سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

گرنگی دیالۆگ لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردید، لە ڕوانگەی زمانەوە

ڕەشاد بەکر حامد

دیالۆگ لە یەکێک لە سادەترین پێناسەکانیدا، بریتییە لە: گفتوگۆ یان دیبەیتێکی هێمن، کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان دوو کەس یان زیاتر بەڕێوەدەچێت بەمەرجیک جیاواز بن لە تێڕوانین و بیروڕادا، کە تیایدا زمان ئامرازێکی سەرەکییە و هەر لایەنێک ڕێز لە بیروڕا و بۆچوونی بەرامبەرەکەی دەگرێت، دیالۆگ یەکێکە لە باشترین ئامرازەکانی پەیوەندی کردن لەگەڵ دەوروبەردا، هونەرێکی پەیوەندی واتادارە لەگەڵ بەرامبەر، کە تەنیا مرۆڤی ڕۆشنبیر و ژیر و کولتوورناسە باڵاکان پەرەی پێدەدەن و ڕاستەوخۆ لەڕێگای زمانەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت.

ئامانجی سەرەکی دیالۆگ بریتییە لە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری، دۆزینەوەی بیروڕای هاوبەش، ئاشنابوون و ناسینەوەی پەیوەندییە جیاوازەکان و مەودا جیاوازییەکان، هەموو ئەم ئاڵوگۆڕکردن و هاوبەشیکردنە لە ڕێگای زمانەوە ئەنجام دەدرێت، واتە ئەگەر زمان نەبێت ئەم دیالۆگە بەڕێوە ناچێت و هیچ جۆرە پەیوەندییەک ئەنجام نادرێت، بۆیە هەموو ئەو جۆرە دیالۆگانەی، کە بەڕێوەدەچن لەسەر ئاستی هەرێم، نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان یاخود ڕێکخراوە ناحکومییەکان، هتد، دەبێت لە ڕێگای زمانەوە ئەم پرۆسەیە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەڕێوەببەن، بەو پێیەی زمان هۆیەکە بۆ پەیوەندیکردن زانیاری و میرات و کولتووری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ڕێگای زمانەوە دەگوازریتەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، تەنیا زمانی گفتوگۆ بەس نییە بۆ ئەوەی دیالۆگیکی سەرکەوتوو بەڕێوەبچیت، واتە لەپاڵ زمانی قسەکردن زۆر گرنگە قسەکەر گرنگی بە زمانی جەستە و جوڵە جەستەییەکانی بدات، بەجۆرێک زمانی قسەکردن و زمانی جەستەی دەبیت هاوتەریبی یەکتر بن، بەشێوەیەکی تر زمانی قسەکردن و جەستە بریتییە لە پەیوەندییەکی تەواوکاری نەک دژ و پێچەوانە، بۆ نموونە: ئەو سیاسەتمەدارەی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەردەکەوێت و دەڵێت: ”من بەتەواوی لەگەڵ هەژاراندا هاوسۆز و هاوخەمم“، کەچی دەستەکانی لەسەر شێوەی مشتەکۆڵەن و پەنجەی دۆشاومژەی ڕووبەڕووی کامیرا بەرزدەکاتەوە و دەیلەرزێنێت و چاوەکانی تەمگرتوو و داخراون، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڕەشە و گوڕەشە نەک پەیامی هاوسۆزی، یاخود دەڵێت: ”هەوڵدەدەم خۆشەویستی و سۆز لەناو هاوڵاتیان بەرقەراردەکەم“، کەچی ناولەپی لە مێزەکەی بەردەمی دەدات، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ توندوتیژی و هەڕەشە.

