حاڵی حازر، ئێمەی کورد، ڕووبەڕوو لەگەڵ شکستێکی گەورەدا وەستاوینەتەوە، شکستێک بە تەنها سیاسی و ئیداری نا، بەڵکوو شکستێکی جڤاکییش/نەتەوییش.
وەکوو یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم شکستە، لەمڕۆدا شتێک نەماوە لە عێراق ناوی دۆزی کورد بێت. دۆزی کورد کە گوزارەیە لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیەکی ئازادیخوازی و داگیر و دابەش کراو، لەسەر دەستی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و ئەوانەی پێیان دەڵێن “نوێنەرانی کورد” لە بەغدا، لە پۆست و پارەدا کورت کرایەوە و مرد.
سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە هەرێم نە کار بۆ پێکەوەژیان لە عێراق دا دەکات، نە کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانیی سەربەخۆ.
دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم نە باوەڕی بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەیە، نە بەدامەزراوەییکردنی دەسەڵات و دامەزراوەکانی. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو لەڕێی برەودان بە دەسەڵاتی میلیشیایی، دروستکردنی میرنشینی میدیایی زەبەلاح و هێنانەپێشەوەی نەوەی سەرکردەکان و نوخبەیەکی حوکمڕانی گەندەڵەوە، لە بری دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی، تا دێت کوردستان دەکەنە ئۆردوگایەکی بێ ناسنامە، بێ کولتوور، بێ زمان، بێ مێژوو.
بێگومان ئەمەش لە بەشێکی گەورەیدا پێوەندی بەو گۆڕانە دراماتیکییەوە هەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا بەسەر حیزبی کوردی دا هات. بەتایبەتیش پاش گرتنەدەستی دەسەڵات و دەستگرتن بەسەر پارە و سامانی نەوتی ڕژاوی کوردستان لەلایەن منداڵی سەرکردەکانەوە. ڕاستییەکەی ئێمە لە بریتی حیزب، ئێستا گیرۆدەی دەرەبەگایەتییەکی چەکدار و لە بریتی ئابوورییەکی نیشتیمانی، ڕووبەڕووی ئابووریی خێزانە سیاسییەکان بووینەتەوە.
لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق وەکوو دەوڵەتێکی داگیرکەریی تەعریبکەر (ئەوەی بە عەرەبی پێی دەگوترێت ئیستیعماریی ئیستیتانی) و دەسەڵاتی سیاسیی کوردیی، ساڵانێکی زۆرە هاووڵاتییانی کوردستان بە بارمتە گیراون، لەڕێی برسیکردن و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتییەوە، گەلی کوردستان لە باشوور زەلیل و ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی بێ دەنگ بووەتەوە.
لە بری ڕەدووکەوتنی ئەو بۆچوونەی کە بە پلەی یەکەم بۆچوونی چینی کۆمبرادۆری کوردە و کوێرانە داوای ڕادەستکردنی نەوت و سامانی کوردستان بە کۆمەڵێک هێزی تائیفیی گەندەڵ و ترسناک لە عێراق دەکات، دهبێت ڕهخنهی جدیی ئێمە لهم مۆدێله شکستخواردووەی دهوڵهتداریی هەرێم؛ مۆدێلی دامەزراندنی میرنشین و ئابوورییەکی حیزبی و خێزانیی موڵکانهستێن بێت. ئاخر عێراق هەر بەتەنها نەوتی کوردستانی ناوێت، عێراق دەیەوێت کوردستان و خەڵکەکەی بۆ هەتاهەتایە کۆڵۆنییەکی پاشکۆ و دەسندەخۆری خۆی بێت.
بەمەبەستی ڕێگەگرتن لەم داڕزانەی وا بە بەرچاومانەوە ڕوو دەدات، هەروەها بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بەتاڵانبردنی نەوت و سامانی کوردستان لەلایەن میرەکانی ناوخۆ و دەوڵەتی ئیستیعماری ئیستیتانی عێراق، دەشێت تاکە دەرچە ئەگەرچی لە مەحاڵیشەوە نزیکە، خۆماڵیکردنی نەوتی کوردستان بێت.
خۆماڵیکردنی نەوتی کوردستان وەکو ئەکتێکی شۆڕشگێڕانەی باڵا، بێگومان لە دەرەوەی ئەم سەرکردایەتییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بە ئەنجام دەگات.



