سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تۆ تينوێتيت بە ئاو نەدەشكا ئەزبەنى

ئەم نامەيە، لەژێر ساباتى وشەكانى ڕۆمانى “سێ گاڤ و سێدارەك”ى ژان دۆست دا نووسراوە

سڵاو شێخە مەزنەكەى پيران:

ئەتۆ كە تەنێ سێ شەقاوى مابوو بچيتە بەر پەتى سێدارە، سێ هەنگاو بۆ كن گوريسى مردن، سێ پێنگاڤ بۆ بەردەم بارەگاى خوا، بۆ وەختى ليقا، زمانت هيشك و گەرووت تينوو تينووە، وەك ئەو ڕۆژەى لە سەردەمى فەقێيەتيدا لە “مووش”ێ بەرەو “پاڵۆ”يێ گەڕايتەوە و كاسەيێ ئاوت لە دەستى پەريخانێ وەرگرت. تينوو تينووى، وەك تينوێتيى گەلى كوردستان بۆ ئازادى و تينوێتيى خاكى نيشتیمان بۆ سەربەخۆيی. وەكوو ئەو شۆڕشەى لەمەڕ خۆت، كە لە تينوێتيدا خنكا، كە لە بێكەسى و بێچارەييدا شكستى هێنا و شكا.

شێخى مەزن، لەو سێ هەنگاوەى لە پێشتە، هەر هەنگاوێك ببڕيت، شەقاوێك لە مردن نێزيكتر دەبيتەوە و پێنگاڤێك لە تينوێتى دوورتر، وەلێ لەسەر بير و عەقيدە و ئيتقات و ئيمانت پێداگرتر و پۆڵاينتر، ئەو تينوێتييە دوور و درێژ و هيشك و تيژەى، لەگەڵى گەورە بوويت و تا بەر پەتى مەرگيش هاوڕێ و هاوسەفەرت بوو. ئاخر تۆ، بەر لەوەى يەخسيريش بكرێى، پەنجا ساڵ بەرى ئەو ڕۆژەش، دڵ و ڕۆحت هێندە تينوو بوو، بە هيچ ئاوێك بيابانى زوهاى ئەم تينووبوونەت نەدەشكا. نا ئەزقوربان، تينووبوونى تۆ، ئى ئەوە نەبوو بە ئاوێ بشكێ، تۆ ئەلعانيش كە دواى سێ هەنگاوى دى دەچيتە ژوانى مەرگ، دەگەڕێيتەوە بۆ بارەگاى پەروەردگار، دەچيتەوە ديدارى كردگار، پەيڤى يەكێك لە سەيدايەكانت دەهاتەوە بير، كە بە مێردمنداڵى لەكنيت خوێندبوو و گەلەك جاران پێى دەگوتى: “ڕۆڵە تينووبوونى عيشق وەك تينوێتيى بۆ ئاوێ نييە، خواردنەوەى شەرابى عيشق تينوێتى دژوارتر دەكات، زەرد هەڵگەڕان و وشكبوونەوە زۆرتر دەكات، عاشقى ڕاست چەندە زێتر لەبەر كانيى عيشق بمێنێتەوە، پتر تينوو دەبێت”.

تۆ هەينێ كە بە گەرووى هيشك و زمانى تينوو، چركە چركە لە كندڕى مردن نێزيكتر دەبوويتەوە، قسەكانى دەروێشى بۆتى دێتەوە بەر ديدەى خەياڵت، كە هەنگينێ تۆ منداڵ بووى، دەروێش پێى دەگوتى: “بۆ ئەوەى ئاو بخوێنيتەوە، دەبێ تينوو بيت كوڕێ من تينوو، ئەوەى تينوو نەبێ ناتوانێ حەرفەكانى ئاو حونجە بكات، تينووبوون تاقيكردنەوەيە بۆ نەفسى مرۆ، تينووبوون پرسيارێكى درێژە…”. دەبينى يا شێخ، شەوى لە سێدارەدان بەو تينوێتييەوە، بەو پرسيارە درێژەوە، سێ پێنگاڤەكەت دەبڕى و بيرت لە بەرسڤى ئەو پرسيارە قووڵە دەكردەوە.

