لان و ع.ع.شه‌ونم… سوودێك به پێشخستنى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد بگه‌یه‌نێت، ئه‌وا به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى بۆ نموونه ئاكۆ محه‌مه‌د سابیر، عه‌لى به‌خته‌وه‌ر، سه‌ڵاح نیسارى و ڕۆسته‌م خامۆش… ده‌یان و سه‌تان نرخى ئه‌ده‌بیی گه‌وره‌ترى هه‌یه، بۆ پێشكێشكردنى به‌رهه‌مى جوانتر و پێشكه‌وتووتر.
جا وه‌ك چۆن یه‌كێك له پایه‌كانى ڕه‌خنه‌گرى سه‌ركه‌وتوو، له ئه‌ده‌بى گه‌وراندا بوێرییه، به هه‌مان شێوه ڕه‌خنه‌گرى ئه‌ده‌بى منداڵان، ناكرێ به‌ناوى ڕێزگرتن و خۆشویستن و ڕه‌چاوكردنى ئه‌م قه‌ڵه‌م و ئه‌و قه‌ڵه‌م چاو له كه‌موكورتییه‌كان بپۆشێت، بۆ نموونه ناكرێ له‌به‌رئه‌وه‌ى زێوه‌ر سه‌رمه‌شقى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورده وابزانین كه نووسیویه‌تى “كه‌سێ كه سه‌عى نه‌كا خوێڕى ناو كۆڵانه” كارێكى باشى كردووه، یان گۆران كه هه‌ندێك بیروڕاى سیاسیی خۆى له‌و سه‌رده‌مه‌دا به ناڕاسته‌وخۆ كردووه‌ته ناو به‌شێك له شیعره منداڵانییه‌كانى، به‌ناوى ئه‌وه‌ى كه ئه‌و شاعیره‌مان نوێكه‌ره‌وه‌ى شیعرى كوردییه ئه‌م گوتاره‌ى نه‌خرێته به‌ر نه‌شته‌رى ڕه‌خنه. ناكرێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێگه و ڕۆڵى فه‌ره‌یدوون عه‌لى ئه‌مین له‌م ئاست و گه‌وره‌ییه‌دایه، چاوپۆشى له‌وه بكرێت سه‌رجه‌مى ئه‌و شیعرانه‌ى بۆ منداڵانى نووسیون، به كاكه، برا و چۆن كوڕێكم… قسه له‌گه‌ڵ منداڵى كوڕ ده‌كات و ناوه‌كانى ئالان، هیوا، ئازاد، سیروان و سۆران… دێنێت، به‌ڵام منداڵى كیژ كه‌وتوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ى شیعره‌كانییه‌وه، قسه‌ى له‌سه‌ر نه‌كرێت. ئه‌مه به هه‌مان شێوه بۆ زه‌كى هه‌نارى، عوسمان هه‌ورامى، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و كازم كۆیی و هتد… هه‌ر ڕاسته به شاعیرانى هاوچه‌رخیشه‌وه.