بوونی زمانێکی ستاندار بۆ نووسین و گفتوگۆ لە دەزگا و بەڕێوبەرایەتییە حکومی و ناحکومییەکان پێویستییەکی گرنگی ئەم ڕۆژگارەیە بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە نەبوونی ئەم زمانە وایکردووە چەندین شێوازی نووسین و چەندین گرفتی نوێ لەبواری ڕێنووس و بەکارهێنانی زاراوەکان ڕووبدات، جگە لەم کێشانەی پێشتر هەبوو ڕۆژانەش گرفتەکانی ڕێنووس و هەڵبژاردن و بەکارهێنانی زاراوەی جیاواز لە زیادبووندان، چونکە هەر نووسەر و ڕۆشنبیرێک ڕینووسێکی جیاواز بەکاردەهێنێت، تەنانەت بەشیک لە نووسەران لەکاتی وەرگێراندا بۆخۆیان وشەکان دادەڕێژنەوە بەبێ ئەوەی ڕەچاوی دەوروبەر و کڕۆکی وشەکان بکەن، دواتر لەلایەن بەشێک لە نووسەرانەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت، هۆکاری ئەم گرفتانەش بریتییە لە نەبوونی ناوەندێکی ئەکادیمی و دەزگایەکی پەیوەست بە زمان و زمانەوانی و وەرگێڕان لەگەڵ حکومەت و لایەنی بەرپرس بەشێوەیەکی بێ لایەن و تۆکمە و دوور لە بەرژەوەندییەکان.

بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان زمانەوانان و پسپۆرییەکانی پەیوەست بەم بوارە لەگەڵ حکومەت پێویستی بە ڕێکخستنی دیالۆگ هەیە، بەجۆرێک ئەو کەسانەی بەشداری دیالۆگەکە دەبن پێویستە زمانەوان و زمانزان و پسپۆر بن لەم بوارە، واتە گرفت و وردەکارییەکانی زمانەکەیان پێشتر دەستنیشان کردبێت و پڕۆژەکەیان ئامادەکردبێت، بە واتایەکی تر دەبێت بە وردی بزانن لەکاتی دیالۆگ داوای چی دەکەن و چۆن داوای دەکەن، هەروەها ڕوونیبکەنەوە ئەو داوایەی، کە بۆ دروستبوونی زمانێکی ستاندارد یان ڕێنووسیکی یەکگرتوو پیشکەشی دەکەن، دەبێت بەوردی زانیاری و داتاکانیان شیبکەنەوە بۆ لایەنە بەشداربووەکانی تر، ئەمەش بە بەکارهێنانی زمانێکی نەرم و پڕ لە وشە و دەربرینی بارگاوی بەمەبەستی دروستکردنی کاریگەری و ڕازیکردنی لایەنە بەشداربووەکانی تری ناو دیالۆگەکە، کە دواتر ئەوانیش پڕۆژە و پیشنیاری خۆیان بەهەمان شێوە پیشکەش دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان دا، پرسێکی ئاوا هەستیار و گرنگ پێویستی بەچەندین دانیشتن و دیالۆگ هەیە، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری زار و شێوەزارەکان و بەشداربوونی نوێنەری ئەو هەموو زار و شێوەزارە پێویستی بە کات و تێچوو و بەرنامەیەکی تۆکمە هەیە، چونکە ئەمە پرسێکی گرنگی نەتەوەییە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەداهاتووی کورد و نەوەکانمان، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە پێویستە بەشداربووان و نوێنەری زار و شێوەزارەکان بەوردی باس لە هۆکار و ئەنجامەکان بکەن، و پابەندبن بە ئەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆتایی دیالۆگەکە.

لە ڕابردوودا چەندین کۆنفرانس و سیمینار و کۆبوونەوەی گرنگ بۆ ئەم بابەتە هەستیارە ئەنجامدراوە، بەڵام بێ ئەنجام کۆتایی هاتووە تەنانەت زۆرجار گرژی و ئالۆزیشی لیکەوتۆتەوە، چونکە وەکوو پرسیکی نەتەوەی بیریان لە دۆزینەوەی چارەسەر نەکردۆتەوە، بەڵکو زیاتر وەکوو پرسێکی ناوچەیی ناوچەپەرستی بیریان لێکردۆتەوە، بەجۆرێک هیچ لایەک ئامادەنەبوونە زار یان شێوەزارەکەیان ببێتە زار و شێوەزاری دووەم، چونکە پێیان وایە پەسەندکردن و بەرزکردنەوەی زارێک وەکوو زمانێکی ستاندار لە کوردستان دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی زار یان شێوەزارەکەیان، لە ڕاستیدا ئەمە گرفت نییە، چونکە هەڵبژاردنی زارێک یان شێوەزارێک وەکوو زمانی ستاندار واتای پەراوێزخستنی زار و شێوەزارەکان نییە.