ئاى شێخى پيران، سەردەستەى ڕەند و عەگيد و جوامێران، شەوى لە سێدارەدان چەندە تينوو بووى، وەك ئەو هێوارەيەى مانگى مومبارەكى ڕەمەزان لەسەر چەمى مورادى، كە بەرەبەرى ڕۆژئاوا و لەگەڵ بانگى ئەڵڵاهو ئەكبەرى مەغريبێ، هێشتا خۆت و بەشێك لە هەڤاڵەكانت فتارتان نەكردبۆوە، كە كەوتنە بەر بۆسەى لەشكرى ڕۆميان و بە ديل گيران. تۆ پاش سێ هەنگاوى تر، كە دەستلەملانى ئەو گوريسە دەبى كە لە لۆزانێ دروست كراوە، خەريكە بەڕووى جاشپۆليس و سەرباز و جەندرمەكاندا بتەقيتەوە و بڵێى: ئاخر ئاخرشەڕينە! هەى قەستەسەرى بەدينە، هەى سێبەندی و بێ مۆڕاڵينە، ئەنگۆ بە چ ياسايەك، بە چ نەزم و نەريت و ڕەوشت و ڕێسايەك، گەرووى تينوو دەخەنە بەر پەتى مردن.

كەچى بە خۆت دەگوت: نا، پرسى تينووبوونى خۆم، نامەى بێیەغبارى و قەرەبەختيی خزم و خوێش و قەوم و قيلەكەم، هەر بۆ خۆم دەيبەمە بەردەم بارەگاى خوداى ميهرەبان، سكاڵاى ميللەتێكى مەزڵووم دەبەمە بەردەمى عەرشى كردگارى هەموو جيهان.

ئەوە يەكێك لە هاوڕێيەكانى شێخە، بەڕووى وەرديانەكاندا دەهرى دەبێ و پڕ بە دەوى هاوار دەكات و دەڵێ: شێخ تينوويەتى، ئەو بە زمانى هيشك و تينوو مەبەنە بەر قەتڵ و قەنارە. بەڵام دەنگ و سەداى ئەو پياوە، لەنێو هەرا و زەناى ميرغەزەب و چەكمەى پۆستاڵى ڕۆمياندا بزر دەبێ بزر، وەك بزربوونى خاكێكى بندەست و مێژوويەكى بريندار، واى لە ڕۆميان! “بەلێ بەندى رومييا بەندەكا گرانە… دەستێ من د كەلامچێ دا ڕزينە هەوارە خالۆ… خالۆ وەز گرتيمە”.

دەزانم شێخى پيران تۆ دەتويست مێژوو لە ئامەد بنووسرێتەوە، ئاڵاى نيشتیمانێكى چەوساوە و زەحمەتديدە لە سەرانسەرى گێتى بشەکێتەوە، زمان و كولتوور و كنج و كاڵاى كوردان بۆ هەميشە زيندوو بێ و بدرەوشێتەوە، وەلێ بەرژەوەنديى وڵاتانى زلهێزى دنيا و بلعاتى داگيركەران برديانە ئەنقەرە، چونكى ئەوانەى ئێستا بە زمانى تينوو تۆ دەبەنە بەر پەتى سێدارە، بەرژەوەندييان لەگەڵ ئەوانەدا يەكى دەگرتەوە، كە گوڵدانى سيڤەر‌ـيان لەسەر مێزى خۆيان بە بێ گوڵ دانابوو، وەختێك كورديش چڵێ نێرگزى بۆ نێو ئەو گوڵدانە دەبرد، دواى چەند ڕۆژێك چڵەنێرگزى تاين تينوو و وشك دەبێ، وەك خەياڵى تينووى گەلى كوردستان، وەك تەمەنى تينووى شێخى پيران.