ڕه‌خنه‌گر بڕیارده‌ر و دادوه‌ره، به‌ڵام…
ڕه‌خنه‌گر به‌پشت به‌ستن به كه‌ره‌سته و میكانزمه‌كانى ڕه‌خنه‌ى زانستى و به به‌رنامه و میتۆدى تایبه‌ت ڕه‌خنه ده‌گرێ و پرۆسه‌كه به‌ره‌و پێش ده‌بات، به‌كورتى وه‌زیفه‌ى ڕه‌خنه‌گر لێپرسینه‌وه و حوكمدانه به‌و یاسا و ڕێسا و داب و ده‌ستووره‌ى له‌به‌رده‌ستیدا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌ویش له‌سه‌رووى لێپرسینه‌وه نییه و ئه‌و حوكم و بڕیاره‌ى ده‌رى ده‌كات، تا قسه و به‌ڵگه‌ى به‌رانبه‌ر هه‌بێت چه‌ندى پێویست بكات قابیلى پێداچوونه‌وه و تێهه‌ڵچوونه‌وه‌یه، وه‌ك له‌پێشدا باس كرا ڕه‌خنه‌گر دوور له حه‌زى كه‌سى و هه‌وه‌سكارى ده‌بێ كارى خۆى بكات، ئه‌گه‌رچى له پرۆسه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندندا و ڕۆشنایی خستنه سه‌ر هه‌ر ده‌قێك بمانه‌وێ یان نا به‌شێك له تێگه‌یشتن و دونیابینى و بۆچوونى تایبه‌تى ڕه‌خنه‌گر سێبه‌رى به‌سه‌ر هه‌ر گوتارێكى ڕه‌خنه‌ییه‌وه ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر كات ئه‌و بۆچوونه تایبه‌تییانه ته‌واو جێگاى پێوه‌ره بابه‌تی و خودییه‌كانیان گرته‌وه و ڕه‌خنه‌گر هه‌ڵسا به گه‌ز و ته‌رازووى شه‌خسى و شارچێتى و ڕك و كینه، یان سۆز و خزمایه‌تى و حیزبایه‌تى موجامه‌له و ماستاوچێتى… ڕه‌خنه‌ى گرت، ئه‌وا وه‌ك چۆن تێكسته كرچوكاڵ و نه‌خه‌مڵیو و ناسه‌ركه‌وتووه‌كان ناتوانن له كاروانى پێشخستنى ئه‌ده‌بدا، پشكدارى بكه‌ن، به‌هه‌مان شێوه ئه‌و ته‌رزه ڕه‌خنه‌یه‌ش، هه‌ندێك لاپه‌ڕه ڕه‌ش ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له ڕووبه‌رى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورددا جێگه و پێگه‌یه‌كیان نییه و نابێت.
ئه‌نجام
١ــ تا ئه‌م ساته‌وه‌خته، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆى خودى و بابه‌تى ڕه‌خنه‌یه‌كى جددى و تێر و ته‌واو و كاریگه‌ر، له ئه‌ده‌بى منداڵانى كورددا نه‌هاتووه‌ته بوون، به‌ڵام مه‌یدانه‌كه ئه‌وه‌نده‌ش چۆڵ و وشك نییه، بناغه و زه‌مینه‌یه‌ك هه‌یه، ده‌كرێت به هه‌وڵى خه‌مخۆرانه‌ى هه‌مووان ته‌لارى گه‌وره و پته‌وى له‌سه‌ر بونیاد بندرێت.
٢ــ كارێكى به‌سووده بۆ زێتر نێزیكبوونه‌وه له دونیا تایبه‌ته‌كه‌ى منداڵان، به‌ر له بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌ر تێكستێكى منداڵانه، شاعیر یان نووسه‌ر ئه‌و تێكسته بۆ منداڵه‌كه‌ى یان قوتابییه‌كانى بخوێنێته‌وه، به‌ڵام نه منداڵ ڕه‌خنه‌گره، نه وه‌زیفه‌ى ئه‌وه له‌باتى ڕه‌خنه‌گر به‌رهه‌مى دانسقه و داهێنه‌رانه، له ئى چرووك و سواو جودا بكاته‌وه.
٣ــ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له گۆڕه‌پانى ئه‌وڕۆى ئه‌ده‌بى منداڵانى كوردیدا، شیعر و چیرۆك ده‌نووسن، له سۆنگه‌ى ئه‌زموون و تیكه‌ڵاوییان به‌م مژاره، هه‌ر ئه‌وان شیاوتر و له‌پێشترن به‌شێكیان خۆیان بۆ پرسى ڕه‌خنه له‌و مه‌یدانه‌دا یه‌كلا بكه‌نه‌وه.