زۆرینەی ڕۆشنبیرانی کوردی  و بەشێکی سیاسییەکان لە ئاست زمانی کوردی ئەوەندە خەم ساردن بەجۆرێک هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان لە دەڤۆکی خێڵ و زاری ناوچەگەرێتی دەرباز بکەن، لە ڕەوشێکدا باشترین دەقی ئەدەبی یان گوتاری سیاسی بە زاری گوندەکەی یان خێڵەکەی پێشکەش دەکات،  باشترین دەقی ئەدەبی بە دەڤۆکی ناوچەکەی یان شارەکەی دەنووسێت، تەنانەت لە کەناڵەکان و  سۆشیال میدیا بە شانازییەوە قسە لە سەربەخۆیی و جیاوازیی زارەکانیان دەکەن، لەهەمان کاتدا بانگەشەی نەتەوەسازیی و نیشتمانپەروەری دەکەن، زمانی کوردیش وەک زمانێکی فەرمی یان ستاندارد دەخەنە کونجی پەراوێزەوە، لەکاتێکدا هەر لە ڕێگای ئەو زمانە ستانداردەیە دەتوانن پەیام و ئامانجەکانی خۆیان بە کۆمەڵانی خەڵک بگەیەنن و لەگەڵ هزرو ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکانیشدا دیالۆگ بکەن.

بۆیە لێرەدا دەشێت بگوترێت بەشداربووانی دیالۆگ لە پرسە چارەنووسسازەکان پێویستە گیانی لێبووردە و توانای قەبوڵکردنی یەکتریان هەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەو شێوەیە بەڕێوەبچیت، کە ئامانجەکەی بۆ دیاریکراوە، یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بەشداربووی دیالۆگ بریتییە لە بوونی ئارامی تەواو لەکاتی هەڵچوونەکانی بەرامبەر، چونکە پیشبینیکراوە، لە زۆربەی دیالۆگەکاندا گرژی و هەڵچوون و ئالۆزی لێبکەوێتەوە، تەنانەت زۆرجار لە دیمانە ڕاستەوخۆکانی پرۆگرامی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییەکاندا ئالۆزی لێکەوتۆتەوە و پێکدادان ڕوویداوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە بەشداربووانی دیالۆگ بە زمانی دیالۆگ گفتووگۆیان نەکردووە، بەڵکو بەزمانێکی جیاوازتر و لەژێر کاریگەری هۆکارە دەرەکییەکان ئەم قسانەی کردووە، کە ڕەنگە قسەکانیشی زیاتر قسەی ئەو ناوەند و حزب و رێکخراوانە بێت، کە کاری تێدادەکات، بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری زیاتری ئەو شوێنەی کاری تێدادەکات.کۆمەڵگەکان بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە ، وەکوو ململانێی سیاسی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتیەوە تا قەیرانی ئابووری و هەڵە تێگەیشتنی  کولتووری، لەگەڵ گەشەکردنی کۆمەڵگەکاندا کێشەکانیشیان ژمارەیان زیاد دەکات  و دۆزینەوەی ڕێگای کاریگەر بۆ چارەسەرکردنیان پێویستە. یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دیالۆگە، چونکە دیالۆگ  خاڵی تێگەیشتنی هاوبەش بەهێز دەکات و ڕێژەی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکیەکان بەرزتر دەکاتەوە و پێشکەوتنو گەشەیکۆمەڵایەتی  ئاسانتر و خێراتر دەکات، کەواتە دیالۆگی تەندروست بە یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی چارەسەری ناکۆکی و پەیوەندییەکانی نێوان تاک و کۆمەڵگە دادەنرێت و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی تۆڕی هاوکاری لەناو کۆمەڵگە بەگشتی، کە ئەمەش لە دونیای ئەمڕۆدا بە باوترین و سەرکەوتووترین شێوازی گفتوگۆ داەدنرێت.