كەچى هێشتا ئەنقەرە و بەرژەوەنديخوازانى دنيا، پياوانى تەماع و چاوچنۆكى و داگيركردن و ڕەشوە و ڕيا، چاويان بە چڵەنێرگزێكى وشكەڵاتوو بەرايي نادا، بۆيە بە كەڤرى دڵڕەقى لۆزانێ، گوڵدانى سيڤەرێ هوورد و هەڕڕا دەكەن.

شێخى گەورە…

بۆيە ئەتۆ دەتويست هاوار بكەيت بەڕووى وڵاتانى جيهاندا، ئەوانەى چارەنووسى ميللەتێكيان خستە نێو تێكەولێكەى بەرژەوەنديخوازانە و سەوداى ناشەريفانەى نێوان خۆيان، وەلێ هەيهوو! لەكوێ سەداى نوورانى ئەو كۆنەساڵە دەگاتە گوێى كەڕ و كاسى دنيا! لەكوێ دەنگى نووساوى كورد ئەو هەموو تخووب و تەلبەندە ببەزێنێ و تەختى ئەوان بلەرزێنێ، كێ ناڵێ لە هەڕاجەبازاڕى پڕ نەنگى و ناشيرينى نێودەوڵەتيدا، بەهاى خوێنى كوردان لە ئى هەمووان هەرزانتر نييە، كێ؟!

سێ پێنگاڤە و بەس، ئيدى شێخ دەچێتە ژوانى مەرگ، ئيدى پرسى تينوێتيى نەتەوەیەک و چارەنووسى شۆڕشێك دەباتە بەردەم بارەگاى ئاسمان، دەباتە لاى عەرشى ڕەحمان. ئاى سەيدا! هەمووان دەزانن تۆ نە لە خەمى گيانى خۆتى، نە هەرگيز بۆ خۆت گرياوى و دەگريێيت، بەڵام بۆ چارەنووسى نەتەوەيەكى بێكەس و بندەست، كە لە هەر چار كەنارى دنياوە، مەكينەى كينە و فێڵ و دووڕوويی لە دژى خراوەتە گەڕ، تا دوا سنوورى خەمگينى خەمگين دەبوويت، بۆ چارەنووسى ناديار و تەمومژاويى گەلەكەيشت پڕ بە گەروو دەگريێيت. بەڕاست ئەتۆ و گريان! بەڵێ دەگريێيت، كوو كوويی بەر لە يەخسيركردنت، كە هەواڵى لە سێدارەدانى پۆلێك لە هاوسەنگەرانت پێگەيشت، دەستماڵە كەسكەكەت لە بەڕكت دەردێنا و لێت گاز دەكردە ناڵە و گريانێ، لەو كاتەدا شێخ عەبدوڵڵا پێى دەگوتى: وەيييی! گريان بۆ مێران نەهاتووە حەيران، كەنگى ڕۆژى گريانێيە شێخێ من! تۆ وەراميت دەداوە و دەتگوت: ئەوە تۆ چ دەبێژى شێخ عەبدوڵڵا، لەبۆ ئەو جۆرە مێرانە، تەنانەت چياش دەگريێ چيا.

پياوە مەزنەكەى مەيدانى تەريقەت و شەريعەت، شۆڕەسوارەكەى شۆڕش و بەرخۆدان، يەك، دوو و سێ، سێ شەقاوە و بەس، ئيدى تۆ بەوپەڕى ئازاتى و مێرخاسى دەچيتە بەر پەتى مردن، ئيدى مێزەرەكەت لەسەر دەكەوێتە خوارێ، ئەو مێزەرە كەتانييەى لە دواى حەفتا ساڵ تەمەن لە هەر كاتێكى دى زێتر خۆشت دەوێت، ئەو مێزەرەى، لە حەفتا ڕۆژى شەڕ و شۆڕ و شۆڕش.