٤ــ ئه‌گه‌ر نووسین و خوێندنه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ى تێكستى منداڵانه بۆ منداڵ و له‌پێناوى منداڵ و له بڵاوكراوه و دوانگه‌كانى تایبه‌ت به منداڵانه‌وه بڵاو بكرێنه‌وه و په‌خش بكرێن، ئه‌وا مژارى ڕه‌خنه بۆ نووسه‌ر و بۆ گه‌وره‌كانه و له دوانگه‌ى تایبه‌ت به گه‌وره‌ساڵانه‌وه بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
٥ــ ڕه‌خنه‌ى جددى به كه‌ره‌سته و میكانیزمى تایبه‌ت نه‌ك به حه‌ز و هه‌وه‌س به‌رهه‌مه جددى و داهێنه‌ره‌كان به‌سه‌رده‌كاته‌وه و بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌دات، به‌ڵام وه‌ك چۆن ده‌ق و ده‌قنووس هێڵى سوور نیین، به هه‌مان شێوه نه ڕه‌خنه و نه ڕه‌خنه‌گر موقه‌دده‌سن، ڕه‌خنه‌گر بڕیار ده‌دات، وه‌لێ له هه‌ر كوێ پێوه‌رى زانستى و به‌ڵگه هه‌بوون، ڕێى تێده‌چێ بڕیاره‌كانى ڕه‌خنه‌گر پووچه‌ڵ بكرێنه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان
١ــ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د شوان، مه‌ڵۆیێ له ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد، چاپخانه‌ى هێڤى، هه‌ولێر، ٢٠١٨.
٢ــ به‌ختیار سه‌جادى و محه‌مه‌د مه‌حموودى، فه‌رهه‌نگى شیكارانه‌ى زاراوه‌ى ئه‌ده‌بى، ده‌زگاى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاراس، چ ١، هه‌ولێر، ٢٠٠٤.
٣ــ جون ایكن، كیف تكتب للاطفال، ترجمة: كاظم سعدالدین، ط١، دارالثقافة الاطفال، بغداد، ١٩٨٨.
٤ــ حه‌مه‌ساڵح فه‌رهادى، كسپه‌ى ده‌روون، له بڵاوكراوه‌كانى یه‌كێتیی نووسه‌رانى كوردــ لقى هه‌ولێر، هه‌ولێر، ٢٠١٢.
٥ــ حه‌مه ساڵح فه‌رهادى، پێگه‌ى شیعرى منداڵان لاى شاعیرانى كورد، له بڵاوكراوه‌كانى ئه‌كادیمیاى كوردى، به‌رگى یه‌كه‌م، هه‌ولێر، ٢٠١٣.
٦ــ زیاد ڕه‌شاد قادر، شیعرى منداڵان له مێژووى ئه‌ده‌بى كوردیدا، نامەی ماستەر، دەستنووس.
٧ــ د. كامل حه‌سه‌ن به‌سیر، ڕه‌خنه‌سازى مێژووى په‌یڕه‌وكردن، به‌غدا، ١٩٨٣.
٨ــ حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامى، ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد (لێكۆڵینه‌وه.. مێژووى سه‌رهه‌ڵدان)، له چاپكراوه‌كانى كۆڕى زانیارى كورد، به‌رگى یه‌كه‌م، هه‌ولێر، ٢٠٠٥.
٩ــ حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامى، ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد دواى ڕاپه‌ڕین (لێكۆڵینه‌وه.. نرخاندن، میكانیزمه‌كان)، له بڵاوكراوه‌كانى كۆڕى زانیارى كورد، به‌رگى دووه‌م، هه‌ولێر، ٢٠٠٧.
١٠ــ محه‌مه‌د ڕه‌شید فه‌تاح، نموونه‌و لێكۆڵینه‌وه له ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى زنجیره كتێبى منداڵان، چاپخانه‌ى ڕ‌ۆشنبیرى، چ٢، هه‌ولێر، ٢٠٠٩.
١١ــ محه‌مه‌د فه‌ریق حه‌سه‌ن، ئه‌وسا و ئێستاى چیرۆكى منداڵان، ده‌زگاى ڕۆشنبیریى جه‌مال عیرفان، چ١، سلێمانى، ٢٠١٦.
١٢ــ ناهیده ئه‌حمه‌د، سه‌ره‌تایه‌ك ده‌رباره‌ى سه‌هه‌ڵدانى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد، ده‌زگاى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى موكریانى، چ١، هه‌ولێر، ٢٠٠٥.
١٣ــ نه‌وزاد عه‌لى ئه‌حمه‌د، منداڵ‌و ئه‌ده‌ب (لێكۆڵینه‌وه)، چاپى سێیه‌مى ئه‌لیكترۆنى، ٢٠٠٧.
١٤ــ الدكتور نزار وصفي اللبدیي، أدب الطفولة (واقع و تطلعات)، دار الكتاب الجامعي، ط١، الامارات، ٢٠٠١.