زەمینەخۆشنەکردن بۆ گفتوگۆکان بەشێوەیەکی کراوە ئاستەنگییەکی گەورە لەبەردەم تێگەیشتن و پێشکەوتنەکان و ناکۆییەکان زیاتر پەرەدەسێنن و قوڵتر دەبنەوە بەجۆرێک دیالۆگ ڕێگا ڕاستەکەی خۆی لەدەستدەدات.

ئەرکی سەرەکی دیالۆگ دابینکردنی میکانیزمێکە، کە لەو ڕێگایەوە لایەنەکان بتوانن ئەو سکاڵاکانیانە  یاخود ئەو گرفتە گرنگ و پێویستانەی بگەیەنن و گفتوگۆی لەسەر بکەن و تێروانینە جیاوازەکانیان بخەنەڕوو بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی قایلکەر و سوودبەخش. لەسەرانسەری جیهان و لە هەموو ناوچە ناکۆکییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە دانووستانە ئاشتییەکان پشت بە دیالۆگ دەبەستن بۆ ڕاکیشانی لایەنە ناکۆکەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان.

ئایا هەموو شێوەکانی گفتوگۆ دەچێتە چوارچیوەی دیالۆگ؟

زۆرجار کردەی دیالۆگ لەگەڵ شێوەکانی تری گفتوگۆ تێکەڵ بەیەکتر دەکرێن و جیایان ناکەینەوە، بەڵام گفتوگۆ پۆلێکی تایبەتە و تایبەتمەندی و ڕێککاری خۆی هەیە، واتە دیالۆگ ئەو مشتومڕانە ناگریتەوە، کە لەسەر بیروبۆچوونێک دەکرێت، وەکوو دیبەیت، چونکە دیبەیت شێوازێک نییە بۆ گەیشتن بە خاڵی ڕێککەوتن یان وەرگرتنی بڕیار وەکوو دانووستان بەر لە هەموو شت گرنگە ژینگەیەکی لەبار و گونجاو ئامادەبکریت بۆ ئەنجامدانی کردەی دیالۆگ، هەروەها بەشداربووانی دیالۆگەکە گرنگە متمانەیان بەیەکتر هەبێت و ڕێز لە بیروڕاکانی یەکتر بگرن و بۆچوونە جیاوازەکان پەسەند بکەن و زەمینەیەکی هاوبەش لەنێوان لایەنەکانی کۆمەڵگەکەدا بدۆزنەوە، بۆ نموونە: قسەکردن لەسەر گرفتێکی گرنگ و پێویستی ناو کۆمەڵگە، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک، کە هەموو بەشداربووانی ناو دیالۆگەکە بەبێ دوو دڵی یاخود دوور لە کاریگەرییە دەرەکی و ناوەکییەکان تەنانەت دوور لەبەرژەوەندییە تاکە کەسییەکان پەسەندی ڕێگا پێشنیارکراوەکان و ڕاسپاردەکانی و ئەنجامەکان بکەن.

لە دونیای نوێدا، چارەسەرکردنی کیشەکان بەتەواوی لەڕێگای دیالۆگ و دروستکردنی پەیوەندییەوە ئاراستە دەکرێن، هەریەک لە شێوازەکانی دیالۆگ ڕاستەوخۆ کارلێک و کاریگەری دروست دەکات لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە، تەنانەت کیشە و گرفتەکانی ڕۆژانەش هەر لەڕێگای دیالۆگەوە چارەسەری ئاسانە ئەمە جگە لە و پرس و گرفتە گەورە و مێژووییانەی، کە ڕۆژانە لە نێوان دوو وڵات یان دوو هەرێم دیالۆگی لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی دیالۆگ ئەنجامێکی ئەرێنی هەبێت پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵیک بکرێت:

یەکەم: ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ ئەوەی بەشداربووانی دیالۆگەکە هەست بە ئارامی و ئاساییش بکەن.

دووەم: مەرجە کەسانی بەشداربووی دیالۆگەکان لەڕووی زمانەوە شارەزا و زمان پاراو و خاوەن دەربڕینێکی ڕەوان بن، بەکارهێنانی زمانی نەرم لە دەربڕینی بیروڕا جیاوازەکان ئامانجی سەرەکی دیالۆگە بۆ ڕازیکردن و قەناعەتکردن بە دیدی خۆی، ئەمەش پێویستی بە ستایلێکی ئەدەبی و ئایدیایەکی ڕێک و زنجیرەیی هەیە، واتە هەڵبژاردنی ئەو وشانەی، کە کاریگەریان لەسەر لایەنەکانی دیالۆگ هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکە.