هەروەها حەفتا و پێنج ڕۆژى نێو كونجى حەپسخانە، بۆ چركەيەكيش لەسەرى خۆت نەهێنايە خوار، چونكە پێشتر سوێندت خواردبوو و گوتبووت: “سوێند بە زاتى ئەڵڵا، ئەمن ئەم شاشكە لەسەر سەرم داناگرم، تا لە ڕێگەی دين و ميللەت شەهيد دەبم، يان سەربەخۆيی بەدەست دێنم”. هەر بەدەم خەياڵكردنى ئەو شاشكەوە، كە دواى چەند چركەيەكی دی بەردەبێتەوە بن پێيان، وەك بەربوونەوەى جەستەيەكى وشك و ماندوو بە پەتى قەنارەوە، ئەو ڕۆژانەت دەكەوێتەوە بير، كە بۆ يەكەم جار لە ژيانتدا مێزەرێكى پەمۆت لەسەر نا، مێزەرەكە لە شارى وانێ بۆت دروست كرابوو، ئەو كات شێخ مەحموودى بابت بە گوێتيدا دەچرپاند: “كوڕێ من، ئەوە تاجى زانست و مەعريفەتێيە، هەر كە ويستت بيكەيتە سەرت بيسميللا بكە، جوداوازى نييە لەنێوان مێزەرى گەورە و گچكەدا، گرنگ ئەوەيە ئەوەى لەبن مێزەرەكەدايە چتۆيە و چت پێ دەبەخشێ”.

ئاى مرۆيە مەزنەكە… بەڵێ ئەتۆ دەتويست مێژوو لە ئامەد بنووسرێتەوە، نەتدەويست بە يەخسيرى بچيتەوە ئەوێ و يەكێك لە زيندانەكانى ئەو شارە بۆت ببێتە ماڵى مردن و بە تينوێتى بچيتە پێشوازى مەرگ، تۆ ئاخت بۆ ئاخى نيشتیمان هەڵدەكێشا و دەتخواست خۆرى ئازادى لە ئامەد دەربكەوێ، نەك لەوێدا خۆرى دڵى تۆ ئاوا ببێ و بنئاخ بكرێى، بۆيە لەبەر چاوتە، لەو شەوە تەنگ و تاريكەى حەد و سەددى جێژنى قوربانێ، كە دواى سێ هەنگاوى تر گيان دەسپێرى. ئامەد بە ڕەنگ و شێوازێكى دى جێژنى قوربان دەگێڕێ، جێژنێك كە شۆڕشێكى تينووى تێدا سەر بڕدرا و سيمبولێكى تينووى تێدا لە خاچ درا.

نووكەش ئەگەر بە داگيركەرانى نيشتیمان و بكوژانى گەلەكەت بڵێى: بمبوورن من هەڵە بووم! ئەوا ئەوان لەوە پاشگەز دەبنەوە بتخەنە بەر گوريسى سێدارە، وەلێ چما هەوەنتەيە! ئەتۆ و داواى لێبوردن لە داگيركەران، ئەتۆ و سازشكردن و تەوازى بۆ ملهوڕان و داپڵۆسێنەران! لەوڕا تۆى تينووى ئازادى و سەربەخۆيی، كە پرس و باسى تينوێتيى ميللەتێكى مەزڵوم و بەستەزمان و بێ نەوا، لەگەڵ خۆتدا دەبەيتە لاى عەرشى خوا، پڕ بە گەروو هاوار دەكەيت: ئەز بە چ هەقەك لێبوردن لە هوون بخوازم، ئەنگۆ كێنە تا پێتان بێژم بمبەخشن! نا، من تەنێ لێبوردن لە دايكى ئەو جگەرگۆشانە دەخوازم، كە ڕۆڵەكانيان لە ئامێزى پڕ سۆز و ميهرى دايكيان دوور كەوتنەوە و سەرى خۆيان لە پێناوى باوەڕ و نيشتیماندا بەخشى…

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO