ئەسرین عاسی شوانی
ئەگەر دادگای فیدراڵی عێراق و سەرجەم دادگاکان سەربەخۆ بن و لەژێر کاریگەریی هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی بڕیار نەدەن، ئەوکات دادگا جوانە کە سەربەخۆ بێت، کە بتوانێت بڕیار و ڕاسپاردەکانی لە بەرژەوەندی کۆی گەل و وڵاتدا بێت. بەڵام کاتێ دادگاکان دەکەونە ژێر هەژموونی لایەنێک یان چەند لایەنێک، بێشک ئەوکات ئەو لایەنانە لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنن بێگوێدانە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات، ڕێک وەک و دادگای باڵای فیدراڵی عێراق.
بەگشتی، دادگاکە جۆرێک تەمومژاوی لە بڕیارەکانی دا هەیە، بەتایبەت دژی هەرێمی کوردستان، چونکە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقـەوە و لە پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، تا ئەم ساتە بێ کورد نەتوانراوە هیچ حکومەتێک دابمەزرێنرێت، تەنانەت زۆر کات بۆ پێکهێنانی کابینە وەزارییەکان هانایان بۆ هەولێر هێناوە.
ئێستا کۆمەڵێک ماددەی دەستووری هەیە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، وەک ماددەی 140ی دەستووری عێراق کە دەبوایە دادگای فیدراڵی شەڕی ئەو مادە دەستورییەی بکردایە ئەگەر دادگایەکی بێ لایەن و سەربەخۆیە. کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی کە بە ناوچە جێناکۆکەکان ناسراوە کۆمەڵێک ماددەی دەستووری هەیە دادگای سەربەخۆی بە ناو فیدراڵی دەبوایە جێ پەنجەی لەو بوارەدا ڕەنگین ببوایە.
بۆ نموونە، ئێستاش جووتیارانی کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان ڕۆژانە هەڕەشەیان لێ دەکرێ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان دەسوتێندرێ، کە بە بڕیاری حیزبی بەعسی لە ناوچوو ئەو زەویانە بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەش کراون و کورد لە زێدی خۆیان و سەر زەوییەکانیان دوور خراونەتەوە بەبێ ویستی خۆیان، کەچی دادگای فیدراڵی لە جیاتی ئەوەی وەک دادگایەکی سەربەخۆ هەڵسوکەوت بکات ئەو نادادیە چارەسەر بکات کە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقـیشی دەستەبەر کردووە بەڵام بێدەنگی هەڵبژاردووە و ڕۆڵی دەستووری خۆی نابینێت.
سەبارەت بە مووچەی هەرێمی کوردستان کە ماوەیەکە تۆپەکە لە گۆڕەپانی دادگای فیدراڵییە کە چارەنووسی موچەی موچەخۆرانی کوردستان یەکلا بکاتەوە، بەڵام دادگاکە بە دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامەکانی، جۆرێک لە هەڵوەشانەوە رووبەڕووی بووەتەوە. هەرچەندە بڕیارەکە هەیە و سەرۆکی دادگاکە دەتوانی فەرمانسالاری بۆ دەرکات بەڵام کە نایکات هەر خۆدزینەوەیە لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکەیان.
ئەمەش بە پوختی ئەوە دەردەخات کە دادگاکە سەربەخۆ نییە و ئەجێندای ئەملاوئەولا جێبەجێ دەکات، دادگایەکە نەیتوانیوە دەستووریانە هەڵسوکەوت بکات وەک و لایەنێکی سەربەخۆ سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ، چونکە ئەگەر شایستەی ئەو پاشگرە ناوییە بن کە “باڵا” و “سەربەخۆیە” دەبوو ئەوەی ڕێگەی دەستوورییە جا لە هەر کونجێکی عێراق بێت وەک دەستوور کاری لەسەر بکەن و جیاوازی لە نێوان پێکهاتەو ناوچە و مەزهەبەکاندا نەکرێت. دەبوو دەستوور بکەنە بنەمای سەربەخۆ بوونی خۆیان وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ ئەرکەکانیان ڕایی بکەن، نەک وەک ئەوەی کە هەیە لە پاڵ گوێی بەناو دادگای باڵای سەربەخۆی حکومەتی فیدراڵی دا مووچەخۆرانی کوردستان وا لە کۆتایی مانگی شەش نزیک دەبینەوە، هێشتا مووچەی مانگی پێنج دابەش نەکراوە و ناشزاندرێت کەی و چۆن دابەش دەکرێت. بەڕاستی ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت دەبێت بە ڕێگا دەستووریەکە چارەی بۆ بدۆزرێتەوە نەک سزادانی مووچەخۆران هەر وەک ئەو دەقە دەستووریە لای خۆیان جێگیر کراوە کە نابێ مووچەی مووچەخۆران تێکەڵ بە کێشەی سیاسی بکرێت، خودی دادگاکە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوو لا پابەند کردووە بەوەی مووچەی مووچەخۆران دابین بکرێت لە کات و ساتی خۆی دا و مووچە تێکەل بە کێشە سیاسیەکان نەکرێت.