سێیەم: بەشداربووان ئەگەر شارەزاییەکی باشیان هەبێت لە زمانەوانی دەروونی، ئەوا یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوتی دیالۆگ و گفتوگۆکان.

چوارەم: دەستنیشانکردنی تەوەری دیالۆگەکە و دەرنەچوون و لە سنووری تەوەری دیاریکراو.

پێنجەم: دیاریکردنی شوێن و کات، هەروەها پیدانی دەرفەتی قسەکردن بەیەکسانی بەمەبەستی بەشداریکردنی هەموو لایەنە بەشداربووەکان.

شەشەم: ئەو مێزەی دیالۆگەکەی لەسەر ئەنجامدەدرێت پیوێستە بە شێوەی بازنەیی دیزاین کرابێت، چونکە مێزی بازنەی واتای یەکسانی دەگەیەنێت، کە هەموو تاکە بەشداربووەکان یەکسانن لە پێدانی هەلی قسەکردن و بەشداریکردن و تێبینی و ڕەخنەگرتن لەکات و شوێنی خۆیدا.

حەفتەم: دیزاین و گفتوگۆکردن لەسەر ئەنجامەکان لە شێوەی ڕاسپاردە.

مەرج نییە هەموو گرفتێک لە یەک دیالۆکدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە زۆرجار کێشە و گرفتەکان گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرن بەهۆی بوونی خاڵی جیاوازی زۆر لەنێوان بەشداربووان، واتە جۆری پرسە وروژێنراوەکە بریار لەسەر چەندێتی و چۆنییەتی دیالۆگەکان دەدات، بۆیە دەشێت چەندین دیالۆگی یەک لەدوای یەک و بێ ئەنجام تێبینی بکرێت و دواجار گرفتەکان چارەسەربکرێت، دەشێت گرفتەکان وەکوو خۆیان بمێننەوە بەهۆی هاوڕانەبوونی بەشداربووان.

دیالۆگ چییە و لەکوێ ئەنجام بدرێت؟ بۆچی دەبێت کۆمەڵگەی کوردی گرنگی پێ بدات؟

ئەمانە لەڕواڵەتدا چەند پرسیارێکی سادەن، بەڵام ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندی هەیە، ئەگەر وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و لە داهاتوودا ئەنجامێکی ناوازەی دەبێت، دیالۆگ خۆی گفتوگۆیەکی کۆمەڵایەتییە، کە دەکرێت چەند کەسێک لە دەوری مێزێک کۆببنەوە یان لە دانیشتنێکی ئاساییدا گفتوگۆ بکەن لەسەر کێشەیەک یاخود تەوەرەیەکی تر، ئەو شوێنەی، کە دیالۆگەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت گرنگە شوێنێکی ئارام بێت بۆ ئەم پرۆسەیە، بۆنموونە: لە قوتابخانە و زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان یاخود لە چێشتخانە و هۆڵە تایبەتییەکان یان لە سەنتەر و گەڕەکەکاندا…هتد، ئەوەی لێرەدا گرنگە بزانین بۆچی پێویستە کۆمەڵگەی کوردی گرنگی بە دیالۆگ بدات، لە ڕواڵەتدا کۆمەڵگە زۆر گفتوگۆ و چالاکی ئەنجام دەدات لە ژێر ناوی دیالۆگکردن، بەڵام دەبینین مەرجەکانی ئەنجامدانی دیلۆگی تێدا نابینرێت، زۆرجار بەشداربووانی دیالۆگ ناتوانن و بوێری ئەوەیان نییە گەنگەشە و ڕاگۆڕینەوەیەکی بوێرانە ئەنجام بدەن جا بە هۆکاری سیاسی بێت یان کەسی، هتد. واتە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دیالۆگەکە ناکەن، زۆر جاریش بەشداربووانی دیالۆگ وشە و دەربڕینەکانیان هێز و کاریگەری دروست ناکات لەسەر بەرامبەرەکەیان، بەواتایەکی تر گرنگە بەشداربوو توانی زمان و زمانەوانی بەهێز بێت و ئەو وشە و زاراوانە هەڵبژێرێت، کە هێزدارن، ئاوازەی دەنگی بەشداربووانی دیالۆگ لەگەڵ هێز و گرنگی وشەکان هاوڕێک بن، دەبێت بزانێت لە چ کاتێک پێویستە ئاوازەی نزم یاخود بڵند بەکاربهێنێت. مەرجێکی تر بریتییە لە ڕوونی و ڕەوانی وشە و دەربرینەکان و بەکارهێنانی وشە و زاراوەی پەیوەست بە تەوەرەکە، واتە تۆ دەبێت سەرەتا بزانی بەشداربووان لە چ ئاستێکی زانیاری و لە چ پێگەیەکدان دواتر وشە و زاراوەکانت هەڵبژێریت و دەرببڕی.

بە پێچەوانەوە دەرەنجامەکان بێ هێز و کاڵ دەبن، لەبەر ئەم چەند خاڵە گرنگانە دەبینین دیالۆگەکانی کوردی زۆربەی کات بێ ئەنجام دەبن یاخود وا پیویست دەکات چەندین دیالۆک و کۆبوونەوە و دیداری تر ڕێکبخرێت لەسەر هەمان پرس و تەوەرە، لە کۆتاییشدا دەرەنجامەکان بریتی دەبن لە سفر بەدەست، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو زنجیرە دیالۆگ و کۆڕ و کۆبوونەوانەی، کە لە ڕابردوودا لەسەر بەستانداردکردنی زارێکی زمانی کوردی بە ئامادەبوونی زمانەوان و زمانناسانی و نوێنەری زار و شێوەزار و نوێنەری حکومەت ئەنجامدراون و بی ئەنجام کۆتاییان هاتووە، تەنانەت زۆرجار گرژی و ئاڵۆزیشی لێکەوتۆتەوە، چونکە زۆرینەیان نەگەیشتوونەتە ئەو قۆناغەی، کە لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی نیشتیمانی سەیری ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە بکەن.

لە كاتێکدا دیالۆگ بە یەکێک لە ئامرازە هەرە سەرەکی و بەهێزەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی هەژمار دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەم بەهێزبوونەشدا بەبی گرفت نییە، زۆرجار یەکێک لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانی دیالۆگ بریتییە لە ئامادەنەبوونی لایەنەکان بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆیە ڕاستەوخۆ و کراوەکان لەکات و شوێنی دیاریکراودا، هەروەها هەریەک لە گرفتەکانی ڕق و کینەی قوڵ، ناهاوسەنگی هێز و ناڕەزایی مێژوویی گرنگی و بایەخی ئەرک و ئامانجەکانی دیالۆگ کەم دەکەنەوە.

لەگەل ئەوەشدا، لەوانەیە دیالۆگ بەتەنیا بەس نەبێت بۆ چارەسەرکردنی نادادپەروەرانەی سیستەماتیکێک، بەتایبەتی کاتێک لایەنێک یان گروپێک دەسەڵاتێکی بەهێزی بەسەر لایەنێکی تردا هەیە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە گۆڕانکاریێکی بەرجەستە بەدیناکرێت، لەوکاتەدا باشتر وایە چاکسازی  پێکهاتەیی و دەستێوەردانی سیاسییانە بکرێت بۆ تەواوکردنی دەستپێشخەرییەکانی دیالۆگ و گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانی دیالۆگ.

سەرچاوەکان

فەرەیدوون سامان (202٥)، گوتار،زمان و دیالۆگ.

ئالن بیز (20١٤)، زمانی جەستە، وەرگێڕانی: سەڵاح سەعدی.

Bohm, D. (1996). On Dialogue. Routledge.

Galtung, J. (2000). Conflict Transformation by Peaceful Means: The Transcend Method. United Nations.

Sen, A. (2009). The Idea of Justice. Harvard University Press.

The Role of Dialogue in Conflict Resolution at the Community level | LinkedIn

Chapter 3., Section 17. Leading a Community Dialogue on Building a Healthy Community – Main Section | Community Tool Box

The importance of social dialogue: Race to the Top.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO